كێن ئەوانەی ناكۆكی دەخەنە نێو كۆمەڵگاوە..؟ لە پەراوێزی روونكردنەوەی یەكێتی مەلایانی كوردستان
Tuesday, 11/01/2011, 12:00
پێم وابوو یەكێتی مەلایان زۆر دەستخۆشی لەو 700 كەسایەتی نووسەر و هونەرمەند و روناكبیرە بكات، بەڵام بەداخەوە دیسانەوە چەمكەكانیان لەیەكتر ئاڵۆزكردەوە و وەكو هەمووجارێك ئێمەیان بە ئاژاوەگێڕ و سووككەری پیرۆزیەكان لە قەڵەم دایەوە، بەهەمان نەفەسی بەعسەوە وەڵامی ئەم پڕۆژەیەیان دایەوە بەبێ ئەوەی هیچ شتێكیان لێ تێگەیشتبن بەتایبەت لە ناوەڕۆك و خاڵەكانی، مەلایەكان لە روونكردنەوەكەیان مزگەوت دەهێننە ریز رۆژنامە و گۆڤارێك و دەڵێن(ئەو بۆچوونەی یەك مزگەوت خوتبەی تیا بخوێنرێ وەكو ئەوە وایە لە شارێك یەك رۆژنامە دەربچێت) ئەگەرچی لە دەستپێك و ناوەڕاست و كۆتاییەكەی زۆر دژە بۆچوونی وەهای تێدایە كە بەداخەوە لە دوو روویی نازانم چ ناوێكی تری لێ بنێم هەر بۆ نموونە لە دەستپێكدا دەڵێن(كۆمەڵە كەسانێك) لە ناوەڕاستیش دەڵێن(كۆمەڵێك كەسایەتی ناودار كە جێی پەنجەیان لە نەخشاندنی هونەر و رۆشنگەری هەبووە) لە كۆتاییەكەشدا دەڵێن(ئەو رۆشنبیرانە)، بەڵام ئەوان تەواوی واژووكارانیان هەر بەو كۆمەڵە كەسانەوە چواندووە كە لە مزگەوتەكان گوێ لە وتارەكانیان رادەگرن و مرۆڤی ساویلكە و هیچ نەزان، دەستخەڕۆ كردن و لەرێ لادانی ئەو كەسە ساویلكە و نەخوێندەوار و كەم ئاستی رۆشنبیریە لەلایەن ئەو 700 كەسەوە هۆشیار دەكرێن و لای مەلاكانیش لە خشتە دەبرێن و بە دڵی خۆیان ئاراستەیان دەكەن، ئەو واقیعەشمان بینی لە رێی وتارە توندوتیژەكانی مەلا بەشیری پەرلەمانتار لە نەوەدەكانەوە و مەلا شێرزاد و مەلا رێباز و مەلا مەحمود و مەلا سەلمان و مەلا كرێكار و ئەمڕۆش لە رێگەی مەلا مەسعود و دەیان مەلای تر كە هیچ زانست و زانین و هەستێكی نەتەوایەتی لە ئەقڵ و هۆشی تاكی كورد ناهێڵنەوە، ئێمەش لەگەڵ پیرۆزی ئایینین تا ئەو شوێنەی ئاینەكە خۆی بە پیرۆز رابگرێت و دەست وەرنەدات لە هەموو چەمك و ئیش و كارێكەوە، تا ئەو شوێنە ئاینمان لەلا پیرۆزە كە ئاینەكە رێگر نەبی لە ئازادی و پیرۆزی مرۆڤەكان، ئەگەر بۆ مەلایەك رەوابێ لە رێگای مزگەوتەكەیەوە رۆشنبیرێك سووك و ریسوا بكات ئەی ئەو رۆشنبیرە چ بەخۆی رەوا ببینێ..؟! ئەی ئەو رۆشنبیرە چ كاردانەوەیەكی هەبێت..؟ ئایا ئێوەی مەلا دەخوازن رۆشنبیران و هونەرمەندان بەخۆتانەوە سەرقاڵ بكەن بۆ ئەوەی ئەوانیش پرسە چارەنووسسازە گەورە و گرنگەكانیان بیر بچێتەوە..؟ دەتانەوێ ئێمە لە ئاست لە سێدارەدانی كوردان لە رۆژهەڵات بێ دەنگ بین و ئێوەش بەدڵی خۆتان سەردانی گۆڕی پڕ لە نەفرەتی(خومەیەنی) بكەن و كڕنۆش بۆ گۆڕەكەی بەرن..؟ دەتانەوێ ئێمە لە ئاست هێرشی نا مرۆڤانەی توركە عوسمانلیەكان بێ دەنگ بین و ئێوەش پێشوازیان لێبكەن و هاوكاریان بكەن..؟ دەتانەوێ ئێمە لە ئاست فەتوای ئەزهەر بۆ بە تیرۆریست ناساندنی شەرڤانانی كورد بێدەنگ بین و دەستخۆشی لە بنلادن بكەین..؟ ئێوە دەخوازن ئێمە لە ئاست ئەو هەموو جوڵانەوە ئیسلامییە سەربڕ و خۆتەقێنەر و تێكدەر و نامرۆڤە بێدەنگ بین و بێین زوڕنا بۆ ئێوە بژەنین كە ئاهەنگی سەری ساڵ حەرامە..؟ ئێوە هۆكاری ناكۆكی و ناتەبایی نێو كۆمەڵگای كوردین، با بۆتان بسەلمێنم، چیتان كرد بۆ هێوركردنەوەی كێشەی نێوان كوردی ئێزیدی و كوردی موسڵمان لە پەراوێزی كێشەی كوشتنی دوعاوە..؟ هەر ئێوە نەبوون لە مزگەوتەكانەوە واتان بڵاو كردەوە كە كچە بۆتە ئیسلام بۆیە بە بلۆك كوشتیان دواتریش وا دەرنەچوو..؟!! هەر ئێوە نەبوونلە پێش ساڵی تازە پرسی جێندەرتان تۆخ و گەورە و ناشیرین كرد و دواتریش تۆبەتان پێ كرا و پەشیمان بوونەوە..؟ هەر ئێوە نەبوون چەند رۆژێك پێش سەری ساڵ هەواڵ لەسەر هەواڵتان بڵاو دەكردەوە بەوەی كە شارەوانی خەڵك ناچار دەكات بۆ كریسمس و سەری ساڵ دوكان و بازاڕ بڕازێنێتەوە و دواتریش هەر وا نەبوو..؟! هەر ئێوە نەبوون هیچ هەڵوێستتان نەبوو لەسەر هەیئەی عولەمای موسلمینی جیهانی و عێراقی لەمەڕ بن پێ خستنی ماف و داواكاریەكانی كورد لە رێگەی فەتوا ژەهراویەكانیان..؟ دەی پێمان بڵێن كێن ئەوانەی ناكۆكی و درز دەخەنە نێو ماڵی كوردەوە..؟ كەی ئیشی ئێوەیە لە دەرپێ و سوخمەی ئافرەتانەوە بگرە تا دەگاتی دیزاینی باڵەخانە و فڕۆكە و ئینتەرنێت لێیەوە بدوێن بەبێ زانیاری یان بە زانیاری هەڵە و ناكامڵ و خەڵكی پێ دەستخەڕۆ بكەن، ئاینی ئیسلام ئاینی هەق و مافە گەر ئێوە لەرێگای ماف لاتانداوە لە رابردوو یان لادەدەن لە داهاتوو ئەوا مافی ئێوە نییە بەناوی ئاینی ئیسلامەوە هیچ قسەیەك بكەن، ئێمەی كورد ئەوەندە بێ كێشە نین ئێوە ئاینیش بۆ ئێمە بكەن بە كێشە، ئێمەی كورد 1400 ساڵە قوربانی دەستی ئایینین و هەر بە ناكۆكیەكانی نێو ئاینیشەوە ماڵی كورد بەڵكو نەخشەی كوردستان پارچە پارچە كراوە، رونكردنەوەكەی ئێوە زۆر لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و شتی تر هەڵدەگرێت و خاڵی زۆر مەترسی تێدا بەدی دەكرێت كە ئێوە لە پڕۆگرامی خۆتان گەڵاڵەتان كردووە، بەڵام لەوەش دڵنیابن ئەگەر میللەتێك سەربەخۆ و ئازاد نەبێت نە ئاینی ئازاد دەبێت و نە رۆشنبیریشی بەڵام ئێوە رێگری هەمیشەیین لە پێش سەربەخۆیی بۆیە راسپێردراون پێش هەر شتێ بێن لە داینەمۆی هەستی سەربەخۆیی و ئازادی تاكی كورد بدەن.
سەرنووسەری گۆڤاری ئێوە/
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست