کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کیمیاباران لە هەڵەبجە بەردەوامە

Tuesday, 20/09/2011, 12:00






23 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجەدا، هەمانکات 20ساڵ تەمەنی دەسەڵاتدارێتی (یەکێتی و پارتی) لە هەرێمی کوردستاندا، ٨ ساڵە ئەو ڕژێمەی کە ئەم شارەی کیمیاباران کرد ڕوخێنراوە، بەڵام کارەسات و پاشماوەکانی کیمیاباران لە هەڵەبجە بەردەوامە، ژیان و چارەنووسی خەڵکی هەڵەبجە لەپاش ئەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کورستانەوە بەبایەخەوە سەیر ناکرێت و بۆیان گرنگ نییە.
دۆزینەوەی دوو بۆمبی کیمیاوی لە هەڵەبجە لە ڕۆژانی ١٤ و ١٧/٩/٢٠١١ لاپەڕەیەکی تازەی لە دۆسیەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە هەڵدایەوە، ئەم دۆسیەیە دەکرێت جیاوازبێت لە هەموو دۆسیەکانی تر، دۆزینەوەی دوو بۆمبی کیمیاوی لە هەڵەبجە لەدوای 20 ساڵ لە دەسەڵاتی (یەکێتی و پارتی) زۆر پرسیاری گرنگ و ڕاچڵەکێنەر دەوروژێنن.
دۆزینەوەی دوو بۆمبی کیمیاوی لە هەڵەبجە لە دوای 20 ساڵ لە حکومەت و دەسەڵات، ئەو ڕاستیە بەرجەستە دەکاتەوە کە ئەم دەسەڵاتە چەندە بەخەم ژیان و چارەنووسی خەڵکەوەیە، دوای 20 ساڵ لەدەست گرتن بەسەر سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستاندا، تازە لەناو گەڕەک و جێگای ژیانی خەڵک لە هەڵەبجە، ترسناکترین جۆری چەکی ئینسان کوشتن دەدۆزرێتەوە.
20 ساڵە هەڵەبجە وەک شارێک کە بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کرابێت هەڵسوکەوتی لەگەڵدا ناکرێت، تاکو ئێستا کێوماڵ و بەدواچونێکی مەیدانی و زانستی بۆ دۆزینەوەی پاشماوە و ڕێژەی کاریگەرییەکانی ئەم چەکە کوشندەییە لە هەڵەبجە نەکراوە، ئەوەی تاکو ئێستا کراوە پرۆژەی چەند ڕێکخراوێکە بۆ ئەزموونی کاری خۆیان،نەک وەڵامدانەوە بە پێداوویستی گێڕانەوەی ژیان و تەندروستی بۆ خەڵکی هەڵەبجە، ئەگەر دەسەڵاتێک چارەنووس و ژیانی خەڵکی هەڵەبجەی بۆ گرنگە، بۆچی دەبێت بە ڕێکەوت ئەو پاشماوانە بدۆزرێتەوە کە 23 ساڵ پێش ئێستا ژیانی خەڵکی هەڵەبجەی لەبەریەک هەڵوەشاندن؟ بۆچی دەبێت دوای 20 ساڵ تاکو ئێستاش نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی لەهەڵەبجەدا بوونی نەبێت؟ بۆچی دەبێت لە شارێکدا کە بەدەستی دڕندەترین ڕژێم خاپوور کرابێت تاکو ئێستا تیمی تایبەت بە هەڵگرتنەوەی پاشماوەکان و ڕووداوە کتوپڕییەکان نەبێت؟ چۆن دەبێت شارێک یاریگای یەکێک لە دڕندانەترین کارەساتەکانی سەدەی بیستەم بێت بەم جۆرە بخرێتە پەراوێزەوە.
ئەم دەسەڵاتە هەمیشە هەوڵیداوە بڵێت کێشەی خەڵکی هەڵەبجە، کێشەی ئاو کارەباو یاریگاییە، هەر کاتێک لەم شارەدا کۆڕێک یان دوو خشت لەسەر یەک دانرابێت کراوەتە دەستکەوتێکی گەورە، ئاوو کارەباو خزمەتگوزاری سەرەتایترین پێداویستی ڕۆژانەی ژیانی خەڵکە، ناکرێت بەراورد بکرێت بە پێداویستی دەستبەجێ و هەر ئێستای خەڵکی هەڵەبجە، کێشەی خەڵکی هەڵەبجە، کێشەی ژیانە، کێشەی هەناسە و باری دەروونی و ئەو مناڵانەیە کە بەناتەواوی لەدایک دەبن، کێشەی خاوێنی ئاوو هەواوو دڵنیابوونە لە خۆراکی تەندروست و بێ مەترسی.
دوای 20 ساڵ لە بوونی ملیارەها دۆلار و سامانێکی بێ شووماری پارە لە دەست ئەم دەسەڵاتەدا، نزیک بە (60 ئینسان) لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی گیانیان لەدەستداوە، ژیان و چارەنووسی خەڵکی هەڵەبجەو بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی بەسراوەتەوە بە خێر و سەدەقەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی کوردستانەوە، چ مەهزەلەیەکە ؟ چ گاڵتەکردن و یاریکردنێکە بە ژیانی خەڵکی هەڵەبجە؟ کاتێک دەوترێت لەسەر ئەرکی سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەتی کوردستان (250) بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی ڕەوانەی ئێران دەکرێت، ئەو بودجەیەی بۆ ساڕێژکردنی برینی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی لە هەڵەبجەدا دابین دەکرێت، هەرگیز و هەرگیز ناکاتە بڕی خەرجی پرسەیەک کە سەرکردەکانی (یەکێتی و پارتی) بۆ خەزور و دایک و هاوشانەکانی خۆیانی دەگێڕن، یان سەفەری بەرپرسێکی نەخۆش بۆ چارەسەر.
کێشەی خەڵکی هەڵەبجە، کێشەی گێڕانەوەی ئینسانی بوونیەتی، خەڵکی هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتەوە وەک ئینسانی خاوەن ئیرادە و حەق بەژیان سەیر ناکرێن، تاکو ئێستاش ئەم دەسەڵاتە خەڵکی هەڵەبجە و کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، وەک کارتێک لە کاییە سیاسیەکاندا سەیر دەکات و بەکار دەهێنێت، ئەگەر شەرەفی تەقاندنەوەی بۆمبە دۆزراوەکە دەبەخشرێتە قایمقامی هەڵەبجە، ئەوا ئەم دەسکەوتە پێشکەشی دەسەڵات بێت و ئەم شەرەفە نەیکردە یەک هەناسە بۆ (پورە خورشە).
بەبڕوای من دەبێت لەدوای دۆزینەوەی ئەو دوو بۆمبە، دۆسیەیەکی تازە بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان بکرێتەوە، دەبێت تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم دۆسیەیە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، گرنگ و ئینسانییە کە (ڕێکخراو ناوەندەکانی بەرگریکاری ئەنفال و کیمیاباران) سەرجەم هەڵسوڕاونی ئینساندۆست و پەیوەندیدار بەم مەیدانە، گوشارەکانیان بۆسەر دەسەڵاتدارانی کوردستان چڕبکەنەوە ، دەبێت بەزووترین کات تەواوی ئەو پێداویستیانەی ژیان و تەندروستی هاوچەرخ بۆ خەڵکی هەڵەبجە دەگێڕێتەوە فەراهەمی بکەن.


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە