کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كام خەباتى شاخ ، كاك مەسعود ؟!

Friday, 15/07/2011, 12:00







كاتى خۆى قوتابى بوین و بەیانى زوو ئەچوین بۆ قوتابخانە ، شەوى پێشتر ، لە دیوارەكانى گەڕەكى ئیسكان و مەجى بەگى سلێمانى ، جەماعەتى بەرەى جوود هەزار و یەك جنێویان بۆ یەكێتى نیشتمانى لەسەر دیوارەكان نوسى بوو ، جەماعەتى یەكێتیش هەموو (بەرەى جوود)ەكانیان كردبوو بە (گاجووت) و دوو گوێچكەیان بۆ دروست كردبوون لەگەڵ كۆمەڵێك جنێوى توێكڵدارى وا ، كە سەگ بۆنى پێوە نەدەكردن ، لەو كاتەدا من مناڵ بووم ئەمپرسى : ئەم شەڕە جنێوە چییە ؟ .. دایكم ئەیووت : تۆ حەقت نەبێ بەسەر ئەو مەسەلانەوە ، ئەوە حیسابى كۆنى نێوان كوڕەكانى مەلا مستەفا و مام جەلالە !!!..
ئەمڕۆیش زۆر پێكەنینم هات كە گوێم لێیبوو ، بەڕێز مەسعود بارزانى لەگەڵ بالوێزى فەڕەنسادا و بەبۆنەى یادى شكاندنى زیندانى پاستیل ، ئەیووت : (پێویستە چیدى باسى خەباتى شاخ بۆ لاوانى كورد نەكەین و ئەوان شتى تریان لە ئێمە ئەوێت)
ئەپرسم كام خەباتى شاخ كاك مەسعود ؟؟ من لەو كاتەوەى لە بیرم دێت ، ئێوە خەریكى كورد قڕ كردن بوون ، سەردەمێك بەناوى جەلالى و مەلاییەوە ، سەردەمێكى تر بە ناوى ئاشبەتاڵەوە میللەتێكتان هەناسە سارد كرد .. دوایى بە ناوى شۆڕشى نوێى گەلەكەمان و جەماعەتى بارزانیەوە .. ئینجا شەڕە خۆكوژییەكە لە نێوان بەرەى جود و یەكێتی .. دواى ئەوە شەڕى داهات و برایم خەلیل دەستى پێكرد و هەزارەها كوڕى گەنج و جوانى گەرمیانى و كوێستانیتان كوشت و پێش ئەوەیش شەڕى پەكەكەتان بۆ توركیا كرد (ئەمجارەیان تۆ و جەلال یەك جەبهە بوون و لە چەكدارەكانى پەكەكەتان دەدا) لەو نێوەندەیشدا برایانى ئیسلامى و پژاك و كۆمۆنیست و دیموكرات و یەكگرتوو و حسكتان لە یاد نەچوو (كە هەموویان كورد و ئارى بوون)، كەم و زۆر شەڕتان تێئاڵاندن و دەیەها و سەدەهاتان لێكوشتن و بێسەرو شوێن كردن ، خوا بتانگرێ ..خوێنى پاكى ئەو هەموو گەنجەى پاشماوە و كەس و كارى ئەنفال ، بتانگرێ ، كە لە برساندا و بۆ موچەى پێنجسەد دینار، ئەبوون بو لیواى تایبەتى فەخامەتى سەرۆك كۆمارى عێراقى فیدراڵ(!!) یان ئەبوون بە كۆماندۆى جەنابت و .. ئیتر وەكو كەڵەشێر ئەتاندان بە شەڕ و خوێنى ساویلكە و برسیتان ئەڕشتن و تا ئێستایش هەزارەهایان (مەفقودن) و ڕازیش نابن ئەوانە بە شەهید و زیندانى سیاسى حیساب بكرێن (!!!!!!!) چونكە بە پێوەرى ئێوە ، ئەوانەى لە شەڕى براكوژیدا كوژران تەنها فریوخواردوو و حەسحەسى تایبەتى خۆتان بوون و شمولى هیچ شەهامەتێك ناكەن .. شمولى هیچ ڕێزلێنانێك ناكەن و .. ئەتانەوێت ئەو مێژووە پڕ لە سەرشۆڕیە لەبیرى خۆتان و جیهان ببەنەوە ..بەڵام لەوەدا ، جەنابتان زۆر دڵڕەقن ، چونكە تەنانەت سەرباز و ئەفسەرەكانى حەرەس جمهورى سەددام حوسێن كە هەولێریان بۆ كردیت بە هێلكەى پاككراو و جەلالیەكانیان بۆ كردیت بە پۆڕى خوراو ، بە دەستى بەتاڵ نەتناردنەوە و هەر سەربازێكى گاردى كۆمارى 3000 دینار و هەر ئەفسەرێكیش 5000 دینارى عێراقى چاپى سویسریت پێشكەشكردن (ئەو كاتە مامۆستایەكى زانكۆ تەنها 500 دینارى سویسرى وەردەگرت !!!) .. چەند سەخى تەبیعەت و بەرچاو تێریت بەرامبەر دوژمنان و .. چەند چروك و بەرچاوتەنگ و ڕەزیلیت بەرامبەر ڕۆڵەكانى میللەتەكەت ، بە جۆرێك زۆر بە ئاسایى و یاسایى موچەى دوو مانگى تەموز و ئابى 1996 ى هەموو موچەخۆرانى كوردستانتان لەگەڵ فەخامەتى سەرۆك كۆمارى عێراقى فیدراڵدا خوارد و .. لەو هەزارەها ڕۆژنامەنووسە موعتدەدیل و جنێو فرۆشەیش ، كەسێك باسى ئەو دوو مانگە خوراوەى موچەخۆرانى نەكرد ، ئەوەندە بە زانایانە لە یادى خەڵكتان بردەوە ، بە ڕاستى ئێوە زۆر شارەزان لە كارى گیرفانبڕیندا و ئەگەر سەركردەى مافیاكانى ئیتاڵیا پێتانبزانن ، ئەتانكەن بە سەركردەى فەخرى خۆیان ، (كێ ناڵێ نەیشیانكردوون ؟!) ..
بەڕێز سەرۆكى هەرێمى دوبەى (كوردستان) ئێستا دوبەى و كوردستان تەنها دوو جیاوازییان هەیە (یەكەم : بودجە و موەلیدەى ئەهلى لاى ئێوە هى حیزبە باڵادەستەكانە و لەوێندەر موەلیدەى ئەهلى هیچ وجود و مانایەكى نییە و بودجەیش هى میللەتەو بۆ خۆشگوزەرانى میللەتە .. دووەم جیاوازیش دانیشتوانى دوبەى ئازادن و بە ئارەزووى خۆیان سەفەر ئەكەن ، بەڵام دانیشتوانى كوردستان پەساپۆرتیان هەیە بەبێ ڤیزە ،ئەمرن و ڤیزە و سەفەر نازانن چیە)
قسەكەى تۆ تەواوە ، پێویستە چیتر باسى خەباتى شاخ بۆ لاوانى كورد نەكەیت ، چونكە باوەڕیان بەو خەباتە نیە و پێویستە باسى شتى تریان بۆ بكەیت ..باسى دوژمنایەتى تا سەر ئێسقانى خۆت و جەلال كە تاكو ئێستا خوێنى هەزارەها لاو و سەركردەى كوردى كردۆتە كاسەوە ..باسى دوژمنایەتى خۆت و كورد , چونكە بەڕاى تۆ هەموو كورد خزمەتكارى ئێوەیە و ئەبێ لەبەردەرگاكانتاندا سواڵى پارووە نانێك بكات .. باسى ئەو هەموو داهاتە ئێكسپۆرتكراوەى گەلى كورد ، كە بەناوى خۆت و جەلال و خێزانەكانتانەوە لە بانكەكانى ئەوروپادا توند كراوە ..باسى خوێنى بە ناحەق ڕژاوى سۆرانى مامەحەمە و سەردەشت عوسمان و ڕێژوان و سوركێو و هەموو كارە تیرۆریستیەكانى تر كە لە ناو كوردستاندا كراوە و جەنابت لێیان بەرپرسیاریت ..لاوانى كورد ئەمڕۆ وریا و ژیرن و لێتئەپرسن : جەنابى سەرۆك ! لە هەموو جیهاندا ئەوانەى كارى تیرۆریستى ئەنجام دەدەن لە دەرەوەى دەسەڵات و جوگرافیاى خۆیاندا ئەنجامى ئەدەن ، بەڵام تۆ لە بەردەركى سەرا و بەردەم باخى گشتى و ناو زانكۆى هەولێر و گەڕەكى ڕەحیماوادا ، كارى تیرۆریستى لە دژى ڕۆڵەكانى خۆت ئەنجام دەدەیت ..
ڕاستە جەنابى سەرۆك ..
ڕاست ئەكەیت ، لەوە زیاتر كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان (وەك فەخامەتى جەلال تاڵەبانى ئەفەرموێ) بڕوا بە خەباتى شاخ ناكەن و (وەك مام ڕۆستەم ئەفەرموێ : ئەو قسانە بۆ حەلاو بكەن) .. بەڵێ .. بۆ حەلاوى بكەن و .. تەنانەت حەلاویش بڕواتان پێناكات ، چونكە تەنانەت حەلاویش بە دەستى ئێوە سك سوتا و بێوەژن و ماڵوێران كراوە ..
خۆ ئەگەر باسى ڕاپۆرتە بڵاو كراوەكانى كەى بى جى بكەین كە بەڕێز دكتۆر كەمال سەید قادر لە ئینگلیزیەوە بڵاوى كردنەوە و تیایدا كەى بى جى (كە دەكاتە دەزگاى هەواڵگرى ڕوسیا ى كۆمۆنیست) ئاشكراى ئەكات شتێك نییە بەناوى شۆڕشى ئەیلول لە باكورى عێراقدا و بەڵكو مەسەلەكە تەنها ئۆپەراسیۆنێكى دەزگاى هەواڵگرى ڕوس بووە لە ناوچەكەدا ، ئەوا هیچ شانازیەكتان وەكو بنەماڵەى بارزانى لە ناوچەكەدا بۆ نامێنێتەوە و ناچارى پەلاماردانى د.كەمال سەید قادر بوون.
خۆ ئەگەر باسى ئەو ملیۆنەها دۆلارە بكەین كە دۆستەكەت لە پەیماننامەى ستراتیژیدا ، بۆ مێژونوسى فارس (قانعى فەرد) ى ناردووە بۆ ئەوەى كتێبەكەى چاپبكاتەوە كە هێرشى زۆرى بۆ سەر بارزانى باوك تێدایە ، ئەوسا تێدەگەن كە شتێك نیە و نەبووە بە ناوى خەباتى شاخەوە و .. ئێستایش بەردەوامن (تۆ و جەلال) لە كلك و گوێكردنى یەكترىو .. خەباتەكەتان تەنها یەكتر كوشتن و یەكتر ناشیرینكردن و كورد بەقوڕدا بردنە و .. هیچى تر.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە