یاسای مانه‌وه‌ی دژوار
Monday, 26/07/2010, 12:00
ئه‌و هاواره‌ی بۆ تۆی ده‌که‌م له پێناوی خۆمدایه، چونکه که خۆمیان برد ئیتر ده‌مم به که‌سدا ناگات
(کاتی خۆی که کتێبه‌که‌ی (عه‌بدولخالق مه‌عروف)م خوێنده‌وه سێ شتم تیادا به‌دی کرد: راستگۆیی، زیره‌کیی و ئازایه‌تیی. یه‌کسه‌ر هه‌ستم کرد که ئه‌م پیاوه ده‌بێت له‌به‌رچاو ون ببێت.
نازم حیکمه‌ت له‌سه‌ر پیاوخراپیی نه‌بوو که کاتی خۆی سیانزه ساڵ حوکم درا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له مۆسکۆ نه‌نێژرا که له تورکیای وڵاتی خۆیدا مه‌ترێک نه‌مابوه‌وه ئه‌می لێ بنێژن.
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی که به به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه له داردران ده‌سته گوڵی خاک نه‌بوون؟ ئه‌ی ئه‌وه‌ی که له هه‌موو دهورێکدا خۆی به ده‌سته‌ڵاتدا هه‌ڵده‌واسێت و وه‌کو سیسارکه که‌چه‌ڵه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مردوو ده‌ژی نابێت هه‌ر له جێگای خۆیدا بێت؟
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی که حوکممان ده‌که‌ن له راستییدا ده‌بوو نه‌فه‌ری به‌ندیخانه‌کان بن، دیاره که ئه‌مانیش ده‌بێت راوی کێ بکه‌ن.
له قۆرتێکی مێژوودا وا ده‌که‌وێته‌وه که ده‌سته‌ڵاتێک ده‌بێت کارگه‌یه‌کی چه‌کی کیمیاویی دابمه‌زرێنێت.
ئه‌ندازیارێک خانووه‌که‌ی بۆ دروست ده‌کات.
کیمیاییه‌ک مادده‌کان ده‌گرێته‌وه.
نوسه‌رێک قسه‌ی بۆ ده‌کات.
ئه‌م که‌سه جیاوازانه له یه‌ک شتی هاوبه‌شدا یه‌کده‌گرنه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که هه‌موویان خه‌ریکی ئه‌وه‌ن که هه‌یه و بڕیاری له‌سه‌ر دراوه.
عه‌بدولخالق مه‌عروف کفری نه‌کرد ئیسلامی له ته‌پوتۆزی ئه‌مڕۆ ته‌کاند و وتی: ئه‌مه ئه‌سڵی ئایینه‌که‌یه و غیره‌تی ئه‌وه‌تان هه‌بێت وه‌کو خۆی وه‌ریبگرن و بچنه ژێری. ئه‌وانه‌ی کوشتیان ئیشیان به ئه‌سڵی باوه‌ڕه‌که نییه. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت جێگای خۆیان له‌وه‌دا بکه‌نه‌وه که هه‌یه.
من ئه‌گه‌ر خۆم مه‌حکوم بکه‌م به‌وه‌ی که ده‌بوو دوره‌په‌رێز دانه‌نیشم و شتێک هه‌ر بکه‌م هه‌ڵه‌که له‌وه‌دا ده‌بینم که من وا بیر ده‌که‌مه‌وه جیهان چۆن بێت نه‌ک ئه‌و جیهانه‌ی که هه‌یه چۆن به‌رده‌وام بێت.
من بیر له‌وه ناکه‌مه‌وه ئه‌و جه‌نگه‌ی که بڕیاری له‌سه‌ر دراوه چۆن بکرێت باشه. به‌ڵکو بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه که ئه‌و جه‌نگه هه‌ر نه‌کرێت. که‌واته یه‌که‌م کوژراو منم.
من بیر له‌وه ناکه‌مه‌وه که چۆن چۆنیی جاجمێک له وشه له نێوانی خه‌ڵک و تاڵانکه‌راندا هه‌ڵواسین، چ بابه‌تێک بکه‌ین به ته‌م که که‌س به‌رچاوی خۆی نه‌بینێت، به‌ڵکو بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه که گه‌نجینه‌ی شاره‌که نه‌دزن. که‌واته یه‌که‌م دزراو منم.
ته‌ڵه‌ی درۆ ناچاره شانبه‌شانی ئه‌سپی راستیی تاوی خۆی بدات. درۆ سێبه‌ری راستییه و لێی نابێته‌وه، له‌گه‌ڵیا باڵ ده‌گرێت و گه‌شه‌ده‌کات. باشترین درۆ ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده له راست ده‌چێت ئه‌سڵه‌که‌ی له ژێره‌وه ده‌رده‌هێنن.
داروین سه‌ری خۆی کرد به دوربینێک و ئاوه‌ڕوی دایه‌وه بۆ دواوه. بینی هه‌ندێک گیانله‌به‌ر ورده ورده له‌ناوده‌چن. ئه‌وانه‌ی ده‌مێننه‌وه ئه‌وانه‌ن که زیاتر له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌که‌یاندا ده‌گونجێن. ئه‌مه یاسایه، یاسای مانه‌وه‌ی له‌بار.
تا ئه‌م ژووره وشک بوو، نانی قوڵینه‌که ده‌خورا، به‌ڵام که سه‌ربانه‌که‌مان کونی تێ بوو، نانه‌که‌ش که‌ڕو گرتی.
یاسای مانه‌وه‌ی له‌بار شتێکی موتڵه‌ق نییه، له‌بار بۆ چی؟
ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی زستان جله زۆره‌کانی به‌ریان ئیتر ببوایه به پێستی له‌شیان، ئه‌وا ئه‌وانیش هاوین که گه‌رماکه هات وه‌کو ئه‌و که‌سه بێ به‌رگانه ده‌مردن که له سه‌رماکه‌دا ره‌ق بوونه‌وه.
هه‌ر دیناسۆر ئه‌م تۆپی زه‌وییه‌ی به‌جێ نه‌هێشتووه. له‌بار بۆ چی؟
به به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه هه‌رچی ئه‌یوت: دوو که‌ڕه‌ت دوو ده‌کاته چوار، هه‌رچی مه‌ڕی له ده‌می گورگ ده‌رهێنابێت له‌به‌رچاو ون بوو.
ئه‌مه یاسایه، یاسای مانه‌وه‌ی دژوار.
ئه‌وانه‌ی به بۆنی مه‌یت نه‌ڕشانه‌وه، گۆشتی مردوویان خوارد و قه‌ڵه‌و بوون. ئه‌مه رهوه رهو. ئه‌وه‌ی گۆشتی مردوو ناخوات ده‌بێت رهو کات، ورده ورده ئه‌م شانۆ روو زه‌رده به‌جێ بهێڵێت.
دیکتاتۆر له دوا پله‌ی ده‌سته‌ڵاتیا جێگا بۆ یه‌ک وشه‌ی رووسوور ناهێڵێته‌وه. زانیاریی له ئاو و هه‌وای دیموکراتییدا سه‌وز ده‌بێت. پێشکه‌وتن له‌ژێر ئاسمانی چاوسورکردنه‌وه‌دا زه‌وییه‌کی غه‌درلێکراوی ره‌شهه‌ڵاتووه.
هه‌ر مرۆڤه‌که نییه که شتێک ده‌کات له به‌رژه‌وه‌ندیی کۆمه‌ڵه‌که‌یه، به‌ڵکو کۆمه‌ڵه‌که‌شه که مرۆڤه‌که‌ی به‌کار ده‌هێنێت. کۆمه‌ڵه‌که‌یه که دوو ده‌ست له ده‌سته‌ڵات دروست ده‌کات. ئه‌و ده‌سته گۆجه‌ی کۆمه‌ڵگای دواکه‌وتوو ئیشی پێ ده‌کات، ئه‌و دوو ده‌سته بێ زه‌وقه‌ن که شته خراپه‌کان کۆده‌که‌نه‌وه. پیاوچاکان هه‌موو سیس و ژاکاو له کون ده‌خزێن و هه‌رچی مێش و مه‌گزیشه به ده‌وری برینه‌که‌دا گیزه‌یان دێت.
ئه‌مه یاسایه، یاسای مانه‌وه‌ی دژوار.
که پینه‌چییه‌کیان له جیاتی پزیشک برد بۆ نه‌شته‌ریی، ئیتر من ده‌زانم دوای ئه‌وه چی روو ده‌دات. تۆ که به بۆنی مه‌یت ناڕشێیته‌وه، به‌رز داده‌نیشیت و دومه‌ڵێکی تر به ده‌موچاوی وڵاته‌وه زیاد ده‌که‌یت. منیش ئه‌گه‌ر ده‌می خۆم نه‌که‌م به به‌ندیخانه‌ی زمانی خۆم، ئه‌وا پینه‌چییه‌که کاری به‌وه نییه ئه‌مه ده‌مه یان پێڵاو، گرنگ ته‌قه‌ڵه ته‌قه‌ڵ.
من ئه‌گه‌ر خۆم مه‌حکوم بکه‌م به‌وه‌ی که ده‌بێت شتی جوان بکه‌م، ده‌بێت خۆم نه‌خه‌مه ده‌سته گۆجه‌که‌ی کۆمه‌ڵگاوه. ئه‌م به‌رده زله به ئاسانیی تلی پێ نادرێت. ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ی منی مێرووله ده‌یه‌وێت هه‌ڵی بداته‌وه سه‌دان چه‌قه‌ڵ و که‌متیاری له‌سه‌ر وه‌ستاوه.)
ئه‌و دێڕانه‌ی سه‌ره‌وه‌م ساڵی 1993 له کتێبی "گڵ"دا بڵاوکردۆته‌وه. ئه‌و که‌سه‌ی که ئێستا دوای پانزه ساڵ جارێکی تر ده‌یاننوسێته‌وه مه‌رگی سۆرانی مامه حه‌مه‌یه.
من نازانم سۆران بۆ کوژرا به‌ڵام ده‌زانم سۆران له‌سه‌ر ئه‌وه له‌ناونه‌چوو چونکه پاره‌ی پڕۆژه‌ی ئاوی دزی. له‌سه‌ر ئه‌وه ژیانی له‌ده‌ستنه‌دا که فایلی به‌عسێتیی هه‌بوو. له‌سه‌ر ئه‌وه له‌ناونه‌برا که جاشێکی ئه‌نفال بوو. له‌به‌رئه‌وه نه‌فه‌وتا فێڵی له گه‌له‌که‌ی کردبوو. له‌سه‌ر ئه‌وه سزانه‌درا که داهاتووی لاوانی کوێر کرده‌وه. له‌سه‌ر ئه‌وه ژیانی دانه‌نا که شاری بێ ئاو و کاره‌با کردبوو. له‌به‌ر ئه‌وه جوانه‌مه‌رگ نه‌بوو چونکه کیلۆمه‌ترێک سه‌یاره‌ی ته‌کسی له سه‌ره‌ی به‌نزیندا ریز کردبوو،....
ئه‌مه یاسایه، یاسای مانه‌وه‌ی دژوار.
ئه‌و نوسه‌رانه‌ی ئه‌م یاسایه ده‌می چه‌ور کردوون، نایانه‌وێت دان به‌وه‌دا بنێن که سۆران قه‌ڵه‌می بۆ ئازادیی هه‌ڵگرتبوو. سۆران ئازاد له یاساکانی ملکه‌چیی، له زه‌لیلیی رزگاری بوو. شێخ مارف به‌رزنجی هه‌ر له‌م که‌رکوکه ساڵی 1963 قسه‌ی بۆ سۆرانی 45 ساڵ دوای خۆی کردبوو:
"یه‌ک شت هه‌یه که دڵی من ئه‌داته‌وه، ئه‌ویش ئازادیی گیانمه."
تێبینی:
شێخ مارف به‌رزنجی له‌گه‌ڵ شێخ حسه‌ینی برای و ژماره‌یه‌کی تردا ساڵی 1963 له که‌رکوک هه‌ڵواسران.
ئه‌م وتاره له‌و ساڵڕۆژه‌دا ناردم بۆ گۆڤاری لڤین به‌ڵام بڵاویان نه‌کرده‌وه. ئێستا دوای دوو ساڵ ناردم بۆ کوردستانپۆست.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست