کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامه‌یه‌ک بۆ سه‌رجه‌م که‌مپین و ده‌سته‌ و کۆمیته‌کانی به‌رگری له‌ ئازادی له‌ کوردستان و له‌ده‌ره‌وه‌

Wednesday, 02/06/2010, 12:00



به‌ڕێزان سڵاو ڕێز و خۆشه‌ویستیم بۆ هه‌مووتان و ده‌ستان به‌ گه‌رمی ده‌گوشم .
ئه‌گه‌ر چی تیرۆر کردنی خوێندکار و ڕۆژنامه‌نوس (سه‌رده‌شت عوسمان) زامێکی قوڵ و برینێکی سه‌ختی کرده‌ جه‌سته‌ی ئینساندۆستی هه‌موومان ، ئه‌گه‌ر چی کوژاندنه‌وه‌ی مۆمێکی پڕ ڕوناکی وه‌ک (سه‌رده‌شت عوسمان) هه‌موومانی ئازاردا،به‌ڵام هه‌مان کات گوڕوتینێکی گه‌وره‌و پڕ له‌ جۆش و خرۆشی ئینسادۆستی و به‌رگریکه‌رانه‌ی ئازادی له‌ هه‌ناو ویژدانی هه‌مووماندا داگیرساند . یه‌که‌م جاربوو ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان به‌م شێوه‌یه‌ ڕووبه‌ڕوی لێشاو ئاپورای خه‌ڵک ببنه‌وه‌ بۆ به‌رگری له‌ ئازادی و ده‌نگ هه‌ڵبڕین له‌دژی ڕفاندن و تیرۆر کردن،یه‌که‌م جاربوو خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات به‌م جۆره‌ له‌ دوو سه‌نگه‌ری جیاوازدا ته‌عبیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان بکه‌ن ، ده‌نگ و هاواری خه‌ڵک له‌دژی ڕفاندن و تیرۆر،بژی و سه‌ربه‌رزی بۆ سه‌رده‌شت عوسمان ، نایه‌ڵین ده‌نگی ئازادیمان کپ بکه‌ن ، ئه‌و شیعارانه‌بوون که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانیان هێنایه‌ له‌رزین و زمانی هه‌ڕه‌شه‌یان پرژاو په‌نجه‌ی تۆڵه‌یان له‌ به‌ره‌ی ئازادیخواز و ناڕازی کۆمه‌ڵگا ڕاوه‌شاند .
ڕاسته‌ هه‌موومان ماندوبوین و کارمان کرد، ڕاسته‌ چوینه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و سه‌رما و گه‌رمامان چه‌شت ،ڕاسته‌ چاوسورکردنه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌و تۆقاندن به‌رده‌وام ئاماده‌بوو،ڕاسته‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانی ده‌سه‌ڵات چه‌واشه‌کارانه‌ ده‌یانویست ناڕه‌زایه‌تیه‌کانمان ناشیرین و له‌که‌دار بکه‌ن ،ڕاسته‌ ده‌سه‌ڵات ده‌یویست ئه‌م تاوانه‌ش وه‌ک ئه‌وانه‌ی پێشوو تێپه‌ڕێنێت و بازێکی به‌سه‌ردا بدات ، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئێمه‌بوین ،هه‌موومان ده‌نگمان هه‌ڵبڕی و نه‌مانهێشت ئینسان کوشتن و ئینسان ڕفاندن له‌ کوردستان به‌ئاسانی تێبپه‌ڕێت و کۆمه‌ڵگا به‌بێ خاوه‌ن سه‌یر بکرێت .
به‌ڕێزان : ئه‌وه‌ی ئه‌نجاماندا به‌شێکبو له‌ کاره‌کانمان، به‌ڵام هه‌موو کاره‌کانمان نیه‌ ،سه‌ره‌تا و قۆناغێکی گه‌وره‌مان بڕیوه‌ به‌ڵام ئاسته‌نگ و مه‌ترسیه‌کان به‌ڕێگاوه‌ن ، گره‌وه‌ی فه‌راهه‌م کردنی فه‌زای ئازادی و پاراستنی حورمه‌تی تاکه‌کان له‌به‌رده‌وام بونی کاره‌کانماندایه‌ ،بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان مه‌جبور بکه‌ین که‌ ڕێز له‌ ئیراده‌و ئازادیه‌کانی خه‌ڵک بگرن ، ده‌بێت کاروانێک بۆ به‌رگری له‌ ئازادی له‌ دژی تیرۆرکردنی (سه‌رده‌شت عوسمان) به‌ڕێمانخست به‌هێز و به‌رده‌وامی بکه‌ین و به‌رده‌وام گیانی بکه‌ینه‌وه‌ به‌به‌ردا .
ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان خه‌ریکی سیناریۆسازین ،خه‌ریکی فریودان و هه‌ڕه‌شه‌کردنن ، کۆبونه‌وه‌کانی (مه‌سعود به‌رزانی و مه‌سرور به‌رزانی) له‌گه‌ڵ قوتابیان و خوێندکاران و لاوان و په‌رله‌مانی کوردوستان ، وتار و شیکاریه‌ چه‌واشه‌کارانه‌که‌ی (مه‌لا به‌ختیار) بۆ ئازادی نیشانه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌مه‌یه‌کی ترسناکه‌ ، ئه‌و گه‌مه‌یه‌ ئێمه‌ ناچار ده‌کات که‌ نه‌یه‌ڵین کوانوی خه‌بات و گه‌رمی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانمان ساردبێته‌وه‌و پاشه‌کشه‌مان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن ، ده‌بێت کاره‌کانمان به‌رده‌وام بێت و به‌هه‌مان گوڕوتینی سه‌ره‌تاوه‌ ئاڕاسته‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانمان ڕووه‌و پانتایه‌کی فراوانی کۆمه‌ڵگا بره‌و پێبده‌ین ،ده‌بێت شێواز و میکانیزمی تازه‌ بۆ به‌رده‌وام بونی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانمان بدۆزینه‌وه‌ ، ده‌بێت هه‌موو ڕۆژێک و به‌ ده‌یان شێوازی جۆراو جۆر یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرین بۆ ئاشکراکردنی تیرۆریستان و ، سنورێکیش دابنێین بۆ هه‌ڕه‌شه‌و چاوسورکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان . با نه‌یه‌ڵین کاره‌کانمان خاوبونه‌وه‌ و خامۆشی به‌سه‌ردا بێت ، ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو کات زیارتر پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ به‌ره‌ی ئازادیخوازی و ئینساندۆستی له‌یه‌کتر نزیکبین و تێگه‌شتنمان بۆ ئه‌رکێکی مێژوی که‌ له‌سه‌ر شانمانه‌ ڕۆشنتر و به‌رپرسانه‌تربێت ، ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین به‌رگری له‌ ئازادی بیروڕا بکه‌ین به‌ ئه‌رک و وه‌زیفه‌ی سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگاو ئاسۆ و ئامانجی ئینساندۆستی و ئازادیخوازانه‌ بکه‌ینه‌ فه‌رهه‌نگ و تێگه‌شتنی خه‌ڵک،ته‌نها زامنی به‌سه‌رئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م په‌یامه‌ ئینسانی و گه‌وره‌یه‌ له‌ به‌رده‌وامبونی کارو خه‌باتماندایه‌ ،(سه‌رده‌شت عوسمان) به‌ جه‌سته‌ له‌ناوماندا نه‌ما به‌ڵام به‌رده‌وام که‌ ئه‌و خاڵێک داده‌نێت ئێمه‌ش له‌سه‌ری دێڕه‌وه‌ ده‌ست پێده‌که‌ینه‌وه‌ .
سه‌رکه‌وتوبن


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە