کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەڵێنە بەتاڵەکانی بارزانی

Sunday, 18/10/2015, 1:03


هاوینەهەوارێک کە لە پێشوودا شوێنی حەوانەوەی دیکتاتۆر و ستەمکار سەدام حوسێن بوو، ئێستا پەناگەی پیاوێکە لەسەر کورسیەکەی ئـەیەوێت ھەرێمێک کاول بکات ئـەو لای کوردەکان و ڕۆژئاواییەکان بە هەڵپەرست بانگی دەکەن. بارزانی و بنەماڵەکەی ھەمیشە ژیانێکی شاهانەیان هەبووە کورد قوربانی داوەو ئـەوان بەرھەمەکەیان خواردوە  بارزانی بۆ یەکەمجار بە شیوەیەکی شەرعی لە ساڵی ٢٠٠٥ وەکوو سەرۆک هەڵبژێردرا، پاڵپشت بەوەی هێشتا حیزبەکەی خاوەنی ٣٨ پەرلەمانە خۆی گەورەتر ئـەبینێت جاری وا ھەیە وەک زلھێزێک نمایش ئـەکات بەرامبەر کورد نەک دوژمنەکانی کورد، یاساکانی دارشتووە بە شیوەیەک ڕێگەخۆش بکات بۆ مانەوەی و تا ئەم ساتەش دەسەڵاتدارە. پێدەچی بە تێپەڕبوونی کات پرسی کوردیش چیتر شتێک نەبێت کە خاوەنداریەتی لێ بکات ئـێستا ڕوونە ئـەگەر تۆزێک بیربکەیتەوە ئـەو بنەماڵەکەی خۆی لە کورد پێ پیرۆزترە.
ئەو کاتەی فەرمانڕەوایی گرتە دەست و خۆی سەپاند بەرامبەر کورسیەکەی تاڵەبانی لە بەغدا،هەوادارانی پارتی دیموکراتی کوردستان هیوای زۆر و گەورەیان لەسەر هەڵچنی بوو کوردەکانیشی وایان ھەست کرد کە گۆڕاوەو ئـەو جارە وەک سەرکردە مامەڵە بکات وا دەرنەچوو. کوردەکان چاوەڕێی زۆریان لە کوڕەکەی مستەفا بارزانی هەبوو، ئەو کەسەی شۆڕشێکی گەورەی بەرەو ئـاشبەتاڵ برد، هەڵبەت لەکۆشکە گەرم و گوڕەکانی لە سۆڤیەت لەپاڵ پیرێژنە ڕووسەکان دا.جەنابی سەرکردە زۆر بە کڵۆڵی شکستی خوارد و هەموو پارەکانی شۆرشی برد و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گیرسایەوە لەگەڵ خانەوادەکەی بە شکۆی شکاوەوە. شتێکی چاوەڕوانەکراو نیە چیرۆکی سەرۆکایەتی بارزانی بووەتە کەرەستەی بێهیوا کردنی کوردان، بە تایبەت کە لە ئێستادا مەترسی و هەرەشەی داعشیش وا لەبەردەرگایە و پڕوشکی ئەو پەشێویە کوردانیش گرتۆتەوە.
ئەو سەربەخۆیەی هەرگیز نەمان دی!
کە هاتە سەر کورسی دەسەڵات، کوردەکان وایان دەبینی بارزانی دێت و لە عێراق جیا دەبێتەوە و قەوارەیەکی پڕ سەروەری و سەربەخۆیی ساز دەکات بۆ کوردان. بارزانی ئەو جۆرە بانگەشانەی کردووە بە بەشێکی دانەبڕاوی وتارەکانی، جاڕی سەربەخۆیی و کۆمەڵی وشەیتری حەماسی هەمیشە بەڵێنەکانی بارزانی بوون لە چەندین بۆنەی جیاواز دا، وردەکاری دەوڵەتسازیەکانیشی وەکوو ئەفسانەیەک ماوەتە کە کەس پیی پی نەبردووە چۆن چۆنیە. دەرکەوت هیچ پلانێکی لەو شێوەیە لە بنەڕەت دا بوونی نەبێت و ئەو بەڵێنانە هەر وەک بەڵێنێکی بەدی نەهاتوو بمێننەوە.
کوردەکان وای بۆ دەچن، ئەو کاتەی داعش پەلاماری عێراقی دا، چەندین ناوچەی گەمارۆ دا و بە زوویی کۆنترۆڵی ناوچەیەکی بەرفراوانی کرد، حکومەتی عێراقی شڵەژاوی پیوە دیار بوو و لە ئەنجام دا مالیکی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی لەدەست دا، هەر ئەوکات زۆر گونجاو بوو بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی. بەڵام سەرەڕای ئەوەی چەندین جار بە سنگی دەرپەڕیوەوە باسی لەو خەونی سەربەخۆییە کوردبوو، لێ سەرۆک هیچ کات ئەو خەونەی بەرجەستە نەکرد، ئەمە وایکرد ڕەخنەباران بکرێت و وتارە حەماسیەکانی تەنها بۆ ڕاکێشی جەماوەر لێکبدرێتەوە. وەک ڕەخنەگرەکانی دەڵێن، گوتارەکانی هەمیشە کورد دەهێنن و بەجێ نایەن.
هەموو شتێک لەنێو خوودی بنەماڵەیەک دا
بێ بەڵێنیەکانی بارزانی زۆرینەی کات وابەستەی چاوچنۆکیەکانی خۆی و بنەماڵەکەی بوون لەپیناو ڕنینەوەی زۆرترین دەستکەوتی مادی لە ڕێی جوڵاندنی پرسی کوردەوە، بۆ نموونە ئەو سوودە ئابووریانەی لە تورکیاوە پییان گەیشتووە. سەرۆک حکومەتی ئێستای کوردستان برازای بارزانیە، کوڕی ئیدریس بارزانیە مۆرکی خزمخزمێنەی زیاتری ناوە بە تەوێڵی رژێمەکەی بارزانیەوە.
لە ئێستادا کە دەپەیڤین، خۆپیشاندانی تەژی لە توڕەیی بەڕێوە دەچن لە کوردستان. حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان داوا دەکەن هەرچی زووە بارزانی دەست لەکار بکێشێتەوە دوای ئەوەی سنوورە یاساییەکانی بەزاند و ماوەی یاسایی بەسەر چووە، یاسا چیدی ڕێگەی پێ نادا بە شێوەیەکی شەرعی لەو پۆستەدا بمێنیتەوە. دەنگی ناڕەزایی زیادی کردووە و باری بارزانی لە لێژیە، لەبەرامبەر ئەوە حزبەکەی زۆر بە توندی خۆپیشاندەران سەرکووت دەکا و توانای بیستنی دەنگی ناڕازی نیە و دیموکراتیە ڕووکەشەکەی کە بەس بە ناو دیموکراتیە دەنگە نەیارەکانی کپ دەکا بە زەبری هێز.
لە ئێستادا دەبووایە هێزەکانی بارزانی لە شەڕی دژ بە داعش بن، بەڵام ڕووی ھیزەکانی وەردەگێرێتە سەر خۆپیشاندەرانی بێتاوان، ئەوانەی تەنها داوایان چەسپاندنی یاسا و واز هێنانی بارزانیە. ناڕەزایی جەماوەر لە بارزانی شتێکی تازە نیە، شایەنی باسە.
ئەو سەرۆکەی دوو ویلایەتی دەستووری تەواو کردووە و ئێستا لە ماوەی درێژکراوەیدا بەسەر دەبات، لەوەتەی دەسەڵاتی بەدەستە هەمیشە پردێک بووە بۆ کەڵەکە کردنی سامانێکی بێ شومار بۆ بنەماڵەکەی کە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێ.بارزانی چەندین گرێبەستی نەوتی هەیە، ڕۆژنامە دیارەکانی هەرێم و تەنانەت بیانیەکانیش ئەو ڕاستیەیان خستووەتە ڕوو کە بارزانی پشکی شێری هەیە لە بازاڕی نەوت و پەیوەندیەکان و بانقەکان.
زۆرینەیەکی بەرچاوی کوردان  ئیستا باوەڕیان وایە بارزانی هاریکاری دوژمنانی کورد دەکا،  بە تایبەت تورکەکان کە بەردەوامن لە سەرکوتکردن و داپڵۆسینی شەڕوانانی کورد، ئەمەش لەپیناو مانەوەی لە دەسەڵات و پارێزگاری کردن لە بنەماڵەکەی و بەدوور گرتنیان لە تۆمەتەکانی گەندەڵی. بەکارهێنانی هیزە ئەمنیەکان بۆ بەرژەوەندیەکانی و چاوترسێن کردنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن وای لە کوردان کردووە زیاتر لە جاران بارزانیان لەبەر چاو بکەوێ.
لە کۆنەوە وتراوە، یان وەکوو پاڵەوانیک سەر دەنێیتەوە، یان عومری درێژت دەبێ و وەک ئەهریمەن لێت دەرواندرێ. وا هەست دەکەم کوردان ئیدی ڕابوون و تێگەیشتوون کە بارزانی چیدی پاڵەوان نیە و هەنگاوەکانی بوون بە ستەمکارێکی خۆسەپێن تەواو کردووە و پرسی کوردیش دوور لە دەست و هەژموونی ئەو زۆر باشتر دێتە پێشەوە و کاری لەسەر دەکرێ.
تێبینی :ئـەو نووسینە بۆ خۆێنەری ئـەمریکی نوسراوەو پێمان باش بوو خۆێنەری کوردیش بیخوێنێتەوە...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە