کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


من ڕێژوانم پێشکه‌شه‌ به‌ گیانی ئه‌و لاوه‌ی له‌ سلێمانی جه‌سته‌ی شه‌ڵاڵی خوێنکرا

Friday, 18/02/2011, 12:00



من ڕێژوانم، من محه‌مه‌ده‌که‌ی فه‌له‌ستین و گه‌نجه‌ ناڕازیه‌که‌ی شارم.
من ڕێژوانم، من ده‌نگی قه‌تیسماوی گه‌روی ته‌نگی هه‌ژارانم.
من ڕێژوانم، کراسه‌که‌ی به‌رم سوره‌و فیشه‌کی زه‌رد بۆته‌ میوانی ناوچه‌وانم.
من ڕێژوانم، من لێدانی دڵی هه‌زاران لاوی خنکاوی ناو ته‌نکه‌ره‌کانی ڕێگای ئیتالیا و یۆنانم.
من ڕێژوانم، من تریقه‌ی پێکه‌نین و خه‌نده‌ و بزه‌ی لێوی عاشقانم.
من ڕێژوانم، من سه‌دای هاوارێکی ناسک و قوربانی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتێکی نائینسانم.
من ڕێژوانم، من بۆ به‌یانی پێئه‌که‌نم به‌ڵام ئه‌مڕۆ گیانم ده‌به‌ن.
من ڕێژوانم، پێخه‌فه‌که‌ی شه‌وم هێشتا گه‌رمه‌و گۆڕێکی ساردم بۆ هه‌ڵئه‌که‌نن.
من ڕێژوانم، من لاوێکی کاکۆڵ لاری سیما شیرینی نه‌هامه‌تیه‌کانی ژیانم.
من ڕێژوانم، ده‌مه‌و عه‌سره‌و دایکم هه‌ر چاوه‌ڕوانمه‌.
من ڕێژوانم، من گیانه‌ پڕ بروسکه‌که‌ی شه‌قامی سالم و جه‌سته‌ خوێناویه‌کی به‌رده‌م لقی چوارم.
من ڕێژوانم، من چۆله‌که‌ و من پاساری و کۆترێکی لای نسارم.
من ڕێژوانم، من شه‌قه‌ی باڵی سه‌دان حه‌ز و ئاوات و هه‌ناسه‌ی ناو بورکانم.
من ڕێژوانم، من قه‌ڵغان و من سپه‌ری پاروه‌ نان و جامێ ئاوم.
من ڕێژوانم، من په‌یامم زه‌رده‌خه‌نه‌ی دوای گریانه‌.
من ڕێژوانم، من ئه‌و تیشکه‌م که‌ تاریکی ئه‌تارێنێ و سپێده‌ ڕووناک ئه‌کاته‌وه‌.
من ڕێژوانم، من حه‌زێکم شه‌یداو سه‌رمه‌ست.
من ڕێژوانم، من باخی گوڵه‌ ڕه‌عنای بۆن خۆش و سێوه‌ لاسوره‌ی هیرانم.
من ڕێژوانم، هه‌ر ئه‌مڕۆم ماوه‌ لاتان.
من ڕێژوانم، ئه‌چم باوه‌شێک له‌ باوکم ئه‌گرم.
من ڕێژوانم، خوشک و براکانم ماچ ئه‌که‌م.
من ڕێژوانم، ئه‌مڕۆ ئه‌ڕۆم داوای لێبوردن له‌ مامۆستاکه‌م ده‌که‌م.
من ڕێژوانم، گه‌ر جارێکیتر زیندوو ببمه‌وه‌ هه‌روه‌ک ئێستا له‌سه‌رکوت و له‌ ده‌سه‌ڵات زیاتر و زیاتر توڕه‌ده‌بم.

تێبینی: محمه‌د ئه‌و گه‌نجه‌ فه‌له‌ستینیه‌بوو که‌ له‌په‌نا باوکیا به‌ فیشه‌کی سه‌ربازه‌کانی ئیسرائیل کوژرا.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە