کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ئەفسەرێكى وەزارەتى ناوخۆى كوردستان لە ئەڵمانیا داواى مافى پەنابەرێتى دەكات

Monday, 12/11/2012, 12:00






شەرم نیە بۆ مرۆڤ كاتێ وڵاتەكەى خۆى بۆ بوبێتە دۆزەخ لەوڵاتێكى بیانى داواى مافى پەنابەرێتى بكات ، بەڵام شەرم و عەیبە ئەوەیە كە ئەم كارەى بۆ بازرگانى وبەرژەوەندى مادى بێت راستگۆ نەبێت لەداواكاریەكەیدا ، عەیب نیە مرۆڤ ژیان و گوزەرى وڵاتێكى بێگانەى لە ژیان و گوزەرى وڵاتەكەى خۆى پێ خۆشتر بێت كاتێ لەوڵاتەكەى خۆى سەركوتبكرێت و زۆرێك لەمافە بنەڕەتیەكانى بەهاوڵاتى بوونى لێبسەنرێتەوە ، بەڵام عەیب ئەوەیە كە بەهۆى درۆ و چەواشەكاریەكانیەوە بۆ بەدەستهێنانى مافى پەنابەرێتى ناوبانگ و متمانەى هاوڵاتیە راستگۆكانیش بزرنگێنێت و لەداواكاریە رەواكانیان بێبەشیان بكات .
ئیستاش زۆرێكن ئەو كەسانەى كەلەكوردستانەوە خەون بەمافى پەنابەرێتى وڵاتە ئەورپیەكانەوە ئەبینن ، بەتایبەتى ئەو گەنجانەى ئاییندەى خۆیان لەو هەرێمەدا بەتاریكى ئەبینن و لەبەر نەبوونى عەدالەتى كۆمەڵایەتى و ستەمى سیاسى بوارى ژیان و كاركردنیان نیە ، ئەوانە مافى خۆیانە بێنە هەردەوڵەتێكى ئەوروپى و هۆكارەكانى جێهێشتنى وڵاتى خۆیان بۆ كاربەدەستە حكومیەكانى ئەو وڵاتانە لە فەرمانگەى كۆچبەر و پەناهەندان بخەنە روو .
بەڵام زۆر عەیب و شەرمە كەسێك موچەخۆرى حكومى بێت لەهەرێمى كوردستان و بێتە ئەوروپا و خۆى وەك پەناهەندە پێشكەش بكات تا بەكەیسى درۆ و ساختە مافى پەنابەرێتى بەدەستبهێنێت ، چونكە بەتایبەتى ئەوانەى بە فیزاى شنگین كە بەفیزاى شنگڵ ناسراوە .. یان ئەوانەى بە دەعوەتنامەى رەسمى وەزارەتى حكومى دێن لە ئایندەدا زۆر ئاسانە كە درۆكانیان ئاشكرا بێت ئەگەر بەناوێكى خوازیارى ترەوە و بە بەڵگەنامەى ساختەش خۆیان تەسلیم بكەن ، جائەوكات وەك وتمان ئەم ساختەكاریە دەبێتە هۆكارى ئەوەى كە پەناهەندە راستەقینەكانیش كە راستگۆن و ساختەكاریان نەكردووە لەمافى پەناهەندەیى بە ناڕەوا بێبەش ببن .
ئەوەى لاى سەرەوە باسم كرد تەواو ئەو سەرگورزشتەیەیە كە هاوڕێیەكى خۆم كە خۆى بەرەچەڵەك كەركوكیە بۆى گێڕامەوە كە زیاتر لەبیست ساڵە لە ئەڵمانیا دەژى و كارى وەرگێڕى حكومى دەكات ، ئەو باسى لەوەكرد كەلە رۆژى لەوەو بەر هاوڕێیەكى كەسێكى پێناساندووە كە ئەفسەرى پۆلیسە لە شارى سلێمانى بەناوى (عومەر) ، ئیتر نازانم ئەو بە نێردراوى حكومى هاتبوو یان نا ، بەڵام ئەیگووت ئەو هاتووە و چەند پێناس و بەڵگەنامەیەكى ساختەى دروستكردووە كە گوایا ئەو لە كوردستان فەرمانى گرتنى هەیە و خوێنى خراوەتە كاسەوە ، ئەو ئەیویست بزانێ چۆن چیرۆكێك بگێڕیتەوە باشە تا مافى پەنابەرێتى بەزووترین كات وەربگرێت ، چونكە ئەو وتبووى من ماوەیەكى تر ئەبێ بگەڕێمەوە بۆ سلێمانى چونكى دەوامى هەیە و مەسئولى دائیرەیە دەنا غائیب دەدرێت !.
جا دیارە ئەم برادەرە وایزانیووە كە ئەڵمانیاش وەك لەمەڕ خۆمانە هەموو شتێ بەواستەكارى بێت ، دیارە ئەو بۆ ئەوەى نە لەقەلان بێت و نە لەكۆتران پێیوابووە كە بەیەك دوو هەفتە مافى پەنابەرێتى وەردەگرێت و پاسپۆرتێكى ئەڵمانى لۆك ئەخاتە گیرفانیەوە و ئیتر هەموو سەرە مانگێكیش خزمەكەى لەوێ موچەكەى بۆ وەردەگرێت و بۆى ئەنێرێتەوە بۆ ئەوێ تالەپاڵ موچەكەى كوردستانیدا بیخاتە تەنكەى باخەڵیەوە و بڵێ خوانەیبڕى ، جا هەركاتێكیش ویستى بۆ هەواى باڵ سەفەرێك بكات ئەوكات بە بلیتى (199) یۆرۆى بگەڕێتەوە لۆ ئەڵمانیا .
ئەمە یەكێكە لەسەدان چیرۆكى راستەقینەى ئەو كەسە نامەسئولە تەماعكارانەى ناوبانگى كوردى ئێرەیان زرنگاندووە و هۆكارن بۆ ئەوەى كە پەنابەرە راستەقینەكانیش لەمافى رەواى خۆیان بێبەش بن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە