جەنابى بهناو سەرۆك ، هەر بەرشەلۆنەمان كەم بوو..
Thursday, 14/07/2011, 12:00
کوردستانپۆست: نهمانتوانی ئهو ههموو بهڕیزه و جهنابهی برای نووسهر بۆ مهسعود بارزانی تالانچی و خیانهتکار وهک خۆی بڵاوبکهینهوه ، بۆیه بۆ میزاج و سهلیقهی خوێنهر تێکنهدهین دهستکاری ،ههندێ ئهو دهستهواژانهمان کرد.ماوەیەكە بیستومە یانەى بەرشەلۆنە توشى نەهامەتیەكى دارایى بووە و خەریكە كێشە ئەكەوێتە نێوان بەرپرسەكانیەوە ، ئەمەیش ڕێگاى ئەوەمان لێناگرێت گومانى ئەوە ببەین كە ڕاوێژكارەكانى یانەى بەرشەلۆنە نەخشەیەكیان كێشاوە بۆ ئەوەى هەندێك نەوتى كوردستان و بەشێك لە خوێنى شەهیدان بۆ خۆیان هەڵمژن ، لەڕێى داوەتكردنى سەرۆكى هەرێمەوە ، چونكە ئەزانن ئەو سەرۆكە تازە پیاكەوتوانەى كە حەز ئەكەن كەسانى دوور و نزیك ددان بە سەرۆكایەتیەكەیاندا بنێن ، ئامادەن كیسەكانیان بكەنەوە بۆیان و دەروازەى زێڕ و زیوەكانیان ئاوەڵا بكەن ..ئەوان زیرەكن و لە ڕێى فانیلەیەكى ڕەقەم دەوە كە ناوى مەسعود بەرزانى لەسەرە و ڕەنگە دۆلارێكى تێچوبێت ، ملیۆنەها دۆلار وەربگرنەوە ، ئەمە داب و نەریتى سەركردە دۆنكیشۆتیەكانە ، كە تەنها بۆ ناو و شورەتێكى خۆیان ، ئامادەن سامانى وڵاتەكە بكەن بە قوڕگى كەسێكدا ، كە هەرگیز نە ئاگاى لە كێشەى كورد بووە و نە ئامادە بووە بزانێ كورد چییە و واتاى چى ئەگەیەنێ ، بۆ نمونە ئەلیسا و سەمیر غانم و كێ و كێ ، دێنە پایتەختەكەى به دهبابهی بهعس داگیرکراوهکهی مهسعود و بە كیسى پڕەوە ئەڕۆنەوە ..
ئەپرسم : ، ئەو كاتەى كە نسكۆ ڕوى دا و ئاشبەتاڵ ڕاگەیەنرا ، یانەى بەرشەلۆنە چى دەربارەى ئەو زامە گەورەیەى كورد دركاند ؟ كاتى ئەنفال و كیمیاوى ، یانەى بەرشەلۆنە چەند ئەمپولى ئەترۆپین و شاش و لۆكەى بۆ گەلى كورد هەناردە كرد ؟ئەى كاتى شەڕى هاكەزایى نێوان جەنابت و جەنابیان لەسەر داهاتى برایم خەلیل ، یانەى بەرشەلۆنە چەند حەكەمى دەولى نارد بۆ ناوبژیوانى لە نێوان جەنابت و جەنابى فەخامەتى سەرۆكى عێراقى فیدراڵدا ؟؟ ئەى كاتى كۆ ڕەوەكە كە مناڵە كوردە ئێرانیەكان ڕۆژانەكانى خۆیان بۆ ئاوارەكانى كەمپەكان ئەنارد ، ئەوانەى كە ئێوە پاشان باوك و براكانیانتان لە پژاك و كۆمەڵە ، لە شارەكانى سلێمانى و هەولێردا تیرۆر كرد ، ئەو كاتە یانەى بەرشەلۆنە چى بۆ گەلانى كورد ڕەوانە كرد ؟؟
من وەكو هاووڵاتیەكى دەرەجە سێى هەرێمى كوردستان ، كە شمولى هیچ ئیمتیازاتێك ناكەم ، نە زەوى ، نە سەفەر ، نە خۆشگوزەرانى ، لەبەرئەوەى بێلایەنم و نەعلەتى بێلایەنى بە دوامەوەیە و بەردەوام هەڕەشەى هەژارى و لەبرسامردنم لێدەكات .. من وەكو هاووڵاتیەك كە پێشتر و لە كۆلێژدا و لە ناو هاوڵاتیە عەرەبەكاندا ، شانازیمان بە بارزانى و تاڵەبانیەوە دەكرد و بۆ سودانى و مۆریتانیەكانمان باس دەكرد ، ئەو زاتانە چین و چییان بۆ كورد كردووە ..ئێمەى كوردى پلە سێ و چوار ، كە شانازیمان بەوەوە ئەكرد كە نەچوینە ژێر بارى بەعسەوە ، كەچى بێئاگا بووین لەوەى كە ئێوە لە ژێرەوە دۆست و ئەحبابى سەددام بوون و .. فەخامەتى سەرۆك كۆمار سەدامى بە حەكەم دادەنا نەك خەسم (واتا بە ناوبژیوانى دادەنا نەوەك دوژمن) .. تۆیش سى و یەكى ئاب دوور نییە و نزیكە ، كاتێك گاردى كۆمارى هاتن بە هاناتەوە و .. فەخامەتى سەرۆكى عێراقى فیدراڵیان هەتاكو سەیرانبەند ڕافڕاند ، ئەو فەخامەتەى كە ئەمڕۆ مو بە بەینتاندا ناچێت و پێكەوە قوفڵى نەوتەكە بەردەدەنەوە بۆ دوژمنان و شانازیشى پێوە ئەكەن ، ...
جەنابى نا سەرۆك ...ئێمە فریوى ئێوەمان خوارد و تاكو دوا دڵۆپ خوێن بەرگریمان لە بێلایەنى خۆمان و دۆزى كورد ئەكرد .. بەردەوام ئەى ڕەقیب و دەمى ڕاپەڕین لەسەر زارمان بوو .. بەردەوام بڵاوكراوەكانى ئێوەمان ئەبرد بۆ زانكۆكانى بەغداد و موسڵ و بەسرە و .. شانازیمان پێوە ئەكردن .. نەبووین بە بەعسى ، و لەو پێناوەدا ماجستێر و دكتۆرامان لە دەست چوو ، تا ئێستایش پەشیمان نین ، من خۆم كەسێكم ئەگەر تەنها یەك ئیمزام بۆ ئیتیحاد و تەڵەبەى زانكۆ بكردایە ، ئێستا لە تایبەتمەندى خۆمدا پڕۆفیسۆر بووم ، بەڵام ئەوانە هەمووى ڕۆیشتن .. هەروەكو شەهیدەكانى براكوژى .. وەكو ئەو هەموو داهات و بودجەیەى كە كران بە كۆشك بۆ خۆتان و دەست و پێوەندەكانتان .. وەكو هەموو زوڵمەكانى كە لەم میللەتەتان كرد ..
ئێستایش ئامادەن بۆ سیاسەتێكى یانەى بەرشەلۆنە ، ملیۆنەها دۆلار لە دەمى مناڵ و پیر و پەككەوتەكانى كوردستان ببڕن و بیخەنە كیسەى بەرشەلۆنەوە بۆ ئەوەى سیسك فابریگاسى پێبكڕێت !!..
جەنابى سەرۆكی تهزویر .. داواكارم بۆ یەك چركە واز لە لاساییكردنەوەى دیكتاتۆرەكان بێنیت و .. شانازى بە درێسى ژمارە دەى بەرشەلۆنەوە نەكەى ..داواكارم شانازى بە درێسى ئەو خوشك وبرایەوە بكەیت كە لە ڕێگاى قوتابخانە لە سەید سادق ، لە ڕۆژانى حیسار و براكوژیدا، لە سەرماندا ڕەق بوونەوە..داواكارم موچەى خوراوى مانگى حەوت و هەشتى 1996ى فەرمانبەرانى هەرێمى كوردستان بۆ فەرمانبەران خەرجبكەیتەوە كە بوو بە ژێر پێى سى و یەكى ئابەوە ،داواكارم یەك چركە بۆ سیفەتێك لە سیفەتەكانى ماندێلا و گاندى تەرخان بكەیت ، ئەوەیش بزانە سەرۆك ، مرۆڤى كامڵ و پێگەیشتو ، تەنها شتێك كە دڵى خۆش ئەكات ، خۆشگوزەرانى ئەوانى ترە ، نەك ناو و شورەت و ماڵ و سامان و خۆشگوزەرانى خۆى ، .. چەندێك شانازى بە خۆت و وێنەى خۆت و شورەتى خۆتەوە بكەیت ، ئەوەندە ناكامڵ و كاڵفام و نەخوێندەوار و بێئاگایت لە سیفەتەكانى سەركردەى ڕاستەقینە ، ئەوانەى كە مێژووى مرۆڤایەتى بە پیتى ئاڵتونین ناویان ئەپارێزێت ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست