دوای سه‌دو پانزه ساڵ به‌خێر بێیته‌وه عیزه‌ت کاکه‌یی
Sunday, 07/04/2013, 12:00
تێناگه‌م ئه‌م قه‌ومه بۆچی له هه‌موو لایه‌ک له هه‌وڵدان بۆ رزگارکردنی ئه‌م فاسیده
جه‌هل و پاره کێوه‌کانی ئه‌تک کردووه
عیزه‌ت کاکه‌یی دوو ساڵ به خۆبه‌خش له ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا کار ده‌کات. دوای ئه‌وه ده‌یکه‌ن به فه‌رمانبه‌ر له عه‌قره. سه‌ره‌تاکه‌ی ئاوا ده‌ست پێده‌کات:
عیزه‌ته‌فه‌ندی 115 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له خانێک له موسڵ داده‌به‌زێت. له‌به‌رچاوی ئه‌م که‌سانه: فتوحی به‌رگدرو، عه‌باس ئه‌فسه‌ری گه‌نجینه له عه‌قره، شاکیرهفهندی ره‌ئیس عوره‌فا دوو وڵاخ له یوسف ده‌گرێت به 60 قرش. به‌و حسابه‌ی یوسف به خۆی و وڵاخهکانیهوه به‌یانی زوو بێت به دوایداو به‌ره‌و عه‌قره بڕۆن. به‌ڵام عیزه‌ته‌فه‌نی له چاوه‌ڕوانیدا چاوی سه‌وز ئه‌بێت و یوسف نایه‌ت. له‌به‌رئه‌وه‌ی کاروان له موسڵه‌وه بۆ عه‌قره حه‌فته‌ی جارێک هه‌بووه، عیزه‌ته‌فه‌نی حه‌فته‌یه‌ک دوا ده‌که‌وێت. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه که شکاتنامهیهک بدات به ئیداره‌ی موسڵ. به‌ڵام له دواییدا ده‌رده‌که‌وێت که دنیا هه‌ر یه‌ک یوسفی تیا نییه‌و یوسفیش مه‌رج نییه وڵاخدار بێت. عیزهتهفهنیش به یه‌ک شکاتنامه رزگاری نابێت.
یه‌زیدییه‌کان
عیزه‌ته‌فه‌نی ده‌رباره‌ی یه‌زیدییه‌کان ده‌گێڕێته‌وه که له پڕ یه‌کێکیان تیا هه‌ڵده‌که‌وێت که رۆحی خودا ده‌چێته ناویه‌وه. به‌م که‌سه ده‌وترێت کۆچک. ساڵی 1904 یه‌کێک له‌م ره‌نگه په‌یدا ده‌بێت. یه‌زیدییه‌کان ده‌وری لێ ئه‌ده‌ن. حکومه‌ت له دووی ده‌گه‌ڕێت. یه‌زیدییه ده‌ستڕۆشتووه‌کان به مه‌به‌ستی شاردنه‌وه‌ی له شێخانه‌وه ده‌ینێرن بۆ موسڵ. به‌ڵام له بازاڕی موسڵدا له لایه‌ن که‌سێکی نه‌ناسراوه‌وه به خه‌نجه‌ر ده‌کوژرێت. یه‌زیدییه‌کان که منداڵ خه‌ته‌نه ده‌که‌ن ده‌یخه‌نه باوه‌شی موسوڵمانێکی ناسیاویانه‌وه. ئه‌م موسوڵمانه ده‌بێته برادینیی ئه‌و منداڵه‌و پێی ده‌وترێت کریڤ.
ئایا ئێستاش یه‌زیدییه‌کان کۆچکیان تیا هه‌ڵده‌که‌وێت؟ ئاخۆ ئێستا کۆچک چی به‌سه‌ر بێت؟ ئه‌ی ئایا ئێستا یه‌زیدییه‌کان موسوڵمانێکیان ده‌ست ده‌که‌وێت بیکه‌ن به کریڤ؟
عیزه‌ته‌فه‌نی ده‌گاته سلێمانی
عیزه‌ته‌فه‌نی 108 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له مانگی (3)ی ساڵی (1905)دا به سواری ئه‌سپێکی لاته‌وه ده‌گاته سلێمانی. به دڵێکی پاکه‌وه به‌خێرهاتنی ده‌که‌ن. باوکی عیزه‌ته‌فه‌نی پانزه ساڵ پێش هاتنی عیزه‌تی کوڕی 12 ساڵ له سلێمانی کاری کردبوو. عیزه‌ته‌فه‌نی به‌وه زۆر دڵخۆش بووه که به رێزه‌وه باسی ئه‌و مدیری ماله‌یان کردووه که نه‌شیان زانیووه باوکی ئه‌م بووه. ئاوێک کراوه به دڵیا که خه‌ڵکی شاری سلێمانی به وه‌فاو میهره‌بان بوون.
عیزه‌ته‌فه‌نی ده‌نوسێت که شاری سلێمانی ئه‌و کات نزیکه‌ی 4 هه‌زار ماڵی تیا بووه. دانیشتوانی به 20 هه‌زار ده‌خه‌مڵێنێت. نزیکه‌ی 300 دوکانی تیا بووه. سێ قه‌یسه‌ریش هه‌بوون: قه‌یسه‌ری نه‌قیب، قه‌یسه‌ریی حاجی ئیبرایم ئاغا و قه‌یسه‌ریی غفور ئاغا. نزیکه‌ی 30 چایخانه‌ی تیا بووه به کورسی شهقوشڕو لباو به‌ڕه‌ی دڕاوه‌وه. بیست و پێنج تا سی مزگه‌وتی تیا بووه. له مزگه‌وتی گه‌وره‌دا 1500 تا 2000 که‌س توانیویه‌تی نوێژی هه‌ینی بکات. له 3 ژوری رێکوپێکدا شێخ سه‌عیدی حه‌فید و چه‌ند مامۆستایه‌کی تر وانه‌یان وتۆته‌وه. ده ژوری تایبه‌تی تیا بووه بۆ ده‌روێش و ئه‌و که‌سانه‌ی که جێگه‌یان نه‌بووه. ژوره‌کان له دوو نهۆمدا دابه‌ش بوون. مزگه‌وتی گه‌وره 5 تا 6 ده‌رگای بچوک و گه‌وره‌ی تیا بووه.
عیزه‌ته‌فه‌نی و شێخ سه‌عید
عیزتهفهنی له شێخ سه‌عیدی باوکی شێخ مه‌حمود زۆر نزیک ده‌بێت. هه‌موو ئه‌و نامانه‌ی که له نێوانی شێخ سه‌عید و سوڵتاندا ئاڵوگۆڕ ده‌کرێن ئه‌م ده‌یانوسێت و وه‌ریان ده‌گێڕێت. به‌ڵام بڕوانه له موراڵی عیزه‌ت کاکه‌یی. ناوبراو ده‌نوسێت:
من هیچ کاتێک ئاماده‌نه‌بووم نهێنیی ئه‌و نامانه بۆ هیچ که‌سێک باس بکه‌م. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم که ئه‌و نامانه هه‌موویان په‌یوه‌ندییان به داواکاریی زۆر به‌جێ و پێویستیی ناوچه‌ی سلێمانییه‌وه بووه. هیچ رۆژێک داواکاریی تایبه‌تیی یان پڕکردنی سوڵتان نه‌بووه له دژی خه‌ڵکیی.
له ئه‌وروپا ئه‌م به‌هایانه له بواری کاردا به یاساش داڕێژراون. بۆ نمونه، دوکتۆر، پارێزه‌ر، زمانوه‌رگێڕ ده‌که‌ونه به‌ر سزای یاسا ئه‌گه‌ر نهێنیی خه‌ڵکیی باس بکه‌ن. ئێستا نمونه‌ی ئه‌وه هه‌یه که نامه‌یه‌کی شه‌خسی بنێریت بۆ روناکبیرێک نامه‌که‌ت بڵاو بکاته‌وه بۆ مه‌به‌ستیی دژایه‌تیی، پارێزه‌ر و دوکتۆر نهێنیی خه‌ڵک بکه‌ن به مادده‌ی مه‌جلیس. شکستی کورد هه‌ر چه‌کدانان نه‌بووه به‌ڵکو بچڕانیشی بووه له مێژوی خۆی. گه‌لێک له مێژوی خۆی بچڕا به‌ردێک ناخاته سه‌ر به‌ردێکی تر.
عیزه‌ته‌فه‌نی له سلێمانیش توشی گرفت ده‌بێت به‌هۆی پیسخۆریی خه‌ڵک و سه‌رڕاستیی خۆیه‌وه. ناوبراو مل نادات بۆ غهفورئاغایهک که هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کات ژماره‌یه‌ک کاغه‌ز که په‌یوه‌ندیی به دزینی پاره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌بووه سه‌رنگوم بکات. له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
به هیچ جۆرێک کارمه‌ندێکی شه‌ریف قبوڵ ناکات ئه‌و شتانه بشاردرێنه‌وه. هه‌روه‌ها له شوێنێکی تردا ده‌نوسێت: ئه‌و که‌سانه‌ی که خاوه‌ن ده‌سته‌ڵاتن هه‌وڵ ئه‌ده‌ن هه‌موو کارمه‌ندانی خوار خۆیان له خزم و که‌سوکاری خۆیان بێت.
نوسینه‌کانی عیزه‌ته‌فه‌نی ده‌ریده‌خه‌ن که ناکۆکیی نێوانی شێخ سه‌عید و خۆی له لایه‌ک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک بازرگان و کاربه‌ده‌ست له لایه‌کی تر بریتیی بووه له ناکۆکیی نێوان موراڵ و پیسخۆریی. عیزه‌ته‌فه‌نی نه‌یتوانییوه ئاسایی کاره‌که‌ی خۆی بکات. هه‌میشه‌ش ده‌بوو له زۆرانبازییدا بێت له‌گه‌ڵ پیاوخراپان. هه‌ندێک جار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی که ئیشه‌که‌شی لێ بسه‌ننه‌وه و به‌ندیشی بکه‌ن.
به‌ڵام شێخ سه‌عیدی حه‌فید به حوکمی پله و پایه‌که‌ی که‌وتۆته به‌ر پیلانێکی قورس‌تر و بوو به قوربانییه‌کی گه‌وره‌تر. ژماره‌یه‌ک له بازرگانه‌کان و کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت پیلان بۆ شێخان رێکده‌خه‌ن و به گیراویی ده‌یانێرن بۆ موسڵ. له موسڵیش درێژه به پیلان ده‌درێت. ئه‌نجام شێخ سه‌عید خۆی و شێخ ئه‌حمه‌دی کوڕی و ژماره‌یه‌کی زۆر له هاوه‌ڵانی له مانگی یه‌کی ساڵی (1909)دا ده‌کوژرێن. عیزه‌ته‌فه‌نی وه‌ڵامی ئه‌و هه‌موو هێرش و بوختانانه ئه‌داته‌وه که له رۆژنامه‌ی به‌غداد و الایرشادهوه ده‌کرێنه سه‌ر شێخ سه‌عید. ئه‌م روداوه تا راده‌یه‌کی زۆر بێگانه لێکی داوه‌ته‌وه. کوردیش به حوکمی پله دوویی و کلکایه‌تیی ئایدۆلۆجیی روانگه‌یه‌کی خۆی نه‌خستۆته روو. نوسینه‌کانی عیزه‌ت کاکه‌یی به‌ڵگه‌یه‌کی گرنگن بۆ تێگه‌شتن له شێخ سه‌عید و روداوه‌که له زنجیره‌یه‌کی مێژوویی‌دا.
عیزه‌ته‌فه‌نی ده‌گێڕێته‌وه که کۆمه‌ڵه‌ی ئیتیحاد‌و توره‌قی هاته سه‌ر کار ئه‌نجومه‌نی مه‌بعوسان دامه‌زێنرا به مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی یه‌کسانیی و دادپه‌روه‌ریی هه‌موو ره‌گه‌زه‌کان، تایه‌فه‌کان و دینه‌کانی ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانیی. لقی ئیتیحاد و توره‌قی له هه‌موو ناوچه‌کان دامه‌زرا. ژماره‌یه‌ک له کاربه‌ده‌ستان و کۆمه‌ڵێک له‌وانه‌ی که تۆمه‌تباربوون به کاری ناڕه‌وا خۆیان له‌م کۆمه‌ڵه‌یه ئاڵاند. داوا له شێخ سه‌عید ده‌که‌ن که ببێت به سه‌رۆکی لقه‌که. به‌ڵام شێخ ده‌ڵێت: من زۆر به گه‌رمیی پشتگیریی ئه‌و داواکاریانه‌ی کۆمه‌ڵه ده‌که‌م و له دژی هیچی نیم. به‌ڵام ئاماده نیم بچمه ناو ئه‌و جۆره کۆمه‌ڵانه‌وه.
دواتر ده‌رکه‌وت که یه‌کسانیی قه‌ومه‌کان و ریفۆرم په‌رده بوون. پیلانی کوشتنی شێخ سه‌عید سیگناڵی ده‌رخستنی راستییه‌کی تاڵ بوو. راستییه‌که له جینۆسایدی ئه‌رمه‌نیی و کوشتن و راگوێزانی گه‌لی کورددا ساڵی 1915 خۆی ده‌رخست.
یاداشته‌کانی عیزه‌ت کاکه‌یی
ئه‌مه کتێبێکی 125 لاپه‌ڕه‌ییه که له لایه‌ن د.نه‌وزاد رهفعتهوه ئاماده کراوه. ئه‌م کتێبه به تورکیی نوسراوه، کراوه به عه‌ره‌بیی و کاک نه‌وزاد له عه‌ره‌بییه‌وه کردویه‌تی به کوردیی. چاپکردنی ئه‌م کتێبه زیندوکردنه‌وه‌ی کاره‌باچییه‌که بۆ شارێکی تاریک. له‌م کتێبه‌دا ته‌نها به‌ڵگه و راستیی مێژوویی ناخوێنیته‌وه به‌ڵکو مرۆڤێکی نمونه‌یی ده‌خاته بازاڕه‌وه که به‌ئاسانیی ده‌توانێت چاولێکراو بێت و هیمه‌ت بدات به که‌سانی خه‌مخۆر و چاک.
عیزه‌ته‌فه‌نی دێته‌وه
ده‌نگ هه‌یه عیزه‌ته‌فه‌نی که‌وتۆته رێ. دوای 108 ساڵ هاتۆته‌وه بۆ پشکنین. له‌سه‌ر فایله‌که‌ی ژماره‌یه‌ک تێبینیی ریزکردووه. له پیلانگێڕانهکهی دژی شێخ سه‌عیده‌وه ئه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردووه:
ئه‌م جۆره که‌سانه هه‌ر له هه‌وه‌ڵه‌وه دژی مه‌شروتییه‌ت و دیموکراتیین. ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئازادیی خه‌ڵک پێشێل بکرێت، بووه هۆی وروژاندنی زۆر له خه‌ڵکی دز و درۆزن و زیانگه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌وڵه‌ت.
له گرفتی ئیداره‌وه چه‌ند بیره‌وه‌رییه‌کی نوسیووه:
هه‌ستا به دزینی مۆری دائیره‌که، شاردنه‌وه و دزینی ئه‌و ئه‌وراقانه‌ی شکیان له‌سه‌ره. زۆر چاوقایمانه و بێ‌ترس به‌م کاره هه‌ستا.
تێناگه‌م ئه‌م قه‌ومه بۆچی له هه‌موو لایه‌ک له هه‌وڵدان بۆ رزگارکردنی ئه‌م فاسیده.
ماوه‌یه‌کی زۆره هه‌ڵبژاردن ناکرێت بۆ ده‌زگاکانی دادگا، شاره‌وانیی و ئه‌نجومه‌نی لیوا. ئه‌مه‌ش بۆته ناڕه‌زایی و ره‌خنه‌گرتنی خه‌ڵکیی. هیچ قانونێک رێگا نادات ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه پێنج ساڵی به‌سه‌ردا بڕوات.
داوا له خوای گه‌وره ده‌که‌م له‌م ناوچه‌یه‌ی گه‌نده‌ڵ بووه رۆژێک زوتر رزگارم بکات.
به‌ڵام هیچ ناوچه‌یه‌ک نه‌مابوو نوقمی پیسخۆریی نه‌بێت. له‌به‌رئه‌وه خوداوه‌ند گواستییه‌وه بۆ ئه‌و دنیا. عیزه‌ت کاکه‌یی له ته‌مه‌نی 33 ساڵیدا خۆی، ژن و منداڵی، جگه له قوتبه‌دینی کوڕه گه‌وره‌ی، ساڵی 1914 به نه‌خۆشیی تاعون مردن.
عیزه‌ت کاکه‌یی خۆی ون ده‌کات
هه‌واڵێک هه‌یه عیزه‌ته‌فه‌نی له ده‌ربه‌ندی بازیان هاتووه به‌م دیودا. ده‌ڵێن پرسیویه‌تی: ئه‌رێ پیسخۆران چی‌یان به‌سه‌رهات؟ ئه‌ی وڵات ئێستا چۆن به‌ڕێوه ده‌چێت؟
هه‌ندێک ده‌ڵێن بگاته سلێمانی سه‌ری گێژ ده‌خوات. هه‌ندێکی تر ده‌ڵێن یه‌کسه‌ر ده‌بورێته‌وه. به هه‌رحاڵ پێی بڵێن با له ماڵی موحافیز له‌سه‌ر گرده‌که لانه‌دات. با یه‌کسه‌ر بێت بۆ بناری گۆیژه. له‌وێ زێوه‌ر چاوه‌ڕێی ده‌کات. زێوه‌ر ئه‌یه‌وێت شاخی ره‌نگاوڕه‌نگی گۆیژه، باعیسی که‌یف و سروری پیشان بدات مڵه چی لێ کردووه. جه‌هل و پاره چۆن کێوه‌کانی ئه‌تک کردووه.
هه‌واڵه‌که راسته عیزه‌ته‌فه‌نی دوای 108 ساڵ هاتۆته‌وه بۆ سلێمانی. ئه‌مجاره شێخ سه‌عید نه‌ک خۆی قه‌بره‌که‌شی لێره نابینێت. عیزه‌ت کاکه‌یی شاره‌که‌ی نه‌ناسیوه‌ته‌وه. خۆی ون کردووه. سه‌ر له هیچ ده‌رناکات. دیویانه به‌سه‌ر ته‌نکه‌رێکی نه‌وته‌وه بووه. له ژێر مێزی دائیره‌کاندا بینراوه. چاوی کچێکی سڕیووه که له بهرنهبوونیی له‌شی فرۆشتووه. نوشته‌ی بۆ حیمایه‌یه‌ک کردووه که شه‌و تا به‌یانی پاسه‌وانی دزێکه. به‌سه‌ر سه‌ری به‌رپرسێکه‌وه وه‌ستاوه که چوار ده‌فته‌ری له شوێنێکدا دۆڕاندووه. له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی شاعیرێکی درۆزن بینراوه. شاخی بۆ روناکبیرێک دروست کردووه که ره‌خنه‌ی درۆ ده‌گرێت. دیویانه ته‌لبه‌ندی شاخه‌کانی قرتاندووه.
له زه‌وییه‌ک ده‌رپه‌ڕیووه زۆردارێک بۆ خۆی بردووه. له عه‌یاده‌ی دوکتۆرێک ژماره‌ی 110ی به‌رکه‌وتووه. له یادی هه‌ڵه‌بجه‌دا به سورێنهوه بینیویانه، چاوه‌ڕێ بووه خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه ئه‌و رۆژه شاره‌که چۆڵ بکه‌ن. عیزه‌ت کاکه‌یی له هه‌موو شوێنێک ده‌بینرێت و ناشبینرێت.
عیزه‌ت کاکه‌یی ئێستا رۆحێکهو هیچی تر. ئه‌م ماڵ ئه‌و ماڵ، ئه‌م کوچه ئه‌و کوچه ده‌گه‌ڕێت به دوای له‌شێکدا بچێته ناویه‌وه.
کێ ئه‌یه‌وێت چرایه‌ک بۆ ئه‌م شاره تاریکه هه‌ڵبکات؟ فه‌رموو ئه‌وه رۆحی عیزه‌ت کاکه‌یی!
ناسر حه‌فید
2013/03/13
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست