مه‌لا مسته‌فا و شایه‌تیه‌ک بۆ مێژوو

Thursday, 01/03/2012, 12:00



یه‌کێک له‌و سه‌رکردانه‌ی کورد که‌ هه‌رچه‌ند ده‌که‌م شوناسی ڕاسته‌قینه‌ی تێ ناگه‌م بریتیه‌ له‌ مه‌لا مسته‌فا به‌رزانی. تێ ناگه‌م مه‌لا بووه‌ یان نا؟ تێ ناگه‌م خه‌بات گێڕ بوو یان جاسوسی ئه‌م لاو ئه‌ولا؟ تێ ناگه‌م کورد په‌روه‌ر بووه‌ یان دژه‌ سۆرانی؟ ئه‌سڵه‌ن تێ ناگه‌م سیاسی بووه‌ یان سه‌ره‌ک خێڵ؟ وویستم خوێندنه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ژیانی بکه‌م، ده‌ستم دایه‌ خوێندنه‌وه‌ی کتێبی خولانه‌وه‌ به‌ده‌وری بازنه‌ی داخراودا، چاوپێکه‌وتنی جه‌رجیس فه‌تحوڵلا، به‌ڵام هێنده‌ی تر سه‌رم لێ تێکچوو چونکه‌ ئه‌و ده‌ڵێ مه‌لا مسته‌فا مه‌شروب خۆر بوو، ته‌نانه‌ت ده‌ڵی به‌یه‌که‌وه‌ خواردوومانه‌ته‌وه‌، من به‌ پێلی بچوک، ئه‌و به‌ پێكی گه‌وره‌! ئه‌ی ناڵێن ئه‌م سه‌رکرده‌ مه‌لا بووه‌؟ ! ئه‌مانه‌ و سه‌دان پرسیار و نهێنی ده‌رباره‌ی ژیانی سیاسی ئه‌م سه‌رکرده‌ شت گه‌لێکن تێ یان ناگه‌م .
به‌هه‌ر حاڵ لێره دا ده‌مه‌وێت شایه‌تیهک‌ بۆ مێژوو بگێڕمه‌وه‌ . له‌ دواین سه‌فه‌رمدا بۆ کوردستان سه‌ردانی ناوچه‌کانی سۆران و دیانان و خه‌لیفان و ته‌نانه‌ت گونده‌کانی نزیک بله‌ و بارزان م کرد . خه‌ڵکانێکی به‌ڕێزو خۆش مه‌شره‌بم بینی و گفتوگۆم له‌ ته‌کیاندا کرد... حه‌زه‌رم ده‌کرد ئه‌وان پارتی بن و نیگه‌رانیان بکه‌م، بۆ یه‌ به‌ هه‌ستیاریه‌وه‌ مامه‌ڵه‌م ده‌کرد...که‌چی بۆم ده‌رکه‌وه‌ت من هه‌ڵه‌ بووم، ئه‌وان زۆر بێزار بوون له‌ پارتی وحیزب و حوکمه‌تداریان.. له‌گفتوگۆکانمدا له‌گه‌ڵی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ پیاوێکی به‌ڕیز چیرۆکێکی واقیعی بۆ گێڕامه‌وه‌ که‌ زۆر سه‌رنجی ڕاکێشام. ئه‌و پیاوه‌ یه‌کێک بوو له‌ پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌یلول و ڕۆژانێک له‌ ته‌ک بارزانیدا جه‌نگا بوو ، بۆیه‌ چیرۆکه‌که‌یم به‌ نه‌زه‌ری ئیعتبار وه‌رگرت... به‌ده‌ر له‌وه‌ش ئه‌و پیاوێک بوو تا دواسنور ڕاستگۆ، نه‌ک هه‌ر باوه‌ڕی به‌ درۆ نه‌بوو، هه‌ر گیز نه‌یده‌زانی درۆ بکات.
ووتی، له‌سه‌رده‌می خه‌باتی بارزانی ره‌حمه‌تیدا ، ئه‌و کاته‌ی پێشمه‌رگه‌کانی له‌ ناوچه‌ی بالیسان و گونده‌کانی خۆشناوه‌تی بڵاوه‌ پێکردبوو ، که‌ به‌ چه‌ند مانگ له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌مانه‌وه‌ ، پیره‌ پیاوێکی به‌رزانی که‌ پێشمه‌رگه‌ی مه‌لا مسته‌فا بوو ، چاوی به‌ کچێکی جوانی باڵا به‌رز ده‌که‌وێت له‌ یه‌کێک له‌و گوندانه‌ . پیره‌ پیاو داوای کچه‌که‌ ده‌کات و ماڵی کچه‌که‌ش ده‌ڵێن تۆ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ چۆن داوای ئه‌و کچه‌ گه‌نجه‌ ده‌که‌یت؟! شتی وا نه‌بووه‌و نابێت! به‌ڵام پیره‌ پیاو واز ناهێنێت و به‌ خورتی کچه‌که‌یان لێده‌ستێنێت... چه‌ند جارێ ووتی به‌ خورتی کچه‌ی ماره‌کردو بردیه‌وه‌ بۆ بارزان. ووتم مه‌به‌ستت چی له‌ وشه‌ی خورتی به‌ ڕاستی من ئه‌م ووشه‌م هه‌رگیز نه‌ بیستوه‌ پێشتر؟ ئه‌ویش ووتی یه‌عنی به‌ زۆری زۆرداری، به‌ ته‌عه‌دا ، کچه‌ی لێ سه‌ندن و بردیه‌ بارزان. شه‌و باوکی کچه‌که‌ خه‌ون ده‌بینێت و له‌ خه‌ویدا کچه‌ هاوار ده‌کاته‌ باوکی و ده‌ڵێ (توخوا بابه‌ گیان له‌م جه‌هه‌ننه‌مه‌ ڕزگارم که‌! تو خوا له‌م جه‌هه‌ننه‌مه‌ ده‌رمبێنه‌! بابه‌ گیان فریام که‌وه‌!) که‌ ڕۆژ ده‌بێته‌وه‌ باوکی کچه‌که‌ خه‌ونه‌که‌ی بۆ ماڵه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و بڕیارده‌دات هه‌ر ئه‌و به‌یانیه‌ حوکمی کچه‌که‌ی بباته‌ لای مه‌لا مسته‌فا . باوکی کچه‌ به‌ڕی ده‌که‌وێت بۆ بارزان و ده‌چێته‌ لای مه‌لا مسته‌فاو حاڵی خۆی و کچه‌که‌ی بۆ به‌یان ده‌کات . مه‌لا مسته‌فاش زۆر مه‌ردانه‌ ده‌لێت ، ئه‌گه‌ر کچه‌که‌تیان به‌ خورتی ماره‌ کردبێت و به‌ خورتی هێنا بێتیان ئه‌وا من قبوڵی ناکه‌م ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مێرده‌که‌ی و بۆ خۆی ڕازی بن به‌ و زه‌واجه‌ ، ئه‌وا من ژیانیان لێ یان تێک ناده‌م وچۆن هاتوویت ئاوا ده‌بێت بگه‌ڕێیته‌وه‌... پیاوه‌که‌ گه‌ش بووه‌وه‌ که‌ ئه‌م هه‌ڵویسته‌ مه‌ردانه‌ی بارزانی بینی ... ئینجا بارزانی فه‌رمانی کرد ئه‌و کچه‌ بهێنن با به‌ ئازادی خۆی قسه‌ بکات ، ئایا ڕازیه‌ به‌ ماڵ ومێردی خۆی یان به‌ خورتی ماره‌ کراوه‌... ئه‌وانیش چوون کچه‌یان بانگ کرد بۆ دیوانی مه‌لا مسته‌فا و به‌ عه‌بایه‌ک ته‌واوی جه‌سته‌ی داپۆشی بوو ، مه‌لا مسته‌فا پرسی له‌کچه‌ ئایا رازیه به‌و زه‌واجه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا ئافره‌ته‌که‌ ووتی (به‌ڵی ڕازیم و هیچ کێشه‌یه‌کم نیه‌) ... باوکی کچه‌ به‌ دوو چاوی پڕ له‌ فرمیشک گه‌ڕایه‌وه‌ و ووتی هه‌زار جار ده‌ست به‌ قورئان داده‌ده‌م ئه‌و ئافره‌ته‌ی له‌ ژێر عه‌باکه‌وه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌، کچی من نه‌ بووه‌!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە