کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بانه‌یه‌ڵین گیانی کرێکاران له‌ کورستان هه‌رزان فرۆش بکرێت له‌ په‌راوێزی گیان له‌ده‌ستدانی (خالید محه‌مه‌د حه‌سه‌ن)دا

Tuesday, 25/01/2011, 12:00



ڕۆژی 11/12/2010 کاتژمێر 8.30 به‌یانی (خالید محه‌مه‌د حه‌سه‌ن) کرێکاری به‌شی سیانه‌ی فه‌رمانگه‌ی کاره‌بای حاجیاوا، کاره‌با ده‌یگرێت و بۆ ماوه‌ی 20 خوله‌ک به‌ عه‌مووده‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و دواتر گیانی له‌ده‌ستده‌دات، (خالید محه‌مه‌د حه‌سه‌ن) بۆیه‌ گیانی له‌ده‌ستدا چونکه‌ ده‌یوویست ژیانی خه‌ڵکانیتر له‌ مه‌ترسی کاره‌با بپارێزێت و دووربن له‌کاره‌سات و ڕووداوی نه‌خوازراو، ئه‌م کرێکاره‌ که‌ بوویه‌ قوربانی ده‌یوویست هێڵی کاره‌با له‌سه‌قفی ئه‌و خانووه‌ دوور بخاته‌وه‌ که‌ چه‌ند کرێکارێک کاریان له‌سه‌ر ده‌کرد، به‌ڵام گیانی (خالید)ی ته‌مه‌ن (55) ساڵ خۆی بوویه‌ قوربانی بێده‌ربه‌ستبوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له‌به‌رانبه‌ر ژیان (خالید) و پاراستنی ژیانی سه‌دان کرێکاری وه‌ک ئه‌ودا، ئه‌م کرێکاره‌ یه‌که‌م قوربانی و دوا قوربانی نه‌بوونی پێداویسته‌ سه‌ره‌تایه‌کانی خۆپاراستن نیه‌ له‌ مه‌یدانی کاردا، به‌پێی ئامارێکی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی کاره‌بای ڕانیه‌، له‌ساڵی 1992 تاکو ساڵی 2010 ، ته‌نها له‌شاری ڕانیه‌دا 15 کرێکار بوونه‌ته‌ قوربانی و 8 کرێکاریش که‌مئه‌ندام بوون، سه‌رچاوی هه‌واڵ بڕواننه‌ ماڵپه‌ڕی ڕۆژنامه‌ی ده‌ستوور.
ئه‌گه‌ر ڕۆژانه‌ چاوێک به‌ ماڵپه‌ڕ و بڵاوکراوه‌و هه‌واڵنامه‌کاندا بگێڕین، ئه‌گه‌ر سه‌یری که‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌کان و ته‌له‌فزیۆنه‌ لۆکاڵیه‌کان بکه‌ین، ئه‌گه‌ر گوێ له‌ ڕادیۆێ سه‌راسه‌ری و ئێف ئێمه‌کان بگرین، ئه‌گه‌ر سه‌ردانێکی مزگه‌وته‌کان و ئه‌و شوێنانه‌ بکه‌ین که‌ لافیته‌ی ڕه‌ش و هه‌وڵی کۆچی دواییه‌کانی لێ هه‌ڵده‌واسرێت، ئه‌وا هه‌واڵی چه‌ندین کاره‌سات و ڕووداوی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌بینین و ده‌بیستین، سه‌باره‌ت به‌ گیان له‌ده‌ستدان و که‌مئه‌ندام بوونی چه‌ندین کرێکار و فه‌رمانبه‌ر له‌مه‌یدانی کار و له‌کاتی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانیاندا، له‌هه‌ر جێگایه‌کی دنیادا کرێکار هه‌بێت به‌شێوه‌ی جۆراو جۆر کرێکاری قوربانیش هه‌یه‌، چونکه‌ سه‌رمایه‌داران و ده‌سه‌ڵاتداران نایانه‌وێت له‌ده‌سکه‌وت و قازانجی بێشووماری سه‌رمایه‌کانیان، بڕێکی بۆ پاراستن و سه‌لامه‌تی ژیانی کرێکاران له‌سه‌ر کاره‌کانیان دابین بکه‌ن.
سه‌رمایه‌داران و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ته‌نها سه‌ر‌گه‌رمی که‌ڵه‌که‌ کردنی سه‌رمایه‌و ساغ کردنه‌وه‌ی کاڵا و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ و پاراستنی پایه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆیانن، له‌و لاشه‌وه‌ ڕۆژانه‌ ده‌یان خێزان به‌گیان له‌ده‌ستدانی ئازیزێکیان شیوه‌ن و مه‌ترسی گوزه‌رانیان ده‌بێته‌ میوانێکی تاڵی ناوه‌ختی ژیانی ڕۆژانه‌یان، ڕاپه‌ڕاندن و ئه‌نجامدانی هه‌ر کارێک له‌لایه‌ن هه‌ر کرێکارێکه‌وه‌ که‌ سه‌ره‌تایترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی هه‌بێت، ده‌بێت ته‌وای ئاماده‌کاریه‌کانی سه‌لامه‌تی بۆ ئاماده‌ بکرێت، نه‌ک ته‌نها بۆ کرێکاره‌که‌ به‌ڵکو ده‌بێت ته‌واوی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ شوێنی کاره‌که‌وه‌ هه‌یه‌ بپارێزرێن و ئاگادار بکرێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ کوردستان ئه‌م به‌رپرسیاریه‌تیه‌ ده‌گمه‌نه‌و، که‌م چاڵی ئاو یان مه‌نهۆڵ هه‌یه‌ نه‌بووبێته‌ سه‌رچاوه‌ی خنکان یان برینداربوونی منداڵێک و دوای کاره‌ساتێکی جه‌رگبڕ پاشان سه‌ریان نه‌گیرابێت.
که‌مال ئیبراهیم کار‌مه‌ندی ویستگه‌ی گۆڕینی به‌کره‌جۆ ده‌ڵێت (به‌ حه‌ڤده‌ کارمه‌ند دوو جووت پێڵاوی تایبه‌تمان بۆ خۆپاراستن هه‌یه‌) بڕواننه‌ بڵاوکراوه‌ی (هاوپشتی کرێکاریی) ژماره‌ 2 ڕۆژی (21 تشرینی دووه‌می 2010) ئه‌م ئامار و واقیعه‌ته‌ تاڵه‌ی ژیانی کرێکارانی کورستان ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌سه‌لمێنێت، که‌ ژیان و ئه‌منیه‌ت و پاراستنی گیانی کریکاران له‌ ڕووداو کاره‌ساته‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌کاندا، له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رمایه‌دارن و کۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان هیچ جێگایه‌کی نیه‌و، ژیان و گیانی کرێکاران هه‌رزانترین کاڵای به‌کارهاتووی بازاڕه‌که‌ی ئه‌وانه‌، من دڵنیام هیچ سه‌رمایه‌دارێک ئاماده‌ نیه‌ له‌شه‌وێکی زستاندا یه‌ک ته‌ن چیمه‌نتۆی پرۆژه‌که‌ی به‌بێ داپۆشین به‌جێبهێڵێت، یه‌ک به‌رپرسی حیزبی و حکوومی ئاماده‌ نیه‌ له‌ جێگایه‌ک سه‌رمایه‌که‌یان بخه‌نه‌گه‌ڕ ئه‌گه‌ر دڵنیانه‌بن وه‌ک بیلبیله‌ی چاویان پارێزراوه‌، هیچ کۆمپانیایه‌ک ئاماده‌ نیه‌ پێش ئه‌وه‌ی سود و قازانچی به‌رهه‌مه‌کانی به‌بلۆک کراوی نه‌خاته‌ قاسه‌که‌یه‌وه‌، دۆلارێک خه‌رج بکات.
سه‌رچاوه‌کان ئه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن‌ (خالید) بۆیه‌ کاره‌با گرتوویه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ستکێش و تێسته‌ری به‌کار نه‌هێناوه‌، له‌کاتێکدا (خالید) خه‌ریکی (هێڵی 11) بووه‌و ئه‌م هێڵه‌ هێزه‌که‌ی زۆره‌، کاره‌ساته‌که‌ لێره‌دایه‌ که‌سێک پێیوابێت بۆ پاراستنی گیانی کرێکارانی کاره‌با له‌ (هێلی11) ته‌نها ده‌ستکێش و پلایس و ده‌ڕنه‌فیز کافیه‌، ئه‌م تێگه‌شتنه‌ بێجگه‌ به‌که‌م سه‌یرکردنی ژیانی کرێکاران و نه‌بوونی یاسایه‌ک که‌ نوێنه‌رایه‌تی پاراستنی مافه‌کان و ژیانی کرێکاران بکات شتێکیتر نیه‌.
ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌رده‌وام بۆ په‌رده‌پۆشکردنی کاره‌سات و ڕووداوه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌یان ئاماده‌کردوه‌ که‌ له‌مباره‌وه‌ ڕووبه‌ڕوویان ده‌کرێته‌وه‌، ئامانجیشیان له‌و وه‌ڵامه‌ ئاماده‌کراوانه‌ خاڵی کردنه‌وه‌ی شانی خۆیانه‌ له‌به‌رپرسیاریه‌تی و هه‌وڵنه‌دانه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنیان، له‌کاتی ڕووداوی هاتوچۆدا که‌ ڕۆژانه‌ ده‌یان که‌س ده‌بێته‌ قوربانی و، هه‌ندێک ڕێگا وه‌ک ڕێگای مانونه‌مانی لێهاتووه‌ بۆ هاوڵاتیان، ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن هۆکاره‌که‌ی خێرای لێخوڕینه‌ له‌ لایه‌ن شۆفێره‌کانه‌وه‌، له‌کاتێکدا خۆکوشتن له‌ کوردستان خه‌ریکه‌ ده‌بێت دیاره‌، ده‌سه‌ڵاتداران به‌رده‌وام ده‌ڵێن ئه‌و که‌سه‌ی که‌ خۆی کوشتووه‌ هیچ کێشه‌یه‌کی نه‌بووه‌ به‌ڵام باری ده‌روونی ته‌واو نه‌بووه‌ ، له‌ کاتێکدا کریکارێکی وه‌ک (خالید) له‌سه‌ر کار ده‌بێته‌ قوربانی و گیان له‌ده‌ست ده‌دات ده‌ڵێن ده‌ستکێشی به‌کار نه‌هێناوه‌.
ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌و کاره‌سات و ڕووداوانه‌ن که‌ یه‌خه‌ی کرێکاران ده‌گرێت و دواجار ده‌بێته‌ مایه‌یه‌ی گیان له‌ده‌ستدانیان، ده‌سته‌ڵادارانی کوردستان ده‌توانن ته‌نها له‌و داهاته‌ی بۆ ئه‌و به‌رپرسه‌ حیزبیانه‌ی سه‌رف ده‌که‌ن و به‌ پله‌ی وه‌زیر خانه‌نشینیان ده‌کات، به‌شێکی به‌رچاو له‌و پێداویستیانه‌ بۆ کرێکاران ئاماده‌ بکات که‌ ده‌توانێت مه‌ترسیه‌کانی سه‌ر ژیانیان له‌کاتی کاره‌کانیاندا که‌متر بکاته‌وه‌‌، به‌ڵام دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ئه‌م کاره‌ ناکه‌ن، بۆ مسۆگه‌ر کردنی که‌شێکی ته‌ندروست له‌مه‌یدانی کاردا بۆ کرێکاران و به‌هه‌رزان سه‌یر نه‌کردنی ژیانیان، به‌نده‌ به‌ ئاماده‌بوون و یه‌کڕێزی کڕیکاران خۆیانه‌وه‌، بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافه‌کانیان و پاراستنی ژیانیان، ئه‌مه‌ش‌ ته‌نها ڕێگایه‌.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە