كۆدهتاى هەڵبژاردن
Tuesday, 16/03/2010, 12:00
دواى هەفتەیەك تێپەڕبون بەسەر پڕۆسەى هەلبژاردنى ئەنجومەتى نوێنەرانى عێراق, دووبەرە لەسەر راستىو ناڕاستى یان پاكىو ناپاكى پڕۆسەكە لە مشتومڕدان, دیارە ئەوانەى كە لە هاوپەیمانى كوردستانى نزیكن یان لە خێروبێرى وڵات كەم تا زۆر پشكیان بەركەوتوە, زۆربەى زۆریان وەك بڵێى هیچیان نەدیتبێ لەو هەموو تەزویرو ساختەكارییەى كە لە پرۆسێسى دەنگدان رویداوە, هەلبژاردنەكە بە رەوا دەبینن.
بەرەكەى دیكە كە بەرەى نارەزایى خەڵكە, هەلبژاردنەكە بە تاوانو پێشێلكارى گەورە بۆ سەر مافەكانى تاكو چارەنوسى گەلو وڵات دەبینن, نەباداش پرۆسێسى دیموكراسى و میكانیزمى دەنگدانى هەڵبژاردنەكان, كە جێگاى نیگەرانییە هەرلە دواى راپەڕینو لەگەڵ یەكەم هەلبژاردنى پەرلەمانى كوردستاندا, ئەو پرۆسێسە بە ناتەواوىو پڕ كەموكورى بەڕیِوەچووە, لەوساوە رووى دیموكراسىو سیماى شارستانێتى گەلى كوردستان ناشیرین كراوە, دیارە ئەو كاتە بە بیانۆى ساوایى ئەزمونەكەو مەترسییەكانى نێوخۆیىو دەرەكىو دواتریش پرسى نەتەوەیى و كەركوك , وایكردوە تاكى دڵسۆز چاوپۆشى لە داواكارىو مەینەتییە لەبن نەهاتوەكانى بكاتو بە چاوى پڕ هیوا لە ئاسۆ بڕوانێ , هەر لەو پێناوەدا تەزویرو ساختەكاریەكانى هەلبژاردنەكان بۆ پاڵپشتى لە پرسى گەلەكەى بە رەوا بزانێ, بەو پێیە دواتر تەزویرو ساختەكارى هەلبژاردن وەك میتۆدێكى باو لە ئاستە جیاجیاكانى كاروبارى سیاسى, پیشەیى, مەدەنىو.. تاد.. لە ژێر پەرچەمى دیموكراسی, مافى تاكو ئازادى رادەربڕین, ببێتە نەریتێكى داسەپاو بگرە شەرعیەتى یاسایىو بێدەنگبونى خەڵكى لێدروست بێت, وەك باویشە كە بێدەنگی ماناى رازیبون دەگەیەنێ, تەنانەت بۆ ئەمڕۆ ئەو نەریتە لاى هەندێ كەسو لایەن بۆتە جێگاى شانازى و بگرە سەركەوتن بە دەستهێنان, لە كاتێكدا, ئەو شێوازەى كە هەلبژاردنەكانى رابردو و, بە تایبەتیش هەلبژاردنى 7 ى ئازارى 2010 ى پێبەڕێوەچو, لە كودێتایەكى سەربازى دەچوو , دیارە لە كودێتاى سەربازى لەپالأ نەخشەو پلانى سەربازى ئەوە چەكو تەقەمەنى تێدا بەشدار دەبن , بەڵام لە كودێتاى دەنگداندا, لە پاڵ تاكى داشۆردراو لە رەوشتو ویژدان ,دەنگى ساختەو چەندبارە بۆوە , رۆڵى خۆیان دەبینن, كە تاكەكان بە پەنجەى شهادەت هێنان , ئەو پەنجەیەى كە كەزۆر كارى باشو داهێنرانەى بە هۆیەوە ئەنجامدەدرێت, ئەو پەنجەیەیەى كە پێنوسى پێدەگێرێتو لە هەمان كاتدا تەقەشى پێدەكرێت, ئەمجارەش هەر بەو پەنجەیە مافى دەنگدەرێك دەكوژێت, جێگاى سەرنجلێدانە كە تەواوى قۆناغەكانى هەلبژاردن (تۆماركردنى ناوى دەنكدەران, دامەزراندنى بەڕێوەبەرو كارمەندى بنكەكانى دەنگدان, پڕۆسەى دەنگدان و چاودێریكردن , ئەمجار بژارو جیاكردنەوەى دەنگەكان) دەكەوێتە ژێر گومانو پرسیارلێكردنەوە, كە پێویستە بە وردى لێكۆڵینەوەو بە دواچونیان لەسەر بكرێت, جێگاى پرسیاركردنە كە ئاخۆ لەبەرچى ئەو پرۆسە ترسناكە ئاوا بە ئاسانىو بێدەنگیلێبون لەو هەمو ساختەكارییە بە سەرمان رەت دەبێت, لە كاتێكا ئەو پڕۆسێسە لە شارەكانى دیكەى عێراق كێشمە كێشمى زۆرى لێدروست بوە, تەنانەت لەسەر ئاستى نێونەتەوەیى رەخنەى لێگیراوە, بگرە سەرجەم پڕۆسەكەو كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنو چەندان قەوارەو هاوپەیمانى سەر گۆڕەپانەكە كەوتونەتە بەر تانەو سكاڵالێكردن و رۆژانە میدیاكان گازاندەو بیروبۆچۆنى جیاوازى لەمەڕ دەوروژێنن, ئا لەو دەمەدا, لە كاتێكا كەس ناتوانى ساختەكارییەكانى هەڵبژاردنى شارەكانى هەرێمى كوردستان بە كەركوكیشەوە بشارێتەوە , ئەدى لە گەرماوگەرمى روداو و سەرپێچییەكاندا, كوا راپۆرتى چاودێرانى نێوخۆیىو بیانى, كوا پرسیارو بەدواداچونى میدیاكاران, دواى تێپەڕاندنى ساختەكارییەكانو بە رەوا زانینى پرۆسەى هەڵبژاردنى گەندەڵو پڕ لە ساختەكارى دەسەڵات, ئاخۆ دواتر راپۆرتو قسەكان چ كاریگەرییان لەسەر ئاكامى هەلبژاردنو پیشهاتە سیاسییە هەنوكەییەكان دەمێنێ, لە گەرماو گەرمى روداوەكان بۆ بێدەنگیتان هەلبژاردوە, دڵنیام لەوەى كە ئێوە باش لەو رەوشە بە ئاگان باش سەرى لێدەردەكەن , كە هەر چەند رۆژەكى دیكەیەو خەڵك لە گازاندەو قسە دەبنەوەو, ئێوەش بۆ رازیكردنى دۆنەرەكانتانو راى گشتى راپۆرتێك لاوازتر لە ناڕەزایى خەڵكو بچوكتر لە قەبارەى ساختەكارییەكان دەكەنە خۆراكى میدیا هەژارەكان, وەك دەڵێن(گاڕانەكەیان هەموو برد بە زۆرى تازە دەپرسى لە مانگا بۆرى) باشە ئەدى حیزبو قەوارەكان بۆ بێدەنگى و بێهەڵویستیان هەڵبژاردوە, لەوانەش لیستى گۆران, كە لەو كودێتایە زیاتر لە هەر لایەكى دیكە زیانی بەر دەكەوێت , رەنگە حیزبو قەوارەكان ئەمجارەیش بە هۆى بەرژەوەندى سیاسىو هاوسەنگى راگرتنى رەوشەكە, یا هەر بیانۆیەكى دیكەى خۆ پارێزى , یان خەریك بونیان بە كێشەو كەموكورى نێو خودى قەوارەكەیانو هەڵسەگاندنى زانینى هۆكارى شكستو سەركەوتن, یان رازیكردنى دەنگى ناڕەزایى ئەندامو لایەنگرانیان بە سیاسەتى ئەمرى واقیعو شایى كردن لەگەڵ كاندیدى تایبەتى براوەو گریان لەگەڵ كاندیدى لاى خۆیان بە یەدەك دانراو, ئەوانەو هۆكارى دیكە وایكردبێ لە روداوەكان دورە پەرێز بكەون.
ئەو روداوە پڕ لە مەترسیو گەندەڵكارانەى پڕۆسەى دەنگدان نابێ ئاوا بە ئاسانىو بێدەنگى بەسەرمان تێپەڕێت, ئەو بێدەنگییە زیاتر رەوایدانە بە پڕۆسەكە, چونكە ئەو روداوە كودێتایەك بوو , كە بە پێى بەرنامەیەكى پێشوەخت داڕێژراو بەڕێوەچوو, لە بێدەنگى خەڵكو راى گشتى دەرفەتى وەرگرت , هەلبەت لەو نێوانەدا گەورەترین هۆكارى ئەو ساختەكارییەش روبەروى لایەنى دەسەڵات بەدەستو كۆمسیۆنى هەڵبژاردن دەكرێتەوە, چونكە لە هەر یەكێك لەو شوێنانەى كە تەزویرو ساختەكارى تێدا بەڕێوەچوە, بە تایبەتیش كێشەى نەگەڕانەوەى تۆمارى دەنگدەران , ئەمجار ژمارەیەكى زۆرى دەنگدەریش مافى دەنگدانى خۆیان فەرامۆشكردو نەچونە سەر سەندوقەكانى دەنگدان, بەمەش هەلەیەكى گەورەیان دوبارە كردەوەو دەرگایان لەبەر دەم گروپى دەستڕەشى تەزویركاران چۆلكرد.
جگە لەوەى كە لایەنى سەرپێچكەرو جێبەجێكەرو هەموو ئەوانەى لە ساختەكارى بەشداربونە, پێویستە لێپێچینەوەى یاسایى لەگەڵیان بكرێتو لە لایەكدا خۆیان ویژدانى خۆیان دادگایى بكەن, كە هەر تاكێك مافى ئەوەى هەیە تەنیا یەكجار دەنكبدات, بۆیە تەزویرو چەند جار دەنگدان لە لایەك كوشتنى دەنگو مافى تاكەكانى دیكەى لێدەكەوێتەوە, لەلایەكى دیكەشەوە دەبێتە هۆى كەڵەكەبونى دەنگى زۆرى ساختە, هەروا بێبەهاكردنى كاریگەرى دەنگە راستەقینەكان لە بەرانبەر دەنگە ساختەكاندا, چونكە بە هۆى دەنگى كەڵەكەبوى ساختەوە, بەهاى كورسى هێندە بەرز دەبێتەوە , كە دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم تواناى دەنگە راستەقینەكاندا, بۆ گەیشتن بە كورسیی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق, ئەمجار پەیوەند بە وردەكارییەكانى شێوازى ساختەكارى چەندان جار دەنگدان كەئەمڕۆ بۆتە نەریتو خەریكە بۆتە ئاسایىو لاى خەڵك شەرعیەت وەردەگرێت, بەڵام پێویستە لەوە حالیبین كە مەترسى ئەو تەزویرو ساختەكارییە لە گەندەڵى دارایى, سیاسیىو ئەخلاقى كەمتر نییە.
هەر لەو پێوەندییەدا, كۆمسیۆنى هەڵبژاردن لە پاكى و ناپاكى سەرجەم پرۆسێسەكە بەرپرسیارەو پێویستە پەرلەمانى كوردستان لێكۆڵینەوەى لەگەڵ بكاتو لە دانشتنێكى ئاشكرا كە روداوەكانى راستەوخۆ بۆ بینەران بگوازرێتەوە,لە وردەكارى ساختەكاررییەكانى هەڵبژاردن بكۆلرێتەوە, بە تایبەتیش هۆكارى نەگەرٍانەوەى تۆمارى دەنگدەران , چۆنیەتى دامەزراندنى بەڕێوەبەرو كارمەندى بنكەكانى دەنگدان, لەوانەش گرنگتر ئایا سەرجەم سەندوقەكانى دەنگدان لە كاتى وەرگرتنەوەو كۆگاكردنیان بەراورد (مگابقە) كراون؟!هەروا ژمارەیەك بابەتى دیكە كە راستەوخۆ روبەروى كۆمسیۆن دەكرێنەوە, هەر لەو پێناوەدا میدیاكانو كۆمەڵگەى مەدەنىو قەوارە سیاسییە پەیوەنددارەكان جەخد لەسەر چاكسازیكردنى كۆمسیۆن بكەن, بۆ ئەوەى بە بێلایەنىو ورۆشنى هەڵبژاردنى خاوێن بەڕێوەببات .
چونكە هەڵبژاردنى ئەو دواییەى ئەنجومەنى نوێنەران لەسەر ئاستى عێراق بە گشتىو هەرێمو كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان بە تایبەتى كێشەو سەرپێچى زۆرى بە خۆیەوە بینى, بەدەر لە چاودێرانى یەكێتى ئەوروپا زۆربەى چاودێرانى دیكە بە نێردەى كۆمكارى عەرەبىو نەتەوە یەكگرتوەكانیشەوە, بە بیانۆى جیاجیا, ساختەو سەرپێچكردنەكانیان بە هەند هەڵنەگرت!! بەڵام ئێمە بە هەندى هەڵدەگرین , چونكە پرسەكانى هەنوكەو ئاییندەى گەلەكەمان لە لایەكو پڕۆسێسى سیاسیى و دیموكراسىو پێكەوە ژیانى ئاشتیانەى سەرجەم پێكهاتەكانى عێرقى فیدراڵ بەو هەڵبژاردنە گرێدراوە , بۆیە نابێ چیتر سیماى شارستانى هەرێمەكەمانو پڕ ۆسەى دیموكراسىو مافى دەنگدانى ئازادو دور لە گوشارو تۆقاندن ناشیرینتر بكرێت, نابێ مافى تاكى دەنگدەر لەوە زیاتر غەدرى لێبكرێت, بێدەنگىو نەبونى هەڵویستى هاوبەشى نیشتمانى لە ئاست ئەو میتۆدە پاشكەوتوەدا, چارەنوسى گەلى كوردستانو پڕۆسێسى سیاسیى لە عێراق راكێشى قەیرانى بیچارەسەرىو ئاسۆیەكى نادیارو مەترسیدار دەكات .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست