كامه‌یه ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه !?
Sunday, 01/08/2010, 12:00
سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزسیۆن له هه‌ر شوێنێكدا بێت، به كۆمه‌ڵێك هه‌لومه‌رجی سیاسی، ئابوریی، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و شێوه‌ی سیستمی ئه‌و وڵاته‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، بۆیه زه‌حمه‌ته چوارچێوه‌یه‌كی داتاشراو بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجه وێنابكرێت، به‌ڵام به‌گشتیی سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزسیۆن له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه جیاوازه‌و هه‌ر وڵاته به‌پێی سیستمی حوكمڕانی‌و ئاستی هۆشیاریی سیاسی‌و پێشكه‌وتنی شارستانی‌و یاسایی جۆرێك یان شێوازێك له ئۆپۆزسیۆن به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
بۆ نمونه ئه‌گه‌ر سیستمی حوكمڕانیی سه‌ربازیی، كودهتاچیو دیكتاتۆریی بێت، ئه‌و ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه سیاسییه كه ئه‌ركی خه‌باتی رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی یان نیشتمانیی له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت په‌نا ده‌باته به‌ر خه‌باتی سیاسیی نهێنی ناو شار‌و لادێكان، هه‌روا له ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای دهسهڵاتو دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانیشه‌وه شێوازێك بۆ خه‌باتی چه‌كداریی هه‌ڵده‌بژێرێت، وه‌ك شه‌ڕی پارتیزانی‌و ته‌نانه‌ت شه‌ڕی بهرهییو هێرشو به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی فراوانی پێگه‌كانی سه‌ربازیی دهسهڵاتو لێدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ناو قوڵایی وڵاته‌كه‌دا، زۆربه‌ی جاریش لادێ ده‌كرێته بنكه‌ی ده‌ستپێكردن‌و له‌وێوه به‌ره‌و ناخی شار‌و ئاواییه‌كان شۆڕده‌بنه‌وه.
خۆ ئه‌گه‌ر سیستمی سیاسیی وڵات پهرلهمانیو دیموكراتیك بێت، ئه‌وا ئۆپۆزسیۆن پشتئه‌ستور به شێوازی مهدهنیو ئاشتیخوازانه دهبێتو رێگای خه‌باتی په‌رله‌مانیی هه‌ڵده‌بژێرێت، كه هێزی جه‌ماوه‌ر به گشت چین‌و توێژه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵ، میدیای ئازاد‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی وه‌ك شێوازێكی كاریگه‌ر بۆ گوشارخستنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌كارده‌هێنێت، ئه‌وه نه‌بێت له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی رابردودا به‌هۆی شكستخواردنی شێوازه ته‌قلیدییه‌كانی گروپ‌و بزوتنه‌وه چه‌كدارییه‌كان به‌تایبه‌تیش له ئه‌مریكای لاتینی كه به‌هۆی زاڵبونی ده‌سه‌ڵاتی سهربازییو كلكایهتییان بۆ بێگانه، كه كۆمپانیا مۆنۆپۆڵه سه‌رمایه‌دارییه‌كان سامانی وڵاتیان به‌تاڵان ده‌بردو زۆربه‌ی زۆری دانیشتوانیش له ههژارییو پاشكهوتویی ده‌ژیان، گروپ‌و بزوتنه‌وه چه‌كدارییه شۆڕشگێرییه ته‌قلیدییه‌كان له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داموده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كان ده‌سته‌وه‌ستان مابون، له‌و ئانه‌دا ته‌وژمی فیكریی‌و سیاسیی تازه سهریانههڵدهداو بانگه‌شه‌ی به‌رپاكردنی شۆڕش‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌یان ده‌كرد له‌ناخی شاره‌كانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له قوڵایی شاره‌كانه‌وه مه‌ترسی بخرێته سه‌ر گیان‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رژێمه كلكو كوده‌تاچییه‌كان.
له‌م نێوانه‌دا ده‌توانین هه‌ندێك وڵاتی پاشكهوتوی سیستم تۆتالیتاری‌و كوده‌تاچی له ئاسیا، ئه‌فریقاو ئه‌مریكای لاتین به نمونه وه‌ربگرین، له‌و لاشه‌وه وڵاتانی ئه‌وروپا، ئهمریكاو ئوسترالیا وه‌ربگرین، كه ئۆپۆزسیۆن به‌پێی ده‌ستور به‌شداریی له ژیانی سیاسیی وڵات ده‌كات.
جۆرێكی دیكه له ئۆپۆزسیۆن له‌و وڵاتانه‌دا ده‌بینرێت، كه سیستمی سیاسیی به دروشمه‌كانی وا خۆی ده‌ناسێنێت كه پشتگیریی له دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ ده‌كات، به‌ڵام به كرده‌وه پێچه‌وانه هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، جگه له‌وه‌ی ده‌نگه ئازاده‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌خنكێنێت، له‌ولاشه‌وه بێمافكردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌و ناعه‌داله‌تی ره‌چاو ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ر چالاكوانانی میدیا‌و بواری مهدهنیو سیاسیی، شێوازی چاودێریی توند‌و تۆقاندن په‌یڕه‌وده‌كات.
به‌هۆی زاڵبونی كلتوری ترس‌و تۆقاندن به‌سه‌ر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا، كه به‌سه‌ر ره‌وتی سیاسیی حیزب‌و رێكخراوه سیاسیی‌و مه‌ده‌نییه‌كانی كوردستانیش شكڵی گرتوه، كه له رابردودا رژێمی دیكتاتۆریی بۆ درێژه‌دان به ده‌سه‌ڵاتی ره‌های خۆی به‌رهه‌میهێناوه، له‌وساوه‌و پاشتریش وه‌ك نه‌ریتێكی داسه‌پاو ماوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت له‌دوای راپه‌ڕینیش نه‌توانرا ئه‌و نه‌ریته بڕه‌وێنرێته‌وه، یان مۆدێلێكی جوانتر به‌رهه‌مبهێنرێت، به‌ڵكو كلتوری شاخ‌و شۆڕشی چه‌كداریی وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤێكی نێگه‌تیڤ خۆی سه‌پاند، كه ئه‌ویش به‌رهه‌می شه‌ڕو به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی سیاسه‌تی توندوتیژیی دیكتاتۆریی بو، حه‌تمه‌ن ئه‌و كلتوره‌ی شاخیش چونكه په‌رچه‌كرداری توندوتیژییه، كه‌واته شێوازی به‌گژداچونه‌وه‌ی توندوتیژیی به ئامراز‌و گرتنه‌به‌ری شێوازی توندوتیژ به ره‌وا ده‌زانێت، بۆیه دواتریش ئه‌و به ره‌وا زانینه‌ی توندوتیژیی وه‌ك نه‌ریتێك به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێت، نمونه‌ش فهلهستینو باشوری كوردستانه.
پێشتر وتمان سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزسیۆن كۆمه‌ڵێك هه‌لومه‌رجی ده‌وێت، كه به دروشمی زهقو گفت نایه‌ته به‌رجه‌سته‌بون، به‌ڵكو ئه‌و پرۆسێسه ژماره‌یه‌ك هه‌نگاوی ده‌وێت، له رێگای چاكسازیی سیاسیی، یاسایی، ئابوریی، دامهزراوهییو... تاد، واته پرۆسێسێكی ته‌واوكارییه، كه هه‌ماهه‌نگی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌وێت، دیارترین هه‌نگاو له‌و مه‌یدانه‌دا داڕشتنی ده‌ستورێكی دیموكرات‌و شارستانه، بێ بونی ده‌ستور، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسایی، دادوهرییو جێبهجێكردنو پاراستنی سه‌ربه‌خۆییان، دیموكراسیی ته‌نیا ده‌بێته دروشمێكی دیماگۆگی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تی، بازرگانی‌و كلتوریی ئازادانه داهێنان ئه‌نجامبده‌ن، ده‌بێت ئازادیی، ئارامیی سیاسیی، دیموكرسییو سه‌قامگیریی یاسایی بێته‌دی، بۆیه مه‌حاڵه له سایه‌ی شه‌ڕو ئاژاوه‌ی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی مهدهنیو مۆدێرن بتوانێت سهردهربێنێتو نه‌شونما بكات، ئه‌مجار هه‌رچه‌ندی پێشه‌وه‌چون له بارودۆخی سیاسیی، دهستورییو بوژاندنه‌وه‌ی ئابوریی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێته‌پێشه‌وه، یان ئارامیی له ره‌وشی سیاسیی، دهستورییو ئابوریی عێراق روبدات‌و كرانه‌وه به روی جیهانی ده‌ره‌كی هه‌بێت، دیاره بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی ئه‌مڕۆ به قازانجی پێشه‌وه‌چونی پرۆسێسی سیاسیی‌و فراوانبونی بازنه‌ی دیمۆكراسی‌و بنیادنانه‌وه ته‌واو ده‌بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه سه‌رپه‌رشتی له نزیكه‌وه‌ی ئهمریكاو وڵاتانی ئه‌وروپاو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان هانده‌رێكی باشه بۆ پشتیوانیی له په‌له‌كردن به رێگای چاكسازیكردنی دامه‌زراوه‌یی، نه‌باداش دامه‌زراوه‌كانی یاسایی، كارگێڕیی، هه‌روه‌ها پێشخستنی پرۆسێسی دیموكراسی‌و سیاسیی له عێراقداو چاودێریی مافه‌كانی مرۆڤ‌و میدیای ئازاد، له هه‌موشی گرنگتر بره‌ودان به چالاكی كه‌رتی تایبهتو سازدانی بارودۆخی گونجاو بۆ چالاكیی مه‌ده‌نی، بازرگانی‌و وه‌به‌رهێنان، ئا له ره‌وشێكی ئاواداو له‌ژێر سێبه‌ری ئاڵوگۆڕی له‌و چه‌شنه‌دا فه‌زایه‌كی له‌بار بۆ دروستبونی یان له دایكبونی ئۆپۆزسیۆنێكی پۆزه‌تیڤ دێته ئاراوه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه بێ كه‌موكورتی نابێت، چونكه وه‌نه‌بێت ئه‌وه ته‌نیا به‌رهه‌می پێشكه‌وتنی دیموكراسی‌و ناڕه‌زاییه‌كان بێت، به‌ڵكو له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی پڕ له كێشه‌و ململانێی سیاسیی‌و دیرۆكیدا، دیاره كاریگه‌ریی رابردوش به‌سه‌ر ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه به پۆزهتیڤیو نێگه‌تیڤی رواڵه‌ت‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت.
بۆ ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن له هه‌نوكه‌و ئایینده‌ی گۆڕانكارییه‌كان رۆڵی كاریگه‌ر بنوێنێت‌و دواتریش پشت له خه‌ڵك نهكاتو ببێته جێی بڕوایان، پێویسته به‌رنامه‌یه‌كی واقیعی رابگه‌یه‌نێت، كه تێیدا هێڵه‌كانی چاكسازیكردن یان چاره‌سه‌ری ریشه‌یی به رونی دیاریكرابن، به‌وشێوه‌یه به‌رچاوڕونی زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر له‌و به‌رنامه‌یه‌دا پێویسته رێزگرتن له یاسا‌و سه‌روه‌ریی گهلو وڵات‌و داكۆكیی له داواكارییه‌كانی گه‌لی كوردستان بهگشتییو خه‌ڵكی هه‌ژارو داهات نزم به‌تایبه‌ت له ئه‌ركی هه‌ره له پێشه‌وه‌ی خۆی دابنێت، له پراكتیكیشدا وه‌ك هێزێكی ئه‌كتیڤ‌و بزوێنه‌ر له‌سه‌ر شێوازی مهدهنیو مۆدێرن دایه‌لۆگی كراوه خۆی رابهێنێت، ئینجا راشكاوانه‌و دور له دیماگۆگی راستییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی رۆشن بۆ خه‌ڵك په‌یام بكات، له‌و پرۆسێسه گۆإانكارییهدا پێویسته به پشتبه‌ستن به تاكه‌كانی خاوێن، به توانا‌و چالاكوانانی بواره جیاجیاكان كۆمه‌ڵگه وه‌ربگیرێت‌و خه‌ڵكی بهشمهینهتو ته‌واوی چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه به ئامانج وه‌ربگرێت، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا پێویسته ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی به گشت دامه‌زراوه‌كانی یاسایی، دادوهرییو جێبه‌جێكردن رێز له ئۆپۆزسیۆن بگرن‌و به‌پێی یاسا‌و پره‌نسیپه مهدهنیو دیموكراسییه‌كان هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ پۆپۆزسیۆن بكه‌ن، چونكه هه‌ر سیستمێكی حوكمڕانیی كه خۆی به دیموكراسی بناسێنێت، ده‌بێت قبوڵی بێت ئۆپۆزسیۆنی پۆزه‌تیڤ چالاكیی هه‌بێت، ده‌نا ناوه‌ڕۆكی دیموكراسی له وڵاته‌دا، له بانگه‌شه‌یه‌كی روت به‌ده‌ر مانایه‌كی دیكه‌ی نابێت، دیاره له ده‌ستور ماف‌و ئه‌ركه‌كانی تاكو كۆمه‌ڵگه، هه‌روه‌ها پارت‌و گروپه‌كانی سیاسیی، مهدهنیو كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراوه، له به‌رامبه‌ریشدا ئهركو ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن سنورێكیان بۆ دانراوه، كه پێویسته گشت دامه‌زراوه‌كانی جێبه‌جێكردن به تایبه‌تیش پۆلیس‌و ئاسایش‌و ده‌زگا نهێنییه‌كانی وڵات بێلایه‌نانه ئه‌ركی نیشتمانیی رابپهڕێننو مه‌ده‌نیانه‌و به‌پێی پره‌نیسپی یاسایی رێز له چالاكوانانی سیاسیی‌و مهدهنیو كۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌رویانه‌وه رۆژنامهوانو چالاكوانانی مهدهنیو سیاسی بگرن‌و دور له پێشێلكاریی به‌شێوه‌یه‌كی مهدهنیو یاسایی له‌گه‌ڵیان بجوڵێنه‌وه، پێویسته ئه‌و پره‌نسیپانه به یاسا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌وه رێكبخرێتو دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆش بێلایه‌نانه چاودێریی جێبه‌جێكردنیان بكات‌و پاراستنی مافه‌كانی تاكو كۆمه‌ڵ به ئه‌ركی خۆی بزانێت، ئینجا ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له سنوری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی بۆی دیاریكراوه بارودۆخێكی ئه‌وتۆ بۆ كار‌و چالاكیی ئۆپۆزسیۆن بڕه‌خسێنێت، كه هانده‌ر بێت بۆ ئه‌نجامدانی كار‌و چالاكییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌و مه‌ده‌نیانه، هه‌روه‌ك له ده‌ستوری عێراقی فیدراڵ‌و پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمیش به وردیی داڕشتنی بۆ كراوه.
گرتنه‌به‌ری شێوازێكی شارستان‌و كراوه له‌لایه‌ن دهسهڵاتو ئۆپۆزسیۆنه‌وه، كه له‌سه‌ر بنه‌مای دایه‌لۆگ‌و ركابه‌ریی دیموكراسیی بنیادنرابێتو ئامانجی خزمه‌تی گهلو وڵات بێت، له‌سه‌ر ئاستی ههرێمو ناوچه‌كه سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌زمونه‌كه‌مان تۆمارده‌كات‌و وێنه‌یه‌كی جوانیش نیشانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌دات.
راستییه‌ك له كوردستان هه‌یه، كه تا به ئه‌مڕۆش ده‌گات تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌به‌ر هۆكاری جیاجیا به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش لاوازیی هۆشیاریی سیاسیی‌و مافه‌كانی مه‌ده‌نی، هاوڵاتی له به‌رامبه‌ر مافه‌كانی خۆی بێئاگایه یان ئه‌گه‌ر به‌ئاگاش بێت، لێی بێده‌نگه، هۆی ئه‌وه چییه، ئایا هه‌ر به سروشت وایه، یان سیاسه‌تی گوشاری توندی رژێمه‌كانی رابردو ئه‌وه‌یان به نه‌ریت بۆ جێهێشتوه‌و بوه‌ته كلتوری بێدهنگیبون، یان سیاسه‌تی ترس‌و تۆقاندنی دامه‌زراوه‌كانی حیزب‌و ده‌سه‌ڵات له‌دوای راپه‌ڕینیش هۆكاربوه بۆ نه‌ڕه‌وینه‌وه‌ی ئه‌و په‌ركه‌می ترسه!، بۆیه تاكهكانو خه‌ڵك هه‌میشه دور بون له ده‌ستپێشخه‌ریی، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له ده‌ستبژێر (نوخبه)ی سیاسیی، روناكبیریی، كۆمه‌ڵایه‌تی، مهدهنیو... تاد، به هۆی تێركردنی به‌شێك له حه‌زو ئاره‌زوه‌كانی دهستهمۆو بێده‌نگ كراوه، وه‌ك ئامرازیش بۆ جوانكردنی روی ده‌سه‌ڵات، له‌كاتی جیاجیا یان له هه‌مو وه‌ختێكدا به‌كارهێنراوه، ئه‌و حیزب‌و گروپ‌و ده‌سته‌بژێرانه كه خۆیان به پێشه‌نگی داكۆكیی له نه‌ته‌وه‌و جه‌ماوه‌ر ده‌زانن، دواتریش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی خۆیان پشت له داخوازییه‌كانی خه‌ڵك دهكهنو ته‌نانه‌ت له به‌رامبه‌ر پێشێلكاریی‌و بێمافكردنیان بێده‌نگیی هه‌ڵده‌بژێرن، ته‌نانه‌ت ئه‌وه هه‌میشه خاڵی بێبڕواییبونی خه‌ڵك بوه به گشت ئه‌و حیزب‌و بزوتنه‌وانه‌ی كه خۆیان به پێشڕه‌وی خه‌ڵك ده‌ناسێنن.
ره‌نگه له به‌رامبه‌ر ئۆپۆزسیۆنی نوێش ئه‌و گومان‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵبدات، چونكه خه‌ڵك هه‌میشه وه‌ڵامی بۆ پرسیاره‌كان ده‌وێت، چونكه وروژاندن‌و بانگه‌شه‌ی به‌جۆش به‌س نییه، به‌ڵكو چارهسهریو به‌ره‌نجامیشی ده‌وێت.
خاڵێكی دیكه‌ش كه هه‌میشه به زیانی خه‌ڵك گه‌ڕاوه‌ته‌وه، كه له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا تاكی ده‌نگده‌ر به هۆشیاریی ئه‌و مافه‌ی خۆی پیاده ناكات، تا بزانێت كام به‌رنامه یان كاندید ماف‌و داواكارییه‌كانی ئه‌و ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵكو هۆكاری وه‌ك بانگه‌شه‌ی وروژێنه‌ر، غه‌ریزه‌ی به كۆمه‌ڵ ده‌نگدان، ناچاربون بۆ ئه‌مری واقیع‌و... تاد، ده‌نگده‌دات، راسته له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و دواییه‌دا خه‌ڵك زیاتر ده‌نگی بۆ داواكارییه‌كانی دا، یان جۆرێك له ناڕه‌زایی خۆی له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌ربڕی ده‌رهه‌ق به‌و هه‌مو پێشێلكاریی‌و ناعهدالهتیو بێمافكردنهی هاوڵاتیو بگره په‌راوێزكردنی له رابردو و ئێستادا، كه به‌شێك له‌و خه‌ڵكه رق‌و كینی رابردو و ئێستای لا كه‌ڵه‌كه بوه‌و له ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێت له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات یان لایه‌نێكی سه‌ره‌كی‌و بگره به‌شداربو له ده‌سه‌ڵات هه‌ڵیبژێژێت، بۆیه تاك ده‌نگ به ئۆپۆزسیۆن ده‌دات، له‌وه‌ش دو رێگای نادیار چاوه‌ڕوانیه‌تی، له‌لایه‌ك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه گوشاری له‌سه‌ر دروستده‌بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه لای رون نییه ئۆپۆزسیۆن چه‌ند ده‌ستكه‌وت به‌ده‌ستده‌هێنێت یان ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه چه‌ند راستگۆیانه له خه‌می داواكاریی‌و مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیانی ئه‌و كار ده‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ژێر هه‌ر كاریگه‌رییه‌ك بێت، ئه‌وه له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی دواییدا دو فاكته‌ر وه‌ك پێش‌و رۆڵی خۆیان نه‌نواند، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه خه‌ڵك نه‌كه‌وتنه به‌ر كاریگه‌ریی بانگه‌شه‌و فیكری نهتهوهییو ئایینییه‌وه، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هێزه ئیسلامییه‌كان ده‌نگی زۆریان له ده‌ستدا، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات لێره‌و له‌وێ به‌هۆی خه‌ریكبون به ترسی فراوانبونی ئۆپۆزسیۆنی وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌رفه‌تی پێنه‌دابان یان به‌شێوه‌یه‌كی دیكه ره‌نگه ئه‌و هێزه ئیسلامییانه خۆیان زیره‌كانه ده‌رفه‌تیان له‌و ره‌وشه وه‌رگرتبێت، جگه له‌وه‌ی كه لایه‌نه سیاسییه ئیسلامییه‌كان‌و بگره مه‌سیحییه‌كانیش خۆیان بونیان له‌نێو پرۆسه‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كاریگهرو فراوانه.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه با بزانین كێن ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ به كرده‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ده‌بینن، یان ئاخۆ ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ركه‌وتن خاوه‌ن چ رابردو پێشینه‌یه‌كی مێژویینو چه‌نده وابه‌سته‌ن به چین‌و توێژه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵ‌و ئایا به كرده‌وه‌ش داكۆكیی له خواست‌و داواكارییه‌كانیان ده‌كه‌ن، یان هه‌ر ته‌نیا بانگه‌شه‌ی وروژێنهرنو ئامانجی سیاسیی له پشته‌وه‌یان هه‌یه، ئه‌وانه‌و پرسیارگه‌لێكی دیكه، ئه‌وه هه‌ڵده‌گرن لێوردبونه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكرێت، ئاخۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی شه‌قامی ناڕه‌زایی خه‌ڵك له بۆنه‌كان گه‌رموگوڕیی پێده‌درێت، یان له هۆڵی پهرلهمانو كه‌ناڵه‌كانی میدیا ده‌رده‌كه‌ون، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ربڕین له ناسنامه‌ی راسته‌قینه‌ی ئۆپۆزسیۆن بكات، ئه‌گه‌ر به‌س نییه، ئه‌ی به‌ده‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رنامه بۆ داهاتو چییه؟
شتێكی شاراوه نییه، كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و لایه‌نه ئیسلامییه‌كان به هه‌مو كهموكورتییان رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ده‌بینن، له‌ولاشه‌وه دیاره ژماره‌یه‌ك حیزب‌و رێكخراوی مه‌ده‌نی ده‌یانه‌وێت ئه‌و ئه‌ركه ببینن، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ستگرتن به بهرژهوهندییهكانیانو نزیكییان له ده‌سه‌ڵات یان دهستهمۆبونی هه‌ندێكیان، ناتوانن ئه‌و ئه‌ركه له‌ئه‌ستۆبگرن، بۆیه پێویسته خۆیان ساغ بكه‌نه‌وه، كه ئاخۆ له به‌ره‌ی خه‌ڵكن یان له به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات، ئه‌گه‌ر رێگای ناوه‌ندیش هه‌ڵده‌بژێرن، نه‌بنه له‌مپه‌ری نێگه‌تیڤ له‌به‌رده‌م گۆڕانكاریی‌و پێشهاته نوێیه‌كان.
ئه‌گه‌ر ئه‌و حیزب‌و گروپه سیاسیی‌و دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بیانه‌وێت رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بگێڕن، دیاره له هه‌ر قۆناغێكدا، ئهركو ئامانجه‌كانی ئۆپۆزسیۆن دیارن، ده‌توانن له وێناكردنی نه‌خشه‌و به‌رنامه‌ی كاری داهاتو به‌شدارییان ههبێتو له ده‌وری ئامانجه‌كانی خه‌ڵك كۆببنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبانه رۆڵی به‌رچاو شایسته‌یان هه‌بێت، پێویستیان به خۆنزیككردنه‌وه له داواكارییه‌كانی خه‌ڵكه‌و بوێرانه راو هه‌ڵوێستی راشكاوانه‌یان هه‌بێت، كه له رێگای چالاكیی ناڕه‌زاییه‌وه بزوتنه‌وه‌ی میللی خه‌ڵك به‌هێز بكه‌ن، هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه پێویسته ئازادیی زیاتر به میدیای ئۆرگانهكانیانو رێكخراوه پیشهییو مه‌ده‌نییه‌كانی سه‌ر به خۆیان بده‌ن، بۆیه پێویسته ئه‌و حیزبانه چاكسازیی‌و خۆنوێكردنه‌وه ئه‌نجامبده‌ن، دواتر ده‌كرێت ئه‌و حیزب‌و گروپه بچوكانه به‌ره‌و له یهكترنزیكبونهوهو رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی هاوبهشو ته‌نانه‌ت یه‌كگرتن هه‌نگاو بنێن، دیاره ئۆپۆزسیۆنی نێو هۆڵی په‌رله‌مان، كه له رابردو و هه‌نوكه رۆڵی به‌رچاویان هه‌بوه له داكۆكیكردن له مافه‌كانی خه‌ڵك‌و بگره هۆشیاركردنه‌وه‌یان به مافه‌كانیان، ده‌توانن به‌رده‌وامیی به‌و شێوازه‌یان بدهنو یهكههڵویستیی خۆیان زیاتر بكهنو پرۆژه‌ی خزمه‌ت به خه‌ڵك پشتیوانی لێبكه‌ن، له‌سه‌ر ئاستی شه‌قامی سیاسیی‌و مه‌ده‌نی گشت هێزو لایه‌نه سیاسی‌و مهدهنیو رۆژنامه‌وانییه‌كان ده‌توانن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی هاوبه‌شی هه‌ڵبژاردن‌و به‌رنامه‌ی داكۆكیی له ماف‌و داواكاریی خه‌ڵك‌و پێشێلكارییه‌كانی ده‌سه‌ڵات ههماههنگیو رێككه‌وتن بكه‌ن.
گرنگترین خاڵ كه ئۆپۆزسیۆن كۆده‌كاته‌وه، ناڕه‌زایی خه‌ڵك‌و داواكارییه‌كانیانه، میدیای ئازاد هه‌روه‌ك له رابردو كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێشهوهچونو گۆڕانكارییه‌كان هه‌بوه، له داهاتوشدا رۆژنامه‌وانه ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆكان ئه‌ركیان زیاتر‌و مه‌ترسیدارتر ده‌بێت بۆ ئاشكراكردنی راستییهكانو هۆشیاركردنی رای گشتیی به راستی روداوهكانهوه، هه‌روه‌ها پێویسته رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له چوار دیواری هۆڵه‌كان بێنهدهرو بپڕژێنه نێو ناخی روداوه‌كانی ژیان‌و داكۆكیی له چین‌و توێژه فه‌رامۆشكراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه بكه‌ن، پرۆژه‌ی فریاگوزاریی پێشكه‌ش بكه‌ن، به كرده‌وه‌ش پشتگیریی له گۆڕانكاریی دیموكراسی‌و چاكسازیی بكه‌ن.
دواجار پێویسته چوارچێوه‌ی ئۆپۆزسیۆن فراوانتر بكرێت‌و پشت به شێوازی كاری دامه‌زراوه‌یی ببه‌ستێت، ئۆپۆزسیۆنێكی هه‌مه‌ڕه‌نگ‌و به‌ربه‌رینی خه‌ڵكی، زوتر گه‌له‌كه‌مان به ئامانجه‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه پێویسته گشت لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌نێوان خۆیان به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش دارێژنو تێیدا ره‌چاوی رێزگرتن له بیر‌و بۆچونی جیاواز‌و دایه‌لۆگی كراوه بگرن، هه‌روه‌ها به‌پێی میتۆدی دیموكراسی كاره‌كان هه‌ڵسوڕێنن، ده‌كرێت له‌و پێناوه‌دا بزوتنه‌وه‌و به‌ره‌ی فراوانی خه‌ڵكی بۆ ئاڵوگۆڕی گه‌وره پێكبهێنرێت.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست