هه‌ڵکردنی ئاڵای ده‌وڵه‌تی کوردیی
Friday, 23/05/2014, 12:00
کوردستانپۆست: رۆژی 21 مانگ یادی تێپه‌ڕبوونی راپه‌ڕینی ساڵی 1919 بوو که بۆ یه‌که‌م جار ئاڵای ده‌وڵه‌تی کوردیی تیاهه‌ڵکرا. ئه‌م یاده به بێده‌نگیی تێپه‌ڕی بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێک کرنگیی پێ بدات. ئێمه به‌م بۆنه‌یه‌وه دووباره ئه‌م وتاره بڵاوده‌که‌ینه‌وه.
*******************
راپه‌ڕینی 21 مایسی ساڵی (1919)ی سلێمانی
(رۆژی 21 مانگ 94 ساڵ تێپه‌ڕی به‌سه‌ر هه‌ڵکردنی ئاڵای ده‌وڵه‌تی کوردییدا. راستییه مێژووییه‌کان روداوه‌کانی سه‌رده‌م به جۆرێک لێکده‌ده‌نه‌وه که ئه‌مڕۆمان پێویستی به‌وه‌یه گوێی خۆی که‌ڕ بکات لێیان.)
له ماڵی سه‌ید عومه‌ری مامی شێخ مه‌حمود کۆبوونه‌وه‌یه‌ک کرا و بڕیار درا کۆده‌تایه‌ک دژی عوسمانییه‌کان رێکبخرێت. به پشتگیریی هاوپه‌یمانه‌کان به گشتیی و ئینگلیز به تایبه‌تی که له خاکه‌که‌دا بوو سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به‌ده‌ست بهێنرێت (5/36). ئه‌م نیازه‌ش ته‌ریب بوو به هه‌وای ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌یه‌ی که هاوپه‌یمانه‌کان و هه‌روه‌ها به‌نده‌کانی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکیی ودرود ولسن دروستیان کرد بوو ده‌رباره‌ی مافی مرۆڤ و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لان.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا بڕیاریان دا که وه‌فدێک بنێرن بۆ کفری بۆ لای ئینگلیزه‌کان بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانیش په‌یوه‌ندیی بکه‌ن به (ولسن)ی جێگری حاکمی گشتیی عێراقه‌وه. وه‌فده‌که به سه‌رۆکایه‌تیی "فایه‌ق تۆفیق" ناسراو به فایه‌قی تاپۆ و ئه‌ندامه‌تیی "عیزه‌ت تۆپچی" و "تایه‌ر ئه‌فه‌ندی" رێکخرا و چوو بۆ کفری. له‌وێوه په‌یوه‌ندییان کرد به (ولسن)ه‌وه. ئه‌م گفتوگۆیه ره‌نگه بتوانرێت به یه‌که‌م گفتوگۆی شێخ مه‌حمود له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌کان له‌قه‌ڵه‌م بدرێت.
وه‌فده‌که‌ی کورد به سه‌رۆکایه‌تیی فایه‌قی تاپۆ له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌کاندا له‌سه‌ر ئه‌م به‌ندانه رێککه‌وتن:
1 .هاوپه‌یمانه‌کان دوای ده‌رکردنی تورک دان به سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا ده‌نێن به‌مه‌رجێک حکومه‌تی کوردستانی خواروو راوێژکاره سیاسیی و ئابوریی و سه‌ربازییه‌کانی بۆ چه‌ند ساڵێک ئینگلیز بن. کۆنگره‌ی ئاشتیی جیهانییش ده‌بێت یارمه‌تیی هاوپه‌یمانه‌کان بدات و له گه‌ڵیان بێت.
2 .ئینگلیز بۆی نییه ده‌ست بخاته ناو ئیشوکاری ناوخۆی وڵاته‌که‌وه ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتدارێتی نیشتیمانیی له‌سه‌ر نه‌بێت.
3. کورده‌کان تا سنوری سروشتیی خۆیان وه‌رده‌گرن، ئینگلیز چاودێرییان لێ ده‌کات و هه‌ر ئه‌ویش یارمه‌تییان ده‌دات بۆئه‌وه‌ی بچنه کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مافیان بپارێزرێت.
4. به‌هۆی ته‌شه‌نه‌کردنی گرانیی و برسێتیی له کوردستاندا، ده‌وڵه‌تی ئینگلیز ده‌بێت یارمه‌تی ئابورییی کورد بدات.
5. ده‌بێت ئینگلیز چه‌ک و زه‌خیره‌ی جه‌نگ بدات به سوپای کورده‌کان.
6. نابێت هێزی سوپایی بنێردرێت بۆ کوردستان ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندیی هه‌ردوو لای له‌سه‌ر نه‌بێت.
7. له کاتی باسکردنی کێشه‌ی مافی چاره‌نوسی گه‌لاندا له کۆنگره‌ی ئاشتی جیهانیی و کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لاندا، هه‌وڵدان له لایه‌ن هاوپه‌یمانه‌کانه‌وه ده‌درێت بۆ یه‌کگرتنی کوردستانی ئێران و کوردستانی عێراق.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌فده‌که له‌کفری شێخ مه‌حمود و هاوکاره‌کانی کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان به نهێنیی له سلێمانی کرد و بڕیاری کۆده‌تایه‌کی سه‌ربازییان دا دژی تورک. تورکه‌کان به‌مه‌یان زانی و سه‌رئه‌نجام له‌سه‌ر ئه‌وه رێککه‌وتن که هێزه‌کانی تورک بێ شه‌ڕ خۆیان بده‌ن به‌ده‌سته‌وه به‌مه‌رجێک نه‌یان ده‌نه ده‌ست ئینگلیز (5/38).
حوکمداریی یه‌که‌می شێخ مه‌حمود 1918
مێجه‌ڕ نۆئێل له کفرییه‌وه هات بۆ داریکه‌لی و له‌وێشه‌وه رۆژی (16)ی مانگ گه‌شته سلێمانی. (1/111). رۆژی دوایی (17)ی مانگی یانزه‌ی ساڵی (1918) کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره له سلێمانی ساس کرا. مێجه‌ڕ نۆئێل به پێی ئه‌و فه‌رمانه‌ی له ولسنی حاکمی گشتی عێراقه‌وه وه‌ری گرتبوو به زمانی فارسی رایگه‌یاند که شێخ مه‌حمود حوکمداری کوردستانه و هیواش وایه که له داهاتوویه‌کی نزیکدا دان به سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی گه‌وره‌شدا بنرێت. مێجه‌ڕ نۆئێل راوێژکاری سیاسیی و مێجه‌ڕ دانلیس راوێژکاری سه‌ربازییه (5/39). نۆئێل گفتی دا که ئه‌وه‌ی ناوچه‌کان پێویستیانه له رێکخستن جێبه‌جێی بکات و له‌گه‌ڵ حکومه‌تی تازه‌ی دامه‌زراودا یه‌کی بخات.
راستیی سیاسه‌تی ئینگلیز
یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانی نۆئێل نه‌هێشتنی پاشماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌کان بوو. نفوزی عوسمانییه‌کان له سلێمانی شلۆق بوو. نوئێل ئه‌م ئه‌رکه‌ی چواند به راوه‌شاندنی دارێک به‌ره‌که‌ی گهییووبێت. (1/117). ناوه‌ڕۆکی سیاسه‌ته‌که‌ی نۆئێل که له "ولسن"یه‌وه وه‌رگرتبوو بریتی بوو له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه:
1. مێجه‌ڕ له وتووێژدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکه‌کانی ناوچه‌کاندا ده‌بێت حسابی ئه‌وه بکات که ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی ئینگلیز رێی تێناچێت هێزێکی سوپایی بنێرێت بۆ سلێمانی بۆئه‌وه‌ی هه‌میشه له‌وێ بمێنێته‌وه.
2. مێجه‌ڕ نۆئێل له‌گه‌ڵ سه‌رۆکه ناوچه‌ییه‌کاندا ئه‌و ناوچانه رێکده‌خات و ده‌یانپارێزێت که هێشتا له لایه‌ن هێزی سه‌ربازیی ئینگلیزه‌وه داگیرنه‌کراون.
3 . که‌سانی سه‌ر به دوژمن ته‌سلیم ده‌که‌نه‌وه‌و به‌ر له چالاکییه‌کانیان ده‌گرن و هێزه‌کانی ئینگلیز به شتومه‌کی پێویست ده‌قه‌ت ده‌که‌ن.
4 . له سه‌ر بنه‌مای تێگه‌شتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆکه ناوچه‌ییه‌کاندا ئه‌وه‌ی ده‌کرێت پێویسته‌و جێگای پیاچونه‌وه‌یه له هه‌ر کاتێکدا بێت.
5. مێجه‌ڕ سه‌رپشکه شێخ مه‌حمود، ئه‌گه‌ر ده‌کرێت، دابنێت به نوێنه‌ری ئینگلیز له سلێمانی. هه‌روه‌ها مێجه‌ڕ ئه‌گه‌ر پێی باش بێت ده‌توانێت له ناوچه‌کانی تری وه‌کو چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ڵه‌بجه‌و شوێنانی تر هه‌مان دانانی وه‌کو ئه‌وه‌ی شێخ مه‌حمود ئه‌نجام بدات.
6. مێجه‌ڕ نۆئێل بۆ سه‌رۆکی ئه‌و خێڵانه باس ده‌کات که له‌گه‌ڵیاندا په‌یوه‌ندیی په‌یدا ده‌کات که هیچ نیازێک له ئارادا نییه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کی بێگانه‌ی پێچه‌وانه‌ی نه‌ریت و ئاره‌زوه‌کانی ئه‌وان دابنێت.
7. نۆئێل سه‌رۆکی خێڵه‌کان هان ئه‌دات یه‌کبوونێک بۆ چاره‌ی کێشه گشتییه‌کانیان به رێنمایی ئه‌فسه‌ره سیاسییه‌کانی به‌ریتانیی رێک بخه‌ن. داوایان لێ ده‌کات به پێی قانونی تورکیی یان ئه‌گه‌ر پێویست بێت به‌پێی گونجاندن له‌گه‌ڵ پاریزگاریی و پێشخستنی رێکخستنی وڵاته‌که‌یاندا باجی یاسایی بده‌ن (2/48).
ولسن خۆشی رۆژی 01/11/1918 به رێگای ئاسماندا گه‌یشته سلێمانی. ولسن له‌گه‌ڵ ژماره‌ی نزیکه‌ی 60 که‌س له سه‌رۆکه ناسراوه‌کاندا له سلێمانی کۆبووه‌وه. شێخ مه‌حمود یه‌کێک بوو له‌وان. ژماره‌یه‌ک له‌م ناسراوانه کوردی رۆژهه‌ڵات بوون که ویستی خۆیان پیشان دا بخرێنه سه‌ر ئه‌م ئیداره‌یه. به‌ڵام ولسن به‌مه رازیی نه‌بوو.
دوای ئه‌م هه‌نگاوه نۆئێل ده‌ستی کرد به سه‌فه‌ر به‌ژماره‌یه‌کی زۆر له ناوچه کوردییه‌کاندا. نۆئێل داوای له خه‌ڵکی ناوچه‌کان کرد بۆ دانانی سیستێمی حوکمی تازه له کۆیه، رانیه و ره‌واندزدا. ناوه‌ڕۆکی ئاگاداریی و رونکردنه‌وه‌کانی نۆئێل بۆ دانیشتوانی ناوچه‌کان له‌م خاڵانه‌دا بوو:
1. فه‌رمانبه‌رانی ئیداره به‌گوێره‌ی توانا کورد ده‌بن.
2. لاوانی کورد له رکێفی ئه‌فسه‌ری کورددا سه‌ربازیی ده‌که‌ن.
3. کوردیی زمانی ره‌سمیی ده‌بێت.
4. به‌ریتانیا یاسا ده‌گۆڕێت به‌شێوه‌یه‌ک که له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی ده‌ڤه‌ره‌کاندا بگونجێت.
5. ده‌زگایه‌کی کۆکردنه‌وه‌ی باج داده‌نرێت بۆ کۆکردنه‌وه‌ی بڕێک که پێویستیی دانیشتوانی پێ مه‌یسه‌ر بکرێت.
6. نۆئێل په‌یمان ده‌دات که حکومه‌ته‌که‌ی رێزی دابونه‌ریتی باو له ناوچه کوردییه‌کاندا بگرێت (1/221).
بۆ ئه‌م ئه‌رکانه به‌ریتانیا ژماره‌یه‌ک یاریده‌ده‌ری ئه‌فسه‌ری سیاسیی له ناوچه کوردییه‌کاندا دانا. شێخ محمودیش توانی له هه‌ندێک شوێن فه‌رمانبه‌ری باوه‌ڕپێکراوی خۆی دابمه‌زرێنێت، له‌وانه "شێخ ئه‌مینی سندۆڵان" له رانیه. بابه‌کر ئاغاش به پشتگیریی به‌ریتانیا و دواتر به له‌گه‌ڵدابوونی شێخ مه‌حمود بوو به حاکمی پشده‌ر.
یه‌ک حکومه‌ت و دوو هه‌ده‌ف
له‌و زانیاریانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت که مه‌به‌ستی ئینگلیز دور بوو له خاڵه‌کانی رێکه‌وتنه‌که‌ی کفری. گفتی سه‌ربه‌خۆیی و مافی گه‌لانی ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانیی پڕوپاگه‌نده‌ی جه‌نگ بوون. حکومه‌ته‌که‌ی باشوری کوردستان که‌وته نێوان دوو سیاسه‌تی دژیه‌کییه‌وه. ئینگلیزه‌کان ده‌یان ویست به ده‌ستێکی کوردیی کورد به‌کار بهێنن بۆ مه‌به‌سته‌کانی خۆیان. شێخ مهحمودو هاوکارانیشی تێده‌کۆشان بۆ سه‌ربه‌خۆیی وڵات.
ده‌سه‌ڵاتی شێخ مه‌حمود له مانگی دووی ساڵی (1919)دا ته‌شه‌نه‌ی کرد بۆ کفری، که‌رکوک و ره‌واندز. ولسن بڕیاری دا که ناوچه‌که ئیتر له به‌غداده‌وه راسته‌وخۆ ئیداره بکرێت. بانگی حاکمه سیاسییه به‌ریتانییه‌کانی کرد بۆ کۆنگره‌یه‌ک له به‌غداد له سه‌ره‌تای مانگی ئازاری (1919)دا. له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا مێجه‌ڕ نۆئێل، سۆن، لچمهن، ۆکه‌ر، گوردن و که‌سانی دی که زانیاریی ده‌ستی یه‌که‌میان ده‌رباره‌ی ناوچه‌که هه‌بوو به‌شدار بوون. دوای گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندن، بڕیار درا که مێجه‌ر سۆن جێگای مێجه‌ڕ نۆئێل بگرێته‌وه (1/130). مێجه‌ر سۆن له ناوه‌ڕاستی مانگی ئازاری (1919)دا بوو به حاکمی سیاسیی سلێمانی (3/ 464).
راستیی سیاسه‌تی ئینگلیزه‌کان به‌رامبه‌ر به کورد له‌م کرده‌وانه‌دا ده‌رکه‌وتن:
1. ئینگلیزه‌کان ناوچه‌ی کفری و که‌رکوکیان له سلێمانی کرده‌وه. له مانگی (3)دا پارێزگای که‌رکوکیان پێک هێنا. دواتر، ره‌واندزیان له مانگی شه‌شدا له سلێمانی کرده‌وه‌و له پێکهێنانی هه‌ولێردا (کۆیه)یان خسته سه‌ر.
2. مێجه‌ڕ سۆن که‌وته په‌یوه‌ندیی به سه‌رۆک هۆزهکانهوهو هاندانیان دژی شێخ مه‌حمود. ناکۆکیی نێوانی شێخ مه‌حمود و به‌ریتانییه‌کان له لایه‌ک و شێخ مه‌حمود و که‌سانی سه‌ر به ئینگلیز له لایه‌کی تره‌وه ده‌ستی پێ کرد.
3. ئینگلیزه‌کان ده‌ستیان کرد به دامه‌زراندنی هێزێک که به روکه‌ش له ژێر فه‌رمانده‌یی شێخ قادری برای شێخ مه‌حموددا بوو. به‌ڵام له راستییدا مێجه‌ڕ دانلیس به‌ڕێوه‌ی ده‌برد. ئه‌م هێزه له سه‌ربازی کورد و ژماره‌یه‌ک له ئه‌فسه‌ره کۆنه‌کانی سوپای عوسمانیی دروست کرا به ناوی هێزی "لیڤی"یه‌وه
4. ژماره‌یه‌ک له که‌سانی فارس، هندیی، بلوج و ئه‌فغانیی که به‌ریتانییه‌کان بۆ خزمه‌تکاریی و نوسه‌ریی له‌گه‌ڵ خۆیان هێنابوویانن، ده‌ستدرێژییان ده‌کرده سه‌ر خه‌ڵک به‌بێ ئه‌وه‌ی سۆن هیچ سنورێکیان بۆ دابنێت.
5. ئینگلیزه‌کان ژماره‌یه‌ک له ناسراو و سهرخێڵهکانیان پاره‌و ساماندار ده‌کرد به مه‌به‌ستی دژایه‌تیی شێخ مه‌حمود.
6. موچه‌که‌ی شێخ مه‌حمودیان به بیانوی که‌میی داهاتی کوردستان و بێپاره‌ییه‌وه هێنایه خواره‌وه بۆ ده هه‌زار روپێ له مانگێکدا.
7. کابتن بیل که‌وته دامه‌زراندنی موختار و ئاغا له‌ناو عه‌شیره‌ته‌کاندا له شار و ده‌وروبه‌ریدا له که‌سانێک که رقیان له شێخ مه‌حمود و نزیکه‌کانی ده‌رده‌بڕی.
8. کابتن بیل هانی عه‌شایه‌ره‌کانی ده‌دا دژی لایه‌نگران و دامه‌زراوانی حکومه‌ته‌که‌ی کورد. کاتێک که له هاندانی عه‌شایه‌ره‌کانی رانیه‌دا دژی شێخ ئه‌مینی سندۆڵان ژێر که‌وت، په‌نای برده به‌ر حاکمی سلێمانی و سه‌رئه‌نجام شێخ بروسکه‌یه‌کی نارد بۆ عه‌شایه‌ره‌کان که گوێڕایه‌ڵی سیاسییه‌کانی به‌ریتانیی بن و بڕیاری پێویست بده‌ن ده‌رباره‌ی شێخ ئه‌مین (1/132).
9. به‌ریتانییه‌کان به چاوێکی سوکه‌وه له‌گه‌ڵ دانیشتواندا ده‌جوڵانه‌وه‌و خراپه‌کارییان له‌گه‌ڵدا ده‌کردن. میلله‌ت له‌ژێره‌وه تا ده‌هات پڕ ده‌بوو لێیان (7/108).
ره‌فیق حیلمی ده‌گێڕێته‌وه که مێجه‌ڕ سۆن بوو به قه‌ره‌قوش له خه‌ڵکیی، که ده‌چوو بۆ بازاڕ ده‌بوو خاوه‌ن دوکانداره‌کان له‌به‌ری راستبنه‌وه. رێبوار خۆی لادا و رێگای بۆ چۆڵ بکات. سۆن له رێگای پڕۆژه‌ی جاده‌و رێگا راکێشانه‌وه ژماره‌یه‌کی زۆری خستبووه ده‌وری سلێمانیه‌وه. بۆ ئه‌م پڕۆژانه دراوێکی ئیجگار زۆر سه‌رف ده‌کرا. به‌شێکی زۆری ئه‌م پارانه له سندوقی میریی ده‌رده‌چوو. ئه‌م پاره‌یه ده‌چووه ژێر ده‌سه‌ڵاتی "عه‌زیز خان"ه‌وه، له‌ویشه‌وه ده‌چووه گیرفانی سۆنه‌وه (7/108).
شێخ مه‌حمود نامه‌یه‌کی نارد بۆ ولسن. له نامه‌که‌یدا نوسیبووی:
"کورد داوای ئازادیی ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌قه له ماوه‌یه‌کی نزیکدا وه‌رنه‌گرن، ناتوانم په‌یمانی رهدکرنهوهیان بده‌م. له‌به‌رئه‌وه به ناوی خۆم و هه‌موو کورده‌وه تکا ده‌که‌م هه‌ڵسوکه‌وتی سیاسه‌تی ناڕه‌واتان بگۆڕن، هه‌روه‌ها پیاوی سیاسه‌تی ئێستاتان سۆن لابه‌رن به یه‌کێکی دیکه که سه‌نگین تر و پڕماناتر بێت."
به‌ڵام هه‌ڵوێستی کورد سیاسه‌تی ئینگلیزه‌کانی نه‌گۆڕی. به هه‌وڵی کاپتن لیز له کفری ژماره‌یه‌کی زۆر له عه‌شایه‌ر به‌هاتنی مانگی چواری ساڵی 1919 له ده‌سه‌ڵاتی کورد جیا بوو بوونه‌وه.
شێخ مه‌حمود باوه‌ڕپێکراوه‌کانی خۆی نارد بۆ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق بۆ په‌یوه‌ندیکردن به ناسراوه‌کانه‌وه. له‌وه ده‌کۆڵینه‌وه که هه‌ڵوێستی ئه‌و ناوچانه چۆنه به‌رامبه‌ر به ئینگلیز. له زۆربه‌ی شاره‌کان ئینگلیزه‌کان بوو بوون به ناحه‌ز. ناوبه‌ناو له حاکمه‌کانیان ده‌کوژرا. له زۆربه‌ی شاره‌کانی عێراقدا به نهێنیی رێکخراو دروست ده‌کرا. جه‌ماوه‌ر له به‌ڵێنه‌کانی به‌ریتانیا بێهیوا بوو بوو (7/106).
شێخ مه‌حمود به نهێنیی په‌یوه‌ندیی کرد به مه‌حمود خانی دزڵییه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ له‌شکرکێشیی. مه‌حمود خان رۆژی 21/05/1919 به 300 چه‌کداره‌وه هاته ناوچه‌ی سلێمانی.
سۆن به‌شه‌و هاتوچۆی له شاره‌که‌دا قه‌ده‌غه کردبوو. ئینگلیزه‌کان لیوایه‌کیان هێنابووه قه‌راغ شار و خێوه‌تیان هه‌ڵدابوو. له‌ناو شاردا جه‌ماوه‌ر جوڵه‌ی تێکه‌وت، هاتنه سه‌ر جاده‌و رۆشتن به‌ره‌و ماڵی شێخ مه‌حمود. خه‌ڵکه‌که هاواریان کرد: "شێخ مه‌حمود تۆ له‌گه‌ڵ تاجی بهریتانییدایت یان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دایت؟" شێخ مه‌حمود له وه‌ڵامدا وتی: "تاجم ناوێت، رهزابوونی گه‌ل رهزابوونی منه. سه‌ربه‌خۆییه‌ک ئینگلیز بیدات توانه‌وه‌و نه‌مانه، تا دوا هه‌ناسه‌ی ژیانم له‌گه‌ڵ ئێوه‌دام" (5/53). شێخ مه‌حمود بیری وابوو که له‌م هۆنراوه‌یه‌دا نوسیویه‌تی:
"نامه‌وێت ژینی ئه‌ساره‌ت به‌سمه عومری گومڕههیی
نای خه‌مه سه‌ر خۆم به ده‌ستی مودده‌عیی تاجی شاهیی
قه‌د به ئه‌مری دوژمنانم نامه‌وێت فهرمانڕههیی."
شێخ مه‌حمود و هاوڕێکانی به‌ته‌مای ده‌وڵه‌تی کوردیی بوون، به‌ڵام ئینگلیزه‌کان ئه‌وانیان بۆ نۆکه‌ریی ده‌ویست.
کورد وه‌فدێکی به سه‌رۆکایه‌تیی عیزه‌ت نه‌جیب نارد بۆ لای به‌ریتانییه‌کان و داواکارییه‌کانی کوردیان خسته‌وه پێش. به‌ڵام ئه‌وان دایانه‌وه دواوه. شێخ مه‌حمود چووه ناو جهماوهرهکهوهو روویان کرده سه‌را. ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه کورده‌کان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌قه له راپه‌ڕینه‌که بکه‌ن، چوونه پاڵ ئه‌فسه‌ری وڵاتپارێز عیزه‌ت نه‌جیب. به فه‌رمانی شێخ مه‌حمود، عیزه‌ت نه‌جیب ئاڵای به‌ریتانیای له‌سه‌ر بینای ئیداره‌ی به‌ریتانییه‌کان داگرت و له جێگایدا ئاڵای کوردستانی هه‌ڵکرد. شێخ مه‌حمود وتی: "ئاڵاکه‌یان به جوانیی بۆ قه‌د بکه‌ن و بیانده‌نه‌وه با بچن له وڵاتی خۆیان هه‌ڵی بکه‌ن."
شه‌ڕ له نێوانی مه‌حمود خانی دزڵی و هێزی لیڤیدا دامه‌زرا. هێزی لیڤی له‌ژێر فه‌رمانده‌ی "دانلیس"دا به 2000 پیاده‌و 400 سواره‌وه که‌وتنه شه‌ڕ. که‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گی هه‌مه‌وه‌ندیی و ئه‌حمه‌د به‌گی ساحێبقڕان ژماره‌یه‌کیان لێ هه‌ڵبڕین به‌ره‌و که‌رکوک (5/54). کاتێک که جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکه‌که رووی کرده شه‌ڕه‌که بۆ یارمه‌تی مه‌حمود خان، هێزی لیڤی به ته‌واویی شکا بوو. سۆن هه‌ڵهات بۆ هه‌ڵه‌بجه. له هه‌ڵه‌بجه هه‌وڵی دا به یارمه‌تیی هه‌ندێک له به‌گزاده‌ی جاف له‌شکرکێشیی بکات به‌ڵام بۆی سه‌ر نه‌چوو، له‌وێوه رووی کرده به‌غداد (5/54).
به‌یانی شۆڕش
شێخ مه‌حمود رۆژی 22/05/1919 دوو فه‌رمان و به‌یانی ژماره یه‌کی شۆڕشی ده‌رکرد. به فه‌رمانی یه‌که‌م لیژنه‌یه‌کی پێک هێنا بۆ کاروباری تهقهتکردنی سوپای کوردستان به تفاق. به فه‌رمانی دووه‌م ئه‌نجومه‌نێکی دانا بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کاروباری حکومه‌ته‌که له‌و کاتانه‌دا که حوکمدار شێخ مه‌حمود له ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی پایته‌خت بێت. ئه‌م لیژنه‌یه پێک هات له‌م ناوانه‌ی خواره‌وه:
1. سه‌ید عومه‌ر، سه‌رۆک (پێشتر موته‌سه‌ڕیف بوو.)
2. ئه‌حمه‌د به‌گی فه‌تاح به‌گی ساحێبقران، حه‌مدی. (پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانیی بوو.)
3. سه‌ید که‌ریم سه‌ید ئه‌حمه‌د.
4. ساڵح پاشا.
5. ئه‌حمه‌د خواجا.
6. حه‌مه‌د به‌گی قادر به‌گ.
به‌یانه‌که‌ش بریتیی بوو له‌مه‌ی خواره‌وه:
"به فه‌رمانی حوکمداری کوردستان سه‌رکرده‌ی گشتیی "مه‌حمودی کوڕی سه‌عید"، سوپای کورد ده‌ستی دایه چه‌ک. به هۆی ناڕه‌وایی، پارچه‌کردنی گه‌لی کورد، خراپه‌کاریی، لادان له په‌یمانی دانی مافه‌کان به کورد له لایه‌ن ئینگلیزه به‌ریتانییه‌کانه‌وه.
رۆژی 21/05/1919 یه‌که‌م رۆژی شۆڕشی کورده له‌به‌رده‌می به‌ریتانیای گه‌وره‌دا (3/505).
مه‌حمود
حوکمدار و فه‌رمانده‌ی گشتیی
سه‌رچاوه‌کان:
1. عبدالرحمن ادریس ساڵح البیاتی، الشێخ محمود الحفید والنفوز البریتانی فی کردستان العراق حتی عام 1925، دار الحکمه، لندن، 2005.
2. د.ولید حمدی، کورد و کوردستان له به‌ڵگه‌نامه‌کانی به‌ریتانیادا، وه‌رگێڕانی موحه‌مه‌د نوری تۆفیق، سه‌رده‌م، 1999.
3. م.ر. هاوار، شێخ مه‌حمودی قاره‌مان و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خوارووی کوردستان، بهرفگی یه‌که‌م، له‌نده‌ن، 1990.
4. العراق فی الوسائق البرتانیه، 1905ـ1930، تقیم ومراجعه: عبدولرزاق الحسنی، ترجمه و تحریر فواد قزانجی، دار المامون، 1989 بغداد.
5. که‌مال نوری مه‌عروف، یاداشته‌کانی شێخ له‌تیفی حه‌فید له‌سه‌ر شۆڕشه‌کانی شێخ مه‌حمودی حه‌فید، چاپی یه‌که‌م 1995.
6. بیتته هامهرگرێن، مێژوو خۆی دوباره ده‌کاته‌وه بۆ خه‌ڵکی عێراق، رۆژنامه‌ی (سڤێنسکه داگبلادت)ی سویدیی رۆژی 01/12/2002، گۆڕینی بۆ کوریی ناسر حه‌فید.
7. ره‌فیق حیلمی، یادداشت، کوردستانی عێراق و شۆڕشه‌کانی شێخ مه‌حمود، چاپخانه‌ی رۆشنبیریی و لاوان، 1988.
ناسر حه‌فید
2013/05/21
[email protected]له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رۆژی 26/05/2013 دا بڵاوبۆته‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست