کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کێ به‌رپرسه‌ له‌ کۆچکردنی لاوان ؟

Saturday, 30/01/2010, 12:00


 ڕۆژی 15/1/2010 که‌ناڵی ئاسمانی کوردسات ڕیپۆرتاژیکی پێشکه‌ش کرد سه‌باره‌ت به‌ ژیان و گوزه‌رانی کۆچبه‌رانی کورد له‌ وڵاتی یۆنان ، هه‌ر که‌سێک بۆ چه‌ند ساتێک سه‌یری ئه‌و ژیانه‌ی بکردایه‌ که‌ کۆچبه‌رانی کورد ده‌یگوزه‌رێنن له‌ وڵاتی یۆنان ته‌واوی هه‌ست و ویژدانی ده‌جوڵاو نه‌یده‌توانی بێده‌نگه‌ی لێ بکات ، دیاره‌ له‌هه‌موو دنیادا لاوان گه‌وره‌ترین پشکی کۆچیان به‌رده‌که‌وێت بۆیه‌ له‌م ڕیپۆرتاژه‌شدا هه‌مان دیاره‌ده‌ بۆ لاوانی کوردوستان به‌دی ده‌کرا ، به‌تایبه‌تی ئه‌و کۆچبه‌رانه‌ی مافی په‌نابه‌ریان نییه‌و به‌بێ بوونی هیچ مافێک ڕۆژگاره‌کان به‌ڕێده‌که‌ن . سیمای تێکچوی لاوان و قژی ئاڵۆزکاو نه‌بوونی ئومێد له‌ قسه‌کانیاندا ده‌ریایه‌ک بوو له‌ نه‌هامه‌تی و بێزاری ، هه‌ر لاوێک که‌ قسه‌ی ده‌کرد و دڵی خۆی ده‌کرده‌وه‌ ڕۆمانێک بوو ته‌نها به‌گوێ لێگرتنی ئینسانی زۆر ئازار ده‌دا ، ئازاره‌کانی لاوانی کوردوستان له‌ هه‌نده‌ران ئه‌وه‌نده‌ قورسه‌ مه‌گه‌ر ته‌نها ته‌ماته‌ بارانه‌که‌ی مه‌لا به‌ختیار له‌ نه‌رویج ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ئازاره‌بێت ، هه‌ر چه‌نده‌ ڕیپۆرتاژه‌که‌ی کوردسات ده‌یوویست ئه‌و ژیانه‌ پڕ له‌ئازاره‌ نیشان بدات به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ڕه‌ووی به‌کۆمه‌ڵی لاوان بۆ هه‌نده‌ران دیاری بکات ، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاشکرابێت گاریگه‌ری و ڕۆڵی ده‌سه‌ڵات چیه‌ له‌م کۆچه‌ بێشوماره‌دا !!! لاوانی کۆچبه‌ر له‌ یۆنان کێشه‌کانیان ته‌نها له‌وه‌دا کۆنابێته‌وه‌ که‌ مافی په‌نابه‌ریان نییه‌ ، به‌ڵکو گرانی و بێکاری و نه‌بوونی جێگای حه‌وانه‌و ترس له‌ پۆلیس و مافیا به‌شێکه‌ له‌ دڵه‌ڕاوکێ و ترسی هه‌موو ڕۆژه‌یان ، ئالوده‌بوون به‌ماده‌ بێهۆشکه‌ره‌کان له‌گه‌ڵ هه‌ندێک کار که‌ ناگونجێت له‌گه‌ڵ سروشت و که‌رامه‌تی ئینسانی هه‌رکه‌سێک له‌ دیارده‌ ترسناکه‌کانی ژیانی لاوانی کوردوستانن له‌ یۆنان . یه‌کێک له‌و لاوه‌ کۆچبه‌رانه‌ که‌ باسی ژیانی خۆی ده‌کرد به‌یه‌کجاری ئینسانی سڕده‌کرد ، چیرۆکی ژیانی ئه‌و لاوه‌ به‌خێرای بینه‌ری ده‌برده‌ ناو دیمه‌نی فلیمه‌ ترسناک و پڕ له‌ نه‌هامه‌تیه‌کان ، ئه‌و فلیمانه‌ی که‌ بینه‌ر تێناگات له‌وه‌ی ڕووداه‌وکانی ڕاستیه‌ یان خه‌یاڵ ، ئه‌م لاوه‌ هه‌ر دوو گورچیله‌ی سستبوون و به‌ یارمه‌تی دکتۆر و ده‌رمان ماوه‌ته‌وه‌ ، دایکی ئه‌م لاوه‌ له‌کوردوستانه‌وه‌ گه‌شتۆته‌ یۆنان بۆ ئه‌وه‌ی گورچیله‌یه‌کی خۆی ببه‌خشێته‌ کوڕه‌که‌ی و له‌ مردن ڕزگاری بکات ، دیمه‌نی ئه‌م دایکه‌ دیمه‌نی هه‌زاران دایک بوو که‌ کوڕه‌کانیان شانسی ڕزگار بوونیان نه‌بوو له‌ شه‌ڕی ناوخۆدا بوونه‌ قوربانی و سووته‌مه‌نی بۆ مه‌رامه‌کانی ده‌سه‌ڵات ، کاتێک له‌ ڕیپۆرتاژه‌که‌دا له‌م لاوه‌یان پرسی له‌کوردوستان ئیشت چی بوو ؟ له‌وه‌ڵامدا ووتی عه‌ره‌بانچی بووم و خاوه‌نی هیچ شتێک نه‌بووم ، خانوه‌که‌ی خۆمانمان فرۆشت و من سه‌فه‌رم پێکرد و ماڵه‌وه‌مان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لادێ . لاوێک کاتێک قسه‌یان له‌گه‌ڵ کرد چه‌ند سه‌عاتێک بوو گه‌شتبوویه‌ یۆنان و به‌هه‌شته‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستانی به‌جێهێشتبوو ، له‌هه‌لومه‌رجێکدا که‌ به‌شێکی زۆری وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ ڕێگای فڕۆکه‌خانه‌کانی به‌غداد و هه‌ولێر و سلێمانیه‌وه‌ ڕۆژانه‌ په‌نابه‌ران به‌زۆر ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ کوردوستان ، هاتنی ئه‌م لاوه‌ بۆ یۆنان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات پرسارێکی زۆر گرنگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ، له‌هه‌ناوی ئه‌م کۆچه‌دا مه‌غزایه‌کی گه‌وره‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ ژیانێکی نه‌شیاو لای لاوانی کوردوستاندا خۆی حه‌شارداوه‌ ، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان پێیانوابێت لاوانی کوردوستان له‌خۆشیدا کۆچده‌که‌ن و ملی ڕێگای هات و نه‌هات ده‌گرنه‌به‌ر ئه‌وه‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی نادروست و نامه‌سئولانه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر هۆکاری کۆچی به‌کۆمه‌ڵی لاوان به‌که‌ین به‌دوو به‌شه‌وه ، ئه‌وا به‌شێ یه‌که‌می بۆ به‌هره‌مه‌ندبوونه‌ له‌ ژیانێکی باشتر و به‌شی دووه‌می نه‌فی کردنه‌وه‌ی ئه‌و ژیانه‌ نه‌گونجاوه‌یه‌ که‌بۆیان کراوه‌ته‌ قه‌فه‌زێکی داخراو ، کاتێک قسه‌ له‌سه‌ر لاوان ده‌کرێت مه‌به‌ست لاوانه‌ به‌ پانتای لاوان نه‌ک ژماره‌یه‌کی دیاری کراو که‌ توانیویانه‌ له‌ڕێگای حیزب و چه‌ند که‌ناڵێکی دیاری کراوه‌وه‌ لانی که‌می ژیان بۆ خۆیان دابین بکه‌ن . ئاماره‌کان و کاره‌ساته‌کانی ژیانی لاوان له‌ کوردوستان پێمان ده‌ڵێن که‌ بۆچی هه‌تا ئێستاش دیارده‌ی کۆچکردن به‌شێوه‌یه‌کی فراوان ماوه‌ته‌وه‌ و ڕێگاکه‌ی به‌رده‌وام ئاوه‌دانه‌ ، ئایا سه‌ر لێشێواوی لاوانه‌ ؟ که‌ من پێموانییه‌ ، یان سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وای و خێر و به‌ره‌که‌تی ده‌سه‌ڵات ؟ ته‌نها به‌سه‌یر کردنی چه‌ند هه‌واڵێک زۆر ڕاستی ڕوون ده‌بێته‌وه‌ . به‌پێی ڕاپرسیه‌ک له‌ماوه‌ی ساڵی 2009 تا ساڵی 2010 له‌ ناحییه‌ی ته‌کیه‌ی سه‌ر به‌قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ 267 لاو ناحییه‌که‌یان جێهێشتووه‌و به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕۆشتوون ، له‌و 267 لاوه‌ 43 لاویان نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ، ئه‌و لاوانه‌ی که‌ ڕۆشتوون ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 18 بۆ 30 ساڵیدایه‌ (سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ ماڵپه‌ری ئاوێنه‌ ڕۆژی 5 شه‌ممه‌ ڕێکه‌وتی 14/1/2010) . سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ پۆلیسی شاری سلێمانی ئه‌مڕۆ 5 شه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند ، شه‌وی ڕابردوو خوێندکارێکی ئاماده‌ی بازرگانی که‌ ته‌مه‌نی 24 ساڵه‌ له‌ باخچه‌که‌ی ماڵه‌که‌ی خۆیدا خۆی هه‌ڵواسیوه‌ و خۆی خنکاندووه‌ . کوڕێکی گه‌نجی ته‌مه‌ن 21 ساڵ به‌ناوی (ئاری یاسین) له‌نزیک ڕووباری سیروان له‌ ده‌ربه‌ندیخان ئاگری له‌ خۆی به‌رداو به‌رله‌ئه‌وه‌ی بگه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستدا سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ (ڕووداونێت ڕۆژی هه‌ینی ڕێکه‌وتی 15/1/2010) . دیاره‌ وه‌ڵام و چاره‌سه‌ری ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان بۆ ئه‌م جۆره‌ دیارده‌ و خۆکوشتنانه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ که‌ بڵێت ئه‌م که‌سانه‌ نه‌خۆشی ده‌روونیان هه‌یه‌ . ژیانی لاوان له‌ کوردوستان ژیانێکی نه‌گونجاوه‌ ، لاوان بێ ئیراده‌کراون و له‌ په‌راوێزی بڕیاره‌کانی کۆمه‌ڵگادان ، لاوان بوونه‌ته‌ وه‌سیله‌ی ده‌ستی لایه‌نه‌کان بۆ سه‌قامگیری ده‌سه‌ڵات و بردنی به‌ش له‌ داهاتی کۆمه‌ڵگا ، لاوانی کوردوستان له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کدا ده‌ژین چاره‌نووسی نادیاره‌ و هه‌موو ڕۆژێک له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی مالکی و موتڵه‌گ و جه‌عفه‌ریدایه‌ ، لاوانی کوردوستان به‌ئاشکرا ده‌یبینن که‌ ده‌سه‌ڵاتداران نه‌وه‌کانی خۆیان پشتاوپشت وه‌ک میزه‌ڵدان فوویان تێده‌که‌ن و بۆ وه‌رگرتنی پۆستی گه‌وره‌ی حکوومی و حیزبی ئاماده‌یان ده‌که‌ن و فێری سه‌رمایه‌گوزاری و ئه‌ته‌کیه‌تی دیبلۆماسیه‌تیان ده‌که‌ن ، ته‌نها و ته‌نها به‌شی لاوانی کوردوستانیش ئه‌وه‌بوو که‌ بۆ نموونه‌ دڵۆپێک له‌ ده‌ریاکه‌یمان باس کرد ، بۆیه‌ له‌ کۆتاییدا به‌م ئه‌نجامگیریه‌ ده‌گه‌ین که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان به‌رپرسن له‌ فراونبوونه‌وه‌ و زیادکردنی ڕێژه‌ی ڕه‌و و کۆچکردنی لاوان و ئه‌و ژیانه‌ پڕ له‌ نه‌هامه‌تیه‌ی که‌ لاوانی کوردوستان تێیدا ده‌ژین ، لاوانی کوردوستان ده‌بێت ئیراده‌یان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ . ‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە