بۆچی لاوان لەهەموومان توڕەترن ؟؟
Tuesday, 26/04/2011, 12:00
هەرکەسێک سەیری خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بکات لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی ڕابوردوودا، زۆر بەخێرای بەو ڕاستیە دەگات کە لاوانی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاویان هەیە، ئامادەیی لاوانی کوردستان لەناو ئاپورای خەڵکو لەڕیزی پێشەوەی هەموو مەیدانەکانی ئازادیدا سیمایەکی بەرجەستەو سەلمێنراوە، ئەوەی بۆچی لاوان لە ئێستا ئەم ڕۆڵە دەگێڕن؟ بەشێکی پەیوەندی بە کارەکتەری لاوان خۆیانەوە هەیە، وەک توێژێکی کارا و پڕ لە حەز و ئارەزو بۆ ژیانێکی باشتر، هۆکاری سەرەکی توڕەی و ئامادەی و ڕابەری کردنی ئەم راپەڕینە لە لایەن لاوانەوە، دەگەڕێتەوە بۆ کورتبینی و هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانی کوردستان لە (٢٠) ساڵی ڕابوردوودا، لەڕاستای داواکاری و داخوازیەکانی لاوان.
لاوانی کوردستان لە پاش ئازاری (١٩٩١)وە قۆناغێکی تازە لە ژیانی پڕ لە کارەسات و نائومێدیان دەستی پێکرد، بۆ لاوانی کوردستان سنوری پێش ئازاری (١٩٩١) دوای ئازاری (١٩٩١) زۆر باریک و هاوشێوەیە، بۆیە دەکرێت ژیانی لاوان لەهەناوی ئەو ئاڵوگۆڕەی کە تەوژمێکی جیهانی و ناوچەی بەدوای خۆیدا هێنای ، کوردستانیشی کردە بەشێک لەو تەوژمەو دەسەڵاتی بەخشیە (یەکێتی و پارتی) و هاوپەیمانەکانی، بۆ لاوانی کوردستان هیچ نەبوو بێجگە هەڵدانەوەی پەردەیەکی نوێ لە شانۆگەریەکی ترسناک و پڕ لە تراژیدیا.
من بۆ خۆم مامۆستای یەکێک لە خوێندنگا ناوەندیەکانی هەڵەبجەی تازەبووم، زیاتر لە (١٠٠٠) خوێندکار خاوەنی (٥تا٦) تۆپی تەقیووبوون بۆ وەرزش و دامرکاندنەوەی خولیاکانیان، لەگەڵ گۆڕەپانێکی وشک و ڕەق، ئەوە بەهیچ شێوەیەک باسی تاقیگا و هۆڵی وێنەکێشان و شانۆ ناکەم، هەمان ئەم خوێندکارانە کە دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە تەنها بۆ ئەوەی بتوانن خاوەنی فانیلە و شۆرتی یاریکردنبن، دەبوایە بەناوی حیزبێکەوە تیپێکیان پێکبهێنایەو کاتیان بۆ دیاری بکردنایە کە بۆیان هەبوایە مەشق و یاری بکەن، لەکاتی شەڕ و ململانێی حیزبەکاندا دەبوایە ئەمانیش ببونایە بە بەشێک لەو شەڕ و ململانێیەو، گۆڕەپانی یاریکردنیان بۆ ببوایە بە مەیدانی جەنگ.
بەشێکی بەرچاو لە لاوانی کوردستان لە (٢٠) ساڵی ڕابوردوودا زەخیرەیەکی گەورەبوون بۆ شەڕی ناوخۆ، لاوانێک ئامادەبوون بە بۆیاخچێتی و دەست فرۆشی و کاری تاقەت پڕوکێنی ناو بازاڕەکان بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن، بەڵام دەسەڵات لە ڕێگەی دەزگا سەرکوتگەرەکانیەوە ڕاوی دەنان و دەسگیری دەکردن و بواری کاری لەم دۆزەخە بێ ڕەحمەدا بۆ نەدەهێشتنەوە، شەوانەش دەسەڵاتداران لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بانگەوازیان دەکرد، کە دەرگای سەربازگەکانیان کردۆتەوە بۆ وەرگرتنی کۆماندۆ و لیوای تایبەت بۆ گەرم کردنی کارگەی مەرگ.
لاوان کە لەهەموو جیهاندا توێژێکی کارای پڕ لە داهینانی کۆمەڵگاکەی خۆیانن، لاوان خاوەن وزەو خەلاقیەتێکی تایبەت بە قۆناغ و سەردەمەکەی خۆیانن، بەڵام لە کوردستان ئەم وزە و خەلاقیەتە نەک سوودی لێوەرنەگیراوە، بەڵکو ئەوەشی کە هەیبووە لە ناو براوە، هیچ کاتێک وەک پێویست و بەیەکسانی ئەم دەسەڵاتە هەوڵینەداوە ئاستی ژیان و داواکاریەکانی لاوان بەگرنگیەوە سەیر بکات، لاوان لە کورستان بەردەوام لە پەراوێزی ڕووداوەکاندابوون و ڕۆڵیان یەکسان کراوە بە سفر، لاوان تەنها هۆکارێک بوون بۆ ڕازاندنەوەی شیعارەکانی هەڵبژاردن و مەرامە تایبەتەکان.
لە (٢٠) ساڵی ڕابوردوودا ژیانی لاوان لە کوردستان لە نێو مەنگەنەی نەبوونی ئازادی و وەڵامنەدانەوە بە داواکاری و حەز و ئارەزووەکانیان تاسێنراوە، زاڵکردنی جەوی دواکەوتووی و نەبوونی سەرەتایترین ماف لاوانی تووشی هەڵبژاردنی دەیان ڕێگاچارەی نا دروست و نا واقیعی کردوە، ڕۆژی ٦/١٢/٢٠٠٨ لەیەکێک لە زانکۆکانی دهۆک خوێندکارێک بەهۆی ماچکردنی کچێکەوە (٢)هەفتە فەسڵ ئەکریت، بەڵام هەمانکات (تاریق ڕەمەزان)ی فڕۆکەوان ئازاد دەکرێت، دەیان موستەشاری تاوانبار دیوەخان و مووچەی تایبەتیان بۆ دابین دەکرێت.
لە (٢٠) ساڵی ڕابوردوودا بە ناچاری دەیان هەزار لاوی کوردستان ڕێگای هاتوونەهاتی هەندەرانیان گرتۆتەبەر، سەدان لاو بوونە خۆراکی ماسی و بوونە نیشانەی لوولەی چەکەکانی پاسدار و جەندرمە، دەیان لاو قەراغ ڕووبار و ناو دارستانەکان بوونە ئارامگای کۆتاییان، هەرکەس چیرۆکی (چیا لوقمان)ی تەمەن (٢٣) ساڵ بخوێنێتەوە، کاتێک لە شاحینەیەکدا لەگەڵ (سێ) کەسیتردا دەخنکێن لەڕێگای یۆنان ئیتالیادا، زۆر بەباشی تێدەگات هیچ بیانوویەک ناتوانی ئەو ڕاستیە بشارێتەوە کە ژیانی لاوان لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا یەکسانە بە نەهامەتی و بێمافی، تەنها لەساڵی (٢٠١٠)دا ٣١٢ گەنج لە (چەمچەماڵ)یان جێهێشتوە بەرەو هەندەران.
لە (٢٠) ساڵی ڕابوردوودا سەدان لاو بە کوڕ و کچەوە خۆیان کوشتووە، بۆیەکجاریش ئەم دەسەڵاتە لێکۆلینەوەیەکی زانستی و دەروونی و واقعی بۆ ئەم دیاردەیە نەکردوە، هەنگاوێکی هەڵنەهێنا بۆ چارەسەرکردنی، ئەم دەسەڵاتە بەردەوام بۆ هەرکارەساتێک پێشتر وەڵامی ئامادە کردووە، لەبری هەر بەرپرسیاریەتیەک بەرانبەر ئەم کارەساتانە، دەسەڵات هەمیشە ووتوویەتی ئەو کەسەی کە خۆی کووشتووە هیچ کێشەیەکی نەبووە بەڵکو باری دەروونی تەواو نەبووە، ئەم دەسەڵاتە تەنها ئەوەندەی بۆ گرنگ بووە کە شانی خۆی خاڵی بکاتەوە، نەک وەڵام بە کێشەکە بداتەوە، ئەم دەسەڵاتە هەرگیز لە خۆی نەپرسیوە، ئایا تێکچوونی باری دەروونی تاکەکان چ پەیوەندیەکی بەجۆری دەسەڵات و حاکمیەتەوە هەیە؟ ئایا دەسەڵاتداران چەندە هۆکارن بۆ خولقاندنی ئەم کەشە ناتەندروستە؟ نموونەی ئەم خەرواری خۆکوشتنە لە کوردستان سەرتاپای ئینسانیەت دەهێنێتە هەژان، بەڵام ئەم دەسەڵاتە خەوی لێکەوتووە، (بریندار جەمیل) تەمەن ١٤ ساڵ دانیشتووی گەڕەکی ٩١ لە شاری هەولێر، (هەرێم ئیسماعیل) تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی هەولێر خوێندکاری بۆلی ١١ی ئامادەیی، کام دەسەڵات پرسی ئەم خونچە گوڵانە بۆ چی خۆیان خنکاند؟ بۆچی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا؟ (ڕەوشت کەمال) ١٧ ساڵ لە ١٢/١١/٢٠١٠ خۆی سوتاند، (ئەحمەد عادل) ١٤ ساڵ لە ١٨/١١/٢٠١٠ لە کەلار خۆی خنکاند، (هاوڕێ بورهان) تەمەن ١٩ ساڵ بەهۆی خواردنی دەرمانی ئاژەڵەوە دەیەوێت خۆی بکوژێت، بەڵام دوای ڕزگاربوونی دەڵێت بەداخەوە خۆزگە دەمرم، کێ بەرپرسە لەوەی ژیانی لاوانی کوردستان یەکسان بکات بە مردن؟ ئەوە کێیە ژیان ناشیرین و مەرگ شیرین دەکات لەلای لاوانی کوردستان؟.
کاتێک لاوانی کوردستان لە (٢٠) ساڵی ڕابوردوودا ناڕەزایەتی نیشانداوە بەو دۆخە ناهەموارە، خوازیاری ژیانێکی ئینسانی و شایستە بە خۆی بووە، دەسەڵاتدارانی کوردستان نەک هەر وەڵامیان نەداونەتەوە، بەڵکو بە ناشیرینترین شێوە هێرشیان کردۆتە سەریان، نەک هەر داواکاریەکانیان بۆ جێبەجێ نەکردوون بەڵکو لاوانی کوردوستانیان قەرزاربار کردوە، کە بۆچی ڕازی و شوکرانەبژێر نابن بەو ژیان و کەش و هەوا دیموکراسیەی کە بۆیان فەراهەم کردوون، ئەم دەسەڵاتە بۆ وەڵامدانەوەی داخوازیەکانی لاوان بەردەوام چەکی ڤیتۆی ئێوە دەسەڵاتی (بەعس)تان نەدیووەی بەکار هێناوە، (نێچیرەڤان بارزانی) لاوانی بە تەمەڵ و ئیش نەکەر پێناسە دەکرد، (مەحموود سەنگاوی) دەیووت (لاوەکانی ئێمە دەیانەوێ هەموو بەیانییەک کە لە خەو هەڵسان پارە و کچی جوانیان بۆ بەریت تەسلیمیان بکەیت بەبێ ئەوەی لە جێگەکەیان دەرچووبن) ئەمەیە وەڵام و قسەی بەرپرسانی هەرێمی کورستان بۆ لاوانی کوردستان.
بەڵام خۆشبەختانە لە دوای (١٧/٢/٢٠١١)وە لاوانی کوردستان ڕێگایەکی شۆڕشگێڕانەو گونجاویان هەڵبژاردووە بۆ بەدەستهێنانی ئاوات و ئارەزوە ئینسانیەکانیان، ئیتر ئەبێت هەموو خەڵک بزانن کە بۆچی لاوانی کوردستان سەرمەشقی خۆپیشاندان و هەوێنی ڕاپەڕینن و لە هەموومان تووڕەترن لە دەسەڵات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست