خۆسووتاندنی (هلند) کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه
Tuesday, 24/11/2009, 12:00
له 23/8/2009 مه‌رگێکی ناسک ، ناسک وه‌ک سیما شیرین و چاوه ڕه‌شه‌کانی (هلند) به خۆی و که‌ژاوه‌ی کتێب و ده‌فته‌رو جانتاکه‌ی شانیه‌وه به‌به‌رده‌م هه‌مووماندا گوزه‌ری کرد‌و که‌سمان نه کڵاوه‌کانمان بۆ داکه‌ند و نهسهریشمان بۆ دانه‌واند ، مه‌رگێک وه‌ک پایز هات و گوڵی به‌هاری خێزانێک و هاوڕێیه‌کی نازداری (شه‌یما) ی برد ، ئه‌م مه‌رگه ته‌نهابوو وه‌ک ته‌نهای ئه‌و کاته‌ی لووتی (که‌ژاڵ خدر) یان بڕی ، تاڵبوو وه‌ک ئه‌و کاته‌ی (دوعا) یان به بلۆک کوشت ، تاریکبوو وه‌ک ئه‌و کاته‌ی پارچه پارچه له‌شی (به‌ناز) یان له جانتایه‌کدا ده‌رهێنا ، ئه‌م مه‌رگه زۆر ئارامبوو ، له‌شه‌ڕی فیدراڵیه‌ت و سامانه نه‌وتیه‌کان و بودجه‌ی پێشمه‌رگه نه‌ده‌چوو ، ئه‌م مه‌رگه نهشیعرێکی پێنووسین نه‌دوو دڵۆپ فرمێسکی پێڕشتین ، مناڵێک هات به‌خۆی و کۆڵێ خه‌می له‌خۆی گه‌وره‌تر ماڵئاوی لێ‌کردین و که‌سمان نه‌مانووت تۆ مه‌ڕۆ ، که‌سمان نه‌مانووت (هلند) نه‌که‌ی دایه و بابه جێمه‌هێله ، که‌سمان نه‌مانووت مه‌که قاپ و که‌وچکه بچکۆلانه‌که‌ت مه‌که به‌یادگاری و مێزه‌که‌ی قوتابخانه دڵگران مه‌که ، که‌سمان نه‌مانووت (هلند) نه‌که‌ی گه‌مه له‌گه‌ڵ ئاگر مه‌که (شه‌یما) له کۆڵان چاوه‌ڕێته ، ئه‌م مه‌رگه نهلهکۆچی باڵدار ده‌چوو نهلهڕاوی ماسیه‌کان ، ئه‌م کۆچه زۆر گه‌وره‌تره له‌شه‌ڕی دانیشتن له‌ڕیزی پێشه‌وه له په‌رله‌مان . (هلند) نه‌دایکی ناوی نه‌وته‌و ، نهباوکیشی ناوی ئاگره ، نه نه‌نکی ناوی شقارتهیهو ، نهباپیری ناوی ده‌به‌یه ، (هلند) مناڵی کۆمه‌ڵگایه‌که هه‌موو ڕۆژێک له‌کۆڵان و کوچه‌کانیدا هه‌واڵی (پوره فڵان خۆی سووتاند) یان (داده فیسار) بووبهخهڵوز ده‌بیستێت و که‌سێک نییه کۆتایی به‌م کارهساتهبێنێت ، مه‌رگی (هلند) کاره‌ساته بۆیه ده‌بێت هه‌موو له‌سه‌ری ڕاوه‌ستین ، کاره‌ساته وه‌ک مه‌رگی مناڵێک و ئینسانێک ، کاره‌ساته وه‌ک ئه‌وه‌ی (هلند) دیارده‌ی خۆسووتاندنی قۆناغێک برده پێشه‌وه ، ئه‌م کاره‌ساته به‌فه‌رمی به‌رهه‌می خۆسووتاندنی له ژنانه‌وه ته‌سلیمی مناڵان کرد ، ئه‌گه‌ر (په‌ره‌مێز و مه‌رگ و سووتان) سێ ووشه‌ی ڕیزکراوی پاڵ ژنانی کوردوستانه ، ئه‌وا مه‌رگ و خۆسووتاندنی (هلند) ئه‌م ووشانه‌ی بۆ دامێنی منداڵانیش شۆڕکرده‌وه ، (هلند) به‌جه‌سته ناسک و سووتاوه‌که‌ی له‌سه‌ر ته‌ختی نه‌خۆشخانه به‌بێده‌نگی به‌گوێی هه‌مووماندا چرپاندی ووتی ، هات و هاواری دیموکراسی و باشتربوونی ژیانی ژنان ، که‌مبوونه‌وه‌ی کووشتن و خۆسووتاندن ، دابه‌شکردنی دیاری و به‌ستنی کۆنفراس و کۆبوونه‌وه‌کان گه‌مه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵاته بۆ فریوودانی کۆمه‌ڵگا ، (هلند) هیچ قسه‌یه‌کی نه‌کرد و هیچ نهێنیه‌کی نه‌درکاند به‌ڵام له‌ناو تابووته بچکۆله‌که‌ی سه‌رشانی خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک به‌ده‌نگی به‌رز هاواری ئه‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی مناڵ نه‌سووتێت ئه‌بێت ژن نه‌سووتێت . (هلند سه‌لاح) ئه‌و مناڵه (9) ساڵه‌بوو که له‌یه‌کێک له‌گه‌ره‌کانی شاری سلێمانی ئاگری له‌جه‌سته‌ی خۆی برداو گیانی له‌ده‌ستدا ، خۆسووتاندنی (هلند) پێوویستی به‌خوێندنه‌وه‌و کاری شلگیر هه‌یه ، ئه‌م دیارده‌یه ترسناکه‌و کۆمه‌ڵگا ده‌باته به‌رده‌م پرسیار و وه‌ڵامی واقیعی ، به‌داخه‌وه ئه‌م کاره‌ساته هه‌تا ئێستا وه‌ک خۆی سهیرنهکراوهو هه‌وڵنه‌دراوه ڕاڤه‌کردنی بۆ بکرێت و ده‌سه‌ڵات بخرێته ژێر فشاری گرنگیدانی زانستی و هاوچه‌رخانه به ژیان و په‌روه‌رده‌ی مناڵان ، ده‌بوایه مه‌رگی (هلند) ته‌واوی ڕاگه‌یاندنه‌کانی بهێنایه‌ته زمان و نه‌یانهێشتایه ئه‌م کاره‌ساته هه‌روا و به ئاسته‌م تێپه‌ڕێت ، ده‌بوایه ده‌یان پسپۆڕی په‌روه‌رده‌ی و ده‌روونیان بهێنایه‌و شیکردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌م ڕووداوه بکردایه ، ده‌بوایه چه‌ندین هه‌ڵسوڕاوی بزووتنه‌وه‌ی ژنان چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بکرایه‌و باسی ئه‌وه‌یان بکردایه که شۆڕبوونه‌وه‌ی خۆسووتاندن بۆ ئاستی منداڵان چ مه‌عنایه‌کی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه ، ده‌بوایه ڕاگه‌یاندنه‌کان یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان بگرتایه‌و دوای وازهێنانی چه‌ندین وه‌زیری په‌یوه‌ندیدار و به‌رپرسیان بکردایه ، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ یه‌کێک له‌مانه نه‌کرا ، ئه‌زانم زۆرێک له ڕاگه‌یاندنه‌کان ڕیکلامیان بۆ (برنجی گوڵدان و چای ئه‌حمه‌دی و سیمکارته‌کان ) پێ باشتره به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ش باش بزانن له‌م باره‌وه ئه‌رکێکی ئینسانیان له‌سه‌ر شانه . ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان به‌رپرسن له ژیان و مه‌رگی هه‌ر ئینسانێک ، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان ئه‌وه‌نده بیرله سه‌رمایه‌گوزاری و باخه‌ڵ پڕکردن ده‌که‌نه‌وه ، نیوئهوهندهش بیر فه‌راهه‌م کردنی که‌ش و هه‌وایه‌کی ئینسانی بۆ ژیانی مناڵان به‌تایبه‌تی و خه‌ڵکی کوردوستان به‌گشتی بکه‌نه‌وه ، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان سه‌رچاوه‌ی سه‌رجه‌م نه‌هامه‌تیه‌کان و ڕۆژ ڕه‌شیه‌کانی خه‌ڵکی کوردوستانن ، ده‌سه‌ڵاتێک (ده‌روێش خانه‌نشین) بکات ده‌بێ خه‌ڵک چ چاوه‌ڕوانیه‌کیان لێی هه‌بێت ، به‌بێ هاتنه مه‌یدانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تی که ئه‌رکی گێڕانه‌وه‌ی ئینسانیبوون بێت بۆ خه‌ڵکی کوردوستان زۆر زه‌حمه‌ته مه‌رگ و خۆسووتاندنی (هلندهکان) کۆتای‌یان پێ بێت . له کۆتاییدا من پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆم ئاڕاسته‌ی دایک و باوک و سه‌رجه‌م که‌س و کار و هاوڕێکانی (هلند) ئه‌که‌م و خۆم به شه‌ریکی ئه‌و کۆسته گه‌وره‌یه‌یان ده‌زانم ، منیش بۆخۆم باوکم و ئه‌زانم که نه‌ک مه‌رگی مناڵه‌که‌ت به‌ڵکو ته‌نها دابڕان و دوورکه‌وتنه‌وه چ زام و ئازارێکی به‌سوێیه ، بۆیه داواتان لێده‌که‌م که ئه‌م واقیعه ناخۆش و قورسه تێپه‌ڕێنن و ئاگاداری خۆتان و مناڵه‌کانی ترتانبن .
[email protected] تێبینی / شه‌یما هاوڕێیه‌کی نزیک و خۆشه‌ویستی هلندبووه .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست