پێویستە سەلاحەدین بەهادین بەعەقلیەتی داگیرکەران بیرنەکاتەوە
Tuesday, 14/07/2009, 12:00
لەچاوپێکەوتنێکی سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی لەرۆژنامەی تودەی زمانی تورکیدا، نابەرپرسیارانە هەڵوێست نیشاندەدات سەبارەت بەدۆزی رەوای گەلەکەمان لەباکووری کوردستان. هەمانکات بەرامبەر نوێنەرە راستەقینەکەی دەتەپەو پەکەکە.
ئەمڕۆ هەموو جیهان دەبینێ کەگەلەکەمان لەباکووری کوردستان وتورکیا تێکۆشانەکەی گەیشتۆتە ئاستێک کە ئیتر ئەوانەی تادوێنێ نەیان دەتوانی وشەی کورد بەزمانیان دابێنن ئەمڕۆ ناچار کران بڵێن کورد وتەلەفزیۆنی کوردی وخولی زمانی کوردی و پرسی کورد پرسی ئێمەیە. پێویستە مامۆستا سەلاح ئەوە بزانێ کە ئەم قسانەی ئەمڕۆ ئەردۆغان وپارتەکەی دیکەن، ئەمە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و کاوڵکردنی زیاتر لەچوارهەزار گوندی کوردستان و زیاتر لە 17هەزار کردەوەی بکەری نادیاری پیاوانی تورکە. ئەمڕۆکەش سەرەڕای هەموو رێکەوتنەکانی نێوان ئەردۆغان وسەرلەشکرەکانی تورک هەمانکات رێکەوتنەکانی نێوان بۆش و ئەردۆغان هەروەها رێکەوتنی نێوان ئەردۆغان و ئەحمەدی نەژادو بەشار ئەسەد ومالکیش لەگەل بەڵام نەیانتوانی لەهەڵبژاردنەکانی شارەوانی 29ئاداردا جارێکی تر خۆیان بکەنەوە بەنوێنەری ساختەی پرسی کورد. کوردی ئازادیخواز ودیموکرات بەهێزوئیرادەی خۆی توانی سەرکەوتنێکی شیاو بەگەل وڵاتەکەی بەدەست بێنێت وبۆ جیهان و سەلاحەدینیشی بسەلمێنێ کەنوێنەری راستەقینەی گەلی کوردە.
دەبێ ئەو پرسیارە رووبەرووی م. سەلاح بکەینەوە ئەگەر تۆ بەشێوەی توندڕەو سەیری دەتەپە دەکەی و وەکو نوێنەری کورد سەیریان ناکەی بۆ بەراوردێک لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتەکەی خۆت و دەتەپە ناکەی بۆ ئەوەی بزانیت کە تۆ چەند دەسکەوتت بۆ پرسی رەوای گەلەکەت لەئێراق وهەرێمی کوردستان بەدەستخستووە بەرامبەر لەتورکیاو باکووری کوردستانیش دەتەپە چەند بەرهەمی بەدەستخستووە؟ هەمانکات سەرژمێرێکی ئەندامەکانی خۆت بکە لەگەڵ دەریاێک لەئەندام ودۆستان و لایەنگرانی دەتەپە کە شەو رۆژیان لە رێپێوان و خۆپیشاندان و مانگرتن و چالاکی دیموکراتیدان.
پێویستە خالێکی تریش م. سەلاح بەروونی بزانێ ئەویش ئەوەیە تا ئێستا ئەوەی داوای ئاشتی وچارەسەری دیموکراتیانە دەکات ئەوا دۆستە ساختەکانی م. سەلاح نیین لەتورکیا وباکووری کوردستان، بەڵکو دەتەپە و پەکەکە وبەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانن. هەمان کات بەدرێژایی مێژووی گەلی کوردستانیش کورد هیچ کاتێک شەڕی بەکەس نەفرۆشتووەو نەچۆتە سەرخاکی کەس، بەڵکو بەردەوام لەسەر خاکی خۆی پاراستنی خۆی دەکات. ئەمڕۆ گەلی کورد لەکەسایەتی پەکەکە و گەریلادا خاوەن هێزێکی پاراستنە کە بەراستی سەلماندوویەتی هێزی پاراستنی گەلە، ئەمەش جارێکی تر لە بەرخودانی زاپی پارساڵدا بۆ جیهان دیاری کردوو سوپاکەی ئەردۆغانیشی بەتێکشاکاوی گەڕاندەوە. ئەو هێزی پاراستنە، م. سەلاح وپارتیەکەشی پاراست نەی هێشت داگیرکەر بێن ئەتکی بکەن وکەرامەتی بشکێنن. بۆیە داواکاریان بۆ دۆستایەتیەکی بێ بنەمای رۆژانە، م. سەلاح ویژدانی خۆی نەفرۆشێ و نەبێتە یاری دەستی گەورەترین داگیرکەر کە ئەمڕۆشی لەگەل دا بێت گەورەترین بێڕێزی لەبەرامبەر میللەتەکەمان دەکات. داوا دەکەین م. سەلاح دین داوای لێبوردن لەگەلەکەمان لەباکووری کوردستان و نوێنەرە راستەقینەکەشی دەتەپە و پەکەکە بکات. وەکو بەرپرسیاریەکی کوردیش هەوڵبدات بۆ ئەوەی ئەو هەوڵدانە ئاشتیخوازانەی دەتەپەو پەکەکە بەئەنجام بگەن رۆڵی راستەقینەی خۆی بگێڕێت، باوەڕدەکەین هەڵوێستی راستی کوردانە بەمشێوەیەیە.
کۆمیتەی راگەیاندنی
پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان
14-7-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست