ئایا شانازییە راگرتنى دراماى بیریڤان وەك دراماى كوێستان و گەرمیان بێت؟!
Sunday, 05/09/2010, 12:00
حسێن بەرزنجى
بەراستى زۆرم پێ سەیرە كاتێك لە پێنووسى كۆمەڵێك كەس دەیخوێنمەوە ئەم درامایە راگیرێت و چونكە ئەوەى خراپە و ئەوەى ناشیرینە! تێناگەم ئەمە گاڵتە بۆ خۆ كردنە یان شانازى؟ ئەسڵەن ئەم جۆرە كەسانە چۆن جورئەت بە خۆیان دەدەن كە لەم بوارە قسە بكەن كە هیچى لە بارەیەوە نازانن؟ هەر یەك دوو منداڵ لە شوێنى خۆى هەڵدەستێت و باس لە دراما و فەلسەفە و سیاسەت دەكات. ئەمە گاڵتە كردنە یان دارە دارەى منداڵان؟! ئەگەرچى منیش منداڵم و هیچ نازانم، بەڵام ئامادەم بە زمانى ئەوان وەڵام بدەمەوە.
ئەمرۆ سەدەى بیست و یەكە، ئەم كەڵە پیاو و نووسەرە زل و زەبەلاحانە چیان دەكرد ئەگەر لقێكى (هۆلیوود) لە كوردستان كارى بكردایە؟! ئایا هۆڵیوودیان دادەخست؟! بۆ چى زمان درێژى دەكەن لەسەر دزى و قاچاغچیێتى ئەم مەسول و ئەو وەزیر، ئەى بۆچى لە راستى كەشێكى ئاواى كۆمەڵایەتى دەترسن كاتێك باسى ئافرەت كوشتن و دزین و جادووگەرى دەكرێت؟ ئایا ئەوان چى دەكەن ئەگەر بەیانى (من) نووسەرى درامایەك بم كە باس لە كوشتنى ئافرەت بكات لە كوردستان؟! ئایا ئەوان دەتوانن بڵێن هیچ ئافرەتێك لە كوردستان نەكوژراوە؟ ئایا دەتوانن ئینكارى لەوە بكەن كە هیچ ئافرەتێك لە كوردستان تیزابى بەسەر قاچە جوان و سپییەكانى دانەكراوە؟ ئایا ئەوان دەتوانن ئینكارى لەوە بكەن، كە هیچ ئافرەتێك دەست درێژى سێكسى نەكراوەتە سەر؟ دەتوانن ئەوە بە درۆ بخەنەوە كە لە كوردستان ئافرەتانێك نەبن پەیوەندى سێكسیان لەگەڵ شوبرا و خزمى مێرد و كەسانى تر هەبێت؟ دەتوانن گەرەنتى ئەوە بدەن كە هیچ ئافرەتێك هیچ پیاوێك لە كوردستان نییە كە وێڵى بەر دەرگاى ماڵە فاڵچى و جادووگەرەكان بن؟ تاكەى بەس نابن لەم گاڵتە كردنە؟
بۆ ئەم خەوتووانەى كە بە ناوى رێكخراوێكى ئازادەوە لە بەریتانیاوە قسەدەكەن، نازانن كە ئێستا نەك لە ماردین بەڵكو لە هەولێرى پایتەخت لە ساڵى (2010) ى سەدەى (21) نەك كەسانى ئاسایى بەڵكو كەسانێك كە ژنە وەزیر و دەوڵەمەند و دكتۆراكانى زانكۆن و كەچى لە دەرگاى ماڵە جادووگەرەكان دەدەن؟!
جادووكردن شتێكە پەیوەندى بە دەروون و بڕواى ئەو كەسەوە هەیە. ئێوە بۆتان نییە قسە لەسەر ئەو باسەوە بكەن كاتێك هیچى لەبارەیەوە نازانن. هەموو جادووگەرەكان جادووگەرنین، بەڵام جادووگەرى وا هەیە كە زانستى سەدەى (21) بەرامبەرى دەوەستێت.بۆ ئێوە لە نموونەى (دێیڤد و كریس) بێخەبەرن؟!
ئەم برادەرانە رەنگە بە شانازییەوە باس لەوە بكەن، با راگرتنى دراماى بێریڤان وەك دراماى كوێستان گەرمیان بێت! ئەى ئەم كەڵە بەڕێز و نیشتیمان پەروەرانەى كە لە خاكى خۆیان نین، چیان دەكرد ئەگەر چەند فیلمێكى وەك (سێ سەد دڵى ئازا - زۆرانباز و هتد....) لەسەر كوردستان پەخش بكرابا؟! بەراستى جێگاى پێكەنینە ئەگەر بڵێن راماندەگرتن. ئەوان لە بەریتانیان و نازانم تا ئێستا ئەوان چى فێربوونە؟ بەڵام وایە، هەندێ پەندى كوردى هەیە رێك پڕ بە پێستى خۆیەتى بۆ ئەم جۆرە كەسانە....
ئەوە لەبیر نەكەن كە دراماى بێریڤان نزیكەى (10) ساڵ پێش ئێستا دەرهاتووە تا ئێستاش چەند جارێك پەخش كراوە. من دەست خۆشى لە كەناڵ چوار دەكەم كە بەراستى نموونەى كەناڵێكە ئەگەر باس بۆى بێتەگۆڕێ و شانازى پێوەبكرێت. زەكەریا عبدوالله شورشێكە بۆ هونەرى كوردى، نێچیرڤان بارزانى شۆرشێكە بۆ دەسەڵات و سیاسەت، كەناڵ چواریش نموونەیەكە بۆ تەواوى میدیاكانى كوردى. ئەوەى كەناڵ چواركردى، با درۆنەكەین، بەخوا تا دەساڵى تریش میدیاى كوردى خەونى پێوەنەدەبینى.
لە دراماى بیریڤان، كۆمەڵێك راستى كوردستانى باكوور خراوەتە روو و هەندێكى شتانێكن بۆ جوانكردنى سیناریۆكەن. بەڵام ئێمە با باسى هیچ نەكەین، باسى خانمى ئاغاى بیریڤان بكەین. ئەوان نزیكەى بەر لە (10) ساڵ پیش ئێستا خەونیان بەوەدەبینى كە رۆژێك ئافرەتێك بە شانازییەوە ببێتە ئاغاى عەشیرەتێك. ئایا بە بەراورد لەگەڵ ئێستا نابێتە پێشبینى، كاتێك كە ئێستا خانمە بەڕێز و جوان و خوێن شیرینەكانمان شانازى بە نموونەى وەك (بەڕێزان چنار سعد و ئاسۆس نەجیب و بەیان دزەیى و پاكیزە و نەورۆز) و دەیانى تر دەكەن؟ ئەم برادەرانە بۆ لە بۆن كردنى گوڵ لە دڕك دەترسێن؟ ئێمە لە كوردستان كەڵە نووسەرى چاكمان هەن كە دەتوانن بەرگرى لە هەندێ شت بكەن. ئەوان لەگەڵ ئازار و مەینەتییەكانمان دەژین، بەڵام ئێوە كێن و چین، كاتێك كە لەگەڵ ئازار و مەینەتییەكانمان ناژین؟! ئێمە حورمەتى ئەو كەسانە دەگرین، كاتێك بریندارین، تیمارمان دەكەن، نەك قسەى زل و زەبەلەح.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست