کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چه‌پکێک مه‌رگی ره‌نگاوڕه‌نگ

Wednesday, 17/03/2010, 12:00










(بۆ هه‌ڵه‌بجه‌)


خوێنجمانه‌
که‌ رۆژ هه‌ڵ دێت
گزنگی خۆر
قژی ده‌شت و روباره‌کان داده‌هێنێت،
به‌ گوڵاڵه‌ سوری ده‌کات لێوی لاپاڵ،
نێرگزی زه‌رد
ده‌دا له‌ ئه‌گریجه‌ی پێده‌شت،
ئاسمانی ساف
جار جار ده‌ستی ده‌کاته‌وه‌ بۆ هه‌وری مۆن
تاوی باران هه‌ڵی ده‌گرێت سه‌یران و گه‌شت.
ته‌قینی چاوگه‌و کانییه‌کان
ده‌خروشێنێت
ده‌نگی مه‌ل و ره‌نگی گوڵ و که‌فی ئاو.
دوکه‌ڵی ئاگری چای شوان
به‌ به‌رۆکی سه‌وزی تۆخی کێوه‌که‌وه‌
دیاره‌، کاتێک ورده‌ ورده‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ بۆ ئاسمان.

وه‌ره‌ رۆڵه‌
ئه‌مڕۆ له‌ هیچ رۆژێک ناچێت،
نه‌ گرده‌که‌ی ئه‌وبه‌ره‌وه‌ که‌ به‌هاران
ده‌بوو به‌ فه‌رشی ره‌نگاوڕه‌نگ،
نه‌ ئه‌و خانووه‌ روخاوه‌ی پشت ماڵه‌که‌مان
که‌ قامیشت لێ ئه‌هێنا بۆ کۆلاره‌
نه‌ ئه‌ودیوو ده‌رگای حه‌وشه‌که‌،
ته‌نانه‌ت کۆشیشم دوره‌،
وه‌ره‌ رۆڵه‌!
ئه‌مڕۆ له‌ هیچ له‌ رۆژێک ناچێت.
چۆله‌که‌کانی سه‌ربان و
به‌رخ و سه‌گ و پشیله‌که‌،
دراوسێکان، دارتووه‌که‌،
قۆخ و قه‌یسی رواوی بن داروبه‌ردی که‌لاوه‌کان،
هه‌ر هه‌موومان
له‌سه‌ر دوو قاچ راوه‌ستاوین،
به‌ دوو سی هه‌ناسه‌ ده‌ده‌ین،
یه‌ک دڵ خوێنمان بۆ ده‌نێرێت
ئه‌مڕۆ به‌ یه‌ک مردن ده‌مرین
هه‌ر هه‌موومان
وه‌ره‌ رۆڵه‌!

بۆ کوێ ده‌ڕۆیت؟
بارگه‌ بۆ کوێ ده‌پێچییه‌وه‌،
به‌ گیرفانی به‌ تاڵه‌وه‌ چۆن ده‌توانیت
په‌لی کۆشێک منداڵ بگری و ئاواره‌بیت!
هه‌ژار داره‌
له‌ کوێ رووا له‌وێش ده‌مرێت،
هه‌ژار مه‌ڕی قوربانییه‌
خۆشی نه‌چێته‌ ژێر چه‌قۆ
خاکه‌که‌ی ژێری ده‌برێت.
بۆ کوێ ده‌ڕۆیت؟
له‌ پێستی خۆت چۆن ده‌توانیت بێیته‌ ده‌رێ
چۆن ده‌توانیت ئاسمان له‌ خاک،
ژان له‌ برین جیا که‌یته‌وه‌!
بۆ تۆ نه‌بێت ئه‌م بۆمبایه‌
چۆن ده‌گاته‌ ئه‌م هه‌رێمه‌؟
ئه‌م گۆڕانه‌ گۆڕی کێ بن
کێ بکه‌وێته‌ به‌ر ره‌شه‌بای ئه‌م کاره‌ساتانه‌ گوایه‌؟
وه‌ره‌ ده‌ستی ژن و منداڵانت بگره‌!
هه‌ناسه‌ به‌و
به‌سه‌ر ساواکه‌تدا بمره‌!

مام ره‌حمانی دوکاندار و
مشتی پڕی پاره‌ی سێ مناڵ،
ته‌نها ریزێک شوشه‌نوقوڵ
له‌ یه‌کیان جیا ده‌کاته‌وه‌.
مام ئه‌وڕه‌حمان سه‌رقاپێکی له‌ ده‌ستایه‌
سه‌ری قوتووه‌ نوقڵه‌کانیش هه‌موو به‌تاڵ
که‌چی تاکه‌ مێشێک ده‌می نه‌گشتۆته‌ سه‌ر شیرینیی
حیکایه‌تێک ده‌گێڕنه‌وه‌،
ده‌ڵێن رۆحی مام ئه‌وڕه‌حمان
له‌سه‌ر مه‌یتی هه‌موو مێشێک، چۆله‌که‌یه‌ک،
سه‌گێکی به‌ردبارانکراو،
مانگایه‌کی وه‌کو ده‌ستی شێخێکی نورانیی پیرۆز،
دارتویه‌کی وه‌کو قژی گه‌وره‌کچێک هه‌ڵپڕوکاو،
به‌ده‌م قوڵبی گریانه‌وه‌ ئه‌ی وت هه‌ی داخ
من نه‌مزانی ئێوه‌ کێ بوون
من ئێستا ده‌زانم کامه‌یه‌ نیشتیمان.

!کارژۆله‌که‌ی ده‌شتی بنار
ئه‌م به‌هاره‌ سێبه‌ره‌که‌ت
وه‌کو ماسی له‌ جۆگه‌وه‌
بۆ ناو قوڵایی راونراو،
به‌سه‌ر تاشه‌ به‌رده‌کانا نه‌هاته‌ خوار،
لێت نه‌گه‌ڕان له‌شت ماسولکه‌یه‌ک بگرێت خستیانییه‌ زار
نه‌گه‌شتیته‌ داری قه‌دپاڵ
گوریسیان بۆ هه‌ڵ نه‌خستی،
له‌م جیهانه‌ گه‌وره‌یه‌دا
جێی یه‌ک تاکه‌ جۆلانه‌یان به‌جێ نه‌هێشت
له‌ ژه‌هراویان هه‌ڵکێشاوه‌ بست به‌ بستی.
نه‌گه‌شتیته‌ داری قه‌دپاڵ
گونده‌که‌ی ئه‌ودیوت نه‌دی،
هه‌ڵ نه‌خلیسکای
له‌سه‌ر خڕکه‌ به‌رده‌کانی قه‌راغ روبار،
دوو به‌ردت نه‌خسته‌ سه‌ر یه‌ک،
ته‌یره‌ن ئه‌بابیله‌یه‌کت هه‌ڵ نه‌دایه‌وه‌ بۆ ئاسمان

مه‌ڕه‌گێژه‌که‌ی قوربانیی
که‌یبانۆکه‌ی گوند به‌ گوندی
به‌ خاکه‌که‌وه‌ بریانیی،
چاوی لێت بوو وه‌کو پرچی هه‌ڵ ده‌پڕوکایت،
لای وابوو ئه‌مه‌ش جاری جارانه‌
که‌ چقڵێک ده‌چوو به‌ پێی نه‌رمتا
هه‌ڵپڕژێت به‌سه‌ر ده‌وروبه‌رتتا،
هه‌وا لێی ببووه‌ لیتاوی ئاسن،
نه‌ زمان نه‌ سی،
نه‌ ئه‌ژنۆ مابوو،
ئه‌و مه‌تره‌ی به‌ینی دایک و مناڵان
ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوو
مردن و خۆیان له‌یه‌ک نه‌ئاڵان

!به‌فری به‌هار
هاتی و له‌سه‌ر گلێنه‌ی چاو
توایته‌وه‌و بوویته‌وه‌ به‌ ئاو.
ئه‌ستێره‌ی ئاسمانی به‌ گڵۆپ کوێرنه‌کراو!
په‌پوله‌ی به‌ پاڵی شنه‌با کێشکراو!
له‌ کوێوه‌ هاتی و به‌ره‌و کوێ کشایت؟
من بنارت لێ ده‌گه‌ڕێم
که‌چی ئه‌تۆ له‌ هێلانه‌ی باڵدارێکایت
ئه‌من وه‌کو به‌رخۆله‌و کار لێت ده‌ڕوانم
ئه‌تۆ له‌ناو گه‌نمێکدایت.
ئه‌ی ئه‌مساڵ ره‌زه‌کان چی ده‌گرن؟
ترێ ره‌شکه‌؟
یان گلێنه‌ی منداڵانی
نیشتیمانێکی دڵوه‌ستاو؟
ئه‌مانه‌ی له‌م دۆڵانه‌وه‌ دێنه‌ خوارێ
ئاوی بارانن یان رۆحاو؟




ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ له‌ 1990.11.19 و 1991.12.12 دا به‌بۆنه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ نووسراوه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە