مەكتەب سیاسیەكەی زەحمەتكێشان ؟
Wednesday, 19/12/2012, 12:00
لەراستیدا من هیچ كارم بەنەخۆش كەوتنی تاڵەبانی نیە، ئەمەیان بابەتێكی دیكەیە، بەڵكو دەمەوێت لەسەر كۆنە هاورێیەكم قسەیەك بكەم كە گومانم نیە قسەی من بۆ زۆربەی هەرە زۆری سیاسیەكانی ئەم وڵاتە راستە، دوای ئەوەی كاك قادر عەزیز كە ئێستا لە حزبی ئایندە سكرتێری هەڵبژێردراوی ئێمەیە، لەلایەن باڵی مەكتەب سیاسی گەلەكۆمەكی لێكرا، بەرێز هیوا سەید سەلیم یەكێك بوو لەو هاوڕێیانەی دژی سەركردە پەرستی وتاكڕەوی ودیكتاتۆری فەردی بوو، بۆیە زۆر توند مامەڵەی لەگەلأ ئەم پارچە بوونەی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان كرد. بەڵام ئەم هاوڕێیە خۆی لەئێستادا بەجۆرێك مام جەلال دەپەرستێت هەرگیز نەبێتەوە، ناوە ناوە وێنەی باوكی رەحمەتی لەگەلأ مام جەلال لەپەیجی خۆی بڵاودەكاتەوە. لەلایەكی ترەوە هیچ رێز بۆ ئەم هاوڕێیانە دانانێت كە لەكۆنگرە متمانەی دەنگدان ومەكتەبی سیاسیان پێداوە، چونكە ئەو هیچ مەوقیعی خۆی نازانێت ئایا دەكرێت ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبێكی سیاسی بەم جۆرە لەسەر پەیجی خۆی بەشان وباڵی سكرتێری حزبێكی دیكەدا هەڵبدات؟ من دڵنیام ئەگەر هاوڕێیەكی خوارەوە لەئۆرگانەكانی تر ئاوا دەستی لەسەر دلأ بوایە بۆ مام جەلال، ئەوا دەكەوتە دژایەتی كردنی وزوو پێی دەگوت هاوڕێ تۆ زەحمەتكێشانی نابێت وا ستایشی مام جەلال بكەی. بەڵام بۆ خۆی زۆر زۆر ئاسایی یە. هاوڕێ هیوا سەید سەلیم لەپەیجەكەی خۆی هەندێ شتی نوسیوە لەسەر نەخۆشكەوتنی مام جەلال من بە ئامانەتەوە وەكو خۆی دێرەكان بێ دەستكاری دەنوسمەوە: "سهلامهتی بۆ مام جهلال هاورێ و هاوسهنگهری شههیدهکانمان و سهرۆک کۆماری عێراقی فیدرال" هاورێ هیوا بڕوای بە عێراق نیەو داوای ریفراندۆم دەكات كەچی بەتۆخی دەنوسێت عێراقی فیدڕاڵ.؟؟؟ دێرێكی تری بەم جۆرە نوسیوە: " دهستمان لهسهر دڵمانه بۆ سهلامهتی مام جهلال ، چونکه ههموو عێراق و کورد چاویان له هیمهتی ئاشتیانهی ئهوه.". سەیرە خۆی ئیدعای دژە سەركردەو تاكڕەوی دەكات، كەچی بۆ سەرۆكی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان، دەستی لەسەر دڵیەتی، من دەپرسم هاوڕێ هیوا تۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی سەدان كادیرو ئەندامی حزبەكەت ناڕەزاییان لەسەر موچەو ژیان وناعەدالەتی ناو حزبەكەت هەیە بۆچی بۆ ئەوان دڵت لەسەر دەست نیە؟ لە كۆنگرەی زەحمەتكێشان بە لافیتەی گەورە نوسراوە داوای ریفراندۆم دەكەین بۆ مافی چارەنوس و جیابونەوە لەعێراق، كەچی هاورێی مەكتەب سیاسی بۆ ئاشتی عێراق ویەكپارچەیی عێراق دەستی لەسەر دڵیەتی؟؟؟ دوو رۆژ پێش ئەوەی مام جەلال نەخۆش بكەوێت گوتی كوردی ژیر داوای دەوڵەت ناكات، دەوڵەتی كوردی خەونی شاعیرانە..ئەمە پێچەوانەی هەزاران جاری ئەم دروشمەیە كە هاوڕێ هیوا پێی بۆتە مەكتەبی سیاسی لەكۆنگرە. سەیرە تۆ لەبەرزترین پلەی حزبێك بیت، مەكتەب سیاسی بیت، داوای ریفراندۆم بكەیت، داوای دەوڵەتی كوردی بكەیت، كەچی سەركردەیەك بێت و بڵێ دەوڵەتی كوردی خەونی شاعیرانەیە، كەچی دڵت لەسەر دەستت بێت بۆی؟؟؟.
مەوقیعی ئەندامی مەكتەبی سیاسی مانای نوێنەرایەتی هەزاران ئەندام ولایەنگرو كادیری زەحمەتكێشانە، ئەم ئەندام ولایەنگرو كادیرانەی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان نین ودەیانەوێت زەحمەتكێشان بن؟ ئەم مام جەلالەی جەنابت دڵت لەسەر دەستیەتی بۆی... هەزاران ئەندام ولایەنگرو دۆستی زەحمەتكێشانی ئەزیەت داوە، دامەزراندن وناعەدالەتی وگەندەڵی كوردستان و دووئیدارەیی وشەڕی ناوخۆو بەرهەمی مام جەلالێكە كە لای بەرێزتان هەوێنی ئاشتیە. سەیرە مام جەلال لەبەغدا كاتی نەخۆش بوونی بەزنجیرە تەقینەوە لەكەركوك دەكرێت وروباری خوێن هەستاوە لەعێراق، كەچی كاك هیوا دەڵێ هیممەتی ئاشتی عێراق؟ عێراق سەدان تەقینەوەو كوشتنی لێ رودەدات، ئەم عێراقەی مام سەرۆكیەتی؟ ئۆپەراسیۆنی دیجلە لولەی تفەنگی ئاراستەی ناوپەنجەرەی ماڵەكانمان كردووە كەچی جەنابی سەرۆك كۆمار هیچی بۆ ئاشتی پێناكرێت، بەراستی هیمەتی باشی كردووە بۆ ئاشتی..
پێدەچێت هاوڕێ هیوا ئومێدی بەزەحمەتكێشان نەمابێت، بۆیە لە پەیجی خۆی لەفەیسبوك زیاتر لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان پەرۆشی مامیەتی. تۆ بڵێی ئەمجارە بەرەو ماڵەگەورەكە بایی نەدابێتەوە؟ وەك چۆن ئێمەی دەرپەڕاندو ئیهانەی كاك قادریان كرد؟ ئێستا حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەهۆی هەڵوێستە خراپەكانی هاوڕێ هیواو هەندێ هاوڕێ بۆتە دوولەت وحزبی ئایندەو زەحمەتكێشان لەیەكتر ترازاون كە هەمویان كوڕی یەك حزب وسیاسەت ورۆژگاربوون؟ ئێمە لەئایندە پێمان سەیرە هاوڕێیەك بەمجۆرە سەركردە پەرستی بكات وكەچی بۆ سەركردەی خۆی بڵێت دیكتاتۆر؟.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست