کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕه‌وینه‌وه‌ی فریووکاریه‌کان

Wednesday, 23/03/2011, 12:00



20 ساڵه‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ فریوده‌درێت، 20 ساڵه‌ به‌ ئازاره‌کانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ خه‌ڵکی کوردستان فریوده‌درێت، نزیک به‌ چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌که‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ناو ئێش و ئازاری کاریگه‌ریه‌کانی کیمیاباراندا ده‌تلێنه‌وه‌، 20 ساڵه‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ ئازار و برینه‌کانیان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌وه‌ ده‌کرێته‌ هه‌وێنی فریودان و چاوبه‌ستێکی ئاشکرا.
هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نها دوا ویستگه‌ی به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاوی نیه‌، هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نها تابلۆیه‌کی واقیعی مه‌رگ و ژیانی نه‌وه‌یه‌ک نیه‌، هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نها پانۆرامای ئاواره‌بوون و ئاودیوبونی سنوره‌کان نیه‌، هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نها کتێبێکی گه‌وره‌ی پر له‌ داستان و دابڕانی نێوان ئینسانه‌کان نیه‌، به‌ڵکو هه‌ڵه‌بجه‌ ڕه‌وڕه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وامی کولانه‌وه‌ی زامه‌کانه‌، هه‌ڵه‌بجه‌ کێڵگه‌یه‌کی به‌پیتی قۆناغێکی دیاریکراوی ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌.
هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دوای ئازاری (1991)وه‌ باشترین ئامرازی ده‌ستی (یه‌کێتی و پارتی) بووه‌ بۆ فریودان و ململانێ سیاسیه‌کان، هیچ کاتێک هه‌ڵه‌بجه‌ کورتی نه‌هێناوه‌ له‌وه‌ی که‌ بکرێته‌ سه‌رخه‌تی پیاهه‌ڵدان و پێشبڕکێی مانشێته‌کان، ڕێگاکه‌ی به‌رده‌وام کراوه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی (کۆڵن پاوڵ، برێمه‌ر،کریستۆڤه‌رهێل، بارزانی، تاڵه‌بانی، هاشمی،به‌رهه‌م ساڵح) خۆیان و کاسته‌که‌یان ئاماده‌بن و شانۆگه‌ریه‌که‌یان نمایش بکه‌ن.
له‌ 20 ساڵی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی (یه‌کێتی و پارتی)دا ده‌یان جار خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ کۆکراونه‌ته‌وه‌ و پاشان خه‌ڵکی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌ سارده‌کانیان و ده‌سه‌ڵاتدارانیش بۆ کۆشکه‌ فیرعه‌ون ئاساکانیان، زۆر جار له‌ پرۆتۆکۆڵێکی بێناوڕۆکدا له‌ نێوان خه‌ڵکی مه‌حرومی هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌سه‌ڵاتداراندا،خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌یان به‌ بێمافیه‌کانیان ڕازی کردووه‌، ده‌یان جار به‌رپرسه‌ جۆراو جۆره‌کانی (یه‌کێتی و پارتی) به‌ گشتی، (به‌رهه‌م ساڵح)ی (سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان) به‌ تایبه‌تی سوێندی به‌ جامانه‌کی (عومه‌ری خاوه‌ر) خواردووه‌،زۆر جار وته‌بێژی حکومه‌ت و نوێنه‌ری سه‌رۆکی هه‌رێم په‌یامی ئه‌فسوناویان گه‌یاندۆته‌ خه‌ڵکی شار.
کۆی پێکهاته‌ی کاری ده‌سه‌ڵات له‌م 20 ساڵه‌دا بۆ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ فریودان و چاوبه‌ست بووه‌، هه‌ر له‌م ڕێگایه‌وه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌وڵیداوه‌ فریودان و قایل کردنی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ناعه‌داله‌تیه‌کان، په‌رچه‌کردار له‌سه‌ر ته‌واوی شاره‌کانی کوردستان دروست بکات، ده‌سه‌ڵات له‌و کۆده‌ تێگه‌شتووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر بتوانێت خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ی دوای کیمیاباران فریوو بدات و چاوبه‌ستیان بکات ئه‌وا شاره‌کانی تر ئاسانتره‌،هه‌ر بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌دوای هه‌ر ئاڵوگۆڕێک یان هه‌ر پێشهاتێک یان هه‌ڵبژاردنێک به‌ئاسمان یان به‌ زه‌مین خۆیان گه‌یاندۆته‌ هه‌ڵه‌بجه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له‌سه‌ر بیردۆزی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕاو بکه‌، شاره‌کانی تر ده‌سته‌مۆده‌بن کاری کردووه‌.
به‌بڕوای من له‌دوای (16/3/2006)وه‌ سه‌ره‌تای فریودان و چه‌واشه‌کاری ده‌سه‌ڵات لای خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌، وه‌ک به‌فری به‌هار ده‌ستی به‌ توانه‌وه‌ و ڕه‌وینه‌وه‌ کرد،له‌ (16/3/2006)داخه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ توێکڵی ئه‌و به‌رگه‌ی له‌خۆی کرده‌وه‌ که‌ به‌فریودان و چاوبه‌ست قایل بێت و به‌ده‌ستی به‌تاڵ ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ بکرێته‌وه‌، خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ تێگه‌شتن که‌ ئیتر ئه‌م گه‌مه‌یه‌ ده‌بێت کۆتایی بێت.
سه‌ره‌ڕای ده‌یان سیناریۆی داتاشراو بۆ له‌باربردنی ئاماده‌ی و هاتنه‌ مه‌یدانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌، سه‌ره‌ڕای له‌شکر کێشی و بڵاوه‌پێکردنی هێزی سه‌ربازی جۆرا و جۆر، به‌ڵام وه‌ک حه‌تمیه‌تێکی سروشتی که‌ (چی بچێنیت ئه‌وه‌ ده‌دوریته‌وه‌) ئه‌وا ئه‌مڕۆ (22/3/2011) خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌سه‌ڵاتداران خه‌ریکن به‌روبوومی خۆیان ده‌چننه‌وه‌، هه‌ر ئه‌مڕۆ قۆناغێکی تازه‌ی ململانێی نیوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات ده‌ستی پێکرد.
له‌وانه‌یه‌ له‌ شکڵدا داواکاری ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی (قایمقامی هه‌ڵه‌بجه‌) خواست و هه‌نگاوێکی گه‌وره‌ نه‌بێت، به‌ڵام له‌ ڕاستای ئه‌و ڕاستیه‌ به‌رجه‌سته‌کراوه‌ی که‌ ئیتر خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ده‌ستی به‌تاڵ ناڕۆنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه،داواکاریان هه‌یه‌و ده‌یسه‌پێنن، هه‌نگاوێکی یه‌کجار گه‌وره‌ و دڵخۆشکه‌ره‌،خه‌ڵکی ناڕازی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و نرخه‌یان له‌سه‌ر خۆیان فڕێدا که‌ (یه‌کێتی و پارتی) وه‌ک کاڵایه‌ک له‌سه‌ریانی دانابوو، ئه‌مڕۆ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئینسانی بوونی خۆیان نزیک ده‌بنه‌وه‌، که‌ 20 ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له‌ ناو کایه‌ سیاسیه‌کاندا سه‌پاندوویه‌تی به‌سه‌ریانداو لێی زه‌ووت کردون.

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە