کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوركەونەوە لەگرژى... خۆتان بپارێزن لەتوندوتیژى

Sunday, 05/07/2009, 12:00


پەیامى (دایك) بۆسەرجەم قەوارە بەشداربوەكانى هەڵبژاردن و لایەنگرەكانیان
بەڕێزان..لایەنگرانى قەوارەو لیستە بەشدار بووەكانى هەڵبژاردنى 25ى تەمووزى كوردستان، ئێوە لەم سێ پارێزگایەى هەرێمى كوردستان (هەولێر ،سلێمانى، دهۆك) -كەبەرەو هەڵبژاردنێكى پارلەمانیو سەرۆكایەتى هەنگاو دەنێن- نەك هەر خزم و دۆست و كەسى یەكترن، بەڵكو هەموو خوشكو براو ڕۆڵەى یەك نەتەوەشن، .بۆیە پەیامى (دایك) بۆئێوە لەو هەڵبژاردنەو ڕۆژانى بانگەشەكردندا، بانگەوازكردنتانە بۆ خۆپاراستن لەتوندو تیژى و دوركەوتنەوەیە لە ڕق و دەمارگرژى، بەهەموو شێوەیەك .
بەڕێزینە..هەڵبژاردن و پرۆسە دیموكراسیەكان لەبنەڕەتدا لەپێناو بڵاو كردنەوە و چەسپاندنى هەست و بیركردنەوەى ناتوندو تیژو لێبوردنكارانەدایە، لە ریزەكانى كۆمەڵگادا،نەك دروستكردنى دەمارگرژى و هەستى رق لێبوونەوە .
لەهەر كۆمەڵگایەكدا دیموكراسى و هەڵبژاردن و دەستاو دەستكردنى دەسەڵات هەبوو، ئیدى دەبێت هێزە جیاوازەكانى ئەو كۆمەڵگایە بە ئەو پەڕى ڕێز و حورمەت و لێكبوردن و خۆشەویستیەوە مامەڵە لەگەڵ یەكتر بكەن، بانگەشەكانى هەڵبژاردنیش هەردەچێتە نێو ئەم بازنەیەوە،بۆیە پێویستە لە بانگەشكانى هەڵبژاردندا هەوڵبدەن تا ئەو پەڕى چەمك و ئەخلاقى ناتوندو تیژى و لێكبوردن و ڕێزو خۆشەویستى بپارێزن و جێبەجێیان بكەن.
رەخنە لەیەكدى بگرن كارەخراپەكانى یەكدى دەستنیشان بكەن،بانگەشە بۆخۆتان بكەن، بەڵام لەهەمانكاتددا بەرۆحێكى ئاسودەى ناتوندو تیژو دەمارێكى ناگرژو ئارامەوە رووبەروى یەكتر ببنەوە و بانگەشەو شایی بكەن.
ململانێى دیموكراتیانەو ئاڵو گۆڕ پێكردنى دەسەڵاتەكان لەپێناو ئەوەدایە رق و گرژى و توندو تیژى لەناو بەرێت و خۆشەویستى و لێكبوردن و یەكتر قبوڵكردن لەكۆمەڵگەدا دروستبكات،نەك بەپێچەوانەوە، واتە ئەگەر دوو هێز ململانێى سیاسیى و فیكریان كرد ئیدى ئەمە ماناى ئەوە نیە ئەم دوو هێزە و ئینسانەكانى -دەبێ رقیان لەیەكتر بێت ! نەخێر بەپێچەوانەوە مادام ئەم هێزانە قبوڵى ئەوەیانكردووە لەڕێى هەڵبژاردن و سندوقى دەنگدان و بانگەشەى ئاشتیخوازانەوە ململانێى یەكتر بكەن، ئیدى ئەمە خۆى لەخۆیدا ماناى وایە ئەمهێزانە لەئاشتیدان و ئینسانەكانى ناویشى دەبێت بەهاو بنەما سەرەتاییەكانى پێكەوە ژیان و لێكبوردن و رێز لەیەك گرتن پەیڕەو بكەن .
ئێستاش كۆمەڵگەى ئێمە لەهەرێمى كوردستان-عێراق و بەدیارى كراوى هەرسێپارێزگاكەى هەرێم لە هەڵبژاردن و ململانێیەكى دیموكراتیانەدایە، دەبێت هەمیشە ئەوە یاد خۆتان بێننەوە كە ئێوە لە حاڵەتى جەنگدا نین! بەڵكو تا ئەو پەڕى لەحاڵەتى ئاشتیدان ،بۆیە دەبێت فەرهەنگى خۆشەویستى و مامەڵەكردنى دروست لەگەڵ یەكتر رەچاو بكە ن و هەرگیز بەهەستى رق و بەدەمارى گرژەوە روو بەروى یەكتر نەبنەوە، بەڵكو خودى ململانێ دیموكراتیەكە لەپێناو ئەوەدایە دەمارەگرژەكان خاوبكاتەوەو هستەكانیشمان بەرامبەر یەكتر پڕبكات لە رێز و خۆشەویستى.
لەم روەوە (دایك) داواتان لێدەكات هەركەس لە ئاست خۆیەوە لەم پرۆسەیەدا رۆح وگیانى لەهەر گرژى و رق و توند تیژیەك پاك بكاتەوە، بەرپرسیارانە مامەڵە بكات و بانگەشە بۆخى بكات . ڕەخنە لە ڕكابەرەكەى بگرێت ، لەهەمانكاتدا ڕێزیشى لێبگرێت ..پەیڕەوى لەم پەیامە بكەن لە پێناو هەڵبژاردنێكى ئارام و كۆمەڵگایەكى دیموكرات و ئاشتى خواز و سەربەرزدا.
رێكخراوى (دایك)بۆناتوندوتیژى و چالاكى مەدەنى
سلێمانى/1/7/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە