کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


په‌یامێک بۆ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌

Wednesday, 23/02/2011, 12:00



(یه‌کێتی و پارتی پێکه‌وه‌ فڕێبده‌نه‌ زبڵدانی مێژووه‌)
جه‌ماوه‌ری ناڕازی و ڕاپه‌ڕیوی هه‌ڵه‌بجه‌
خه‌ڵکی ڕزگاربووی ده‌ست کیمیاباران و جینۆساید
قوربانیه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ و گه‌مه‌ی نێوان هێزه‌ قه‌ومی و ئیسلامیه‌کان

له‌ڕۆژی 17/2 وه‌ دڵم لاتانه‌، به‌رده‌وام چاوم له‌ تیڤیه‌کان و بڵاوکراوه‌و ماڵپه‌ڕه‌کان ناتروکێنم، به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابووم که‌ بزانم که‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ش دێنه‌ مه‌یدان و ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و (نا)یه‌کی گه‌وره‌ ده‌دات به‌گوێی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستاندا.
نزیک به‌ 20 ساڵه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ په‌یمانی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ و چاوبه‌ست، داواکاریه‌کانی خه‌ڵکی شار زینده‌به‌چاڵ ده‌که‌ن، 20 ساڵ زیاتره‌ هه‌ر ڕۆژێک به‌رکه‌وتوویه‌کی چه‌کی کیمیایی ساڵه‌کانی 1988 گیانله‌ده‌ست ده‌دات و که‌سێک نیه‌ خۆی بکات به‌خاوه‌نی، نزیک به‌ 20 ساڵه‌ و به‌ئێستاشه‌وه‌ ئه‌م شاره‌ برینداره‌ مه‌یدانی ململانێی هێزه‌کانه‌و خه‌ڵکی هه‌ژاری هه‌ڵه‌بجه‌ سووته‌مه‌نین، نزیک به‌ 20 ساڵه‌ ئه‌م شاره‌ تاقیگه‌ی ده‌یان کاره‌سات و تاوانی گه‌وره‌، گه‌وره‌یه‌.
ئه‌مڕۆ لاوان و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌م بینی که‌بۆ ماف و داواکاریه‌کانیان، بۆ ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان هاتبوونه‌ مه‌یدان، هه‌موو ده‌زانین جامی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانتان پڕبوون، ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی (یه‌کێتی و پارتی) ده‌ستی خستۆته‌ گه‌ردنتان، هه‌موو ده‌زانین که‌ مایه‌یه‌ی شه‌رمه‌زاریه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی دوای کیمیاباران و نزیک به‌ 20 ساڵ ده‌سه‌ڵاتی (یه‌کێتی و پارتی) خانووی قوڕ و به‌ ته‌نه‌که‌ دروست کراو ده‌ڕوخێت به‌سه‌ر منداڵ و خێزانه‌کاندا.
ئه‌گه‌ر (یه‌کیتی و پارتی) به‌رانبه‌ر ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان (ده‌یان جار) تاوانباربن، ئه‌وا به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی مه‌حروم و زه‌حمه‌تکێشی هه‌ڵه‌بجه‌ (سه‌دان) جار، شارێک ئه‌م هێز و حیزبانه‌ ده‌یان جار کوشتیان و ده‌یان جار له‌سێداره‌یاندا، شارێک له‌کاتی شه‌ڕدا خوێنی ده‌ڕژن و له‌کاتی ئاشتیدا خوێنی ده‌مژن، شارێک به‌رده‌وام به‌ خاچی گه‌نده‌ڵی (یه‌کێتی و پارتی)ه‌وه‌ هه‌ڵواسراوه‌.
خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌، لاوانی دڵ پڕ له‌ هیوا، هاوڕێ و دۆسته‌ خۆشه‌ویسته‌کانم
ئیتر ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌، ئیتر ڕۆژی دادگایکردنی ئه‌و ساتانه‌یه‌ ژیان و گوزه‌ران و ئاینده‌تان له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ یاری پێده‌‌کرا، ئاگاداربن ناڕه‌زایه‌تی و خواست و ئاواته‌کانتان به‌لاڕێدانه‌برێت، وریابن له‌وه‌ی که‌ نزیک به‌ 20 ساڵه‌ کوردستان و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ده‌ست دوو حیزبه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ بۆ خۆیان ده‌به‌ن و ئێوه‌ مه‌حروم ده‌که‌ن، نزیک به‌ 20 ساڵه ئه‌م دوو حیزبه‌ شه‌ریکن، پێکه‌وه‌ له‌سه‌ر حیسابی سفره‌ و باخه‌ڵی خاڵی ئێوه‌ داهاتی کۆمه‌ڵگا دابه‌ش ده‌که‌ن، پێکه‌وه‌ پیلانی خه‌ڵه‌تاندن و فریودانتان ده‌نووسنه‌وه‌، (تاڵه‌بانی و بارزانی) پێکه‌وه‌ بریمه‌ر و کۆڵن پاوڵ دێننه‌ به‌رده‌متان بۆ نمایشکردنی شانۆگه‌ریه‌کانیان.
ناره‌زایه‌تیه‌کانتان کۆبکه‌نه‌وه‌، به‌رده‌م باره‌گا و یه‌خه‌ی ته‌واوی گه‌نده‌ڵچیه‌کانی (یه‌کێتی و پارتی) بگرن، ڕێگانه‌ده‌ن (یه‌کێتی) سه‌یرکه‌ر و نێوبژیوانبێت، ئه‌مڕۆ هێز و ئیراده‌ی ئێوه‌ ته‌واوی کۆمه‌ڵگاو شه‌قامه‌کانی خرۆشاندوه‌، ئه‌مڕۆ (یه‌کێتی و پارتی) پێکه‌وه‌ چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگایان به‌م ئاکامه‌ گه‌یاندوه‌، کێ ده‌زانێت له‌ به‌غداد چی وه‌رده‌گرن؟ کێ ده‌زانێ چی ده‌که‌ن له‌ ژووره‌ تاریکه‌کاندا و چ ساتووسه‌ودایه‌ک به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵکه‌وه‌ ده‌که‌ن؟ کام دۆڵ و ده‌شت و شاخ ماوه‌ ئه‌مانه‌ دابه‌شی نه‌که‌ن؟ چ کۆمپانیا و سه‌رمایه‌گوزاریه‌ک هه‌یه‌ ئه‌مانه‌ کۆنترۆڵیان نه‌کردبێت؟ ئیتر بۆ ده‌بێت ئه‌م دوو حیزبه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی خه‌ڵکی کوردستان و هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌ک چاره‌نووسیان نه‌بێت .

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە