بۆ ئه‌وه‌ی نه‌فره‌ت نه‌مربێت (ده‌رباره‌ی کێشه‌ی موشیر)
Saturday, 05/07/2008, 12:00
ـ شه‌ره‌ف ئه‌گه‌ر هه‌بێت نیشتیمانه، ئه‌وه‌ی که ئێمه نیمانه ـ
چۆنێتی لێکدانه‌وه‌ی رووداوه مێژووییه‌کان و هه‌ڵوێستوه‌رگرتن لێیان خه‌سڵه‌تی ئێستامان ده‌خاته روو که چۆن ته‌ماشای ناپاکیی و وڵاتپارێزیی ده‌کات.
(ئه‌م وتاره به‌هۆی چاوپێکه‌وتنی گۆڤاری "لڤین" له‌گه‌ڵ که‌ریم ئاغای هه‌مه‌وه‌نددا نوسراوه. چاوپێکه‌وتنه‌که له ژماره "61"ی گۆڤاره‌که‌دا بڵاوبۆته‌وه).
له راپه‌ڕینی رۆژی (21/05/1919)دا سلێمانی له ده‌سته‌ڵاتی ئینگلیز پاک کرایه‌وه، ئاڵای به‌ریتانیای داگیرکه‌ر داگیراو ئاڵای کوردستان له جێگایدا هه‌ڵکرا. له دوای ئه‌م راپه‌ڕینه‌وه ناوی موشیر له به‌ره‌ی ئینگلیزدا له مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا له چه‌ند رووداوێکدا ده‌رکه‌وتووه:
1. شه‌ڕ تاسڵوجه. له‌م شه‌ڕه‌دا، که پێش شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیان رووی داوه، ئینگلیزه‌کان شکان و موشیر له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رێکدا خۆی ده‌رباز کردووه (1/504).
2. چاوگێڕان، ئه‌دمۆنس باس ده‌کات که پێش ده‌ستپێکردنی شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیان شه‌ش کوردی باوه‌ڕپێکراوی له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه بۆ چاوگێڕان به ناوچه‌که‌دا بۆ مه‌به‌ستی سه‌ربازیی. ئه‌دمۆنس ناوی ئه‌و شه‌ش که‌سه‌ی نه‌هێناوه.
3. شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیان. له‌م شه‌ڕه‌دا موشیر پێشڕه‌ویی به‌شێک له هێزی ئینگلیزی کردووه که له لاڕێوه هێرش کراوه‌ته سه‌ر هێزی کورد. له‌م شه‌ڕه‌دا که ئینگلیز هێزێکی زۆری کۆ کردبووه‌وه‌و کورد شکا، 48 پێشمه‌رگه شه‌هید کراو شێخ به برینداریی له پاڵ به‌رده‌قاره‌ماندا گیرا.
4. ناسینه‌وه‌ی شێخ به برینداریی. شێخی نه‌مر که به برینداریی ده‌گیرێت موشیر په‌نجه‌ی بۆ راده‌کێشێت که ئه‌وه شێخه. (ئه‌دمۆنس له‌م باره‌یه‌وه ده‌نووسێت که "له دواییدا به‌هۆی کوردێکی شاره‌زاوه بۆمان ده‌رکه‌وت که ئه‌وه شێخ مه‌حمود خۆی بوو (4/518)."
لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و که‌ره‌سه مێژووییانه‌ی که باسی موشیر ده‌که‌ن ده‌ری خستووه که ناپاکیی موشیر فاکته (واته راستییه‌کی سه‌لماوه). شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیان له‌م فاکته سیمبۆلێکی مێژوویی دروست کرد. ژماره‌یه‌ک له مێژوونوسان هۆی شکاندنی کوردیان گێڕاوه‌ته‌وه بۆ به‌شداریی موشیر له‌و شه‌ڕه‌دا که له لاڕێوه پێش له‌شکری ئینگلیز که‌وتووه‌و پشتی له هێزی کورد گرتووه. یه‌کێک له‌و مێژوونوسانه کاک که‌مال مه‌زهه‌ر بووه که رای وا بووه بێ به‌شداریی موشیر ئینگلیزه‌کان "هه‌رگیزاو هه‌رگیز" نه‌یان توانیووه به‌سه‌ر کورددا سه‌ربکه‌ون. به‌ڵام شێخ له‌تیفی مه‌لیک مه‌حمود رای وابووه که ئینگلیزه‌کان به‌و هێزه زۆره‌وه هه‌ر سه‌رده‌که‌وتن به‌ڵام بێ به‌شداریی موشیر و هه‌ندێک کوردی تر به‌و جۆره نه‌ده‌شکان. کاک که‌مال مه‌زهه‌ر له‌و رایه‌ی پاشگه‌ز بووه‌وه. ئه‌م پاشگهزبوونهوهیهش له جێگای خۆیدایه. چونکه هه‌رگیز ناتوانرێت بسه‌لمێت که هۆی ژێرکه‌وتنی کورد له‌و شه‌ڕه‌دا موشیر بووه. به‌ڵام کاک که‌مال هه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی راست نه‌کردۆته‌وه، به‌ڵکو له وتاره‌که‌یدا به ناوی "ویژدان و مێژوو یان دادگای موشیری حه‌مه‌ی سلێمان" وای پیشان داوه که موشیر به درۆی هه‌ڵبه‌ستراو ناوی زڕاوه‌و بگره سه‌ره‌تای سییه‌کان نیشتیمانپه‌روه‌ریش بووه. به رێچکه‌ی کاک که‌مالدا، کاک فواد حه‌مه خورشید و کاک محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین نه‌قشبه‌ندی یش، یه‌که‌م به ناوی جوگرافیا و دووه‌م به ناوی زانستی سه‌ربازییه‌وه هه‌وڵیان داوه بۆ پشتگیریی کاک که‌مال. هه‌وڵی ئه‌م نوسه‌رانه نرخی زانستی‌یان نییه. چونکه یه‌که‌م، خۆیان پاراستووه له‌و به‌ڵگانه‌ی که باسی به‌شداریی موشیر ده‌که‌ن له شه‌ڕدا دژی کورد له به‌ره‌ی ئینگلیزداو دووه‌م، وتاره‌کانیان پشتی به هزر به‌ستووه که ئینگلیزه‌کان له‌به‌ر شاره‌زایی و به‌هێزییان پێویستیان به که‌سێکی وه‌کو موشیر نه‌بووه. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نوسه‌رانه‌وه کاک که‌ریم ئاغای هه‌مه‌وه‌ندیی و کاک ئازاد هه‌مه‌وه‌ندیی ئه‌و راستییه‌یان لێ ده‌رده‌که‌وێت که موشیر له به‌ره‌ی ئینگلیزدا بووه‌و به درۆی هه‌ڵبه‌ستراو نه‌خراوه‌ته پاڵ دوژمن (3/238).
هه‌وڵه‌که‌ی کاک که‌مال و هاوبیره‌کانی راستکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه نییه که "هۆی ژێرکه‌وتنی کورد له شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیاندا موشیر بووه"، به‌ڵکو لێکدانه‌وه‌یه‌کی تری موشیره. له کاتێکدا که ئه‌م لێکدانه‌وه تازه‌یه بناغه‌یه‌کی زانستیی نه‌بێت ئه‌وا له ئه‌نجامدا وا ده‌که‌وێته‌وه که به خواستی فاکته‌ری رۆژ بێت. له‌سه‌رده‌مێکدا که سنوری نێوان پێشمه‌رگه‌و جاش نه‌مابێت، سه‌یر نییه که سیمبۆله‌کانی ناپاکیی و ولإتپارێزییش هه‌وڵ بدرێت بڕوخێن. کاک که‌مال و هاوبیره‌کانی چۆن جاران به پێی فاکته‌ری سه‌رده‌می کۆمۆنیزم موشیریان لکاندووه به هه‌مه‌وه‌نده‌وه، ئێستاش به‌پێی فاکته‌ری سه‌رده‌می تازه دیسان موشیریان به‌ستۆته‌وه به ههمهوهندهوهو له لێکدانه‌وه‌ی تازه‌یاندا داوای لێبوردن له هۆزی هه‌مه‌وه‌ند ده‌که‌ن. کاک که‌ریم ئاغا و کاک ئازاد ههمهوهندییش پشتئه‌ستور به‌م نوسه‌رانه نه‌ک هه‌مه‌وه‌ندیان له موشیره‌وه گلاندووه، به‌ڵکو به‌رگریی له کرده‌وه‌کانی موشیر ده‌که‌ن و هێرش ده‌که‌نه سه‌ر شێخی نه‌مر و به هێرشیش ده‌شکێته‌وه بۆ سه‌ر که‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گی هه‌مه‌وه‌ندیی. کاک ئازاد به شێوه‌یه‌ک ئیلهام له هه‌ڵوێسته‌کانی موشیر وه‌رده‌گرێت که کاک محه‌مه‌د ساڵح عه‌بدولکه‌ریم ده‌رباره‌ی هزراندنی کاک ئازاد ده‌نوسێت: "ئایا کاک ئازاد ده‌یه‌وێت هه‌مان ره‌فتارو کرداری کۆن تازه بکاته‌وه، (3/244)."
لۆجیک بۆ بیرکردنه‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تێک راست بێت قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت ده‌بێت له پێشدا بسه‌لمێت که ئه‌و بابه‌ته فاکته نه‌ک فکر. فاکتی مێژوویی بۆ هه‌موو لایه‌ک ناوکۆییه. بۆ نموونه، کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه رۆژی 16/03/1988 راستییه‌کی بڕاوه‌یه بۆ هه‌موو لایه‌ک. به‌ڵام قسه‌کردن ده‌رباره‌ی فاکته‌کان یان لێکدانه‌وه‌یان به گوێره‌ی که‌سه‌کان و سه‌رده‌م، چاوه‌ڕێ ده‌کرێت جیاواز بێت. له‌گه‌ڵ که‌ریم ئاغای هه‌مه‌وه‌نددا جیاوازییمان نییه که موشیر چۆته پاڵ ئینگلیزه‌کان. که‌واته جیاوازییه‌که له لێکدانه‌وه‌ی کاره‌که‌ی موشیر و هه‌ڵوێست وه‌رگرتندایه لێی.
کاک که‌ریم ئاغا ده‌رباره‌ی موشیر ده‌ڵێت: "موشیر ئاغا به په‌نجا چه‌کداره‌وه چوو بوو شۆڕش بکات. له گفتوگۆی مه‌جلیسدا عاجزییان ببوو. کاتێک وه‌زیره‌کان داده‌نێن، موشیر ئاغا ده‌ڵێت: به‌شی ئێمه‌ش دابنێ، شێخ مه‌حمودیش ده‌ڵێت: تۆ ده‌که‌م به جووتیار. موشیر ئاغا پێی وتبوو: مادام ئه‌مه گفتوگۆکهته، نێوانی من و تۆ لووله‌ی تفه‌نگ ده‌بێت. دواتر شێخ مه‌حمود ناردی به شوێنی‌دا بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیدا ئاشت بێته‌وه، به‌ڵام ئاشت نه‌بووه‌وه (2/31)."
جارێ با له پێشدا چه‌ند سه‌رنجێک ده‌رباره‌ی ئه‌و قسانه له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا بخه‌ینه روو:
یه‌که‌م، وه‌زاره‌ت له حوکمڕانیی دووه‌مدا ساڵی 1922 دامه‌زرا. دیاره ده‌بێت مه‌به‌ست له پۆست و ده‌ستکه‌وت بێت له ساڵی (1918)دا. ئه‌و کاته‌ش شۆڕش نه‌بووه، ئاغا بۆ خۆی ده‌ڵێت وتوویه‌تی به‌شی ئێمه‌ش دابنێ. هه‌روه‌ها له بۆنه‌یه‌کی تردا ده‌ربڕینێکی تری موشیر ده‌خاته روو که بریتییه له‌مه: "له شه‌ڕدا شه‌ریک و له خێردا ته‌ریک (3/239).
که‌واته راستر وابوو کاک که‌ریم ئاغا بڵێت: "بۆ به‌شی خۆی چوو بوو نه‌ک چوو بوو شۆڕش بکات." موشیر کاتی شۆڕش له به‌ره‌ی ئینگلیزدا بووه.
دووه‌م، کێشه‌که دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بووه نه‌ک دابه‌شکردنی ده‌ستکه‌وت. ئه‌گه‌ر موشیر بۆ به‌شی خۆی چوو بێت ئه‌وا هه‌ریسه‌که لای ئینگلیز بووه نه‌ک شێخ. بۆیه موشیر بۆ به‌ش رێگای راستی گرتووه که چۆته پاڵ ئینگلیزه‌کان. به‌ڵام چونهپاڵ دوژمنی گه‌له‌که‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی نییه به‌وه‌وه که پێی وتراوه ده‌کرێت به جوتیار. جگه له‌مه‌ش موشیر به گوێره‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی کاک که‌ریم ئاغا په‌نجا که‌سی له‌گه‌ڵ بووه، سهرلهشکریش بووه له چه‌مچه‌ماڵ. ده‌سته‌ڵاتدارێک ده‌توانێت که‌سێک له به‌رپرسی دائیرهیهکهوه بکاته‌وه به فه‌رمانبه‌ر، به‌ڵام سه‌رخێڵێک ناکرێت به جوتیار.
سێیه‌م، وه‌ڵامه‌که‌ی موشیر له قسه‌که‌ی شێخ ره‌قتره. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شێخ هه‌وڵی ئاشتکردنه‌وه‌ی داوه به‌ڵام بێ سود بووه.
چواره‌م، ئه‌و قسانه که به حساب له نێوانی شێخ و موشیردا کراون نه قسه‌ی تهسجیلکراون نه نوسراوی باوه‌ڕپێکراو، ده‌ماوده‌م هاتوون. به رسته‌یه‌کی تر، به‌ڵگه نین. به‌ڵام به‌ڵگه‌ش بن هیچ له کێشه‌ی چوونه‌پاڵ ئینگلیزی موشیر ناگۆڕن. چونکه ئه‌و قسانه "بیانوون" نه‌ک "هۆ".
به حسابی کاک که‌ریم ئاغا، موشیر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شێخ پێی وتووه ده‌تکه‌م به جوتیار ده‌چێته پاڵ ئینگلیزه‌کان. به‌ڵام ئایا ئه‌م قسه‌یه ده‌توانێت له که‌سێکدا کاره‌کته‌رێکی له‌و جۆره دروست بکات که به هۆیه‌وه بچێته پاڵ داگیرکه‌ری نیشتیمانه‌که‌ی؟
"هۆ" و "بیانوو"
هۆی ئه‌وه‌ی که‌و ده‌فڕێت ئه‌وه‌یه که باڵداره. کاره‌کته‌ری موشیر ئه‌وه‌ی تیا بووه که له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌کان چه‌ک دژی گه‌له‌که‌ی خۆی هه‌ڵبگرێت. ئه‌م کاره‌کته‌ره به قسه‌یه‌کی شێخ، که هه‌وڵی ئاشتکردنهوهشی داوه، له موشیردا دروست نابێت.
موشیر ئه‌گه‌ر بچوایه شۆڕش بکات، شۆڕشی ده‌کرد نه‌ک چه‌ک هه‌ڵبگرێت دژی شۆڕش. ئه‌مه له‌وه ده‌چێت یه‌کێک له شاخێک به‌ربێته خواره‌وه به‌ڵام به‌و شێوه‌یه قسه‌ی لێ بکرێت که چوو بوو بفڕێت. رووداوه‌که باسی راستیی ده‌کات نه‌ک قسه‌که. که‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گی ههمهوهندییش له‌و رووداوانه‌دا بووه، که‌چی خه‌باتی که‌ریم به‌گ هیچ پرسیارێک لای کاک که‌ریم ئاغا دروست ناکات که بۆچی ئه‌و قهباعهتهی موشیر له که‌ریم به‌گ نه‌قه‌وما؟ وه‌ڵامه‌که به‌ڵگه نه‌ویسته: ئه‌وه که‌ریم به‌گ بوو چوو بوو شۆڕش بکات نه‌ک موشیر.
"هۆ" په‌یوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆی هه‌یه به ئه‌نجامه‌وه، به‌ڵام "بیانوو" شاردنه‌وه‌ی هۆیه.
ئه‌و بیانووهێنانه‌وه‌یه بۆ موشیر له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێست وه‌رگرتندا له کرده‌وه‌کانی موشیر نموونه‌ی خهرمانێکن. مانگه‌شه‌و سه‌ر له ئێواره دیاره. کاک که‌ریم ئاغا ده‌رباره‌ی چه‌ک هه‌ڵگرتنی موشیر بۆ ئینگلیزه‌کان ده‌ڵێت: "موشیر ئاغا نه‌ک جارێک سه‌د جار له‌سه‌ر حه‌ق بووه." کاک که‌ریم بۆ ئه‌وه‌ی چاک له قسه‌کانی تێ بگات، پێویسته خۆی بخاته ئه‌و شوێنه‌وه که موشیری تیادا بووه، له‌وێوه له خۆی بپرسێت: ئه‌گه‌ر من به‌شی خۆمیان نه‌دامێ و پێیان وتم ده‌تکه‌ین به جوتیار ئایا ده‌چم چه‌ک هه‌ڵگرم دژی گه‌له‌که‌ی خۆم؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵام "نا"یه که‌واته له‌سه‌ر کام بناغه هه‌ق سه‌د جار ده‌دات به موشیر؟
ئێوه بیبهرتان لا گرنگتره له نیشتیمان
کاک که‌ریم بۆیه سه‌د جار هه‌ق ده‌دات به موشیر چونکه به لێکدانه‌وه‌ی کاک که‌ریم "شێخ قسه‌ی بێ‌خێری کردووه." لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دێته پێشه‌وه: ئه‌ی ئایا ئه‌و خێرانه کامانه‌ن که کاک که‌ریم ئاغا له‌م قسه‌یه‌ی خۆی و کرده‌وه‌کانی موشیردا ده‌یان بینێت؟ چونکه ئه‌گه‌ر نه‌سه‌لمێت که کرده‌وه‌کانی موشیر "پڕخێرن" ئه‌وا ناشسهلمێت که قسه‌که‌ی شێخ "بێخێر"ه. جگه له‌مه‌ش خێر چییه‌و بۆ کێ؟ موشیر که شانبه‌شانی گورگه، سیک و بۆرمایی بۆ داگیرکردنی زێدی خۆی بۆ ئینگلیزه‌کان جه‌نگاوه چۆنه که کاک که‌ریم ئاغا تێگه‌شتنی هه‌یه بۆ ئه‌م کاره‌ی موشیر و به کرداری بێ‌خێری له قه‌ڵه‌م نادات؟ کاتێک که جاشی ئینگلیزه‌کان به شمشێر ورگی برینداره هاوزمانه‌کانی موشیریان ههڵدڕیووه، چۆنه موشیرێک که وشه‌ی "جوتیار"ی به قورس گرتووه نه‌هاتووه، وه‌کو که‌ریم به‌گ کاپتن بۆندی کوشت، ئه‌میش جه‌نه‌راڵ فرایزه‌ر یان ئه‌دمۆنس به جێگای خۆی بگه‌یه‌نێت؟
کاردانه‌وه‌کانمان ته‌نها کاره‌کته‌ری خۆمان ده‌رنابڕن، به‌ڵکو کولتورهکهشمان ده‌رده‌خه‌ن. ئیسماعیل بێشکچی تورک باس ده‌کات که کاتێک کورده‌کان له به‌ندیخانه‌دا زمانی کوردی‌یان لێ قه‌ده‌غه‌کراوه قسه‌یان نه‌کردووه. به‌ڵام کاتێک فه‌رمان هاتووه که ده‌بێت به‌نده‌کان سمێڵ بتاشن، به‌مه رازی نه‌بوون و فه‌رته‌نه‌یان ناوه‌ته‌وه. له ناو کورده‌کانی باکوردا ده‌گێڕنه‌وه کاتێک به که‌سێک ده‌ڵێن رابه مه‌غۆل هات دارستان سوتا، گوێ ناداتێ. رابه مه‌ڕوماڵات به تاڵان برا، گوێ ناداتێ. رابه سه‌رو ماڵ تیا چوو، هه‌ر گوێ ناداتێ. به‌ڵام کاتێک ده‌ڵێن: کوره رابه بیبه‌ر چوو، ده‌ست ده‌داته چه‌ک.
ئینگلیزه‌کان نه‌ک له پێناوی رزگارکردنی وڵاتی خۆیاندا، به‌ڵکو بۆ داگیرکردنی وڵاتانی تریش هاتوون ته‌نانه‌ت توانیوویانه خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه خۆیان دژی نیشتیمانه‌که‌یان به‌کاربهێنن. ئه‌وان زانیوویانه ئێمه بیبه‌رمان لا گرنگتره له نیشتیمان. بۆیه له‌وه تێگه‌شتبوون که شێخ ئاسنی ساردی کوتیووه. لۆنگریک ده‌رباره‌ی ئه‌و کاته ده‌نوسێت: "ئه‌و عه‌شایه‌رانه‌ی که له ده‌وروپشتی کۆبوبوونه‌وه ته‌نها ئاماده‌ی ئه‌وه بوون خه‌ڵات و به‌رات و دیاری وه‌ربگرن و ده‌سته‌ڵات بگرنه ده‌ست، به‌ڵام ئاماده نه‌بوون هیچ به‌ڵێن و په‌یمانێک ببه‌نه سه‌ر. ئه‌وانه ته‌نها بۆ ده‌ستکه‌وتی خۆیان دانیان به سه‌رۆکایه‌تیی شێخ مه‌حموددا نابوو، ئاماده نه‌بوون ده‌ستبه‌رداری هیچ شتێکی خۆیان ببن (1/387). (ره‌فیق حیلمی)یش ده‌گێڕێته‌وه که کاتی شۆڕشی یه‌که‌می شێخی نه‌مر کاپتن بیل به دابه‌شکردنی پاره بڵاوه‌ی به‌و عه‌شایه‌رانه کردووه که له‌سه‌ر رێگایاندا بۆ کوێستانه‌کان رژاونه‌ته ناو رهواندزهوهو جێگای مه‌ترسیی بوون که ئه‌وانیش له‌وێ کۆده‌تا به‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی ئینگلیزدا بکه‌ن (4/130).
ئینگلیزه‌کان که هاتنه ناوچه‌که پاره‌یه‌کی زۆریان هه‌ڵڕشت. شێخ له‌تیفی مه‌لیک مه‌حمود ده‌رباره‌ی ئه‌و پاره هه‌ڵڕشتنه ده‌ڵێت وه‌کو ئه‌و گه‌نمه ژه‌هراوییه وابوو که جوتیار ده‌یدا به مشک.
ئێستاش هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ی کاپتن "بیل"ه که ئه‌م هه‌موو روناکبیرهی به‌و هه‌موو قسه قهبانهوه ره‌وانه‌ی پیسخۆرستان (گهندڵستان) کردووه. کورد ئێستا له ئه‌وروپا به‌وه ناسراوه له‌سه‌ر "شه‌ره‌ف" کچی خۆی ده‌کوژێت. که‌چی دوای ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ش، که هه‌زاره‌ها ئافره‌تمان بێسه‌روشوێن کران، هه‌ر بیبه‌ر گرنگتر بوو له نیشتیمان. له راستییدا، شه‌ره‌ف ئه‌گه‌ر هه‌بێت نیشتیمانه، ئه‌وه‌ی ئێمه نیمانه.
فاکته‌ری سه‌رده‌م
ئه‌وه‌ی ده‌وترێت سه‌رچاوه ته‌نها له کاره‌کته‌ری که‌سه‌که و کولتوره‌وه ناگرێت، به‌ڵکو خه‌سڵه‌تی سه‌رده‌مه‌که‌ش. کاتی خۆی که ئایدۆلۆجیی کۆمۆنیزم به‌ربڵاو بوو، روناکبیران له پشت چاویلکه‌ی کۆمۆنیزمه‌وه ده‌یان هزراند. ئاغا، خێڵ، مه‌لا، حاجی، شێخ، مامۆستا، بازرگان، خاوه‌نکار، جوتیار، مامۆستا جگه له کرێکار ئه‌مانه هه‌موویان جێگایان که‌م و زۆر دۆزه‌خ بوو. کرێکاریش خۆیان بوون، خۆشیان فڕیان به کرێکارییه‌وه نه‌بوو. کاریگه‌ریی ئه‌و سه‌رده‌مه لای کاک ئازاد هه‌مه‌وه‌ندیی به‌م شێوه‌یه ره‌نگی داوه‌ته‌وه، نابراو نوسیوویه‌تی: "هه‌ر له قۆناغی ناوه‌ندییه‌وه حه‌زم به ناوی (ئاغا و به‌گ و ده‌وڵه‌مه‌ندو ده‌ره‌به‌گ نه‌بووه، به‌ر له هه‌موویان بابام! (3/237). "
هه‌مه‌وه‌ند جگه له‌وه‌ی که خێڵ بووه‌و بوغزێنراوه دراوه‌ته به‌ر پلاری موشیریش. روناکبیران بێده‌سته‌ڵات له ژێر فاکته‌ری سه‌رده‌مه‌که‌یاندا رهوشێکیان خستبووه‌وه که کاک ئازاد هه‌مه‌وه‌ندیی به‌م شێوه‌یه پێوه‌ی تلاوه‌ته‌وه: "به راستی له قۆناغی زانکۆ و له ناو نووسه‌ران و خوێندکارانی کورددا به راشکاوی نه‌مده‌وێرا بڵێم: من له خێڵی هه‌مه‌وه‌ندم! چونکه ناوی (موشیری حه‌مه‌ی سلێمان) وه‌کو په‌ڵه‌یه‌کی شه‌رم وابوو به‌م خێڵه جهربهزهیهوه (03/235)." ناوبراو ئه‌م قسه‌یه له سه‌رده‌می ئێستادا ده‌کات که کۆمۆنیزم روخاوه‌و به جۆرێکی تر کێشه‌ی موشیر لێکده‌داته‌وه. به‌ڵام کام جۆر؟
ئێمه له سهرهمێکدا ده‌ژین که کورد به پێی خۆی چووه به‌رده‌می سندوقی ده‌نگدان بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته‌وه سه‌ر عێراق. کاری پارته کوردییه‌کان یه‌کێتی خاکی عێراق و دژایه‌تیی لهتبوونێتی. ژماره‌یه‌ک کوردی ناپاک، که له گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق به‌شداریی ئه‌نفالیان کردووه، له ناو پارته کوردییه‌کاندان ..هتد.
ده‌سته‌ڵاتی کورد حاڵه‌تێکی خستۆته‌وه که خۆی ناوی ناوه: "گه‌نده‌ڵیی" که راستر وایه پێی بوترێت: "پیسخۆریی". فاکته‌ری سه‌رده‌م ئێستا تا راده‌یه‌کی زۆر له‌م پیسخۆرییه دروست بووه. فاکته‌ری پیسخۆریی رۆڵی خۆی ده‌بینێت له‌وه‌دا چۆن بیر بکرێته‌وه‌و کام هه‌ڵوێست بگیرێت له خیانه‌ت، له وڵاتپارێزیی، له مێژووی شێخی نه‌مر، له رووداو و که‌سه‌کان...هتد؟
بۆیه ئه‌و قسانه‌ی ئه‌وترێن، ده‌نوسرێن ته‌نها سه‌رچاوه له کاره‌کته‌ری که‌سه‌که و کولتورهکهوه ناگرن، به‌ڵکو فاکته‌ری سه‌رده‌میش به‌شی خۆی تێده‌خات. شێخ ئه‌حمه‌دی فایز ده‌ڵێت: "لۆجیک ئه‌و یاسایانه‌یه که ئه‌قڵ به‌کاریان ده‌هێنێت بۆ دورکه‌وتنه‌وه له هه‌ڵه." هه‌ر به‌رهه‌مێک که له فلته‌ری لۆجیکی فایزیی نه‌درابێت قسه‌ی سه‌رده‌مه که له رێگای که‌سه‌کانه‌وه ده‌یان کات. ئه‌و ئازادییه‌ی که روناکبیران و بڵاوکراوه‌کانیان هه‌یانه به‌گشتیی ئازادییه‌کی رێگاپێدراو و ده‌ستنیشانکراوه، سه‌رچاوه‌ی له خه‌سڵه‌تی سه‌رده‌مه‌که‌یه‌وه گرتووه، که به پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می کۆمۆنیزمه‌وه که چه‌کی "زه‌بروزه‌نگی شۆڕشگێڕیی" حه‌ڵاڵ بوو، ده‌بێت دنیایه‌ک بنه‌خشێنێت له دیموکراتیی بچێت، ئه‌گینا فڕی به دیموکراتییه‌وه نییه. کاک که‌ریم ئاغا لای وایه که "ئه‌وه‌نده به په‌له چوینه‌ته سه‌ر دیموکراتیی، چاره‌سه‌ری کێشه‌کان بۆ عه‌شایه‌ر و حکومه‌تیش قورس بووه." به‌ڵام کاک که‌ریم ئاغا له وه‌ڵامی پرسیار ده‌رباره‌ی ده‌سته‌ڵاتدارێتی حیزبه کوردستانییه‌کاندا خۆی ده‌پارێزێت له قسه‌ی بێخێر و ده‌ڵێت: "من حه‌قم به‌سه‌ر ئه‌وانه‌وه نییه (2/32)." کاک "شێرکۆ بێکه‌س"یش که جاران موشیری له هۆنراوه‌یه‌کی درێژدا باس کردبوو، ئێستا به پێی "فاکته‌ری سه‌رده‌م"ی نوێ له یادکردنه‌وه‌ی په‌نجا ساڵه‌ی شێخی نه‌مردا، که له مانگی دوانزه‌ی ساڵی (2006)دا ساز کرا، خۆی له ناوهێنانی موشیر پاراست. جگه له‌مه‌ش ده‌زگاکه‌ی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ی منی بڵاو نه‌کرده‌وه که ده‌رباره‌ی کێشه‌ی موشیر ئه‌نجام دراوه.
هیوادارم توانیبێتم به کورتی پیشانی بده‌م که چۆن "فاکته‌ری سه‌رده‌م" یان ساکارتر، رۆژ ده‌ور ده‌بینێت له‌وه‌دا که چۆن بیرده‌کرێته‌وه، قسه ده‌کرێت و ده‌نوسرێت.
زانیار نابێت روناکبیربێت
یه‌کێک له‌و خاڵانه‌ی که "زانیار" له "روناکبیر" جیا ده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌یه که زانیار به‌پێی پره‌نسیپی زانستیی، به‌ده‌ر له فاکته‌ری رۆژ، کار ده‌کات و ده‌نوسێت. به‌ڵام روناکبیر که به ئاره‌زوو ده‌نوسێت و دنیا ده‌هزرێنێت، فاکته‌ری رۆژ به ئاسانیی ره‌نگ له به‌رهه‌مه‌کانیدا ده‌داته‌وه. نموونه‌ی ئه‌و جۆره مێژوونوسینهوهیه زۆره که روناکبیران به پێی روناکبیریی مقه‌ست له هه‌ندێک روداو ده‌ده‌ن یان به ئاره‌زووی خۆیان به پێی رۆژ شتێکی دی لێ دروست ده‌که‌ن.
چۆنێتی لێکدانه‌وه‌ی رووداوه مێژووییه‌کان و هه‌ڵوێستوه‌رگرتن لێیان خه‌سڵه‌تی ئێستامان ده‌خاته روو که چۆن ته‌ماشای ناپاکیی و وڵاتپارێزیی ده‌کات. ئه‌مه‌یانه که گرنگیی زانستیی هه‌یه نه‌ک موشیر وه‌کو که‌س و هه‌مه‌وه‌ند وه‌کو خێڵ. له راستیدا تا ئێستا کێشه‌ی موشیر هه‌م له تاوانبارکردنیدا هه‌م له به‌رگریکردندا لێی به شێوه‌یه‌ک باس کراوه که هه‌مه‌وه‌ندی پێ له‌که‌دار کراوه. ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته‌ش له‌گه‌ڵ کێشه‌ی موشیر له‌گه‌ڵ زانست‌دا نایه‌ته‌وه، زیاتر له فاکته‌ری سه‌رده‌مه‌کان دواوه که له هه‌ردووکیاندا هۆزی ههمهوهندیشی تێوه گلاوه. کاک که‌ریم ئاغا غه‌در له هه‌مه‌وه‌ند ده‌کات که ده‌ڵێت موشیر سه‌د جار له‌سه‌ر حه‌ق بووه. ههمهوهندێک که خاوه‌نی مێژوویه‌کی پڕ له راپه‌ڕین بووه بۆ کورد دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانیی و ئینگلیز. پێم وایه بیرکردنه‌وه به‌و شێوه‌یه فه‌رامۆشکردنی خه‌باتی که‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گی ههمهوهندییه. ئه‌و قاره‌مانه له‌به‌ر ئه‌وه دژی ئینگلیزه‌کان نه‌ده‌جه‌نگا چونکه ئینگلیزێک قسه‌ی بێخری کردبوو دژی، به‌ڵکو ئه‌و ژیانی خۆی له پێناوی به‌رگریی له نیشتیمان‌دا به‌خشی. ئاخر که‌ریم به‌گی قاره‌مانیش به کاری پڕخێری کوردی ناپاک و به پاره‌ی ئینگلیز شه‌هید کرا. کاک که‌ریم ئاغای هه‌مه‌وه‌ند ره‌نگه له دڵدا به‌رگریی له هه‌مه‌وه‌ند و موشیر کردبێت، به‌ڵام له ئه‌نجامدا خۆی خستۆته شوێنێکه‌وه که پێویستی به به‌رگرییه.
هه‌ڵوێستی زانستیی له کێشه‌ی موشیر
مه‌به‌ستم له هه‌ڵوێستی زانستیی ئه‌وه‌یه که له کێشه‌که تێبگه‌ین به بێ کاریگه‌ریی فاکته‌ری سه‌رده‌م، بێ فکر و ئاره‌زوو، به‌ڵکو به لایه‌نی که‌مه‌وه به‌پێی پره‌نسیپه‌کانی مێژوو، کۆمه‌ڵایه‌تیی و فه‌لسه‌فیی.
له ره‌چاوکردنی ئه‌و پره‌نسیپانه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که له هیچیاندا نه خێڵی هه‌مه‌وه‌ند جێگای گرنگییه نه ره‌گوڕیشه‌ی موشیر که کوڕی کێیه.
سیمبۆلی ناپاکیی نه‌ته‌وایه‌تیی له ناو هه‌موو گه‌لێکدا هه‌یه. سیمبۆله‌کان هی ناپاکیی بن یان هی قاره‌مانێتیی، له ره‌وتی گه‌لاندا به‌کاردێن بۆ دژایه‌تییکردنی ناپاکیی و به‌هێزکردنی لایه‌نی ولإتپارێزیی. ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا کاتێک سیمبۆله‌کانی ناپاکیی ده‌بینن، تێده‌گه‌ن ئه‌گه‌ر ناپاکیی بکه‌ن چۆن به‌ر نه‌فره‌تی گه‌ل ده‌که‌ون و مێژوو له کوێیاندا داده‌نێت. شکاندنی ئه‌م سیمبۆلانه وه‌کو شکاندنی ئه‌و ته‌رازووه وایه که کێشی شتی پێ ده‌پێوین. ئه‌مه به لێدانی جیاکردنه‌وه‌ی چاکه و خراپه ده‌شکێته‌وه. وردبوونه‌وه له‌م بۆچونه ده‌ریده‌خات که کۆمه‌ڵگا له راستییدا پێویستییه‌کی تری به موشیره به‌ده‌ر له‌وه‌ی که موشیر ناوی باوکی بوترێت و ببه‌سترێت به هه‌مه‌وه‌نده‌وه. موشیر که ناوی که‌وته مێژووه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بوو که ئه‌و له هه‌موو ناپاکه‌کانی دی ناپاکتر بوو، به‌ڵکو رێی تێده‌چێت که له پرۆسێسێکی مێژوویی‌دا خۆپاراستنی گه‌لێک له مه‌ترسیی و فه‌وتان پێویستی به دروستکردنی نموونه‌یه‌کی له‌و جۆره بێت که گه‌لێک له‌و رێگایه‌وه بیه‌وێت دژایه‌تیی ناپاکیی بکات. ئه‌گینا وردبوونه‌وه‌یه‌ک له مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه پیشانی ده‌دات که ژماره‌یه‌ک له روناکبیران و ئاغایان کاریان بۆ عێراق و ئینگلیز کردووه‌و به ناپاکیش نه‌ناسراون. به پێچه‌وانه‌وه، نموونه‌ی که‌سانی وا ده‌دۆزرێته‌وه که به نیشتیمانپه‌روه‌ر ناسراون. ئه‌مه‌ش ئاسانکاریی کردووه بۆئه‌وه‌ی که موشیریش به‌و پێوه‌ره بتوانرێت به جۆرێکی تر لێکبدرێته‌وه.
حه‌پسه‌خانی نه‌قیب له وتارێکدا، که ساڵی 1930 نوسیوویه‌تی، له روانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌ست بۆ ئه‌وه راده‌کێشێت که په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ به باشیی سودی ده‌بێت بۆ کۆمه‌ڵ، به‌ڵام پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌بێت به بار به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاوه (5). حه‌پسه‌خان کۆمه‌ڵگای به‌رپرسیار کردووه به‌رامبه‌ر به تاکه‌کانی به‌سود بن یان زیانبه‌خش. که‌چی روناکبیرانی کورد ئه‌مه نه‌وه‌د ساڵه موشیر وه‌کو که‌س ده‌بینن و له هۆزی هه‌مه‌وه‌ندییه‌وه ده‌لکێنن.
مه‌یلی گشتگیریی
نه‌بوونی تێگه‌شتن له‌سه‌ر بناغه‌ی زانستییانه مه‌یلی گشتگیریی دروست ده‌کات. کاتێک بێگانه‌یه‌ک له ئه‌وروپا تاوانێک ده‌کات رای بێ ساحێب ده‌ڵێت: بێگانه‌کان (نه‌ک که‌سێک) تاوانێکیان کرد. گۆڤاری "لڤین"یش ده‌نوسێت: "له مێژووی کورددا عه‌شیره‌تی هه‌مه‌وه‌ند وه‌کو عه‌شیره‌تێکی دژ به شێخ مه‌حمود ده‌ناسرێت." لڤین له ناپاکیی که‌سێکه‌وه که له خێڵی هه‌مه‌وه‌ند بووه گشتگیرییه‌کی نێگه‌تیڤ ده‌رده‌بڕێت که هه‌مه‌وه‌ند له مێژووی کورددا دژی شێخ مه‌حمود ناسرابێت. ئه‌گینا له مێژووی هه‌مه‌وه‌نددا فه‌قێ قادری هه‌مه‌وه‌ندیی که له سه‌ره‌تای ساڵانی (1300)ی کۆچییدا کۆچی دوایی کردووه، به پێی کاک فاتیحی کوڕی زانای میهره‌بان مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس، په‌یوه‌ندییه‌کی گیانیی به‌هێزی هه‌بووه له‌گه‌ڵ کاک ئه‌حمه‌دی شێخداو یه‌کێک بووه له موریده‌کانی (6/32).
شێخان خێڵ نه‌بوون و خێڵ نین. هێزی شێخ مه‌حمود جگه له جه‌ماوه‌ری هه‌ژاران له ناو خێڵه‌کاندا هه‌مه‌وه‌ند پشت و هێزێکی سه‌ره‌کیی بووه. له دوای شه‌هیدکردنی شێخ سه‌عیدی باوکی شێخ مه‌حمود، هه‌مه‌وه‌ند رۆڵی سه‌ره‌کیی بینیووه له هه‌ڕه‌شه و فشار بۆ سه‌ر تورکه‌کان. کاتی شۆڕشه‌کانی شێخ‌یش که‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گ یه‌کێک بووه له که‌سه قاره‌مان و گرنگه‌کان. هه‌روه‌ها حه‌مه ره‌شیدی جوامێری هه‌مه‌وه‌ندیی، که راوێژکاری شێخ بووه، یه‌کێک بووه که له شه‌ڕی تاسڵوجه یان بازیاندا شه‌هید بووه (1/503). واته له‌و شه‌ڕانه‌دا که موشیر دژی کورد له‌به‌ره‌ی ئینگلیزدا جه‌نگاوه. جگه له‌م که‌سانه (فه‌قێ محه‌مه‌دی هه‌مه‌وه‌ندیی)ش دوای شه‌ڕی بازیان گیراوه، به‌ڵام به‌هۆی موشیرو هه‌ندێک که‌سی تری سه‌ر به ئینگلیزه‌وه لێی خۆش بوون که دارکاریی نه‌کرێت (1/528). هه‌روه‌ها گۆڤاری "لڤین" مه‌یلی هه‌یه له کاک که‌ریم ئاغا بپرسێت: "تۆ ره‌خنه‌ت چییه له‌سه‌ر شێخ مه‌حمود؟" به‌ڵام به گشتیی تا ئێستا وا بیر ناکرێته‌وه که قسه چییه له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی که له کاتی شۆڕشه‌که‌دا به ئه‌قڵ، به قه‌ڵه‌م، به وه‌زیفه یان به تفه‌نگ له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ری نیشتمان بوون؟ ئه‌م مه‌یله سه‌رچاوه له کوێوه ده‌گرێت و چی ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه به جێگای خۆی. به‌ڵام به کورتیی: هه‌لومه‌رجی ملکه‌چیی بڕیار ده‌دات گه‌لێکی ژێرده‌ست چۆن بیر بکاته‌وه.
سه‌رئه‌نجام
موشیر سیمبۆلێکی ناپاکیی نه‌ته‌وایه‌تییه و به‌س. دادگایی‌کردنی سیمبۆلیش وه‌کو ئه‌وه وایه بڵێیت پاپای مرد. ئه‌وانه‌ی موشیر له‌ناو رسته‌ی خێڵ و رهگوڕیشهدا ده‌بینن، دههزرێنن و له راستییدا له رێگای موشیره‌وه باسی خۆیان و سه‌رده‌مه‌که‌یان ده‌که‌ن. راسته موشیر له که‌سێک و له کاتوشوێنێکی دیاریکراوه‌وه هاتووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئێمه ئێستا باسی ده‌که‌ین سیمبۆله و تێگه‌شتنی زانستییانه نایبه‌ستێته‌وه به هیچ که‌س و خێڵێکه‌وه. هه‌ر به پێی ئه‌م روانگهیهشه که ئه‌ز هه‌رگیز نامه‌وێت نه ناوی باوکی بنوسم نه هیچ پاشناوێکی بده‌مێ. پاککردنه‌وه‌ی موشیرو داوای لێبوردنکردن له هه‌مه‌وه‌ند دیوی ئه‌ودیوی قه‌وانه‌که لێ ده‌دات بۆ هه‌مه‌وه‌ند. ئه‌مه له کاتێکدا که راستر وایه قه‌وانه‌که خۆی بخرێته ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌وه. ئه‌مه له‌وه ده‌چێت به یه‌کێک بڵێیت: خائین! به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی که‌سه‌که توڕه ده‌بێت، ئنجا پاشگه‌ز ببیته‌وه‌و بڵێیت: ده باشه نهخائین!
هه‌مه‌وه‌ند لای من هه‌مه‌وه‌ندی فه‌قێ قادر، که‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گ و قاره‌مانه‌کانی تره، نه‌ک هه‌مه‌وه‌ندی موشیر و لایه‌نگرانی. ئه‌مه جێگای گومان و ناڕه‌زاییه که سیمایه‌ک که‌ریم به‌گ به خوێنی خۆی دابێتی به هه‌مه‌وه‌ند ئه‌مڕۆ ده‌ستی رۆژ به موشیر بیشێوێنێت. کاک ئازاد هه‌مه‌وه‌ندیی ئه‌گه‌ر دڵی پڕه بۆ کاپتن بۆند، راستر وایه که‌نار بگرێت له هه‌مه‌وه‌ند وه‌ک جارانی (7).
وا رێکه‌وت ئه‌و شه‌ڕه له ده‌ربه‌ندی بازیان بێت و موشیریش له هه‌مه‌وه‌ند. ئه‌و شه‌ڕه سیمبۆلێکی پێ به‌خشین که ئێمه بتوانین دژایه‌تیی ناپاکیی پێ بکه‌ین و وڵاتپارێزیی پێ به‌رز رابگرین. له ده‌ره‌وه‌ی زانست هه‌ڵوێستێک که واتای تێدا بێت له په‌یوه‌ندیی موشیر به هه‌مه‌وه‌نده‌وه هه‌ر تا ئه‌و سنوره بڕ ده‌کات که بڵێین:
هه‌مه‌وه‌ند جگه له‌وه‌ی که جه‌نگا بۆ پارێزگاریی له زێدی خۆی، سیمبۆلێکیشی پێ به‌خشین که نه‌فره‌ت نه‌مر بێت.
سه‌رچاوه‌کان:
1. م. ره‌سول هاوار، شێخ مه‌حمودی قاره‌مان و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خوارووی کوردستان، به‌رگی یه‌که‌م، له‌نده‌ن، ساڵی 1990
2. لڤین، ژماره 61.
3. د.که‌مال مه‌زهه‌ر، چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک له مێژووی گه‌لی کورد، ئاماده‌کردنی عه‌بدوڵا زه‌نگه‌نه، به‌رگی دووه‌م، 2001.
4. ره‌فیق حیلمی، یاداشت، کوردستانی عێراق و شۆڕشه‌کانی شێخ مه‌حمود، به‌شی یه‌که‌م)
5. رۆژنامه‌ی ژیان ژماره‌ی رۆژی: 31/08/1930).
6. مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ریس و فاتیح عه‌بدولکه‌ریم، کۆمه‌ڵه شیعری فه‌قێ قادری هه‌مه‌وه‌ند، چاپخانه‌ی کۆڕی زانیاری عێراق، به‌غداد 1980.
7. کاک ئازاد ده‌رباره‌ی کوشتنی کاپتن بوند ده‌نوسێت: "هه‌مه‌وه‌نده‌کان (که‌ریم فه‌تاح به‌گ) له ناوچه‌ی چه‌مچه‌ماڵ نه‌قیب کاپتن (بۆند) ده‌کوژن و بۆ ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانلیه (مه‌ڕه نه‌خۆشه‌که) هه‌ڵاتن، چونکه ستراتیجیه‌تی شێخ وای فه‌رز کردبوو!!! (3/242)."
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست