سەرۆکی حکومەت و دراما کۆرییەکان
Friday, 05/10/2012, 12:00
ماوەیەک پێش ئێستا (نێچیرەڤان بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا سەبارەت بەو بڕە پارەیەی لە داهاتی نەوت دیار نەماوە وتی: ئەو بڕە پارەیەی کە باسی دەکەن و دەڵین دیار نەماوە نەک ئەو بڕە بەڵکو (یەک سەنتیش) نادیار نیە لە پارەی نەوت.
من حەز ئەکەم لە کوردستان سەرۆکی حکومەتێک هەبێت کە بەو جۆرە ئاگاداری (خشەی مار و مێروی) پارە و سەروەت و سامانی حکومەتەکەی بێت، ئاگادار بێت کە (سەنت بە سەنتی) داهات و قازانجی نەوت لە کوردستان چەندە و بۆ کوێ دەچێت و لە کام جانتادا هەڵگیراوە، ئای کە دڵخۆشم کە سەرۆکی حکومەت بەو جۆرە سنگ دەردەپەڕێنێت و بێمنەتە لە (حیساب و کیتاب).
بەڵام ئەوەی زۆر سەرسامم دەکات و پرسیارم لا دروست دەکات ئەوەیە، کە ئایا سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاگادارە کەناڵی تەلەفزیۆنی حیزبەکەی و حیزبی هاوپەیمانی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) لە ڕێگای دراما کۆرییەکانەوە خەریکی بەڕێخستنی چ کارەساتێکن؟ ئایا سەرۆک ئاگادارە کە سامانی ئینسانی کوردستان و نەوەی داهاتوی کۆمەڵگا کە منداڵانن، چ چارەنوسێکی ڕەش چاوەڕێیانە؟.
لە هەر جێگایەکی ئەم جیهانە کە ئینسان و ئینسانیبوون سەنتەری هەر بڕیارێک و پرۆژەیەک بێت، ئەوا لەو وڵاتانەدا هەر هەنگاو هەر ئایندەیەک کە نەخشەی بۆ دەکێشرێت، منداڵان سەرەکیترین و گرنگترین مەتریالن کە دەبێت لەو پرۆژانەدا مافەکانیان پارێزراو بێت، لە هەر کۆمەڵگایەکدا کە بیر لە ئایندە بکرێتەوە دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە کە چۆن (ئارامی ، ئاسودەی ، باری دەرونی گونجاو، ژیانی مسۆگەر، دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی) بۆ منداڵان دابین دەکرێت.
بەڵام ئەوەی لە کوردستانی ژێر سایەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ڕاگەیاندنەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار دەبینرێت، نەک تەنها پێچەوانەیە بە پێوەرە سەرەتایی و مەدەنیەکان، بەڵکو بە هەموو توانایانەوە کار بۆ شێواندنی بونیادی گشتی کۆمەڵگاو منداڵان بە تایبەتی دەکەن.
لێرە لە کوردستان بە دیار چاوی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەوە کە (یەک سەنت) لە پارەی نەوتیان لێ وون نابێت، لە (٢٤ کات ژمێردا) لەهەرسێ کەناڵی (کوردستان، کوردسات، زاگرۆس) (٩ جار) پەخشی ئەو دراما کۆرییانە دەکەن کە سەرتاپای توندوتیژی و ئینسان کوشتن و خوێن ڕشتنە.
دەسەڵاتدارانی کوردستان لە ڕێگای ئەم دراما کۆرییانەوە دەیانەوێت، لە منداڵانەوە سەرەتای گەورەیەکی توندتیژ پەروەردە بکەن، کار کردن لەسەر منداڵان و ئاڕاستەکردنیان بۆ ئەوەی بینەری (جومونگ و گایبار) بن، ئەو حەقیقەتە دەدات بەدەستەوە کە ئینسان و منداڵان لە دیدی ئەم خاوەن حکومەت و حیزب و کەناڵانەوە هیچ بەهایەکیان نیە.
سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی با یەک شەو سەیری ئەو درامایانە بکەن، سەیر بکەن و ببین کە کوشتارگاو، قەسابخانەی هەر شەوێکی ئەم درامایانە لەڕووی زانستی پەروەردە و لەڕووی دەرونیەوە چ تاکێک و چ منداڵێک بەرهەم دەهێنێت، با سەرۆک و جێگرەکەی تەنها یەک ڕۆژ سەردانێکی ئەو کۆڵانانە بکەن کە منداڵان بە دار و تەختە و تیروکەوانەوە بەربونەتە گیانی یەکتری، ئەوسا دەبینن کە چ تاوانێکە منداڵان و کۆمەڵگا بکرێت بە قوربانی داهاتی ڕیکلام کردن، بۆ (برنجی موحسین و وەرین سیتی) لە پشووی نێوان ئەڵقەی دراماکاندا.
ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەزارەتی پەروەردە، ئامادە نین لەمبارەوە بەرپرسیاریەتی بخەنە سەر شانی خۆیان، ئەگەر دەسەڵاتدارانی کوردستان دەیانەوێت منداڵان بە توندووتیژیەوە پەروەردە بکرێن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا جەنگاوەرێکی قارەمانی مەیدانەکانی شەڕ دەربچن، ئەوا دەبێت خەڵکی کوردستان، دایکان و باوکان، منداڵدۆستان و ئینساندۆستان بەجۆرێکی تر بیر بکەنەوە، نابێ بێڵین منداڵان ببنە نێچیری کەمینی ئەم درامایانە، دەبێت گوشاری مەدەنیانە بخرێتە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی لانی کەم ئەم درامایانە بە جۆرێک پەخش بکرێن کە، ئێستا و داهاتووی پەروەردە و باری تەندروستی و باری دەرونی منداڵان پارێزراو بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست