کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حکومەتی هەرێم کڵاوێک بوو کرایە سەری کورد

Tuesday, 24/10/2017, 23:53


پارتەکان بۆ حکومەت و پەڕلەمان نابن. ناتوانن نەوتیان لەژێر دەستدا بێت. ئەوان هەر دەتوانن جاشی وڵاتان بن.
----------------------------------
دوای ڕوخانی رژێمی سەددام حوسەین عێراق هەڵوەشایەوە. پرسیارە سیاسییەکە بوو بەوەی کە چۆن عێراق دروست بکرێتەوە. بەشێکی گەورەی ئەم ئەرکە کەوتە سەر شانی پارتە کوردییەکان. پارتە کوردییەکان کە ئەوسا دوو پارتی سەرەکیی بوون، یەکێتی و پارتی، حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ دروست کردن. ئەم حکومەتی هەرێمە لەو شوێنانەدا پێک هات کە تا رۆژی  19 / 03 / 2003 لە ژێر دەستەڵاتی ئەو دوو پارتەدا بوون. ئەو شوێنانەش هەولێر، سلێمانی و دهوکی دەگرتەوە. دروستبوونی حکومەتی هەرێم لەسەر ستراتیجی دروستکردنەوەی عێراق بوو. ئەمەش بڕیاری بونیادی ئەو حکومەتەی دا کە چۆن حکومەتێک بێت. حکومەتێک بۆ ئەوەی چەند رۆڵێک ببینێت:
یەکەم، دەستەڵاتی کوردیی ببێت بە پارسەنگ لە نێوان شیعەو سوننەدا. 
دووەم، وەکو فشارێک بەکار بێت بۆ سەر دەستەڵاتی بەغداد. بە نمونە، بینیمان کە ریفراندۆمی ساڵی ٢٠٠٥ رۆڵی ترساندنی شیعەو سوننەی بینی کە ئەگەر یەک نەگرن ئەوە کوردەکان هەڕەشەی جیابوونەوە دەکەن. (لە کاتی خۆیدا باسم لەم خاڵە کردووە.)
سێیەم، دەستەڵاتی پارتەکان زامنی ئەوە بکەن کورد قەوارەیەکی نەتەوەیی دروست نەکات. واتە پارتەکان بۆ ئەوە هەبن کە کورد نەبێت بە هیچ. لە جیاتی ئەمە بازرگانەکانی جەنگ پارەیەکی زۆریان وەرگرت و ئەو ناوچانەشیان کرد بە دەستکەوت و نێچیری تاڵانیی.
چوارەم، ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتیان لە عێراقێکی هەڵوەشاودا کۆنترۆڵ بکەن. بەتایبەت دژی توندڕەوە ئیسلامییەکان.
هەموو ئەمانەش ئەوەیان دەگەیاند کە حکومەتی هەرێم کاتیی دەبێت، لەگەڵ نەمانی ئەو مەبەستە سیاسییانەدا کە بۆی دروست بوو نامێنێت.
ریفراندۆم
جوڵاندنی داشی ریفراندۆم، وەکو پێش رودانی باسم لێوە کرد، جوڵاندنی دەوڵەتانی ناوچەکە بوو بۆ گەلەکۆمەکێ دژی دەستەڵاتی هەرێم. کۆدەتای دەستەڵاتی هەرێم بەسەر گەلەکەی خۆیدا رۆژی  16 / 10 / 2017 فیکەی هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم و کۆتایی ئەم ئەرکە ٢٦ ساڵەییە بوو. ساڵی (١٩٧٤)یش دەستەڵاتی پارتی بە فیتی ئێران شەڕی کردەوە دژی عێراق بە حساب لەسەر کەرکوک. بەڵام ئەنجامی شەڕەکە ئاشبەتاڵ و لە دەستدانی هەموو ناوچەکانی تریش بوو. دەستەڵاتی پارتی بە شای ئێرانی وت مادام شا ئیشی بە جوڵانەوەکە نەماوە ئەوا ئەمانیش ئیشیان پێی نییە.
دروستبوونەوەی عێراق دوای شەڕی داعش گەشتۆتە ئەو قۆناغەی کە دەبێت ناوچەی هەرێمیش بە سیاسەتی عێراقیی رێکبخرێتەوە. ئەمەش بناغە دادەڕێژێت بۆ ئەوەی کە چاوەڕێ بکرێت:
١. حکومەتی هەرێم هەڵبوەشێتەوە. شارەکانی وەکو هەر شارێکی دیکەی عێراق ئەنجومەنی پارێزگایان تیادا هەڵببژێردرێت.
٢. هێزی پێشمەرگە بە سەربەستیی نەمێنێت. لە رێکخستنی هێزە رەسمییەکانی عێراق سوپاو پۆلیسدا جێگایان بۆ بکرێنەوە. بەمەش ژمارەیەک سەرگردەو بەرپرس دەستەڵاتی میلیشیایی لە دەست دەدەن. 
٣. موچەی فەرمانبەران بکەوێتە ئەستۆی حکومەتی ناوەند.
٤. ئیدارەی شارەکان لە دەستێوەردانی حیزبە پیسخۆرەکان رزگاریان ببن.
٥. بەرپرسانی پارتەکان تڕۆ ببن و بکەونە بەر لێپرسینەوە.
حکومەتی هەرێم لە سەر بناغەیەکی نەتەوایەتیی دروست نەبوو کە خاکی نیشتیمان بکات بە ناوچەی خۆی و بونیادێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی لەسەر دابمەزرێنێت کە کارەکتەرێکی سیاسیی و نەتەوایەتیی هەبێت. بە پێچەوانەوە، سەرگردەکان و سودمەندەکانیان بە درێژایی ئەو چەند ساڵە توانیان کۆمەڵگا گەندەڵ بکەن لەسەر هەموو ئاستەکان. بە جۆرێک کە لە ئێستادا نە گەلەکەی ئامادەیی بەرگریی تیادا هەبێت نە وڵاتان هیچ هۆکارێکی موراڵیی و یاساییان هەبێت پشتگیریی لە ژمارەیەک دزو ناپاک بە گەلی خۆیان بکەن.
ئەو هێڵانەی کە پارتەکان بۆیان ماوەتەوە لەسەری بڕۆن هەر هێڵی جاشێتییە کە بۆ وڵاتانی بکەن. پارتەکان بە درێژایی مێژوویان هەمیشە بۆ وڵاتێکی بێگانە ئیشیان کردووە، هەرگیز سیاسەتێکی کوردییان نەبووە. کاتێک کە لە عێراقدا پشکێکی باشیان بەرکەوت لە حوکمدا بە پێی سروشتی خۆیان نەیانتوانی قەوارەو پێگەیەکی لێ دروست بکەن نەڕوخێت. لەجیاتی ئەوە کەوتنە پیلانگێڕیی لە عێراق و تاڵانکردنی نەوت لەگەڵ تورکیادا کە چاوەڕوانکراو بوو تورکیا بەکاری بهێنێتەوە دژی خۆیان. ئێستا پارتەکان لەبەردەمی ئەو راستییەدا وەستاون کە بخرێنەوە قاوغی جاشێتیی خۆیان لە دۆڵ و لاکۆڵاندا. ئەوان بۆ ئەوە نابن نەوتیان لە ژێردەستدا بێت، پەڕلەمان و حکومەتیان هەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە