بۆچی دەبێت بێدەنگ نەبین؟
Thursday, 12/05/2011, 12:00
لەپەراوێزی هێرش بۆسەر بارەگاکانی (کۆمەڵ) و (یەکگرتوو)دا
بەپێی هەواڵەکان لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە سنوری پارێزگای سلێمانی پێنج جار هێرشی چەکداری کراوەتە سەر بارەگاکانی (یەکگرتوو) هەمانکات کەناڵی ئاسمانی (پەیام) کە سەر بە (کۆمەڵی ئیسلامیە) لەلایەن چەکدارەکانی دەسەڵاتەوە گەمارۆدراوە.
دەسەڵاتدارانی کوردستان دەیانەوێت لە ڕێگای هێرشی چەکداری و تۆقاندنەوە بۆ سەر بارەگاکانی (کۆمەڵ و یەکگرتوو) فەزای سەرکوت و تۆقاندن زیاتر بکەن، دەسەڵاتداران دەیانەوێت بەم سیناریۆیە مەوداکانی ئازادی و ئیرادەی خەڵک، کە لە دوای ١٧ی شوباتەوە فراونتربۆتەوە بۆ جارێکیتر کۆنترۆڵی بکەنەوە، لە ئێستادا کە مەیدانەکانی ئازادی وەک پێشوو نەماوە، بەهانەکانی دەسەڵات بۆ لە خوێن هەڵکێشانی خەڵک و سەرکوتی ئازادی بڕێک کەمتر بۆتەوە، دەسەڵاتداران دەیانەوێت گۆڕەپانێکیتر بۆ توندوتیژی و سەرکوتی ئازادی بدۆزنەوە،
دەسەڵاتدارانی کوردستان بە گشتی و (یەکێتی نیشتمانی) بەتایبەتی لە سنوری دەسەڵاتی سەربازی خۆیدا دەیەوێت ئەم کارتە تاقیبکاتەوە.
هێرش بۆ سەر بارەگاکانی (کۆمەڵ و یەکگرتوو) لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە لەم چرکە ساتەدا، هیچ پەیوەندیەکی نیە بە ئاسۆ و ئامانجێک کە ئیسلامی سیاسی بۆ ئایندەی کوردستان هەیەتی، چونکە پرۆژەی ئیسلامی سیاسی بۆ کۆمەڵگاو دەسەڵات شتێکی تازە نیە، هەر (کۆمەڵ و یەکگرتوو)بوون دەسەڵات ناوی نابوون ئیسلامی ڕەسەن.
(یەکێتی و پارتی) دەیانەوێت بە پشت بەستن بە مێژووی ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا هێرش بۆ سەر بارەگای (کۆمەڵ و یەکگرتوو) شەرعیەت پێبدەن، ئەم هەنگاوەی دەسەڵات هیچ نیە بێجگە گەورەکردنی ئەو سەربازگایانەی لە شارەکاندا دروستیان کردووە.
ئەگەر دەسەڵاتدارانی کوردستان ئەم هەنگاوەیان بۆ جێبەجێ بێت و کۆمەڵگا بێدەنگی هەڵبژێرێت، ئەوا ئازادی و مەوداکانی ئازادی چەند هەنگاوێک پاشەکشە دەکات، ئەم تێگەشتنە سەرچاوەکەی ئەوە نیە کە (کۆمەڵ و یەکگرتوو) باشن یان خراپ، بەڵکو لێکدانەوەیەکە بۆ ئەو پیلانەی کە دەسەڵات بۆ سەرکوتی ئازادی سیاسی و بیروڕا لەهەگبەکەیدا هەڵیگرتوە، بەرگری کردن لە بارەگاکانی (کۆمەڵ و یەکگرتوو) ڕێگانەدان بە هێرشی سەربازی بۆ سەریان، بەرگری نیە لە ستراتیژێک کە ئیسلامی سیاسی و (کۆمەڵ و یەکگرتوو) بۆ ئایندەی گۆمەڵگا هەیانە، بەڵکو بەرگریە لە ئازادی و ڕێگانەدانە بە یەکلایکردنەوەی کێشەکان بە لوولەی چەک، بەرپرسیاریەتی نیشاندانە بەرانبەر کۆمەڵگا و ئەگەر و مەترسیەکانی سەر ژیان و ئازادیەکانیان.
بۆبەرگرتن بەم سیناریۆیە ئەرکی هەموو ئینسانە ئازادیخوازەکانە کە بێدەنگنەبن، کۆمۆنیست و چەپەکان، عەلمانی وهەڵسوڕاوە ڕادیکاڵەکان، نابێت لەوە دوودڵبن کە بەرگری لە بارەگاکانی (کۆمەڵ و یەکگرتوو) لە خەسڵەت و سروشتی سیاسی و دنیابینی ئەوان کەم دەکاتەوە، ڕەخنەی ئەوان لە ئیسلامی سیاسی کاڵتر دەکاتەوە، بەپێچەوانەوە دەبێت ئەم واقیعەی ئێستا بکەینە ئەزموونێک بۆ ئەوەی پێناسەیەکی تازە بکەینەوە بەجەستەی ئازادیدا، ئازادی بەو مەعنایە نایەت کە چەندە تەنها بۆ من باشە، بەڵکو ئازادی دەبێت پێوەرێکی هەبێت کە چەندە بۆ کۆمەڵگا هەمووی باشە، هێرشی چەکداری بۆسەر (کۆمەڵ و یەکگرتوو) لە ئێستادا هەرگیز ناکاتە کرانەوەی هیچ دەگایەک بۆ ئازادیەکی زیاتر لە بەیانیدا، وەک چۆن هێرشی چەکداری بۆ سەر کۆمۆنیستەکان لە ڕابردوودا نەیکردە دەستەبەرکردنی ئازادیەکی زیاتر بۆ (کۆمەڵ و یەکگرتوو) لە ئەمڕۆدا.
لە١٤/٧/٢٠٠٠ (یەکێتی نیشتمانی) هێرشی چەکداری کردە سەر (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق) لەو کاتەدا (ئیسلامیەکان) نەک هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو، بەڵکو هەموویان شیرینیان بەخشیەوەو نامەی دەست خۆشیان بۆ ئەم لەشکرە نارد کە ئێستا تەقەیان لێ دەکات و گەمارۆی سەربازی خستۆتە سەریان، بەم هەڵوێستە (ئیسلامی سیاسی) بوویە بە شێک لە پاشەکشێی ئازادی لە کوردستاندا، ئەگەر ئیسلامی سیاسی بەو هەڵسەنگاندنە واقیعیەوە سەیری ڕووداوەکەی بکردایە کە هێرشی سەربازی بۆ سەر هێزێکی سیاسی لە ئەمڕۆدا، هاوکاتە لەگەڵ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەو لە بەیانیدا، بەدڵنیایەوە ئێستا دەسەڵاتدارانی کوردستان جورئەتی ئەوەیان نەدەکرد کە هەنگاو بۆ ئەم کارە سەرکوتگەرانەیە هەڵبگرن.
ئەگەر کۆمەڵگا ڕێگانەدات ئەم پیلانەی دەسەڵاتداران جێبەجێ ببێت، ئەوا خەڵکی کوردستان هەنگاوێکی گەورە هەڵدەگرێت بەرەو فراونترکردنەوەی مەوداکانی ئازادی و، بەخشینی مەعنایەکی تازە و پێناسەیەکی ئینسانیتر بە پانتای ئازادی بۆ بیروبۆچونە جیاوازەکان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست