کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا 31ی ئاب ئاماژه‌ نییه‌ به‌ کاره‌ساتێک؟

Monday, 30/08/2010, 12:00


31ی ئاب له‌ مێژووی گه‌لی کورددا به‌ گه‌وره‌ترین تاوان و خیانه‌ت دێته‌ ژمار،له‌به‌رئه‌وه‌ی رژێمی به‌عسی فاشی دوای ئه‌وه‌ی له‌ راپه‌ڕینی 1991به‌ خوێن له‌کوردستان وه‌ده‌رنرا،که‌چی به‌ده‌ست و داواکاری و پاڕانه‌وه‌ی پارتێک کڕنۆشی بۆ براو جارێکیتر له‌ 1996دا توانیان که‌ڵبه‌ی تیژیان نیشانی کوردستانی رزگارکراو بده‌نه‌وه‌،ئه‌م مه‌رگه‌ساته‌ له‌ ژیر هه‌ر پاساوو بیانویه‌کدابێت بووه‌ مایه‌ی شه‌هیدبوونی چه‌ندین که‌سی قاره‌مان ،نه‌ک ته‌نها له‌ هێزی به‌رامبه‌ر،بگره‌ خه‌ڵکی سیڤیل وبێلایه‌نیش له‌سه‌رجه‌م پیکهاته‌کان ودواتر به‌ تاڵانبردنی سه‌روماڵی کوردستانیان و په‌ڕاگه‌نده‌وئاواره‌بوونی خه‌ڵکێکی زۆر تا حاڵی حازر له‌ زێدی باب وباپیرانیان.

ئه‌م تاوانه‌ له پێنجی‌ به‌ره‌به‌یانی 31.08.1996ئه‌نجامدرا،کاتێک خه‌ڵکی شار له‌ باوه‌شی خه‌وی شیریندابوون رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێڕاق به‌رێکه‌وتنی ژێربه‌ژێرو به‌ کتوپڕی هێرشیان کرده‌ سه‌ر شاری هۆلاکۆ به‌زێن و زرمه‌ی پۆستاڵ وگرمه‌ی تۆپی ده‌بابه‌کان‌ گوێیه‌کانی کاس ده‌کردو هه‌ولێرخڵتانی خوێن و شه‌هید کرا،ئه‌مڕۆ 14ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ ده‌گوزه‌رێت،که‌چی تائێستا شوێنه‌واری ئه‌م کاره‌ساته‌ برین و ژانێکی گه‌وره‌یه‌و له‌ بیرو ناخی تاکی کورددا ده‌سوڕێنه‌وه‌،ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمان و پرسیاره‌،ئه‌م کاره‌ساته‌ هه‌ر ته‌نێ ده‌رهه‌ق به‌ هێزی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌ڕێوه‌نه‌چوو،به‌ڵکو ژماره‌یه‌کی زۆری حیزب و لایه‌نی کوردستانی وعێراقیشی ته‌نییه‌وه‌و بنکه‌و باره‌گاکانیان وێران و تاڵانکراو چه‌ندین کارمه‌ندو لایه‌نگریشیان راپێچی ژووره‌ تاریکه‌کانکران و ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ چاره‌نووسیان نادیاره و لایه‌نه‌ زه‌ره‌رمه‌نده‌کانیش خۆیان مت وبێده‌نگ کردووه‌!!

ئه‌م کاره‌ساته‌ له‌وه‌ ده‌رچوه‌ خۆی لێ لابدرێت،ژ به‌رکو له‌ جیهان به‌گشتی ناسراوه‌و له‌ زۆر به‌رنامه‌ی رووبه‌روو بابه‌تی سه‌ره‌کی بووه‌و له‌ چه‌ندین گۆڤارو رۆژنامه‌ و سایته‌کانی ئینته‌رنێت گرته‌ی ڤیدیۆییشی لێوه‌رگیراوه‌و تۆمار کراوه‌،ساڵانه‌ش یاد ده‌کرێته‌وه‌و په‌رده‌پۆش ناکرێت،که‌چی زۆر به‌داخه‌وه‌ پارساڵ له‌ میدیا کوردییه‌کان جگه‌ له‌ (کوردستان پۆست)و(لڤین)و چه‌ند خه‌مخۆرێکی نه‌ته‌وه‌که‌مان، راگه‌یاندنه‌کانی تر کپ و ورته‌یان لێوه‌ نه‌هات نه‌ به‌ چاک نه‌ به‌خراپ،وه‌ک(ئه‌مڕۆ له‌ مێژوودا)یا(بۆ مێژوو)له‌ هیچ که‌ناڵێکی ئاسمانیی و لۆکاڵیش په‌نجه‌ی بۆ درێژ نه‌کرا،به‌ڵام ئه‌مساڵ ره‌نگه‌ جیاوازتر بێت.

ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ بڵێم رووداو زۆرن که‌ بڤه‌ن و باسی لێوه‌ناکرێن و راستییه‌کان هه‌رله‌م و له‌و ده‌بیسترێن(ئه‌میش به‌هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی ئاشکرا)،به‌ڵام 31.08به‌ هیچ کلوجێک زینده‌به‌چاڵ ناکرێت، قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ مێژووییه‌ش وه‌ک رووداوه‌کانی تری گه‌لی کورد نارۆشن نین ، به‌ڵگه‌ی 31 ی ئاب زۆرزه‌قه‌ که‌ پارتی ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مانه‌وه‌ی خۆی و دوور له‌ هه‌موو به‌هایه‌کی مرۆڤایه‌تی ئه‌م کاره‌ی کردووه‌و هه‌روه‌ک یه‌کێک له‌ به‌رنامه‌کانی-که‌ی تیڤی-ساڵی 2001 کاتێک فه‌ڕه‌نسۆحه‌ریری راسته‌وخۆ پرسیاری لێکرا له‌ لایه‌ن خانمێکی په‌ناهه‌نده‌ی سوید.بۆچی ئه‌و کاره‌تان کردوو خه‌ڵکتان ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر کرد؟له‌ ورامدا بێشه‌رمانه‌ گووتی:گه‌ر مه‌ترسیمان له‌سه‌ر بێ و بۆمان بکرێت جارێکیتریش ده‌یکه‌ینه‌وه‌،شانازیشی پێوه‌ده‌کرد به‌بێ ئه‌وه‌ی وورده‌کاری ته‌واو بدرکێنێت(ئه‌وه‌ فڕه‌نسۆ که‌حزبه‌که‌ی - گۆڕه‌پانی یاری- له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ به‌ناو کردووه‌ له‌ هه‌ولێر!!!،چه‌ندین قاره‌مانیش ناوه‌کانیان هه‌ر گم بوه‌). وای باس ده‌که‌ن که‌ ئه‌وان خۆیان لکاندوه‌ به‌ نه‌وه‌ی شه‌یتان له‌ ناچاری بوه‌،واته‌ نه‌وه‌ی ناچار بێت،ده‌بێت په‌نا بۆ خیانه‌ت ببات!

له‌و ماوه‌ی پێشووش مه‌سعودی بارزان له‌ کۆنگره‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان داوای لێبوردنی له‌ شه‌ڕی ناوه‌خۆکرد، وه‌ک بیرهێنانه‌وه‌یه‌ک له‌ تاوانه‌کانی رابردوو،و سپی کردنه‌وه‌ی ئه‌و له‌که‌ گه‌وره‌یه‌ که‌ هه‌رده‌م وه‌ک مێرده‌زمه‌ له‌به‌رچاویانه‌،ئایا وا باشتر نییه‌په‌رله‌مان(ئه‌وێ رۆژێ عه‌له‌می عروبه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵکرابوو)،ئه‌مڕۆ تارابردوو دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ له‌به‌رده‌م گه‌لی کوردستان و ئه‌ندامه‌ دڵسۆزه‌کانی دۆسییه‌یه‌ک بۆ ئه‌م تاوانه‌ بکه‌نه‌وه‌‌؟

چونکه‌هه‌رچه‌ند ئه‌م تاوانه‌ له‌ لایه‌ن بکه‌ره‌کانی یه‌وه بێده‌نگی لێبکریت، ئه‌وا ئه‌وه‌نده‌ سزاکان قوڕسترو زیاتر ده‌بن،جا من وه‌ک کوردێکی مارانگاز نامه‌وێت برین و کای کۆن به‌ با بکه‌م ،چونکه‌ هه‌رگیز له‌گه‌ڵ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کان نیم و شه‌ڕی خۆکوژیش زۆری دواخستین،به‌ڵام ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌م تاوانه‌ هه‌ر دژی یه‌کێتی نیشتمانی نه‌کرا،به‌ڵکو زۆر لایه‌ن و خه‌ڵکی بێتاوانیشی گرته‌وه‌، ئێ باشه‌ گه‌ر یه‌کێتی به‌ هۆی رێکه‌وتنی ستراتیژی ورته‌ ‌ناکات، ئه‌ی ئه‌وانی دی کام رێکه‌وتن کۆیان ده‌کاته‌وه‌؟!

له‌سه‌رده‌می عه‌وله‌مه‌ شدا به‌ری رۆژ به‌ بێژنگ ناگیرێت و تاسه‌ر ناکرێ بێ ده‌نگی هه‌ڵبژێرن،به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ دڵسۆزو خه‌مخۆری گه‌ل ده‌زانن وخاوه‌ن قه‌ڵه‌م و مێژوونوسن ،پێویسته‌ مێژوو وه‌ک خۆی بنوسرێته‌وه‌، مه‌رج نییه‌ هه‌موو زمانی زبر به‌کار بهێنن و بکه‌رانی ریسوا بکه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاوانه‌که‌ هه‌رگیزاو هه‌رگیزون نابێت ، وه‌ک ئه‌رکێکی نیشتمانی و به‌س به‌ کاری خۆیان هه‌ڵستن، تا چیترویژدان و ناخیان هه‌ست به‌ ئازار نه‌کات بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و رووداوه‌ هه‌رکه‌سه‌و له‌ گۆشه‌نیگای خۆیه‌وه‌ بخه‌بتێ،گه‌لێکیش هه‌ن شاهید عه‌یانن با بیره‌وه‌ری ئه‌و رۆژه‌یان بخه‌نه‌ سه‌ر کاغه‌ز،نه‌بادا دوای چه‌ند ساڵیکی تر ئه‌مه‌ش بکرێته‌ داستانێک و ده‌رخواردی نه‌وه‌ی نوێی پێ بدرێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە