کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەڵامێک بۆ شاهۆ سەعید و سلێمان عەبدوڵڵا یونس

Sunday, 19/02/2012, 12:00




 

چەند ڕۆژێک پێش (17 شوباتی 2012) دەسەڵاتدارانی کوردستان واتە (یەکێتی و پارتی)، بەهەموو توانای سەربازی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیانەوە خەریکی خۆ ئامادەکردن بوون، بۆ سەرکوت کردنی هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەک ئەگەر ڕووبدات، سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنیش (یەکگرتوو، کۆمەڵ، گۆڕان) لەو بارەوە ڕاگەیاندنێکیان بڵاو کردوەوە، کورتەو ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنەکەی ئەم سێ لایەنە بریتی بوو لەوەی: دەسەڵاتدارانی کوردستان دڵنیا بکەونەوە کە ئەوان خۆپیشاندان ناکەن و شەقام ناجوڵێنن هەلومەرجەکە بە هەستیار دەزانن.
لە نێوان هەڵوێستی سەرکوتگەرانەی دەسەڵات و ئامانجی فریوکارانەی ئۆپۆزسیۆندا، هێزی سێیەم لە خەڵکی ناڕازی و لاوانی دڵ پڕ لە هیوادا لە (17) شوباتی ئەمساڵدا نمایشی بەشێک لەهێز و توانای خۆیان کرد، سەرەڕای هەر کەموکوڕی و بەربەستەکانی ئەم هێزە، سەرەتایی دەرچوون لە نێو بازنەی یان دەسەڵات، یان ئۆپۆزسیۆن، دەستی پێ کرد و گەمەی سیاسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن وەک بەفر خەریکە بەرەو توانەوە دەڕوات.
لەشکر کێشی و لەژێر پێنانی هەموو مافە فەردی و مەدەنییەکان، بە سەربازگە کردنی شارەکان و ناو بازاڕ و کۆڵانەکان، لێدان و فەلاقەکردنی خەڵک و خۆپیشاندەران و تەنانەت ڕێبوارانی بازاڕ، ڕفاندن و دارکاریی ڕۆژنامەنوسانی بیانی و ناوخۆیی، بەکار هێنانی تازەترین ئامرازەکانی ترساندن و چاوسورکردنەوە، سیماکانی ڕۆژی (17 شوباتی 2012)ی کوردستانە.
لە دوای (17 شوباتی 2012) وە، دوای ئەوەی کە جەماوەری ناڕازی بەوپەڕی لەخۆبوردوی و گیانبازیەوە، تەوقی ترسیان بەجۆرێک لەجۆرەکان شکاندو، پەیامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ وێنەیان گەیاندە (یەکێتی، پارتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ، گۆڕان)، ئیتر ئێستا وردە وردە هەموو لایەنەکان دێنە گۆ و قسە دەکەن و لێدوان دەدەن.
شاهۆ سەعید وتە بێژی بزوتنەوەی گۆڕان لێدوان دەدات و دەڵێت: (پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان جێگەی قبوڵ کردن نییە و بە توندی ئیدانەی دەکەین)، هەمانکات وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانەکەیدا دەڵێت: ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان، لە کاتێکدا لەگەڵ هەردو هێزەکەی تری ئۆپۆزیسیۆندا دوێنێ دڵنیایی ئەوەمان دایە هەمو لایەک کە بڕیاری جوڵاندنی شەقاممان نییە، بەڵام لە هامان کاتدا ئەوە دوپاتدەکەینەوە کە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا جێگەی قبوڵکردن نییەو بە توندی ئیدانەی دەکەین، ئۆباڵی پەرەسەندنەکانی ئەمڕۆش بە پلەی یەکەم دەخەینە ئەستۆی دەسەڵات.
سەرەتا وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دکتۆر شاهۆ ئەبێت ئەوە بزانێ کە جوڵاندانی شەقام و ناڕەزایەتی خەڵک، مەکرەمە و مەرحەمەتی بزوتنەوەکەی ئەو هیچ هێز و لایەنێک نییە، بە چەپ و بە ڕاستیشەوە، بەڵکو جوڵانی شەقام و ناڕەزایەتی، بەرئەنجامی چەوساندنەوەو نەفرەتی قوڵی کۆمەڵگایە لە ژیانێک کە شایستەیان نییە، دەکرێت هێزە سیاسیەکان مۆری خۆیان بدەن لە نێوچەوانی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و ئاسۆ و ئامانجەکانی دیاری بکەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ناڕەزایەتی بخوڵقێنن، وەک چۆن لە ساڵی پاردا بزوتنەوەکەی دکتۆر شاهۆ سەعید ئەو مۆرەیان بەکار هێنا.
هەموو دیمان چۆن سواری ناڕەزایەتی و نەفرەتی خەڵک بوون لە دژی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی خۆیان و پرۆژە حیزبییەکانیان، دەبێت کاک دکتۆر باش بزانێت کە ئەوان ناڕەزایەتی خەڵک و سەرشەقامیان کردە قوربانی کۆبونەوەی(٥) قۆڵی بۆ دەسکەوتەکانی خۆیان، هەموو داخوازیی و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستانتان کردە زەخیرەی شەرعیەتدان بە سات و سەودا لەگەڵ دەسەڵات، دکتۆر شاهۆ و هاوپەیمانە ئۆپۆزسیۆنەکانیان خەڵکی کوردستانیان بەدەست و پێی شەتەک دراوەوە تەسلیمی دەسەڵات کرد.
ئەوەی دەستی ئەو دەسەڵاتە سەرکوتگەرەی زیاتر کردەوە، بۆ سەرکوت و بە سەربازگەکردنی شارەکان لە کوردستان، ئەو ڕاگەیاندنەی هەر سێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکە بوو کە ئێوە لایەنێکی ئەو بەرەیەن، دەکرێت بزانین کە چی لەو دەسەڵاتە چاوەڕوان دەکرێت بێجگە سەرکوت و بڕینی زمانی ئازادی، تاکو ئێوە پێتان وابێت بارودۆخەکە هەستیارەو ئێوە پشتیوانی لە خۆپێشاندان ناکەن.
دەکرێت بزانین ئەم دەسەڵاتەی ئەمساڵ لەوەی پار ئینساندۆست ترە یان سەرکوتگەر تر، دەکرێت بزانین هێزە عەدالەتخواز و گۆڕانخوازەکان لەگەڵ دەسەڵات و سیستەمە دڕندەکان ڕوبەڕو دەبنەوە یان بە پێچەوانەوە، ئەگەر ئێوە ساڵی پار ئەم دەسەڵاتەتان پاراست، نەفرەتی خەڵکتان وەرگێڕا بۆ چاوەڕوانی کۆبونەوەی ژورە تاریکەکانتان، ئەوا ئەمساڵیش بەڕاگەیاندنی سێ قوڵیتان لەگەڵ هاوپەیمانەکانتان تەمەنی دەسەڵاتدارانی کوردستانتان بەجۆرێک لە جۆرەکان درێژتر کردەوە.
دەسەڵاتێک ئەگەر ساڵی پار خەڵکی خەڵتانی خوێن کرد، لەبەر ئەوەی خۆپیشاندانیان کردو داوای مافەکانی خۆیان کرد، ئەمساڵ دەسەڵاتداران خەڵک فەلاقە و دارکاری دەکەن، ئەشکەنجەی دەیان گەنج و لاوی کوردستان دەدەن تەنها لەبەر ئەوەی دەیانەوێت خۆپیشاندان بکەن، ئایا پێتانوانیە ساڵی داهاتوو ئەم دەسەڵاتە سانسۆر ناخاتە سەر هەناسە و بیرکردنەوەی ئازاد لە خەویشدا؟.
ئایا ئەو کاتە ئێوە هەڵوێستان چی دەبێت؟ ئیتر ئەو کاتە بە گونجاو دەزانن بۆئەوەی پشیتوانی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵک بکەن، ئەگەر ئێستا کۆمەڵگا هەژاوە و ئاڵوگۆڕی سەرسوڕهێنەر لەناوچەکەدا ڕوویانداوەو ڕوودەدەن، ئەمە بە فاکتەری درێژەدان بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان نازانن و دەڵێن هەلومەرجەکە هەستیارە، ئاخو ئێوە کەی بە گونجاو دەزانن بۆ ئەم کێشمەکێشە کۆمەڵایەتیە؟ ئێوە چ کاتێک بە گونجاو دەزانن بۆ ئەوەی خەڵک خۆپێشاندان بکات و بێتە سەر شەقام؟ کاتێک کە لافاو نەما، دەسەڵات دەست ئاوەڵابوو بۆ سەکوتی زیاتر.
لە نێوان بەرداشی ئیوە و دەسەڵاتدا، لە نێوان یاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکەی ئێوەدا، سەرەتای جوڵانەوەی هێزێک سەری دەرهێناوە، نەگوێ بە ئامۆژگاریەکانی ئێوە دەدات و نە دار و سەرباز و سەرکوت بێ دەنگی دەکات، ڕاگەیاندن و لێدوانەکانتان لە دوای ڕاگەیاندنی سێ قۆڵیتان هیچتان بۆ ناهێڵێتەوە، هەرچی بڵێن و هەرچی بکەن ناتوانن خەڵک فریوو بدەن.
بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بە ڕتوش کردنی قسەکاناینەوە دەڵین: ئەگەر خۆپیشاندان بکرێت بەشداری تێدا دەکەین، ئامانجی ئەم قسەیە ئەوەیە کە هەوڵدەدەن جارێکی تر سواری ناڕەزایەتی خەڵکببنەوە، ئاڕاستەی داواکاری خەڵک بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکار بهێنن، بڕیاربوو پەرلەمانتارەکانتان نوێنەی خەڵک بێت و لە پێشەوەی ناڕەزایەتیەکاندابن، ئەی ئەوە خێرە ئەگەر خەڵک خۆپیشاندان بکات ئێوەش بەشداری دەکەن وەک ساڵی پار.
چارەسەری کێشەکانی ئێستای کوردستان بە یاداشت و ئاگارکردنەوە ناکرێت، خۆتان ئەم ڕاستیە زۆر باش دەزانن، ئەگەر ئێوە پێتانوایە ئەم دەسەڵاتە بە یاداشتی فراکسیۆنەکەتان چاکسازی دەکات، ئەوە خەوێکی قوڵ و خەیاڵیکی فراوانە، وا دەزانن خەڵک هەر چاوەڕێی بەشداری ئێوەیە، ئەم گەمەیە خەریکە دیووە واقیعی و ڕاستیەکەی باشتر ئاشکرا دەبێت.
سلێمان عەبدوڵڵا یونس ئەندامی ئەنجومەنی باڵای مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی، سەبارەت بە لێدوانی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامێک بڵاو دەکاتەوە، کورتەی وەڵامەکەی ناوبراو لەچەند بڕگەیەک کورت دەکەمەوە و ئەوەی پەیوەندی بە نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە هەیە بۆ خۆیانی جێدەهێڵم.
سلێمان عەبدوڵڵا یونس لە بەشێک لە وەڵامەکەیدا دەڵێت: ڕاستە دیاردەی بەسەربازگە كردنی شارەكان بەتایبەت شارێكی ڕاقی و شارێكی زیندووی وەكوو سلێمانی دیاردەیەكی ناشارستانی و ناشیرینە بەڵام پێویستە گوتە بێژی بزووتنەوەی گۆڕان و میدیاكانی سەر بەئۆپۆزسیۆن بزانن هێشتاش ئەم دیاردەیە سەدان جار جوانتر و ڕەواترە لەوەی كەجارێكی دیكە ڕێگە بدرێت ڕێژوانە تاقانەكانی ئەم شارە لەپەنای مەرامێكی سێ قۆڵی حزبی موجەڕد و لەپەنای خرۆشانێكی ئەناركیستانەدا ببن بەقوربانی. هاوڕێیان ئەگەر لەنێوان بەسەربازگە كردنی زۆر ماوە كورت و ساتەوەختانەدا و لەنێوان هەڵگیرساندنی پڕیشكە ترسناكەكانی شەڕی قێزەونی ناوخۆدا لەم شارەدا بەناچاری سەرپشك بكرێین دەبێ كامیان هەڵبژێرین؟
عەبدوڵڵا سلێمان یونس دەیەوێت لە ڕێگای ئەم وەڵامەوە چاوبەستی خەڵکی کوردستان بکات، دەیەویت ئەو واقیعە بشارێتەوە کە لە (١٧ شوباتی ٢٠١٢)دا بزوتنەوەیەک سەری هەڵداوە و هاتۆتە سەر شەقام، ئەم بزوتنەوەیە خەریکە هەنگاو هەڵدەهێنێت بەسەر ئەو ئامێرەی کە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، بەردەوام خەریکن ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی پێدەهاڕن و لە مەنگەنەی دەدەن.
لەسەردەمی شەڕی ناوخۆی حیزبەکەی کاک عەبدوڵڵا و پارتی هاوپەیمانیان، هەر بزوتنەوەیەکی ناڕازایەتی لە سنوری هەر دەسەڵاتێکیاندا سەری هەڵبدایە، بەبەهانەی بوونی دەستی لایەنی بەرانبەر لەپشتیەوە سەرکوت دەکرا، ئێستاش ئەم بەڕێزە دەیەویت هەر دەنگێکی حەق و هەر داخوازیی و ناڕەزایەتیەک، لە بۆتەی ململانێی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا قەتیس بکرێت و، دوکەڵ و بۆنی شەڕی ناوخۆ پیشانی کۆمەڵگا بدەن.
کاک عەبدوڵڵا دەبیت ئەو ڕاستیە باش بزانێت کە هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن پێش 17 شوبات بەفەرمی ڕایانگەیاندوە: نەبەشداری خۆپیشاندان دەکەن و نە شەقام دەجوڵێنن، بۆیە بەسەربازگە کردنی شارەکان لە لایەن حیزبەکەی کاک عەبدوڵڵاوە، هیچ نییە بێجگە نمایشی سەرەتایترین سروشتی دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکان، هیچ نییە بێجگە ترس لە بزوتنەوەیەک کە خەریکە ئاڕاستەی دروستی خۆی دەدۆزێتەوە.
کاک عەبدوڵڵا داوای ئاشتەوای دەکات و دیارە زۆر جەرگی بە خەڵک و کۆمەڵگا دەسوتێت، ئەگەر حیزبەکەی کاک عەبدوڵڵا و پارتی هاوپەیمانیان لە (١٧ شوباتی) ساڵی پار خەڵکیان خەڵتانی خوێن کرد لەبەر ئەوەی کە خۆپیشاندانیان کرد، ئەوا ئەمساڵ لە (17ی شوباتی 2012) دا فەلاقەخانەو دارکاری و ئەشکەنجەی دەیان ڕۆژنامەنوس و هەڵسوڕاوی سیاسی و خەڵکی مەدەنییان کرد، تەنها لەبەر ئەوەی کە ویستیان خۆپیشاندان بکەن، من بڕوام وایە ساڵی داهاتوو لە ١٧ شوباتدا، هەر ئینسانێک بەپێی ئارەزو ویستی دەسەڵاتەکەی کاک عەبدوڵڵا قسە نەکات زمان بڕینی ئەگەرێکی گەورەیە.
کاک عەبدوڵڵا فرمێسک بۆ(ڕێژوان)ە تاقانەکان هەڵدەڕێژێت، مەگەر کاک عەبدوڵڵا ئاگادار نییە لەدوای(ڕێژوان) لەسەر دەستی حیزبەکەی ئەو پارتی هاوپەیمانیان (گەرمیان، سورکێو، شێرزاد، عەلی، محەمەد، ئومێد، سەرکار، بیلال) یان خەڵتانی خوێن کرد، ئێستاش بکوژەکانیان لە گەشتوگوزارن، مەگەر ئەم بەڕێزە ئاگادار نییە لەسایەی دەسەڵاتەکەی ئەواندا، خەڵکی کوردستان دەیان و سەدان یادگاری و تراژیدیای سەردەمی بەعسیان وەبیرهاتەوە، ئەگەر کاک عەبدوڵڵا دەیەویت خۆپیشاندان و داخوازی خەڵکی کوردستان بکاتە بارمتەی کێشمەکێشی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، پاشان مەرگی (ڕێژوان و گەرمیان)ەکانمان پیشان بدات، ئەمە هیچ نییە بێجگە ئەرکێک کە ئەم بەڕێزە بە قەڵەمەکەی بۆ قایم کردنی سەنگەری دژی خەڵک لەئەستۆی خۆی گرتووە، ڕێژوان و گەرمیانەکان بەشێکن لە مێژوی ئێمە، نەک ئێوە، ئەگەر کاک عەبدوڵڵا هێندە ناڕەحەتە لە کوشتنی مناڵ و لاوەکانمان، با بەهێزە چەکدارەکانیان بڵێت: چەکەکانتان مەکەنە سنگی خەڵک.
20 ساڵ زیاترە ئەوەی ئەو دەسەڵاتە دەیکات بە خەڵکی کوردستان، لەناو چیرۆک و داستانەکانیش جێگای نابێتەوە، ئەم دەسەڵاتە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کردۆتە کەلەپچەی دەست و لاڵ کردنی زمانیان، با کاک عەبدوڵڵا سەیر بکات لەسەر لابردنی وێنەیەکی بارزانی بە سەرکردایەتی و ڕێکخستنەکانیانەوە، لەگەڵ پارتی هاوچارەنووسیان چ کەمپینێکی ڕاگەیاندن و یەکتر شکاندنیان دروست کردوە، ئەگەر ئەوان مافیان هەیە لەسەر شەڕی (ڕەسم ڕەسمێنە) ئەم فەزایە دروست بکەن، ئیتر بۆ خەڵکی کوردستان مافیان نییە بەرانبەر زوڵم و چەوساندنەوەی 20 ساڵی ئەم دەسەڵاتە خۆپیشاندان بکەن.
برای بەڕێز کاک عەبدوڵڵا مەگەر نابینی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی حیزبەکەت، چۆن لە (١) ملیۆن دۆلاری قەرزی یەکگرتوو خۆش بووە، ئەرێ هەرگیز پرسیوتانە سکرتێر (١) ملیۆن دۆلاری لە کوێ بوو؟ بەڕاست جەلال تاڵەبانی هەقی ئەوەی هەیە داهات و پارەی خەڵک ببەخشێتەوە یان بیدات بە قەرز؟ ئایا جەلال تاڵەبانی بە چ دەلیلێک لە قەرز خۆش دەبێت و داهاتی خەڵک بەفیڕۆ دەدات؟ کاک عەبدوڵڵا سکرتێری حیزبەکەت خاوەنی نوسینگەی خانو فرۆشتنە یان سەرۆکی حیزب، ئەگەر خەڵک بەم دەسەڵاتە بڵێ (ێرحل) بۆچی ئەبێت ناهەقی بێت!!!!!!!.
کاک عەبدوڵڵا مەگەر ئاگادارنیت سەرۆکی حکومەت و فریادڕەسەکەی دەسەڵاتەکەتان (نێچیرەڤان بارزانی)، لەسەر داهات و گیرفانی خۆی، یاریگایەکی نێودەوڵەتی لە زاخۆ دروست دەکات بۆ یانەی زاخۆ، ئەرێ کاک عەبدوڵڵا ڕۆژێک لە (نێچیرەڤان بارزانی)تان پرسی تۆ پارەی دروست کردنی یاریگایەکی نێودەوڵەتیت لە کوێ بوو؟ ڕۆژێک لە (نێچیرەڤان بارزانی)تان پرسی تۆ سەرۆکی یانەی ئەرسناڵی یان مانچستەریونایتد، ئەگەر خەڵک بەم دەسەڵاتە بڵێ (ێرحل) بۆچی ئەبێت شەڵاڵی خوێن بکرێت!!!!!!!.
ئەگەر کاک عەبدوڵڵا وابیردەکاتەوە کە بێجگە ڕێگای سەرکوت و بە سەربازگە کردنی شارەکان ڕیگایەکی تر نییە، من پێموایە باش بیری نەکردۆتەوە، ئەگەر ئەم بەڕێزە شەڕی ناوخۆ وەک چەکێک بەکار دەهێنێت بۆ سەرکوت و ترساندنی خەڵک، ئەوە خەڵکی کوردستان بوون سەدان ڕێپێوان و خۆپێشاندانیان کرد تاکو ئەوان کۆتایی بە شەڕی ناوخۆبهێنن.
ئەگەر کاک عەبدوڵڵا دەیەوێت خەڵک بەو جۆرە قانع بکات کە سەری ڕێگاکان هەموو داخراون بەهۆی ململانێ و کێشمەکێشی نادروستی ئەوان و ئۆپۆزسیۆن، ئەوا من پێموایە خەڵکی کوردستان خەریکن ڕێگایەکی تر دەدۆزنەوە، خەڵکی کوردستان خەریکن سەرەڕای هەر هەڕەشە و چاوسورکرنەوەیەکی دەسەڵات، سەرەڕای هەر فریودان و دیل کردنێکی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، خەڵک خەریکن ڕێگایەکی جیاوازیان دۆزیوەتەوە.
17 شوباتی ئەمساڵ سەرەڕای هەر کەموکوڕی و نائامادەیەک، سەرەتای ڕێگاکەیەو هەنگاوەکانی دەستی پێ کرد، خەڵکی کوردستان بۆ ژیانێکی ئازاد و ئینسانی خۆپێشاندان دەکەن، نەک بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و کوشتنی (شێرزادەکان)، تێکەڵ کردنی داخوازی خەڵک بەبۆنی باروت و دوکەڵی شەڕی ناوخۆ هەوڵێکی بێ بەرهەمە، باشترە کاک عەبدوڵڵا و دکتۆر شاهۆ دانیشن و بیرێک لە هاوپەیمانیەتیەکی تازە بکەنەوە، وەک چۆن مەلا بەختیار پێشبینی دەکات.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە