کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌گه‌ر نێچیره‌ڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌ت بوایه‌ نه‌یده‌هێشت نانی خه‌ڵکی ببڕدرێت !!!!!

Thursday, 08/04/2010, 12:00


له‌ په‌راوێزی چاوپێکه‌وتنی نێچیره‌ڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه
(ڕۆژنامه‌) له‌ ژماره‌ی (575) ی ڕێکه‌وتی سێشه‌ممه‌ 30/3/2010 چاوپێکه‌و‌تنێکی له‌گه‌ڵ (نێچیره‌ڤان بارزانی) سه‌رۆکی پێشوی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان ئه‌نجامداوه‌ ، ته‌واوی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ شایه‌نی ڕه‌خنه‌یه‌و ئه‌وه‌ ده‌هێنێت قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت به‌ڵام دیاره‌ له‌ وتارێکدا ئه‌م کاره‌ تۆزێک ئاڵۆزه‌ ، چونکه‌ ته‌واوی وه‌ڵامه‌کانی (نێچیره‌ڤان بارزانی) هه‌مان ئه‌و وه‌ڵامانه‌ن که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان (19) ساڵه‌ خه‌ڵکی کوردستانی پێ فریوده‌ده‌ن و ، کڕین و فرۆشتنی پێوه‌ ده‌که‌ن و ، قوربانی یه‌که‌مین کۆتایش هه‌ر خه‌ڵکی کوردستانه‌ . ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ گرنگه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا ئه‌و فریوکاریه‌ هاوبه‌شه‌یه‌ که‌ له‌ نێوان (نێچیره‌ڤان بارزانی) و (ڕۆژنامه‌) دا ئه‌نجامدراوه‌ ، پێناسه‌ کردنی (نێچیره‌ڤان بارزانی) له‌سه‌ره‌تای چاوپێکه‌وتنه‌که‌ و هه‌ندێک له‌ پرسیاره‌کان به‌ ئاشکرا خۆڵکردنه‌ چاوی خه‌ڵکی کوردستانه‌و داپۆشینی واقیعی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردوستانه‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌ سیاسیه‌ی ئێستادا . (ڕۆژنامه‌) له‌ سه‌ره‌تادا به‌م جۆره‌ باسی (نێچیره‌ڤان بارزانی) ده‌کات (بۆ هه‌ر چاودێرێکی سیاسیی ، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی پارتی بکات ، ده‌بێت نێچیره‌ڤان بارزانی جیابکاته‌وه‌ ، چونکه‌ ئێستا نێچیره‌ڤان ، سیاسیه‌کی کراوه‌ترو خاوه‌نی عه‌قڵی پراگماتیانه‌یه‌) له‌ڕاستیدا ئه‌م جۆره‌ پێناسه‌یه‌ بۆ هه‌ر سه‌رکردایه‌تیه‌کی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی بێجگه‌ فریودان و خۆش خه‌یاڵکردنی خه‌ڵک هیچ مانایه‌کی تری نییه‌ ، ئه‌گه‌ر هه‌ر حیزبێکی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی دیوارێک بێت ئه‌وا (نێچیره‌ڤان و میرانی ، مه‌لا به‌ختیار و جوندیانی) خشته‌کانیانن ، هه‌ر یه‌کێکیان له‌ چین و ڕیزی ئه‌و دیواره‌ی که‌ بۆی گونجاوه‌ ، حیزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌رده‌وام به‌شێوه‌یه‌کی زۆر سیاسیی و ئامانجدار خه‌ریکن خۆیان به‌هه‌موو چین و توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ جۆراو جۆره‌کانه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ ، بۆ ئه‌م ئامانجه‌ی خۆیان ڕێگا و میکانیزمی تازه‌ و ڕه‌نگاو ڕه‌نگ به‌کار ده‌هێنن ، کاندید کردنی (مه‌لا ، شێخ ، سه‌رۆک عه‌شره‌ت) بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌شێکه‌ له‌و دیاردانه‌ . پارتی دیموکراتی کوردستان به‌رده‌وام هه‌وڵیداوه‌ که‌ (نێچیره‌ڤان بارزانی) وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی کراوه‌و خاوه‌ن تێگه‌شتنێکی تایبه‌ت نمایش بکات ، به‌رده‌وام وه‌ک که‌سایه‌تیه‌کی گه‌نج باسی کراوه‌ ، له‌به‌شێک له‌ کۆنفراس و کۆنگره‌کانی تایبه‌ت به‌ ژنان و لاواندا وه‌ک قسه‌که‌ر ده‌رکه‌وتوه‌و په‌یامی بریقه‌دار و بێناوه‌ڕۆکی به‌خشیوه‌ته‌وه‌ ، ته‌واوی ئه‌م هه‌وڵانه‌ بۆ گرێدانه‌وه‌ی به‌شێک له‌ هاوڵاتیانی کوردوستانه‌ به‌ پارتی دیموکراتی کوردوستانه‌وه‌ ، له‌کاتێکدا ئاماده‌ی (نێچیره‌ڤان بارزانی) له‌هه‌ر پۆست و پله‌ و پایه‌یه‌کدا نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ هۆکارێک بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ر بڕیارێک که‌ کۆمه‌ڵگای کوردستانی بردبێته‌ لێواری مه‌گ و ماڵوێرانی ، نمونه‌کانی (شه‌ڕ ، گه‌نده‌ڵی ، یاری کردن به‌ چاره‌نوسی خه‌ڵک ، خۆکوشتن ، کوشتنی ژنان ، کۆچی به‌کۆمه‌ڵی لاوان) ئه‌مه‌و سه‌دان دیارده‌ی تری کۆمه‌ڵگای کوردوستان ، ئیتر بۆچی فه‌زڵی ئه‌وه‌ به‌ خه‌ڵکی کوردوستان بفرۆشرێت که‌ (نێچیره‌ڤان بارزانی) جیاوازه‌ . له‌یه‌کێک له‌ پرسیاره‌کانی (ڕۆژنامه‌) که‌ ئاڕاسته‌ی (نێچیره‌ڤان بارزانی) ده‌کات سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌ی نان بڕاوه‌کان (ڕۆژنامه‌) ده‌پرسێت : له‌ کوردستان زۆر ، کات شانازیی به‌فره‌یی سیاسیی و ئازادیی بیروڕا ده‌کرێت ، به‌ڵام سه‌دان که‌س له‌سه‌ر بیروڕای جیاواز نانیان بڕاوه‌ ، ئێوه‌ چۆن له‌ مه‌سه‌له‌ی نان بڕاوه‌کان ده‌ڕوانن ؟ ئه‌وه‌ی که‌ (نێچیره‌ڤان بارزانی) به‌ گشتی چۆن وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی داوه‌ته‌وه‌ ده‌کرێت که‌ له‌ هه‌مان (ڕۆژنامه‌) و له‌ ماڵپه‌ڕی (سبه‌ی) له‌ به‌شی دیمانه‌دا چاوپێکه‌وتنه‌که‌ بخوێنرێته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای مه‌به‌سته‌ لێره‌دا جۆری پرسیار و وه‌ڵامه‌کانی (نێچیره‌ڤان بارزانیه‌) ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر ئازادی سیاسیی و بیروڕای جیاواز و سه‌رکوت کردنه‌ له‌ کوردوستان ، ئه‌وا مێژویه‌کی دور و درێژتری هه‌یه‌و له‌ کاتی نانبڕاوه‌کانه‌وه‌ ده‌ست پێ ناکات ، له‌ کاتێکدا من بۆ خۆم له‌دژی نان بڕین و سیاسه‌تی دژه‌ ئینسانی برسی کردنم ، به‌ڵام ئه‌م پرسیاره‌ بۆیه‌ ده‌به‌سرێت به‌ نان بڕاوه‌کانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی (نێچیره‌ڤان بارزانی) له‌ ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی پارتیه‌وه‌ زۆر به‌ ئیسراحه‌ت هێرش بۆ سه‌ر ڕکابه‌ره‌ ته‌قلیدیه‌که‌یان ده‌ست پێ بکات ، به‌ مه‌عنایه‌ک پرسیار و وه‌ڵام له‌یه‌ک کایه‌یه‌ی سیاسیی هاوبه‌شه‌وه‌ قه‌ره‌وڵی خۆیان گرتوه‌ ، ئه‌گینا زۆر ساده‌ و ساکاره‌ که‌ (ڕۆژنامه‌) ده‌زانێت که‌ له‌ ژێر سایه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتی (نێچیره‌ڤان بارزانی) و پارته‌که‌یدا ده‌یان تیرۆری سیاسیی ئه‌نجامدراوه‌ . (ڕۆژنامه‌) بۆ ناپرسێت کێ (ڕێناس ، ڕه‌ئوف ئاکره‌ی ، نه‌زیر عومه‌ر) ی تیرۆر کرد ؟ له‌ ژێر سایه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کێدا (شاپور و قابیل) تیرۆر کران ؟ کام ده‌زگای تیرۆریستی بوو ده‌ستی چوویه‌ خوێنی (مامۆستا ستار و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌) ؟ کام هێزبوو باره‌گای حیزبه‌کانی ئه‌سوتاندو ده‌رگای نوسینگه‌ی ده‌یان ڕێکخراوی وه‌ک ڕێکخراوی سه‌ربه‌خۆی ئافره‌تانی داده‌خست ؟ کێ بوو ده‌یویست ئه‌حمه‌د میره‌ تیرۆر بکات ؟ کێ بوو هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکردنی عه‌دنان عوسمانی په‌رله‌مانتاری ده‌کرد له‌ کوردستان ؟ بۆیه‌ هه‌ر پارت و ده‌سه‌ڵات و (نێچیره‌ڤان بارزانیه‌ک) به‌رپرس بێت له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌ ناتوانێت لایه‌نگری چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی نان بڕاوه‌کان بێت و ، ناتوانێت فه‌زڵی ئازادیخوازی به‌ خه‌ڵکی کوردوستان بفرۆشێت ، مه‌گه‌ر له‌ سیناریۆیه‌کی وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ (ڕۆژنامه‌) و (سه‌رۆکی پێشوی حکومه‌ت) دایانڕشتوه‌ بۆ چاوبه‌ستی خه‌ڵکی کوردوستان . له‌ وه‌ڵامی هه‌مان پرسیاردا (نێچیره‌ڤان بارزانی) زۆر به‌ سنگێکی فراوان و به‌ هه‌ناسه‌یه‌کی دیموکراسیه‌وه‌ سه‌یری ئۆپۆزسیۆن ده‌کات و بانگه‌واز ده‌کات که‌ ئه‌م واقیعه‌ته‌ قبوڵ بکه‌ین ، به‌ڵام که‌سێک له‌ (نێچیره‌ڤان بارزانی) ناپرسێت ، ئه‌گه‌ر له‌ بری نه‌وشیروان مسته‌فا ، جه‌وهه‌ر نامیق خاوه‌نی 25 کورسی په‌رله‌مانی کوردستان و 8 کوردسی په‌رله‌مانی عێراق بوایه‌ هه‌ر به‌م گیانه‌ وه‌رزشیه‌وه‌ ، هاوکێشه‌که‌ی شیکاری ده‌کرد ؟ ئایا (نێچیره‌ڤان بارزانی) ده‌توانێت له‌م باره‌وه‌ نمونه‌یه‌کی زیندوومان پێشکه‌ش بکات ؟ . هه‌ر له‌ وه‌ڵامی هه‌مان پرسیاردا (نێچیره‌ڤان بارزانی) به‌شێوه‌یه‌کی زۆر سه‌رنج ڕاکێش به‌رگێکی پیرۆز ده‌کات به‌ به‌ری (سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان) داو ، به‌ شێوازێک باسی ده‌کات وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ (سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان) ئه‌و فریادڕه‌سه‌یه‌ که‌ هه‌موو کێشه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان چاره‌سه‌ر ده‌کات و ، هیچ پشکێکیشی نییه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ئاڵۆزی و ڕه‌وشه‌ ناسه‌قامگیره‌ی ئێستای کوردستان . پاشان (ڕۆژنامه‌) له‌ (نێچیره‌ڤان بارزانی) ده‌پرسێت : که‌قسه‌ له‌سه‌ر نان بڕاوه‌کان ده‌که‌یت ، هه‌ست ده‌که‌م که‌ هه‌ستێکی مرۆڤانه‌ی غه‌مبارانه‌ت لادروستبوه‌ . حه‌ز ئه‌که‌م ئه‌و پرسیاره‌ت لێبکه‌م ، ئایا ئه‌گه‌ر تۆ وه‌ک جاران سه‌رۆک وه‌زیران بویتایه‌ ، ڕێگه‌ت ده‌دا لایه‌نێک نانی خه‌ڵک ببڕێت و ئیجرائاتی ئیداری به‌رامبه‌ر کارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و په‌روه‌رده‌ و .... بکات ؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی (سه‌رۆکی پێشوی حکومه‌تی هه‌رێم) بۆ (ڕۆژنامه‌) و (نێچیره‌ڤان بارزانی) خۆیان ، کاتێک ئه‌م پرسیاره‌ ئاڕاسته‌ی (نێچیره‌ڤان بارزانی) ده‌کرێت ئینسان هه‌ست ده‌کات که‌ (سه‌رۆکی پێشوی حکومه‌ت) له‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی تره‌وه‌ دابه‌زیوه‌ ‌و ئاگاداری ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک نییه‌ ، ده‌ڵێیت ئه‌م پرسیاره‌ ئاڕاسته‌ی که‌سێک ده‌کرێت له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاته‌که‌یدا که‌س برسی نه‌بوه‌و که‌س له‌ شه‌ڕی ناوخۆکانیاندا نه‌بۆته‌ سوته‌مه‌نی ، ئه‌ڵێی ئه‌م (سه‌رۆکه‌) قه‌ت گوێی له‌ ئاهوناڵه‌ی سه‌دان دایک و باوکی جه‌رگ سوتاو نه‌بوه‌ . هه‌موومان زۆرمان پێخۆشه‌ سه‌رۆکێکی ئینساندۆست و هه‌ست ناسکمان هه‌بێت ، به‌ڵام دیاره‌ (ڕۆژنامه‌) له‌بیری نه‌ماوه‌ که‌ له‌ کاتی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆی (یه‌کێتی و پارتی) دا ، نه‌ک نان بڕین ئه‌مانه‌ گه‌مارۆی ئابوریان ده‌خسته‌ سه‌ر ناوچه‌کانی یه‌کتر و ته‌نانه‌ت ئاو ، کاره‌با ، پێداویستی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکیان قاچاغ ده‌کرد ، به‌بێ ئه‌وه‌ی حیساب بۆ سه‌ره‌تایترین ماف و ئه‌رکه‌ ئینسانیه‌کان بکه‌ن . دیاره‌ (ڕۆژنامه‌) زۆر بیری کورته‌ ، یان نازانێت که‌ تاکو ئێستاش ده‌یان که‌س له‌ بێسه‌ر و شوێنه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ نه‌ (سه‌رۆکی کۆن) نه‌ (سه‌رۆکی تازه‌) خۆیان ناکه‌ن به‌ خاوه‌نی چاره‌نوسیان . دیاره‌ (ڕۆژنامه‌) ئاگادار نییه‌ که‌ تاکو ئێستاش ده‌یان که‌س که‌ له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕی ناوخۆدا ئاواره‌بون و ده‌رکران ، نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ماڵ و زه‌وی و زاری خۆیان و ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ . له‌کاتی گه‌مارۆی ئابوری و له‌ژێر سایه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتی (نێچیرڤان بارزانی) دا بوو ژنێک له‌کاتی کۆکردنه‌وه‌ی گوڵه‌ گه‌نمدا ده‌ستێکی ده‌ڕاسه‌ قرتاندی ، به‌ڵام (سه‌رۆک) هه‌موو داهات و گومرگ و سامانی کۆمه‌ڵگای له‌ژێر ده‌ستابوو ، مه‌گه‌ر (ڕۆژنامه‌) نازانێت که‌ له‌ حکومه‌ته‌که‌ی (نێچیره‌ڤان بارزانی) دا به‌بێ ته‌سکیه‌و فرۆشتنی ئیراده‌ ته‌نها بۆ په‌یدا کردنی پاروی ڕۆژانه‌ که‌سێک نه‌یتوانیوه‌ دابمه‌زرێت ، سه‌رچاوه‌ی گه‌وره‌ترین سامانی خه‌ڵکی کوردوستان که‌ نه‌وته‌ ، به‌فه‌رمانی (سه‌رۆک) بێجگه‌ خه‌ڵکی کوردستان کێ لێی به‌هره‌مه‌ند نه‌بووه‌ ؟ ته‌نانه‌ت تۆنی بلێری سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوی به‌ریتانیاش به‌شی به‌رکه‌وت . به‌ چیرۆکێکی واقیعی کۆتایی به‌ بابه‌ته‌که‌م ده‌هێنم بۆ ئه‌وه‌ی (ڕۆژنامه‌) باش بزانێت (نێچیره‌ڤان بارزانی) نه‌ک غه‌مبار نابێت بۆ نان بڕاوه‌کان به‌ڵکو ، نان لای (نێچیره‌ڤان بارزانی) و پارته‌که‌ی و یه‌کێتی هاوپه‌یمانیان ، هۆکارێکه‌ بۆ گه‌وره‌ترین سوکایه‌تی کردن به‌ ئینسانی بوونی خه‌ڵکی کوردوستان ، له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کان ئه‌و کاته‌ی (یه‌کێتی و پارتی) شه‌ڕی ئیداره‌ و یاری کردن به‌ چاره‌نوسی خه‌ڵکیان ده‌کرد ، پارتی بڕیاریدا که‌ موچه‌ی مانگێک بدات به‌ مامۆستایانی سنوری ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی ، ئامانجی پارتی شکاندنی هه‌یبه‌تی یه‌کێتی و سوکایه‌تی کردن بوو به‌ مامۆستایان و خه‌ڵکی کوردوستان ، داهات و موچه‌ ، سه‌ره‌وه‌ت و سامان موڵکی خه‌ڵکی کوردستانه‌ ، به‌کارهێنانی له‌ گه‌مه‌ سیاسیه‌کاندا تاوانێکی گه‌وره‌یه‌ ، مامۆستایانی سنوری ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی به‌ناو تۆڕی ده‌یان بازگا و بشکنین و داگرتن و لێکۆڵینه‌وه‌دا به‌ره‌و هه‌ولێری پایته‌خت به‌ڕێکه‌وتن ، دۆستێک بۆی گێڕامه‌وه‌ که‌ مه‌لایه‌ک له‌ پاسه‌که‌دا له‌ ته‌نیشتی دانیشتوه‌و بۆ هه‌ولێر ڕۆشتون ، مه‌لاکه‌ به‌ مێزه‌ره‌و جبه‌که‌ی به‌ری هیچی له‌ هیچ مه‌لایه‌کی تر که‌متر نه‌بووه‌ ، به‌ڵام دۆسته‌که‌م بۆی گێڕامه‌وه‌ بۆ سبه‌ینێ که‌ ڕۆشتون بۆ ئه‌و جێگایه‌ی که‌ موچه‌که‌ی لێوه‌رده‌گرن مه‌لاکه‌ به‌ چاکه‌ت و پانتۆڵه‌وه‌ ده‌بینێت ، دوای چاک و چۆنی مه‌لاکه‌ ده‌ڵێت بۆیه‌ خۆم کرد به‌ مه‌لا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بازگه‌کان ده‌ربازببم و بتوانم بێم چه‌ند دینارێک بۆ مناڵه‌کانم وه‌ربگرم ، ئه‌مه‌ هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌ به‌رانبه‌ر نان و ژیانی خه‌ڵک ، گاڵته‌ کردن به‌ که‌رامه‌ت و هه‌ستی ئینسانی تاکه‌کان ، (سه‌رۆکێک) غه‌مبار بێت بۆ نان بڕاوه‌کان (مامۆستا) ناکات به‌ (مه‌لا) .
هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە