ئه‌گه‌ر راست ده‌که‌ن داوای ده‌ستنیشانکردنی سنوری کوردستان بکه‌ن
Sunday, 23/12/2012, 12:00
(لێکدانه‌وه‌یه‌کی قسه‌کانی کاک به‌رهه‌م ساڵح)
ئه‌مه"بهقبهقراتیی"یه نه‌ک دیموکراتیی
ئه‌وه‌ی حیزبی له حیزب خستووه نه‌بوونی حیزبه
ناوچه وازلێهێنراوه‌کان نه‌ک دابڕاوه‌کان
"ناوه‌وه" نه‌ماوه تا "ده‌ره‌وه" مه‌ترسیی بێت
له رۆژنامه‌ی "هاوڵاتی" و سایته‌که‌یدا چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ کاک به‌رهه‌م ساڵح کرابوو. گرنگه بۆ کاک به‌رهه‌م و کاربه‌ده‌ستانیش بزانن ئه‌وان قسه بۆ کێ ده‌که‌ن. له‌خواره‌وه چه‌ند سه‌رنجێکی کورت له‌سه‌ر قسه‌کانی ده‌خه‌مه به‌رچاو.
کاک به‌رهه‌م ساڵح ده‌ڵێت: "ئه‌وان به دروستکردنی کێشه له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌شێکی ئامانجه‌که‌یان ئه‌وه‌یه به‌غدایان بۆ چۆڵ بکه‌ین." که‌واته به گوێره‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ی کاک به‌رهه‌م کاربه‌ده‌سته کورده‌کان ئێستا له‌خه‌باتی ئه‌وه‌دان که به‌غداد چۆڵ نه‌که‌ن. بۆیه که‌س باسی ئه‌وه نه‌کات ئه‌مان له به‌غداد بکشێنه‌وه!
کاک به‌رهه‌م ده‌ڵێت: "ئه‌رکی کورد ئه‌وه‌یه هه‌موو ئه‌و رێ وشوێنه ئیداریی و سیاسی و پێگه شه‌رعی و ده‌ستورییانه‌ی هه‌مانه له به‌غدا به‌هێزی بکه‌ین و له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌کانیشدا باس له‌کرۆکی کێشه‌که بکه‌ین که له به‌غدایه و له‌وێش یه‌کلایی ده‌کرێته‌وه."
له‌قسه‌کانی کاک به‌رهه‌مدا ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌و پۆست و ئیداره‌یه‌ی پارته‌کان هه‌یانه له‌وێ لاوازن. بۆیه ئه‌رکی کورد ئه‌وه‌یه به‌هێزیان بکات. ئه‌گه‌ر ئه‌رکی کورد بێت ئه‌وا بۆ به‌هێزکردنی ئه‌و شتانه پێویسته کورد ئه‌و کاربه‌ده‌ستانه به کاک به‌رهه‌م خۆشییه‌وه بگۆڕێت به که‌سانی به توانا و دڵسۆز. ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی که ئه‌و شوێنانه‌یان لاواز کردووه و تا ئێستا نه‌یانتوانیووه له‌گه‌ڵ لایهنهعێراقییهکاندا باسی کرۆکی کێشه‌که بکه‌ن و یه‌کلایی بکه‌نه‌وه ناتوانن ئه‌و شوێنانه به‌هێز بکه‌ن. ئه‌وه‌ی به‌رپرسیاره له لاوازکردنیان هه‌ڵه‌یه ئه‌رکی به‌هێزبوونیان وه‌ربگرێت. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌رکی خۆشیان باس بکات نه‌ک ئه‌رکی کورد ئه‌وا من لام وایه عه‌یبی نه‌بووه، ئه‌وه‌ی ده‌بوو نه‌یکه‌ن نه‌یان کردووه. بۆ ئه‌م نه‌کردنه‌ش پارته‌کان خه‌ڵکیان ناردووه بۆ کورسی پڕ کردنهوهنهک بۆ ئیش.
راستیی پارته‌کان له به‌غداد کاک نه‌وشیروان مسته‌فا باشتر له کاک به‌رهه‌م باسی ده‌کات. کاک نه‌وشیروان ده‌ڵێت:
"سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد، ئیهتیمامی به پاره داوه، ئیهتیمامی به پۆستی حكومه‌تی داوه، له‌و ماوه‌یه‌دا توانیویانه پۆستی زۆر گه‌وره به‌ده‌ستبهێنن توانیویانه پاره‌ی زۆر به‌ده‌ستبهێنن، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه یه‌ك بست ئه‌رزی كوردستان، كه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه بگێڕنه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان."
کاک به‌رهه‌م ده‌ڵێت: "به‌ڵایه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌مڕۆی حوکمڕانی کوردستان ده‌ستێوه‌ردانی حزبیه له هه‌موو کایه‌کانی ژیاندا. هه‌م حزبی پێ شێوێندراوه، هه‌م ده‌زگاکانی حوکمڕانی پێ بنکۆڵکراوه."
پێم وایه ده‌ستێوه‌ردانی حیزب حیزبی پێ ناشێوێندرێت. ئه‌مه وه‌کو ئه‌وه وایه بڵێیت به ره‌نگی ره‌ش دیوارێکی ره‌شی سور کردووه. له هه‌موو وڵاتی دونیا حیزب په‌ڕله‌مان پێکده‌هێنێت و حکومه‌ت دروست ده‌کات. له راستییدا ئه‌وه‌ی حیزبی له حیزب خستووه و ده‌زگاکانی خراپ کردووه نه‌بوونی حیزبه، ده‌ستی ژماره‌یه‌ک ده‌سته‌ڵاتداره. هه‌ر یه‌کێک له‌م ده‌سته‌ڵاتدارانه کۆمه‌ڵێک به‌رژه‌وه‌ندیی و ژماره‌یه‌ک دهستودایهره و هێزی چه‌کداری خۆی هه‌یه که ئه‌توانێت له پێناوی خۆیدا و بۆ خۆی و به‌گوێره‌ی قه‌باره‌ی هێزی خۆی له وه‌زیره‌وه تا خه‌بیر، ئه‌ندام په‌ڕله‌مان، مودیرعام و موسته‌شار دابمه‌زرێنێت. کۆمپانیای هه‌بێت، پڕۆژه‌ی پاره په‌یداکردنی هه‌بێت، تانکه‌ره نه‌وتی هه‌بیت. دیاره هه‌ر که‌سه دائیرهکانیش بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاره‌کانی خۆی کۆنترۆڵ ده‌کات. حیزبی سیاسیی به واتای وشهبوونی نییه.
کاک به‌رهه‌م ده‌ڵێت: "ته‌ئکیدیش کرایه‌وه له‌سه‌ر یه‌کڕیزیی ناو ماڵی کورد، له نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن، له پرسه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کاندا."
یه‌که‌م، پارته‌کانی ناو په‌ڕله‌مان هه‌موویان نه‌فه‌ری یه‌ک شه‌مه‌نده‌فه‌رن. پێکڕا ئه‌م سیستێمی ده‌سته‌ڵاته‌یان دروست کردووه. هه‌موویان کۆکن له سه‌ر ئه‌و هێڵه گشتییانه‌ی که بۆ حکومه‌تی هه‌رێم دانراون. ماڵێش ماڵی کورد نییه، ماڵی خاوه‌ن ده‌ستکه‌وته‌کانه.
دووه‌م، کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی له ئارادا نییه. ده‌سته‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنه‌که‌ی که ئێستا هێزیان ناردووه بۆ حه‌مرین، ئه‌گه‌ر راست ده‌که‌ن با داوای ده‌ستنیشانکردنی سنوری کوردستان بکه‌ن. هه‌ر کاتێک ده‌ستنیشانی سنوری کوردستان کرا ئه‌وسا مادده‌ی 140 پێویست نییه و سوپای عێراقیش هه‌ر کاتێک هاته ناو ئه‌م سنوره‌وه ئه‌وا بۆ خه‌لك و دنیا دیاره که ئه‌وان ده‌ستدرێژیکه‌رن. به‌ڵام ئایا بۆیان هه‌یه شتی وا بکه‌ن؟
حکومه‌تی هه‌رێم له‌و ناوچانه‌دا دروست کرا که تا رۆژی 19/03/2003 له ژێر کۆنترۆڵی پارته‌کاندا بوو. کاک نه‌وشیروان ده‌ڵێت: "سه‌رکردایه‌تی کورد بێ هیچ ئیعتیرازێ ئه‌مه‌ی قبوڵ کرد." ئه‌و به‌شه خاکه‌ی که له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه ماوه‌ته‌وه پارته‌کان پێی ده‌ڵێن: "ناوچه دابڕاوه‌کان" راستر وایه پێی بوترێت "ناوچه وازلێهێنراوه‌کان". مام جه‌لال و کاک مه‌سعود رۆژی 17/09/1998 له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له واشنتۆن به ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریکیی داڤید ویلچ ئیمزایان کرد که ئه‌وان دووپاتی یه‌کێتی خاکی عێراق ده‌که‌نه‌وه و ئه‌و سێ پارێزگایه‌ی باکور دهۆک، ئه‌ربیل و سلێمانی به‌شێکن له عێراق. ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشان ئه‌دات که ئه‌وان ته‌نها ئه‌و سێ شاره‌یان پێ سپێردراوه و باقی کوردستان قسه‌ی له سه‌ر نییه. بۆیه ئه‌و سیناریۆیه‌ی ئه‌م راستییه ده‌یخاته به‌ر چاو بریتییه له‌وه‌ی که مالیکی و ده‌سته‌ڵاتی کورد که‌رکوک و ناوچه وازلێهێنراوه‌کانی تر ته‌سلیم بکه‌نه‌وه به‌عێراق. جگه له‌مه‌ش ئه‌مجاره‌یان ئه‌م بابه‌ته بکه‌ن به ماتۆڕی کێشکردنی جه‌ماوه‌ر بۆ ده‌نگدان له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکاندا.
کاک به‌رهه‌م ده‌ڵێت: "که‌رکوک پێناسه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیی میلله‌ته‌که‌مانه." ئه‌مه قسه‌یه‌کی هه‌ڵبژێردراوه و هیچی تر، واته فۆرمی قسه‌یه‌ک نییه ناوه‌ڕۆکی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر وا بووایه که‌رکوک نه‌ده‌خرایه شێر و خه‌تی ده‌نگدانه‌وه. کاک به‌رهه‌م باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک ده‌کات وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌رکوک چووبێت بۆ سه‌فه‌ر. کاک به‌رهه‌م باس له خزمه‌تی که‌رکوک و رێگرتن له یاریکردن به چاره‌نوسی که‌رکوک ده‌کات تا چاره‌سه‌ره ده‌ستورییه‌کان به ئه‌نجام ده‌گه‌ن. ئه‌وه‌ی یاری به‌چاره‌نوسی که‌رکوک کردووه ده‌سته‌ڵاتی پارته کوردییه‌کانه. چونکه که‌رکوک که‌وتۆته ئه‌و ناوچه‌یه‌وه که ده‌سته‌ڵاتی کورد ده‌ستبه‌رداری بووه. چاره‌سه‌ره دهستورییهکانیش مادده‌ی 140 ده‌گرێته‌وه. ده‌سه‌ڵاتی کورد و روناکبیرانی، مادده‌ی (140) که جارێک رۆژی 31/12/2007 ماوه‌که‌ی ته‌واو بوو، وه‌کو رێگایه‌ک باس ده‌که‌ن که ناوچه وازلێهێنراوه‌کانی پێ بخه‌نه‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان. مادده‌ی 140 بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و ناههقییانهیه که ده‌رهه‌ق ناوچه شیعییه‌کانیش کراون. به‌گوێره‌ی کاک نه‌وشیروان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌نگدانیش بکرێت گه‌ره‌نتی نییه ئه‌و ناوچانه بتوانن بێنه سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم. کاک به‌رهه‌م چاک ئه‌م راستییه ده‌زانێت. ئه‌رکی ئه‌وان دروستکردنه‌وه‌ی عێراق بووه وه‌کو خۆی چه‌ند جارێک باسی کردووه. کاک مه‌سعود بارزانییش 26/11 وتی: "ئێمه سوپای عێراقمان دروست کرده‌وه." بۆیه ئه‌م یه‌کگرتن و هه‌را و هوریایه‌ی ئێستا ده‌شێت هه‌ر به‌شێک بێت له پرۆسه‌ی جێگیرکردنی هێزی پۆلیسی عێراقی له جێگای پۆلیسی هه‌ر دوو پارته‌که له که‌رکوک.
کاک به‌رهه‌م ده‌ڵێت: "پاراستنی ئه‌م ئه‌زموونه له مه‌ترسییه‌كانی ده‌ره‌وه و پیلانی ناحه‌زان ئه‌ركی هه‌مووانه."
یه‌که‌م، ئه‌زمۆن یه‌عنی شتێک که کۆتایی دێت. سیاسه‌تێک له نیشتیمان و پاراستنییه‌وه سه‌رچاوه بگرێت جیاوازه له‌وه‌وه ده‌سته‌ڵات بۆ شه‌وێک جێگای خۆی خۆش بکات.
دووه‌م، کام مه‌ترسی ده‌ره‌وه؟ تورکیا؟ ئێران؟ ئه‌مه‌ریکا؟ عێراق؟ ته‌نها کورد حسابی بۆ نه‌کراوه. "ناوه‌وه" نه‌ماوه تا "ده‌ره‌وه" مه‌ترسی بێت. هه‌مووی هه‌ر بووه به‌ده‌ره‌وه. کاک به‌رهه‌م پاراستنی ئه‌زمونه‌که‌ی ده‌کات به ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌موومان. جان جاک رۆسۆ ده‌ڵێت: "یاسایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی جێی ره‌زامه‌ندیی هه‌مووان بێت و بخوات پێویسته به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان هه‌موو لایه‌ک به‌شدار بووبێتن له دانانی ئه‌و یاسایه‌دا." پاراستنی ئهزمۆنهکهی کاک به‌رهه‌م کاتێک ئه‌رکی هه‌مووانه که هه‌موو به‌شدار بووبێتن له دانانی سیاسه‌تی دروستکردنییدا. ئه‌رک به‌م جۆره‌یه له دیموکراتییدا. به‌ڵام کاک به‌رهه‌م له‌کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی (25/07/2009)دا له جیاتی "جان جاک رۆسۆ"یه‌ک کاک عه‌زیز وه‌یسی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌گێرا. ئه‌ویش ده‌یوت:
"به‌ق به‌ق به‌ق له‌م لیسته
چه‌ند جوان و خۆشه‌ویسته"
ئه‌مه "بهقبهقراتی"یه، نه‌ک دیموکراتیی.
ناسر حه‌فید
2012/11/28
[email protected]سه‌رچاوه:
http://www.hawlati.co/babetekan/33767ل، 46، ژماره4، گۆڤاری "کۆنتراکت" ساڵی 1999.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست