کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەکێک لە دەسکەوتە گەورەکانی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ پارێزگای سلێمانی دەسگیرکردنی (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) لە هەڵەبجە وەک نموونە

Sunday, 09/10/2011, 12:00





ماوەی چەند ڕۆژێکە (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) یەکێک لە سیما ناسراو چالاکەکانی خۆپیشاندانەکانی هەڵەبجەی دوای (١٧ شوبات) دەستگیر کراوە، (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) لەکاتی خۆپیشاندانەکانی هەڵەبجە لەلایەن چەکدارەکانی دەسەڵاتەوە کە لەناوچەیەکی جیاوازەوە بۆ هەڵەبجە هێنرابوون، بەشێوەیەکی سەخت بریندار دەکرێت و ڕوبەڕوی لێدان و ئازارێکی زۆر دەبێتەوە، بەپێی ئەو پەیوەندییە تەلەفونییەی کە من بۆ هەواڵپرسین لەکاتی بریندار کردنی لەگەڵ (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) گوێم لێ بوو، ئەوەی بەرانبەر ئەو کراوە لەکاتی لێدان و بریندار کردنیدا، هیچ نیە بێجگە ئینسانکوژی و تۆقاندنێکی بێ پەردە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە.
لەدوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بە تایبەتی، لە لایەن پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم چەندین بڕیار و وەعدە و بەڵێنەی جۆراو جۆر بەگوێی خەڵکیدا دراوە، یەکێک لەو بەڵێن و خاڵانەی کە لەژێر گوشاری خەڵکی ناڕازیدا هەمیشە دووبارە دەکرێتەوە، دەستگیر کردنی بکوژانی هاوڵاتیان و ڕادەست کردنیان بە دادگا و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان و سزادانیان بووە.
بەڵام ئەوەی کە بە واقیعی دەبینرێت و دەسەڵاتداران ڕایدەپەڕێنن پێچەوانەکەیەتی، دەسەڵاتداران بکوژەکان بۆ حەوانەوە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕەوانەی دەرەوەی کوردستان دەکەن، پلەو پایەیی سەربازی و حیزبیان بەرز دەکەنەوە، داواکاری خەڵک بۆ دادگایی کردنی ئەم بکوژانە لە نێوان دادگا و پۆلیس و حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکایەتی هەرێم گاڵتەی پێ دەکرێت.
(یەکێتی و پارتی) هەر بەوەوە ناوەستن کە حەسانەی تەواویان بەچاوبەست بۆ بکوژەکان دروست کردووە، بەڵکو خەریکن لەبری بکوژەکان، قوربانی و بریندار و لێدراوی دەستی جەلادەکان دەسگیردەکەن و چاوترسێنیان دەکەن، (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) یەکێکە لەو قوربانیانە.
لەکاتی سەردانی (مەسعود بەرزانی) سەرۆکی هەرێم بۆ پارێزگای سلێمانی، زۆر قسە کرا، زۆر پیاهەڵدان و فریوکاری بڵاوکرایەوە، زۆر ڕاگەیەنرا کە هەرچۆن بێت سەردانەکەی سەرۆک ئیجابییە، زۆر لە سەرۆک و سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن دەست لەسەر سنگ بەپێوە بۆی ڕاوستان، کۆبونەوەی تاریک و نهێنی ئەنجامدرا، زۆر گوێمان لێ بوو کە پەیامی هەرچۆن بێت دانیشتن و دانووسان سودی هەیە دەبەخشرایەوە، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت لەدوای سەردانەکەی سەرۆک بێجگە دەسگیرکردنی (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) خەڵک هیچ دەسکەوتێکی نەبینیوە، ئەگەر سەردانەکی سەرۆک تەنها بۆ دەسگیرکردنی (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) بوو، دەبوایە ئەو زەحمەتەی نەکێشایە، تەنها بە بروسکەیەک دەیتوانی ئەم کارە مەیسەر بکات، هەر وەک چۆن لەدوای بڕیارەکەی بۆ دەسگیرکردنی بکوژەکانی هاوڵاتیان لە خۆپیشاندانەکاندا سەرجەمیان دەسگیرکران، بە (هیوا ئەحمەد)ی بەرپرسی لقی چواریشەوە.
ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، غرور و ئامادەی خەڵکی ناڕازی دوای (١٧ شوبات)یان کردە هەوێنی سات و سەودایەکی سیاسی گەورە بۆ خۆیان، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن سەدای دەنگی خەڵکی ناڕازییان پەلکێشی ناو کۆبونەوەی ژورە تاریکەکان و پەیماننامە نهێنیەکانی نیوان خۆیان کرد، ئەگەر خەڵکی کوردستان بە گشتی و خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە بە تایبەتی وەک ڕۆژگارەکانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانیان، لەسەر شەقامەکاندا بوونایە هەرگیز دەسەڵاتداران نەیاندەتوانی (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) بەئاسانی ڕاپێچی زیندان بکەن، هەمانکات چەندین پیلانی تر دابڕێژن بۆ شکاندن و تیرۆری مەعنەوی ئینسانە ئازادیخواز و هەڵسوڕاوەکانی ناو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک.
بەداخەوە کە دەسگیرکردنی (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) تاکو ئێساش دەنگدانەوەیەکی فروانی نیە لە نێو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و بڵاوکراوە ئازادەکان، کەمترین هەوڵ دەبینرێت بۆ ئازادکردنی کردنی ئەم هەڵسوڕاوە لە زیندانە تاریکەکان، (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) لە ڕووی ئینسانی و سیاسی و سەلامەتیەوە، هیچی لە (ئاسۆس هەردی، ڕێبین هەردی، ئەحمەد میرە، مەریوان نەقشبەندی) کەمتر نیە کە کەمپینی گەورە و ڕاگەیاندنی فراوان دەخرێتە خزمەتیان، لەکاتی ئازاردان و دوور خستنەوەیان لە کارەکانیان، کە دیارە ئەوانیش هەقی خۆیانە.
بانگەوازی سەجەم خەڵکی ئازادیخواز، ڕۆشنبیران و نوسەران، ڕێکخراو ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان دەکەم، بۆ ئازادکردنی (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) تەواوی تواناکانیان بخەنە گەڕ و جیاوازی نەکەن لە نێوان ئەو ئینسانانەی کە دەکەونە زیندانە تاریک و ڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە.

[email protected]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە