کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی و یەکگرتوو

Saturday, 10/12/2011, 12:00





ڕوداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابوردووی زاخۆ و دهۆک و دەوروبەری تەنها پێویستی بە خوێندنەوەو هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە نیە، بەڵکو ئەم واقیعە دەخوازێت بەگرنگیەوە لەسەری ڕاوەستین و هەنگاوی بەکردەوەی لە بەرانبەر هەڵگرین، ڕوداوەکانی زاخۆ و دهۆک نمایشی شانۆگەریەکی یەکجار ترسناکە، ترسناک بەو ئاستەی کە ئینسانی بوون دەکەوێتە پەراوێزەوە، ترسناک بەو پێوانەیەی کە ئینسان لە بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و خاوەن مەعریفە دەبێتە ئامێرێک بۆ جێبەجی کردنی پیلان و شەڕەنگێزی، ترسناک وەک ئەو چرکە ساتەی ئازادی بیروڕاو مافە فەردی و مەدەنییەکانی خەڵک، دەکەوێتە نێوان بەرداشی ئیسلامی سیاسی و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە.
ئەوەی تاکو ئێستا بۆ زۆربەی نوسەران، چاودێرانی سیاسی، ڕۆشنبیران و خەڵکیش گرنگە وەڵامی ئەو پرسیارانەیە کە دەڵێت: کێ یەکەم جار پریشکی ئەم ئاگرەی کردەوە؟ کێ بوون ئەوانەی سەنتەری مەساج و دوکانی مەی فرۆشەکانیان سوتاند؟ کێ بوون ئەوانەی بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامیان گڕپێوەنا؟ ئەگەر بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە سەیری دەم و چاوی تاکەکانی ناو ڕوداوەکان بکەین ئەوا زۆر ئەستەمە بە کۆی ئامانج و مەبەستی ڕوداوەکە بگەین.
سەرەڕای ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان نوسەر و دەرهێنەری دراماکەیە، بەڵام ئاڕاستەی ئەنجامگیری و هەژمونی ئەوەی ڕویدا بەرئەنجامێکی هەمەلایەنە تر نیشان دەدات، بەبڕوای من ئەوانەی سەنتەری مەساج و دوکانی مەی فرۆشتن و ئوتێلەکانیان سوتاند هەرکەسێک بووبن، ئەجندای کار و ستراتیژی داهاتوی ئیسلامی سیاسیان جێبەجێ کردوە، بۆ ئەوەی لە ڕاستی ئەم قسەیە بگەین دەتوانین سەیری بەیانامەی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو ئیسلامی کوردستان بکەین کە ٣-١٢-٢٠١١ لە هەولێر دەریانکردوە، یان هەڵوێستی شورای کۆمەڵی ئیسلامی کە لە ٦-١٢-٢٠١١ بڵاویان کردۆتەوە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی مەلا کرێکار و هەمانکات وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی و چاوپێکەوتنی (سەرۆکی یەکێتی زانایان) لقی سلێمانی لە کەناڵی ئاسمانی کوردسات بکەین بە ڕاستیەکی دیاریکراو دەگەین، تەواوی ئەم ڕاگەیاندن و چاوپێکەوتنانە ئیدانەی سوتاندن و هێرش بۆ سەر سەنتەری مەساج و دوکانەکانی مەی فرۆشتن ناکەن، لە کاتێکدا مومارەسە کردنی هەر یەکێک لەم کارانە یەکێکە لە سەرەتایترین مافە فەردی و مەدەنیەکانی خەڵک، بێدەنگی کردن لە هێرش بۆسەر مافە سەرەتاییەکانی خەڵک هاوبەشی کردنە لە هێرشەکەدا.
هەر هێز و لایەنێک لە ئاست ئەم تاوانەدا بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، ئەوا بە دڵنیایەوە لە بەهاری داهاتوودا هێرشی چەکداری دەکاتە سەر ئەو کەسانەی بۆ گەشت و سەرگەرم کردن دەچنە ئەزمەر و سەرچنار و سەرسەنگ و گەلی عەلی بەگ.
هەروەها ئەو کەسانەی کە تاوانی سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامیان ئەنجامدا، هەر جل و بەرگێکیان لەبەردابووبێت، هەر شیعارێکیان وتبێتەوە، وێنەی هەر سەرکردەیەکیان پێ بووبێت، هیچ لەو ڕاستیە کەم ناکاتەوە کە ئەنجامدەری ئەو کردەوە دژی ئازادی و سەرکوتگەرانەیە کاری پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە بە درێژای مێژوی دەسەڵاتدارانی کوردستان بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی لە بەرانبەر نەیارەکانی خۆیدا، تەنها زمانی شەڕ و ڕێگاچارەی سوتاندن و نەفی کردنەوەی بەکار هێناوە، شەڕی ناوخۆ زیندوترین نمونەیە.
ئازادی کاتێک دەتوانێت بە پانتای کۆمەڵگاو بۆ قوڵای پەیوەندی نێوان ئینسانەکان و هێز سیاسیەکان شۆڕبێتەوە، کە هەرکەسێک و هەر لایەنێک بەرگری لە ئازادی بیروڕاو مافی هاوڵاتی بوونی پێچەوانە فکرییەکەی خۆی بکات، ئازادی کاتێک دەتوانێت ببێتە پێوەری کۆمەڵگایەکی تەندروست کە هەڵسوڕاوەکانی ئازادبن و بنکە و بارەگاکانیان نەوسوتێنرێت و لە زیندان قەتیس نەکرێن، بەبێ ئەمە ئازادی هیچ مەعنایەکی نیە.
بۆیە بەبڕوای من ئەگەر بەدوای دەم و چاوەکاندا بگەڕێین ناتوانین گرێی ئەسڵی و مەغزای پشتی ڕوداوەکان ئاشکرا بکەین، لە کاتێکدا بەنزین ڕژابێت و زەوی تاوی سەندبێت داگیرساندنی شقارتەکە تەنها نیشانەی دەست پێ کردنی گەمەکەیە، ئەم ڕوداوانەی ناوچەی بادینان بڕیاربوو بەهۆی ئاڵوگۆڕی موچەی (٥٠٠٠) مناڵی بێ باوکەوە ڕوو بدات، لە نێوان ڕابیتەی ئیسلامی کورد و دەزگای خێرخوازی بارزانی، بەڵام چوارچێوەی ئەو کێشەیە گونجاو نەبوو بۆ مەداو پانتای تەقینەوەیەکی وەک ئەوەی ئێستای نێوان پارتی و یەکگرتوو، ئەم قسەیە دەکاتە ئەوەی کە ئەوەی ڕوویدا دەبوایە ڕووی بدایە.
زەمینەی ئەم واقیعە سیاسی و ئاڵۆزەی ئێستای کوردستان بە ڕوداوەکانی ناوچەی بادینانیشەوە، درێژکراوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و ئیسلامیەکانە لە کوردستان، واقیعێک کە بەردەوام شەڕ و کوشتن و سەرکوت کردنی ئازادی و دیل کردنی ئینسانەکانی بەرهەم هێناوە، بۆیە دەبێت هیچ بەلامانەوە جێگای سەرسوڕمان نەبێت کاتێک دوکەڵی بارەگا و مەیخانەکان ئاسمانی شین تاریک دەکەن، من بۆ خۆم لە ساڵی ١٩٩٦ لە یەکێک لە مزگەوتەکانی هەڵەبجەی تازە چومە سەر لاشەی نزیک بە ٤٠ دیلی کوژراوی شەڕی ناوخۆ، کە دوای کوژرانیان لاشەکانیان شێواندبوون، بۆیە دەبێت ئەم کردەوەیەمان بەلاوە نامۆ نەبیت، بەڵام دەبێت قبوڵی نەکەین.
لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٤_١٩٩٥ لە کاتێکدا لە هەڵەبجە ئیسلامیەکان دەسەڵات و خاوەنی هەموو بڕیارێک بوون، وەک ئێستای پارتی لە بادینان، تەنها مەیخانەیەک هەبوو کە چەند گەنجێک ئێواران سەری خۆیان تێدا گەرم دەکرد، شەوێک مەیخانەکە سوتێنرا و دوای چەند ڕۆژێک جێگاکەی کرایە بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەم نمونەیە زۆر بە سادەی پێمان دەڵێت ململانێی نێوان پارتی و یەکگرتوو لەسەر چارەنوسی دەسەڵاتی سیاسیە لە کوردستان بەگوڕوتینی گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، نەک لەسەر دوکانی مەی فرۆشەکان، سەبارەت بە سوتانی مەیخانەکەی هەڵەبجە نەکەس هیچی وت نە ڕوداوی لێکەوتەوە، ئەوەی ئێستا لە زاخۆ و شارەکانی دەوروبەری دەگوزەرێت لە بینینی گرتەی ڤیدیۆی و دوکەڵی سوتان و شوشەی شکاوی شەرابەکان گەورە ترە.
لە دوای ١٧ شوبات و هاتنە سەرشەقامی خەڵکی ناڕازی بۆ بەدەست هێنانی داخوازیەکانیان، یەکەم جار بوو دەسەڵاتدارانی کوردستان بە شێوەیەکی فراوان و ڕاستەخۆ خۆیان و خەڵک لە دوو سەنگەری جیاوازدا ببینن، یەکەم جاربوو ڕوبەڕبونەوەی تەقلیدی نێوان حیزب و دەستەوتاقمەکان بگۆڕێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵات و خەڵک، بەردەوام بوونی ئەم ناڕەزایەتیانە دەیتوانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گۆشەگیر بکات و هاوکێشەیەکی تازە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بهێنێتە گۆڕەپانەکەوە، کاتێک دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەستیان بەم واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتیە کرد لە ژێر ناوی ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە، کۆبونەوەی ٥ قۆڵی، چاکسازی ڕیشەی، دەست و دەمی خەڵکی ناڕازییان کڵۆمداو ڕەوانەی ماڵەوەیان کردنەوە. سەرئەنجام دوای زیاتر لە ٧ مانگ بێنەوبەردەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و ڕێنەکەوتن لەسەر چۆنیەتی دابەش کردنی دەسەڵات و داهاتی کوردستان، قۆناغێکی تر لە ململانێی و ڕوبەڕبونەوە سەری هەڵدایەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە نێوان حیزبەکان خۆیان و بەدوور گرتنی دەخالەتی خەڵکی کوردستان لە دیاری کردنی چارەنوسی خۆیدا.
لەهەناوی ڕوداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابوردوی شارەکانی زاخۆ و دهۆکدا، دوو جەمسەر لەناو شانۆگەریەکی دوکەڵاویدا دەرکەوتن، هەرچەندە هەر یەکێک لەو جەمسەرانە کە پارتی و یەکگرتووی ئیسلامیە مەبەستیان ئەوە نەبووبیت کە ڕوویدا، بەڵام بەشێوەیەکی بەرجەستە هەردوو جەمسەرەکە بە دوای ئاقارێکدا دەگەڕان کە نمایشی خۆیان بکەن، پارتی دیموکراتی کوردستان بەم هەنگاوەی دەیەوێت بڵێ کە ئەو دەسەڵاتدار و هێزی یەکەمی جوگرافیایەکی فراوانی کوردستانە و ڕێگا بەهیچ هێزێک نادات شانشانێنی لەگەڵ بکات، هەمانکات پارتی بەم سیناریۆیە توانی خۆپیشاندان و داخوازی خەڵک بۆ مافەکانیان ناشیرین بکات و بۆ قۆناغێکی تر دووری بخاتەوە، پارتی دەستی کراوە تربوو بۆ سەرکوتی هەر دەنگێکی ناڕازی لەسنوری دەسەڵاتەکەی.
یەکگرتووی ئیسلامیش لەم بەریەکوتنەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا گڵۆپێکی سور و گڵۆپێکی سەوزی داگیرساند، گڵۆپە سورەکە بۆ ئەو حکومەتانەیە کە لەدوای شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی پێکدەهێنرێن و هێزە ئیسلامیەکان بەشی شێریان بەرکەوتوە پێیان دەڵێت: کە یەکگرتووی ئیسلامی هێزی ڕکابەری دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستانەو دەبێت لە هاوکێشە ناوچەیەکاندا حیسابی لەسەر بکەن، گڵۆپە سەوزەکەش بۆ هاوپەیمانەکانیەتی لە ناو ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت پێیان بڵێت: کە ئەو هێزێکی ئەسڵی و ئۆپۆزسیۆنێکی سەراسەرییە، بەواقیعیش یەکگرتوو لەڕووی ئیعلامی و مەعنەوییەوە ئێستا لە پێشەوەی دەستە براکانیەوەیە.
ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان دۆخێکە دەبێت قسە لەسەر بەرئەنجام و داهاتوی ڕوداوەکە بکرێت، بەبێ بەهەند وەرگرتنی کاریگەری ئەوەی لە زاخۆ و دهۆک ڕوویدا لەسەر داهاتووی هاوڵاتیانی کوردستان ڕەوشەکە تاریک تر و مەترسیدار تر دەکات، ئازادی بیروڕاو مافە فەردی و مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستان لە نێوان بۆتەی ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتدارانی کوردستان لەژێر مەنگەنەدایە، مەنگەنەیەک کە هەرچی شیلەی ئازادی و مافی سەرەتایی ئینسانەکانە دەیگوشێت و لەناوی دەبات، لەدوای ڕوداوەکانی زاخۆ و دهۆک نمایشەکە وەک فلیمێک و دوای خامۆش کردنی تەلەفزیۆنەکە کۆتایی پێ نەهاتوە، پارتی و یەکگرتوو زەوییەکیان کێڵاو دەیان جۆر تۆوی سەرکوت کردن و گروپی دژی ئینسان و ئازادیان ڕواندوە، هەر لەدوای ئەوەی کە لە ناوچەکانی بادینان ڕوویدا، مەلایەک بە جبەو مێزەرەوە لە ناو سەیارەیەکی پۆلیس و بەبڵندگۆی حکومەت و بەپشتیوانی قایمقام و ئاسایش وتاری پێشکەش کرد، ڕێپێوانی یەکگرتوو لە سلێمانی بە شیعاری (ئەڵا، ئازادی، کوردوستان و بەس) بەڕێوەچوو، لە کەلار گروپێک بەناوی (گروپی قەڵغان) بۆ نەهێشتنی مەیخانەکان ڕاگەیەنرا، لە هەولێر سەنتەری مەساجەکان داخران، ڕۆژی ٥ شەممە ڕێکەوتی ٨-١٢-٢٠١١ لە سلێمانی کەسێک دەستڕێژی گوللە لە دوکانی مەی فرۆشی دەکات و هەڵدێت، دوای سوتاندنی بارەگاو دەسگیر کردنی دەیان کادیری یەکگرتوو پارتی دەڵێت دەبێت یەکگرتوو داوای لێبوردنم لێ بکات، پارتی مەبەستی لە داوای لێبوردن هەڵگێڕانەوەی ژیانی خەڵک و پێچەوانەکردنی ڕاستیەکانە، نەک ڕاگەیاندنێکی چەند دێڕی یەکگرتووی ئیسلامی، ئەم ڕەهەندە تۆڵە و ڕق و لەڕیشەوە سڕینەوەی یەکتر فراوان تر دەکاتەوە.
خەڵکی کوردستان دەبێت لەبەرانبەر ئەم پێشهاتە تازەیەدا بێدەنگ و گۆشەگیر نەبێت، ڕوبەڕوبونەوەی نێوان پارتی و یەکگرتوو لەسەر حیسابی لەباربردنی یەکجاری ئازادی و مافە سەرەتەییەکانی خەڵکە، زۆر گرنگە خەڵکی کوردستان سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو لەگەڵ سوتاندنی سەنتەری مەساج و دوکانەکانی مەی فرۆشتن وەک یەک کردەی دژی ئازادی و دژی ئینسانی سەیر بکەن و ڕێگا نەدەن بە دووبارەبوونەوەی، خەڵکی کوردستان پێویستیان بە ئیرادە و زیندوو کردنەوەی ناڕەزایەتیەکانی دوای ١٧ی شوبات هەیە، ئەگەر خەڵکی کوردستان ئامادەبن بۆ بەرگری لە ژیان و ئازادییەکانیان ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتدارانی کوردستان ناتوانن یاری بە ئاییندەیان بکەن.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە