مەلا بەختیار سوكایەتى بەخەڵكى لادێكان و كەمئەندامان و نەخوێندەواران كرد
Thursday, 02/04/2009, 12:00
ئەمڕۆ(30-3-2009) بۆ یەكەمجار وەكو ئەندامێكى سەندیكاى كرێكاران، چومەكۆبونەوەیەكەوە كە مەلابەختیارى هەڵەشە و دەسەڵات پەرست لەگەڵ لق و ستافى لقەكانى سەندیكاكەى سازكردبو، ئەو كۆبونەوەیە زیاتر لەپەلەپرۆزێیى مەلا و گەندەڵەكان ئەچوو تاكو كۆبونەوەیەك بێت بۆ چاككردنى ژیان و گوزەرانى كرێكاران، مەلا بەختیار بەڕاستى مەلا ئاسا قسەى ئەكرد، دەنگى بەرز و روخسارى درۆزنانە، ئەوەى كەمێك شارەزاى زانستى دەرونناسى بێت بەئاشكرا شكست و درۆزنى ئەو و هاوبیر و رێبازەكانى بۆ دەر ئەكەوت، باسى شێوازى قسەكردنى مەلا مشەخۆر ناكەم كەلەو كۆبونەوەدا چۆن هەوڵى ئەدا بیر و بۆچونى ئێمەى كرێكار لەسەر گەندەڵى و كارەدزیوەكانى خۆیان بگۆڕێت، بەڵكو ئەمەوێت ئاماژە بەهەندێ قسەى لابەلا و شكاوى ئەو پیاوە چەتە و بەفكر مەنگۆلییە بكەم كە چۆن سوكایەتى بەخەڵكى لادێكان و هەروەها توێژى كەمئەندامان و نەخوێندەواران كرد، و روى دەمى كردە ئێمە(كە بەشێكمان لادێى بوین) و كاتێك مایكرۆفۆنەكەى بەردەمى ئامادە نەبو درۆكانى ئەو گەورە بكاتەوە و دەنگى نزم بوو، راستەوخۆ بانگى كوڕێكى گەنجى داماوى كرد و بەلوتبەرزییەوە پێیوت ئەم شتە (مایكرۆفۆنەكە) بۆ دەنگم نزم ئەكاتەوە؟ كوڕەش خەریكى چاككردنى بوو لەوكاتەدا مەلاى دەمزڕ روى دەمى كردەوە ئێمە وبەپێكەنینى درۆزنانەوە وتى: منیش ئەڵێى لادێییم و حەز ئەكەم دەمم بنێم بە ئەم شتەوە (مایكرۆفۆنەكە)، لێرەدا من لە مەلابەختیارى بێبەخت ئەپرسم: مەلا بیرت چوو لادێ و خەڵكى لادێ لە هەمو سەردەمێكدا هوتێلى تۆ و سپڵەكانى هاوتەكەتولت بون؟
مەلا قسەى لابەلاى زۆرترى كرد بۆمان و ناتوانم لێرەدا هەموى بۆ خوێنەران بخەمەڕوو، بەڵام سوكایەتییەكى تر كە هەرگیز بیرم ناچێت ئەوەبو كاتێك باسى ئەهمیەتى هەڵبژاردن و دەنگدان و بایەخى یەكێتى بۆجەماوەر باسكرد، مەلا شەكرێكى ترى شكاند و بە لەخۆباییبونەوە وتى:
یەكێتى نایەوێت كەسى لێبتارێت، چونكە لەهەڵبژاردندا دەنگى جەنابى مام جەلال و دەنگى كەسێكى نەخوێنەوار و كەمئەندام وەكویەكە.
ئاخر مەلا مەگەر خوێنەوارى خۆت لەچى ئاستێكدایە كە ئێستا ئەندامى مەكتەبى سیاسییت؟ ئاخر مەلا، مەگەر كەمئەندام و نەخوێنەوار مرۆڤ نین و تەنها مامجەلال مرۆڤە لاى تۆ؟
باشە مەلابەختیارى سپڵە بەخوێنى شەهیدان و پێشمەرگە و كەمئەندامان و نەخوێندەواران، بیرت نییە كە سەندیكایەك هەیە و ناوى یەكێتى كەمئەندامانە و سەر بە مەكتەبە گەندەڵەكەى خۆتە؟
تۆ رێك لە محەمەدسەعید سەحافى یەكێتى ئەچیت و ماوەیەكى تر بە درۆ كانت سەری یەكێتیش ئەخەیتە چاڵ، بەڵام سەحافێكى بەوەفا نا ، چونكە دڵنییام ئەگەر كەمێك مامجەلال بارى بكەوێتە لێژى تۆ هەمان هەڵوێست و رەفتار بۆ كەسەكانى دیكەى دەسەڵاتدار ئەنوێنیت.
كۆتاى قسەكانم بە ئەسەفێك ئەهێنم كە پڕبەدڵ حەزم ئەكرد بمتوانیایە هەڵسم و قسە بكەم، بەڵام روى ژیان رەش بێت نەمتوانى بەڕاستى لە نانبڕین ئەترسام و منیش بەكاركردن لەو سەندیكایە(كرێكاران) بژێوى خۆم و ماڵ و مناڵم دابین ئەكەم، ئەوەى بەلامەوە گرنگەو تۆڵەى ئەو ئەسەفەى پێبكەمەوە ئەوەیە چاوەڕوانى هەڵبژاردنم تاكو بەدەنگدان وەڵامى درۆكانى ئەو مەلا سپڵەودزەى پێبدمەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست