مشتێکی پڕ له شه‌کر
Tuesday, 29/01/2013, 12:00
کوردستانپۆست:
ئه‌مڕۆ هه‌ر پارته ته‌نها یادی ئه‌ندامه‌کانی خۆی ده‌کاته‌وه، لێ ئێمه هه‌ر پێشمه‌رگه یان که‌سێک خزمه‌تی به نیشتیمان کردبێت، به رۆڵه‌ی ئه‌و میلله‌ته‌ی ده‌زانین، نه‌ک به رۆڵه‌ی حیزبه‌که‌ی. ئه‌وانه رێزی تایهتییان لامان هه‌یه. ئه‌وانه‌ی له رابردوودا به جوانیی و له پێناو ئازادیی و سهربهرزییدا خه‌باتیان کردبێت و ناویان به خاوێنی نووسرابێته‌وه، ده‌یکه‌نه سیمبوڵ و رۆڵه و نمونه‌ی جوانی قوربانییه‌کان، له هه‌مانکاتدا پێویسته ئه‌و که‌سه جوانانه له‌و حیزبانه بسێنینه‌وه، چونکه موڵکی ئه‌وان نیین، موڵکی خاک و خه‌ڵکن، ئێمه هه‌وڵ ئه‌ده‌ین رێز له خه‌باتییان بگرین و نموونه‌یان زۆر بێت.
شێخ دارای شێخ جه‌لالی حه‌فید یه‌کێک بوو له‌و که‌سه پاک و نمونه‌ییانه‌ی ناو یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان. شێخ دارا ساڵی 1979 بوو به پێشمه‌رگه. شایانی باسه شێخ ئه‌حمه‌دی باپیری له‌گه‌ڵ شێخ سه‌عیدی باوکی‌دا ساڵی 1909 له موسڵ: به‌ده‌ستی ئیتحاد و توره‌قی شه‌هید کران. به‌م بۆنه‌یه‌وه به گرنگمان زانی ئه‌م نووسینه‌ی ناسر حه‌فید که له فه‌یسبوکدا داینابوو، بڵاوبکه‌ینه‌وه.
http://www.facebook.com/Nasir.Hafed *******************
مشتێکی پڕ له شه‌کر
"مرۆڤ به‌وه کوێر نابێت هه‌ردوو چاوی له ده‌ست بدات. مرۆڤ به‌وه کوێر ده‌بێت رق دڵی داگیر بکات."
په‌نجا ساڵ له‌مه‌به‌ر "مام ئه‌حمه‌د" هه‌موو ئێواره‌یه‌ک وه‌کو چاڵمهی سه‌عات له هه‌یوانی حه‌وشه گه‌وره‌که‌ی ماڵی شێخ جه‌لالدا ده‌هات و ده‌چوو. ئه‌و کاته‌ی که زه‌رده داده‌هات، په‌ستییه‌ک دڵی دهپێکاو که‌س نه‌یده‌زانی له کوێوه ده‌هات، مام ئه‌حمه‌د له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یوت:
"های هه‌ی های، ئه‌مڕۆش له ژیانمان که‌م بووه‌وه."
ئه‌م هه‌یوانه هه‌ر جێگای هه‌ناسه‌کانی مام ئه‌حمه‌د نه‌بوو. کاک ئازادی برای کاک دارا هه‌یوانه‌که‌ی کردبوو به شانۆ. هه‌موو گه‌ڕه‌ک کۆده‌کرایه‌وه. ئێمه‌ی منداڵان ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ری په‌رده‌مان ده‌گرت: "په‌رده‌ی یه‌که‌م، په‌رده‌ی دووه‌م، په‌رده‌ی سێیه‌م."
ئه‌کته‌ره‌کانی شانۆی هه‌یوانه‌که ئافتاوی کاک ساڵح، په‌خشانی شێخ جه‌لال، شه‌هلای شێخ که‌ریم، مهابادی شێخ له‌تیف و عه‌به روسیی و ئه‌م و ئه‌و بوون. ناوه‌ڕۆکی شانۆ زۆر جار منداڵی بێ دایک‌وباوک، ژنی له مێرد راکردوو که له ماڵه شێخاندا هه‌میشه هه‌بوون.
هه‌یوان ته‌نها جێگای شانۆ نه‌بوو. ژورێکی له‌سه‌ر بوو سه‌رده‌مێک په‌ناگه‌ی عه‌زیز سه‌لیمی ره‌سام بوو. له‌وێدا دهژیاو ره‌سمی کرد. مام عه‌زیز وێنه‌ی مه‌لیک مه‌حمود، حه‌پسه‌خان و شێخ جه‌لالی دروست کردبوو. له‌سه‌ر وێنه‌که‌ی حه‌پسه‌خانی نوسیبوو:
مردوو ئه‌و که‌سه نییه چاکه‌ی به‌ده‌ست بوو
مردوو ئه‌و که‌سه‌یه چاکه‌ی له ده‌ست چوو.
ئه‌م وێنانه چی‌یان لێ هات؟ ئه‌مانیش وه‌کو مرۆڤه‌کان پرسیاریان له دوای خۆیان جێهێشت.
له‌و سه‌ری هه‌یوان ته‌ویله‌یه‌ک هه‌بوو ئه‌سپی لێ نه‌ده‌بڕا. ئه‌سپی سپی، ئه‌سپی شێ، ئه‌سپی کوێت. به‌ڵام له ناو هه‌موویاندا رۆژێک ئه‌سپه ڕه‌شی شێخ قادریان هێنایه ده‌ر. ئه‌سپه ره‌ش چ ئه‌سپه ره‌شێک، به‌و پیرییه جوانیی و هه‌یبه‌تی لێ ده‌باری. ئه‌توت ئێستا له شه‌ڕی تاسڵوجه‌ی ساڵی (1919)ه‌وه هاتۆته‌وه. ئه‌توت هه‌واڵی برینداریی شێخی گه‌وره‌ی له ده‌ربه‌ندی بازیانه‌وه هێناوه. کاک دارام بیره ده‌ستی ده‌هێنا به ملیداو شه‌کری ئه‌کرد به ده‌مییه‌وه.
که ته‌ویله‌که چۆڵ ده‌بوو کاک ئازاد به زه‌ڕه‌بین، ئاوێنه‌و پارچه فلیم، دیواره تاریکه‌که‌ی ته‌ویله‌که‌ی ده‌کرد به سینه‌ما. ئێمه‌و منداڵانی گه‌ڕه‌ک پورهمان لێ ئه‌داو به‌و وێنه گه‌ورانه‌ی سه‌ر دیواری ته‌ویله سه‌رسام ده‌بووین. شه‌ویش که ئه‌خه‌وتین مه‌فره‌زه‌یه‌ک کێچ، که له ته‌ویله‌که‌وه تێمان چوو بوو، تا به‌یانی ئه‌مدیوو و ئه‌ودیوی پێ ده‌کردین.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ریزه دوو ژور ماڵی کاک عارف و باجی ره‌حمه‌ی باوه‌ژن بوو. باجی ره‌حمه دوو منداڵی به‌خێو ده‌کرد دایکیان به سه‌ر منداڵدا مردبوو. باجی ره‌حمه چ باجی رهحمهیهک، بڕ به باڵای خۆی میهره‌بان بوو.
کاک ره‌سوڵ و باجی ئایشێ کوڕێکی تاقانه‌یان هه‌بوو. مچه له‌ناو ده‌ستی حه‌وشه‌دا شهمامهبوو.
ئێواران لای حاجی مه‌له‌که‌وه سینی خواردن قه‌تاره‌ی ده‌به‌ست. به‌هێ خان شه‌وقی حه‌پسه‌خانی هه‌ر له‌سه‌ر بوو. حاجی عه‌لی قه‌ره‌چه‌تانی دوای سه‌یاره‌ی ئاوڕشێنهکه ده‌هات، رێز و ده‌ستپاکیی لێ ئه‌باری.
دره‌خشان منداڵێکی ئه‌کرد به ته‌ته‌ر، به‌یان و راسپارده‌ی ده‌نارد بۆ به‌هێ مه‌عروف، ئه‌نجوم و روناک زوهدی.
مه‌نسوری برام له شه‌ڕه شیعردا بوو له‌گه‌ڵ شێخ له‌تیف. که گه‌شته ئاماده‌یی له‌گه‌ڵ "بابه عه‌لی شێخ عه‌زیز"دا رۆژنامه‌یه‌کیان به‌ده‌ست ده‌نوسییه‌وه لێی نوسرابوو:
"نه رۆژانه‌یه، نه مانگانه‌یه نه ساڵانه، له‌پڕ ده‌رده‌چێت."
رۆژنامه‌که ناوی گێژه‌ڵوکه بوو. له ژێر ناوه‌که‌یدا به گه‌وریی نوسرابوو:
"ئیتر بۆ دواوه وه‌کو میزی حوشتر تا ده‌گه‌ینه‌وه به سه‌نحاریب!" سه‌نحاریب له مێژوودا پاشایه‌کی زۆر کۆن بوو.
له پڕ کاک ئه‌حمه‌دی قادر شاسوار په‌یدا ده‌بوو، له چاوی ئێمه‌ی منداڵه‌وه په‌ڵه‌هه‌ورێک بوو. ده‌یگێڕایه‌وه که کاتی خۆی بۆمبای خستۆته سه‌راوه، له‌گه‌ڵ شێخ مارف به‌رزنجیدا له قه‌راخ قاچاخ بوو. شێخ شه‌هاب هاوڕێی نزیکی شێخ باباتهیهر و کاک مه‌حمود باراویی بوو. ئێمه نه‌مان ده‌زانی ئه‌وان باسی چی ده‌که‌ن. به‌ڵام ساڵی 1963 که ده‌بابه‌و سه‌رباز که‌وتنه سه‌ر جاده شێخ بابه‌تایه‌ر نوقلی مینۆی به قاچاخیی له شاخه‌وه بۆ ده‌ناردینه‌وه. ئێستاش هیچ نوقڵێک تامی ئه‌و نوقڵه نادات. کوڕ ئه‌و کوڕه بوو زوو گه‌وره‌بێ و ببێت به پێشمه‌رگه.
به‌یبوونه‌کان هه‌موو به‌هارێک حه‌وشه گه‌وره‌که‌ی ماڵی شێخ جه‌لالیان زه‌رد ده‌کرد. به‌ڵام هیچ به‌هارێک له به‌هاره‌که‌ی تر نه‌ده‌چوو: "های هه‌ی های، مام ئه‌حمه‌دیش له دنیاکه‌مان ده‌رچوو."
ئێمه منداڵ بووین له حه‌وشه گه‌وره‌که‌دا ئاسایی یاریمان ده‌کرد. به‌ڵام ئاگامان له‌وه نه‌بوو حه‌وشه‌که چی له ئێمه دروست ده‌کرد.
کێ ئه‌زانێت ئێمه بۆ چی ئه‌مرین؟
ره‌نگه یه‌کێک له وه‌ڵامه‌کان ئه‌مه بێت:
"ئێمه بۆیه ده‌مرین چونکه ئه‌و دنیایه‌ی ئێمه‌ی دروست کرد بۆئه‌وه‌ی خۆی هه‌بێت ئیتر بهسهرئهچێت."
دوای بڵاوهپێکردنهکهی ساڵی 1975 بوو. شار پڕ له خه‌ڵک به‌ڵام هه‌ستت ده‌کرد چۆڵ بوو. هه‌وا تا ده‌هات ئۆکسجینی لێ ده‌بڕا. ترس سواری کۆڵی هه‌موو که‌سێک بوو بوو. حکومه‌ت گونده‌کانی وێران ده‌کرد. کانییه‌کانی دهتاقاندهوه. سه‌رده‌مێک بوو په‌تی ده‌سته‌ڵات ملی لاوانی گرتبوو. ده‌نگێک ده‌هات کێوی قه‌ندیل پێشمه‌رگه‌ی پێوه‌یه. رۆژێک به‌ره‌و قه‌ندیل وه‌ستام:
"ئێوه ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا به قهندیلهوهن. قه‌ندیل به ئێوه‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر رۆژێک هاتنه‌وه یه‌کی مهدالیایهکتان له مل ده‌که‌ین. پێویست ناکات بیر له ژیانتان بکه‌نه‌وه. هیچ فرۆشیارێک پاره له ئێوه وه‌رناگرێت. ماڵتان بۆ دروست ده‌که‌ین له گوڵ."
مرۆڤێک مێژوو دروستی بکات به هیچ شتێک ناڕوخێت، به خۆی نه‌بێت.
کاک دارا سه‌یاره‌یه‌کی به مه‌کری هه‌بوو. سێ هه‌نگاو ده‌ڕۆشت هه‌نگاوێک ئه‌چه‌قی. چوار رۆژ ئه‌و تۆی هه‌ڵده‌گرت رۆژێک تۆ ئه‌و. عه‌سرێک کۆی کردینه‌وه به‌ره‌و چایخانه‌که‌ی ئه‌زمڕ. کوڕێکی لاو، ره‌شتاڵه، شه‌رواڵ له‌به‌ر ده‌م به زه‌رده‌خه‌نه‌و لاواز، هاته پێشه‌وه بۆ خزمه‌ت.
کاک دارا وتی: "مه‌جید له چی دایت؟"
له‌و کاته‌دا زیله سه‌ربازییه‌کان گه‌شتنه کانییه‌که‌ی پێچه‌که. مه‌جید وتی:
"یا شێخ تا ئه‌وانه ببینم یاخوا کوێربم؟
ئاخ بۆ ئاڕ.پی.جی یه‌ک و ده کوڕی ئازا ئاخ!"
مه‌جید زوو زوو سه‌یری ئه‌م لا و ئه‌ولای خۆی ده‌کرد که‌س گوێی له ده‌نگی نه‌بێت.
قسه هێشتا وه‌کو پشیله‌ی باڕه‌کانی لێ نه‌هاتبوو بویرێت به‌ناو مێزه‌کاندا بگه‌ڕێ و خۆی له ده‌ست و قاچ هه‌ڵسوێت.
زه‌مه‌نێک تێپه‌ڕی مه‌جید دیار نه‌ما. رۆژێک نامه‌یه‌کیان هێنابوو بۆ ماڵی ئێمه. که‌س نه‌یزانی کێ گه‌یاندبووی. ته‌ماشای نامه‌که‌م کرد نامه‌ی مه‌جید بوو. نوسیبووی که‌سم نییه له ئێوه زیاتر. خه‌ته خواروخێچهکهییم هه‌ر له‌به‌ر چاوه. مه‌جید ویستبووی له رێگای ئه‌و نامه‌یه‌وه تا بۆی بکرێت له رۆحی خۆی ده‌رباز بکات. ئه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ش له مه‌جید بۆی ده‌رباز ئه‌بوو ته‌نها بیره‌وه‌ریی ئه‌و قسانه بوو که هه‌موو جارێک له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا کردبووی.
کاتێک نامه‌که گه‌یشت وه‌ختی له‌داردانی به‌سه‌رچوو بوو.
مه‌جید له شه‌قامی کاوه له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌کدا بۆ سه‌ر شار به برینداریی گیرابوو.
هیچ به‌هارێک له به‌هارێکی تر نه‌ده‌چوو. په‌رده‌ی چواره‌م، په‌رده‌ی پێنجه‌م، په‌رده‌ی شه‌شه‌م.
ورده ورده دایک جل ره‌ش، جه‌رگ ئه‌سوتا و سنگ کون ئه‌بوو. دڵۆپ دڵۆپ ئاو تاک تاک مرۆڤ. چ شتێک به‌قه‌ده‌ر به‌رد بێباکه ئاو هه‌ڵی ده‌گرێت که بوو به لافاو. هه‌واڵی رۆژ شه‌وانه سه‌ری ده‌کردین به‌یه‌کدا. کاک دارا وه‌کو ماسیه‌ک له ده‌ستی ماڵ و منداڵ خزاو له لافاوه‌که‌دا ونبوو.
کاک دارا که رۆشت ئه‌مانه‌تێکی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد. چه‌کی هه‌ڵگرت و بوو به پێشمه‌رگه، منداڵ و خێزانی په‌رته‌وازه بوون. به‌ڵام ئه‌و رۆژه سه‌ختانه نه‌یان توانی زه‌فه‌ر به کاک دارا به‌رن، دڵه سافه‌که‌ی بدزن. پاش ئه‌م هه‌موو ساڵه ئه‌مانه‌ته‌که‌ی هێنایه‌وه. من چۆنم بینی هه‌ر ئاوا بوو.
عه‌سرێکی هاوین که چۆله‌که باوکه ده‌یکات بهجریووه جریوو، بیره‌وه‌رییه‌کی تری کرده چاومانه‌وه:
- ئه‌وه له ده‌رگا ئه‌ده‌ن. پیران بڕۆ بیکه‌ره‌وه!
- بابه کاک دارایه.
کاک دارا بوو. به باوه‌شێک قۆخی باخه‌که‌ی خۆیه‌وه هاتبوو.
له‌و کاته‌وه ئێوه ده‌ستتان کرد به مردن
گۆڕستان ئاوه‌دانتره له دڵی من.
ناسرحهفید 2013.01.24
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست