ڕاگه‌یاندنی "ره‌وتی سۆسیالیستی کۆمه‌ڵه(فراکسیۆن)"
Thursday, 16/07/2009, 12:00
کرێکاران! کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئازدیخواز!
ساڵێک له‌مه‌و به‌ر، ژماره‌یه‌ک له کادر و ئه‌ندامانی ناسراو و له مێژینه‌ی کۆمه‌ڵه که ڕا و بۆچوونی جیاوازیان، چ له مه‌یدانی نه‌زه‌ری و چ له بواری شێوه‌کار و رێکخراوه‌یی، له گه‌ڵ رێبه‌رایه‌تی "حیزبی کمۆنیستی ئێران"دا هه‌بوو، بۆ درێژه‌دان به چالاکی سیاسی و نه‌زه‌ری خۆیان و به مه‌به‌ستی کردنه‌وه‌ی رێگایه‌کی یاسایی و به گیانێکی ره‌فیقانه‌وه، "فراکسیۆنی فه‌عالیه‌ت به نێوی کۆمه‌ڵه"یان ڕاگه‌یاند.
مه‌به‌ست له ڕاگه‌یاندنی ئه‌م فراکسیۆنه، هه‌وڵدان بوو بۆ; یه‌که‌م درێژه‌دان به خه‌باتی سیاسی و نه‌زه‌ری خۆیان به شێوه‌یه‌کی شه‌فافتر و ڕاشکاوانه‌تر و دووهه‌میش بۆ به‌رگری کردن له له‌ت بوونی چه‌ندباره‌ی جه‌سته‌ی رێکخراوه‌یی کۆمه‌ڵه، که تا ئه‌و کات رووبه‌ڕووی چه‌ند جودایی و له‌به‌ر یه‌کترازانێک کرابوو که ئاکامه‌که‌ی لاواز کردنی توانا‌و لێهاتوویی‌یه‌کانی کۆمه‌ڵه و نیگه‌رانی و تووڕه‌یی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و دڵسۆزانی کۆمه‌ڵه‌ی لێ که‌وتبوه‌وه.
به شوێن ڕاگه‌یاندنی "فراکسیۆن"دا، ژماره‌یه‌کی زۆر له کادر و ئه‌ندامان و دوستان و دڵسۆزانی کۆمه‌ڵه چ له نێو وڵات و چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به نووسینی نامه‌ی پشتیوانی، نووسینی بابه‌ت و نووسراوه‌ی جۆراوجۆر، پێوه‌ندی شه‌خسی و... پشتیوانی و خۆشحالی خۆیانیان له ده‌ست به‌کار بوونی فراکسیۆن ڕاگه‌یاند.
ڕێبه‌رایه‌تی "حیزبی کمۆنیستی ئێران" به پێچه‌وانه‌ی بیروڕای گشتی و له درێژه‌ی سیاسه‌تی سکتاریستی و پاوانخوازانه‌ی خۆیدا، هه‌روه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا، "دیمۆکراسیخوازیه‌که‌ی" بڕی ته‌حه‌مولی "فراکسیۆن"ی نه‌کرد و پاش چه‌ند مانگ، به ده‌رکردنی به‌یانێک له لایه‌ن کۆمیته ناوه‌ندیه‌که‌یه‌وه، به ڕه‌سمی حوکمی به ته‌سفی‌یه‌ی هاوڕێیانی فراکسیۆن‌دا.
به شوێن ته‌سفیه‌ی "فراکسیۆن" و بۆ جواب دانه‌وه به پێویستی و ئه‌رکێکی گرینگ، واته بووژاندنه‌وه‌ی ڕه‌وتێکی سۆسیالیستی چه‌پ، ڕادیکاڵ و عه‌داڵه‌تخواز له کوردوستان، ژماره‌یه‌کی زۆر له ڕێبوارانی ئه‌و ڕێگه‌یه، به گیانێکی هاوبه‌ش و هاودڵه‌وه، له ده‌ور یه‌ک کۆ بوینه‌وه تا به گۆڕینه‌وه‌ی شه‌فاف و ڕاشکاوانه‌ی بیروڕا، به دیتنه‌وه‌ی خاڵه هاوبه‌شه‌کان له بواری خه‌بات بۆ یه‌ک‌لایی کردنه‌وه‌ی کاری کۆماری ئیسلامی وه‌ک یه‌که‌مین هه‌نگاوی به‌ره‌و ئازادی و سوسیالیزم و خستنه‌وه گه‌ڕی هێزو توانای بالقوه‌ی "کۆمه‌ڵه"، به‌ره‌و جوابدابه‌وه به‌و پێویستیه هه‌نگاو هه‌ڵبگرین.
پاش ئه‌و ماوه‌یه و به شوێن چه‌ندین کۆبوونه‌وه، سمینار و دانیشتن‌دا، ڕامان هاته سه‌ر ئه‌وه که "فراکسیۆنی فه‌عالیه‌ت به نێوی کۆمه‌ڵه" ده‌وری خۆی گێڕاوه و چی‌تر جوابی هه‌ل‌و مه‌رجی هه‌نووکه‌یی ئێمه ناداته‌وه. بۆیه هاتینه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته که زه‌رفێکی گه‌وره‌تر و فراوانتر بۆ ئه‌م "ڕه‌وته" پێویسته. به‌م مه‌به‌سته "هه‌یئتی هاو ئاهه‌نگی"یه‌ک له هاوڕێیانی "فراکسیۆن" و هاوڕێیانی ده‌ره‌وه‌ی فراکسیۆن پێک هات که له دوایین کۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا بڕیاری دا که له‌مه‌و به‌دوا به نێوی "ڕه‌وتی سۆسیالیستی کۆمه‌ڵه(فراکسیۆن)" کار و چالاکی خۆمان درێژه پێبده‌ین.
ئه‌گه‌رچی دواتر له‌م باره‌وه زیاتر قسه ده‌که‌ین، به‌ڵام به پێویستی ده‌زانین بڵێین که ئه‌مه به مانای ڕاگه‌یاندنی حیزب یان ته‌شکیلاتێکی دیاریکراو نیه، به‌ڵکوو هه‌روه‌ک له نێوه‌که‌یه‌وه دیاره ئه‌مه "ڕه‌وتێکه" و هه‌وڵێکه بۆ خسته‌وه سه‌ر پێی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی سوسیالیستی چه‌پ و ڕادیکاڵ له کوردوستان.
به‌م جۆره وێڕای پێزانینمان بۆ کار و هه‌ڵسووڕانی ئه‌و ماوه‌ی "فراکسیۆن"، به ڕه‌سمی ده‌س به‌کاربوونی "ڕه‌وتی سوسیالیستی کۆمه‌ڵه(فراکسیۆن)" راده‌گه‌یێنین.
هه‌یئتی هاوئاهه‌نگی ڕه‌وتی سوسیالیستی کۆمه‌ڵه(فراکسیۆن)
24ی پووشپه‌ڕی 1388
15ی ژوئیه‌ی 2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست