بۆ زانكۆى ئەمەریكى لە عێراق-سلێمانى پلەى یەكەمى لە ریزبەندى زانكۆ ئەهلییەكان پێدرا!

Saturday, 01/10/2011, 12:00




لەم ڕۆژانەدا، لە ڕاگەیەنراوێكدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حكومەتى هەرێمى كوردستان، ریزبەندى زانكۆ تایبەتەكانى (ئەهلیەكان) ى هەرێمى لە ڕووى دڵنیایى جۆرى (Education Quality) خزمەتكردنى پرۆسەى خوێندن بڵاوكردەوە. لە ڕابردوودا جەند بابەتێكم لە سەر خوێندنى تایبەت لە كات و شوێنى جیا جیا بڵاوكردۆتەوە، كە پرۆسەى خوێندن بەهەردوو بەشى خوێندنى گشتى Public Education و خوێندنى تایبەت Private Education لە پاشەكشێدان، ئەوەى كە جێگەى سەرسوڕمان بوو لە ڕاگەیەنراوەكەى وەزارەتى خوێندنى باڵاى حكومەتى هەرێمى كوردستان كە گوا یە زانكۆى ئەمەریكى لە عێراق-سلێمانى لە پلەى یەكەم دا یە، من وەكو چاودێرێك و خوێندكارێك لە رێگەى ئەم بابەتەوە دەمەوێت ئاماژە بەجەند جەند ڕاستیەك بدەم ، یەكەم بۆ ئەوەى دایكان و باوكان بڕیارى دروست بدەن لە سەر چارەنووس و خوێندنى منداڵەكانیان (نەوەى ئایندە)، دووەم بۆ ئەوەى وەزارەت بخەمە بەر پرسیاریەتى مێژووى كە هەڵسەنگاندەكەیان لە سەر بنەماى پەیوەندى كەسى و پەیوەندى حزبى بووە! ئەم ڕاپۆرتەى وەزارەت ئاڕاستەى خوێندى بەرەو ئاقارێكى مەترسیدار دەبات، كە تەنانەت هەڵەسەنگاندن و بە دواچونەكانیش لە سەر بنەماى حزبى و پەیوەندى كەسى ئەنجام دەدرێن. لێرەدا من دەمەوێت جەند قسەیەك لە سەر زانكۆى ئەمەریكى بكەم ، هەروەها ئەو ڕاستیە بخەمەڕوو كە ئێمە پێویستە لە كات و شوێنى خوێدا قسەمان هەبێت بەمەبەستى خزمەتكردن بە پرۆسەى خوێندن لە سەر بنەماى زانستى و كوالیتى نەك لە سەر بنەماى حزبایەتى، لێرەدا من تەنها قسە و لێكۆلینەوە بۆ ڕاگەیانراوەى وزارەت دەكەم سەبارەت بە زانكۆى ئەمەریكى لە عێراق-سلێمانى.

لە ساڵى 2005، بە ئامادەبوونى تاڵەبانى ، د. بەرهەم و زاڵماى خلیلزاد باڵوێزى ئەوكاتەى وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا بەردى بناغەى زانكۆى ئەمەریكى لە عێراق-سلێمانى لە شارەدێى بەكرەجۆ لە سلێمانى دانرا، دیارە ئەم زانكۆیە هیچ پەیوەندێكى زانستى و ئەكادیمى لە گەڵ ئەمەریكا و دامەزراوە زانستى و پەروەردییەكان نییە، بەڵكو تەنها ناوى زانكۆى ئەمەریكیە، وەك هەموو دەزانین جەند زانكۆیەكى ئەمەریكى لە ناوچەكەدا هەیە كە سەر بەحكومەتى ئەمەریكان، وەك زانكۆى ئەمەریكى لە لوبنان ، زانكۆى ئەمەریكى لە قاهیرە ، زانكۆى ئەمەریكى لە كوەیت...

دەكرا ئەم زانكۆیە بكرێت بە نمونەیەكى جوان بۆ برەودان بە پرۆسەى خوێندن نەك تەنها هەر لە كوردستان بەڵكو بۆ سەرجەم ناوچەكە، من وەكو گەنجێك دونیایەك ئومێدم بەم زانكۆیە هەبوو كە ببێت بە ناوەندێك بۆ توێژینەوەى زانستى و داهێنان، بەڵام ئەو خەونە پێش ئەوەى لە دا یك بێت، زیندە بەچاڵكرا!

لە ڕاگەیەنراوەكەى وەزارت دا هاتووە (سەردانى مەیدانى بۆ هەریەك لە زانكۆ ئەهلیەكان كراوە لە لایەن تیمى دڵنیایى جۆرى و ڕاپۆرتى تێرو تەسەل پێشكەشكراوە سەبارەت بە پڕۆگۆامى خوێندن curriculum ژینگەى وانەوتنەوە و فیركردن methodology and learning environment دابینكردنى ئامرازو پێویستیەكانى خوێندن، پەرتوكخانە و تاقیگە زانستى و هۆلى خوێندن و سەنتەرى توێژینەوە و شوێنى حەوانەوە و كات بەڕێكردن و یانە و بەشى ناوخۆیى پێشكەشكراون).

تاوەكو ئامادەكردنى ڕاپۆرتەكە، زانكۆى ئەمەریكى لە باَلەخانەیەكى ئیدارەى گشتى دایە كە سەر بە یەكیتى نیشتمانى كوردستانە، ئەم بینایە بۆ هەموو شتێك دەبێت تەنها بۆ خوێندن نەبێت، سەرجەم وانەكان لە كابینە دەوترێنەوە، سەرەڕاى ئەمەش یەك فەجى تایبەتى سەر بە د. بەرهەم لەم بینایە جێگیركراوە، ئەمە وایكردووە كە لە مۆڵگەیەكى سەربازى بچێت، نەك ناوەندێكى زانست و پەروەردە، لە ڕاگەیانراوەكەى وەزارەت دا باس لە بوونە تاقیگەى زانستى و پڕۆگرامى خوێندن دەكات، نازانم ئەم لیژنەیە بەچ پێوەرێك و ویژدانێك باس لە تاقیگەى زانستى دەكەن! كام تاقیگە و لە كام شوێن؟ تاوەكو ئێستا خوێندكار و قوتابیانى زانكۆ یاریگاى یانەكانى سلێمانى بەكاردەهێنن بۆ مەشق و ڕاهێنان، تەنها یاریگەیەكى بجووكى باسكە لە زانكۆكەدا هەیە.

لە زانكۆى ئەمەریكى زۆربەى كوڕو كچى بەرپرسان لە لایەن كاربەدەست و بەرپرسانى باڵاى یەكێتى نیشتمانى كوردستان پارەى خوێندنیان بۆ دەدەرێت، لە سەرەتادا هەر بەپرسە و لیستى جیاوازى دەنارد بۆ بەشى وەرگرتن، ژمارەیەكە زۆرى خوێندكارانى زانكۆ لە سەر بنەماى حزبى وەرگیراون، ئەمەش وایكردووە، قوتابیانى هەولێر و دهۆك ڕوو لەم زانكۆیە نەكەن! زیاتر لە 12 ژن و مێرد وەك كارمەند لەم زانكۆیەدا كاردەكەن، ئەم دیاردەیە وایكردووە كە ئەم بەناو زانكۆیە ببێت بە (family business).

كرێى خوێندن لە زانكۆى ئەمەریكى 10000$ لە ساڵیكدا، بێگومان لە 5% خەڵك دەتوانن ساڵانە ئەم بڕە زەبەڵاحە بۆ خوێندن تەرخانبكەن، ئەمەش وایكردووە ئەم زانكۆیە ببێت بە ناوەندێك بۆ كوڕو كچانى بەر پرس و دەوڵەمەندەكان! ئەگەر ئەم زانكۆیە قازانج نەویستە، بۆ ئەم بڕە پارە زۆرە داوادەكات! لە گەڵ ئەمەشدا هەرچى خوێندكارى عەرەب و توركمانە لە لایەن جەند سەركردەیەكى یەكێتى نیشتمانى كوردستان پارەیان بۆ دەدرێت، هەرچى منداڵە هەژاریشە لە سەر پارە لە زانكۆكە دەردەكرێت! لە(بەڕێوەبەرى بەشى دارایى) م برسى ئەم ناعەدالەتییە بۆچى! لە وەڵامدا ووتى " كاكە تۆ بۆ گوناهى ئەم گەندەڵییە دەخەیتە ئەستۆى من" لە سەركردەكان و بۆردى زانكۆ بپرسە!!

سەبارەت بە ئازادى ڕادەربڕین ، ئێمە كۆمەڵێك خوێندكار بلۆگێكمان بە ناوى student eyeدامەزراندبوو بەمەستى ڕەخنەگرتن و گەیاندنى ڕاستییەكان، بەڵام لە ژێر و هەڕەشە و فشار پێانداخستین، بۆ ئەوەى زیاتر بزانیت لەسەر گەندەڵییەكانى زانكۆ سەردانى AUIS Watch Blog بكە.

لە بەشێكى ترى ڕاگەیانراوەكەى وەزارەت دا هاتووە(خوێندن لە زانكۆى ئەمەریكى لە عێراق-سلێمانى بە زمانى ئینگلیزیە و پرۆسەى دڵنیایى جۆرییەكەى تۆكمەیە و ئاستى دەرچوانیش بەرزە) ، جەنابى وەزیر و لیژنەى تایبەت، بەڕاستى جێگەى هەڵوەستە و سەرسوڕمانە، كە ئێوە نەزانن تاوەكو ئێستا هیچ كەس دەرنەچووە لە زانكۆى ئەمەریكى، ئێمە ئەم ساڵ یەكەم گروپ دەبین كە خوێندن تەواو دەكەین! گروپێك خوێندكار پرۆگرامى ماستەریان تەواو كرد ساڵ و نیوێك بەر لە ئێستا، بەلام سێ لەم خوێندكارانە بڕوانامەى زانكۆیان نەبوو، ئەمە لە هەر وڵاتیكى تر بوایە ، زانكۆى لە سەر دادەخراو ، سەرۆكى زانكۆش دەدرا بە دادگا، شەش خوێندكارى تریسش لە تاقیكردنەوەى تۆفل دەرنەچوو بوون بەڵام بە قودرەتى قادر وەرگیران و دەرچوون!

لە 23 ئەم مانگەدا، د. بەرهەم بانگهێشتى كۆمەڵیك خوێندكارى كردبوو بۆ بینا تازەكەى زانكۆ (كە لەسەر بودجەى ئەم خەڵكە دروستكراوە) لە كاتى قسەكردن بۆ ئیمە، وتى ئەم زانكۆیە لە ساڵیكدا 20 ملیۆن دۆلار زەرەر دەكات! كاتى ئەوە هاتووە پەرلەمان و دەزگاى چاود ێرى دارایى جورئەت بیانگرێت و بێنە قسە لە سەر بە هەدەردانى پارەى خەڵك! كەر زانكۆكە بەڕاستى لە پلەى یەكەم دایە، پێویستە بتوانێت پشت بەخۆى ببەستێت لە ڕووى دارییەوە!

چۆن و بۆ زانكۆى ئەمەریكى پلەى یەكەمى پێبەخشرا! بەكورتى بە كوردى، د.بەرهەم پەیمانى بە وەزیرى خوێندنى باڵا داوە كە بیكات بە سەرۆكى زانكۆى ئەمەریكى لە عێراق-سلێمانى دواى تەواو بوونى كارەكەى لە وەزارەت! لە كۆتایدا دەڵیم دەستخۆش جەنابى وەزیر بۆ خۆت و ڕاپۆرتت، ئێستا تێگەیشتم بۆ ڕۆژانە بە سەدان خوێندكار خۆپێشاندن دژ بە تۆ دەكەن! لە كۆتایدا، زانكۆكە تەنها ناوى زانكۆى ئەمەریكییە، ئەگینا هیچ پەیوەندى بە حكومەتى ئەمەریكییەوە نییە، تا ئێستشاش لە لایەن بەغداوە دانیپیانەنراوە، سەردانى ماڵپەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا بكە بۆ زانینى ئەم ڕاستیە. ئەوەى ماوەتەوە بیلێم، لە 2007 تاوەكە ئیستا زانكۆى ئەمەریكى نزیك 400 خوێندكارى هەیە، چونكە ئەم ڕاستیانەى سەرەوە بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بووە، سەرەڕاى ئەوەى حكومەت و وەزارەتى خوێندنى باڵا و سەرجەم كەنالەكانى ى.ن.ك بانگەشە و پروپاگەندەى بۆ دەكەن.

تێبینى: ئێستا ئێمە كۆمەڵیك خوێندكار خەریكى كۆكردنەوەى ناوى كوڕ و كچانى بەرپرسەكانى یەكێتین، كە ساڵانە حزب پارەیان بۆ دەدات، لە ڕیگەى نامەیەكەوە ئاڕاستەى پەرلەمان و ڕاى گشتى دەكەین، گومان دەكرێت هەندێكیان بڕوانامەى ساختەیان هەبێت!

تكایە جەنابى وەزیر ئەم بابەتانە بخوێنەوە!





http://auisstudent.blogspot.com/2011/08/it-is-cancer-and-it-will-always-get.html

http://auisstudent.blogspot.com/2011/07/azadi-square-affects-continue-at-auis.html

http://auisstudent.blogspot.com/2011/05/dorm-students-meet-give-administration.html

http://auisstudent.blogspot.com/2011/05/new-dorm-prices-shock-auis-students.html

http://auisstudent.blogspot.com/search/?q=money+talks

http://auisstudent.blogspot.com/2010/10/john-dolan-academic-fraud.html



 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە