کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


توركیا و ناتۆ، گه‌یشتن به‌ بنبه‌ست

Saturday, 28/11/2015, 20:49


خستنه‌خواروه‌ی فرۆكه‌ سۆخۆیه‌كه‌ی رووسیا له‌ لایه‌ن هێزی ئاسمانی توركیاوه‌ كوشتنی یه‌كێك له‌ فڕۆكه‌وانه‌كانی له‌ لایه‌ن ده‌ستیه‌ك چه‌ته‌ی سه‌ر به‌ ده‌زگای میتی توركی، گه‌وره‌ترین سه‌رئێشه‌ی بۆ ناتۆ درووستكردوه‌. گومان له‌وه‌دانیه‌ كه‌ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان بۆ شاردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ سیاسیه‌كانی ناوخۆی توركیا و هاوكاریه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی بۆ چه‌ته‌كانی داعش، ده‌یه‌وێت ڕووسیا و ناتۆ بخاته‌ نێو شه‌ڕێكی ڕاسته‌خۆ كه‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامادنین بیكه‌ن. ئه‌ردۆگان یاری به‌ ئاگرده‌كات به‌ڵام پێده‌چێت له‌ ئه‌نجامدا ته‌نها ماڵی تورك بسووتێنێت.
ڕۆژنامه‌ی واشینتۆن پۆست باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ "ناتۆ به‌ شێوه‌یه‌كی كتووپڕ به‌ره‌و قه‌یرانێكی نوێ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پاڵپێوه‌ندراوه.‌. ئه‌م ڕووداوه‌ كێشه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی سووریا به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك ئاڵۆزترده‌كات و په‌یوه‌ندیه‌كانی ناتۆ و ڕووسیا هێنده‌یتر ده‌خاته‌ ژێر فشاره‌وه‌."
ڕۆژنامه‌ی گاردیه‌نی به‌ریتانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌نووسێت "ڕووداوێكی زۆر ترسناكه‌ له‌ نێوان دوو زلهێزدا كه‌ یه‌كێكیان ئه‌ندامی ناتۆیه‌ و ئه‌وی تریان خاوه‌نی چه‌كی هه‌سته‌ییه و‌ ئه‌گه‌ری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان زۆر نزیكه‌."
‌‌له‌ كاتێكدا كه‌ ئاشكرایه‌ بۆ ئه‌ردۆگان به‌م كاره‌ شێتانیه‌ هه‌لستاوه‌، رووسیا و ناتۆ هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌ له‌ هۆكاری ڕووداوه‌كه‌ بكۆڵنه‌وه‌ و خۆیان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی بپارێزن و به‌رپرسیاری یه‌كه‌می ئاڵۆزكردنی دۆخه‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌. زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری به‌رپرسانی ناتۆ به‌تایبه‌ت سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاتانی ئه‌ندامی ئه‌وڕێكخراوه‌ داوا له‌ توركیا ده‌كه‌ن كه‌ ڕاسته‌خۆ له‌گه‌ڵ ڕووسیادا گفتۆگۆبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ ئارامبكه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا په‌یامێكی ڕاسته‌وخۆیه‌ بۆ ئه‌ردۆگان كه ناتۆ چیتر پشتگیری له‌ كاره‌ نابه‌رپرسیار و شێتانه‌كانی ئه‌و سووڵتانه‌ سه‌رلێشێواوه‌ ناكات. زۆر له‌ به‌رپرسانی ناتۆ له‌ دوای ڕووداوی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ ڕووسیه‌كه‌وه‌ به‌ ڕاشكاوی ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌ردۆگان و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كانی نه‌ك هه‌ر له‌ سوریا به‌ڵكو له‌ باكوور و رۆژئاوای كوردستانیش ده‌گر‌ن. جێگری ڕاوێژكاری كۆماری فیدراڵی ئه‌ڵمان و سه‌رۆكی پارتی سۆشیال دیموكرات زیگمار گابریڵ له‌ ڕیپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی دی ڤێڵتدا زۆر به‌ تووندی توانج له‌ ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌گرێت و به‌ "ئه‌كته‌رێكی هه‌ڵه‌شه‌" له‌ ناتۆدا نا‌وزه‌دیده‌كات.
ئه‌ندامانی ناتۆ ترسی زۆریان له‌ كرداره‌ سه‌رشێتانه‌كانی ئه‌ردۆگان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامدا تووشی شه‌ڕێكی مه‌زنی نه‌خواستراویانبكات و ناتۆ ناچار بكات كه‌ كار به‌ بڕگه‌ی ژماره‌ ٥ ی په‌یمانی باكووری ئه‌تلانتیك بكات. له‌ كاتێكدا‌ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا فرانسوا ئۆلاند دوای ڕووداوه‌كانی ١٣ نۆڤه‌مبه‌ری پاریس ته‌نها كاری به‌ په‌یمانی لیسبۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا كرد.
ڕۆژنامه‌ی لافیگارۆش له‌ وتارێكدا ده‌ڵێت "توركیا بۆته‌ مایه‌ی كێشه‌و سه‌رئێشه‌ بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌وه‌تی ئیسلامیه‌كان به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌ردۆگان و ئاكه‌په‌ ده‌سته‌ڵاتیان له‌ده‌ستگرتوه‌". گه‌وره‌ترین وه‌رچه‌رخان له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌ پاش تێكچوونی په‌یوه‌ندیه‌ ستراتیجیه‌كانی توركیا و ئیسرائیل ده‌ستیپێكرد. ئه‌ردۆگان به‌ شێوه‌یه‌كی سیستماتیك كه‌وته‌ تێكدانی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ كه‌ له‌ ساڵی ١٩٤٩ به‌دواوه‌ زۆر سه‌قامگیربوه. هه‌ڵبه‌ته‌ ڕه‌فتار و كرداره‌كانی ئه‌ردۆگان له‌ كاتی به‌هاری عه‌ره‌بیدا هه‌ستی دژه‌ توركی له‌ رۆژئاوادا هێنده‌یتر به‌هێزكرد. به‌تایبه‌تی كاتێك په‌یوندی له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ره‌تادا به‌هێزكرد و پاشان له‌ پشته‌وه خه‌نجه‌رئاژنیكرد و ڕێگای به‌ چه‌ته‌ جیهادیه‌كانی سه‌رتاسه‌ری جیهاندا كه‌ توركیا وه‌ك ڕاڕه‌وێك بۆ په‌ڕینه‌وه‌ بۆ‌ سووریا به‌كاربهێنن. هه‌ستی دژه‌ تورك نه‌ك هه‌ر ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری به‌ڵكو له‌ نێو دامه‌زراوی سیاسی ڕۆژئاواشدا له‌ ساتی شه‌ڕه‌كانی كۆبانی و كاتێك توركیا به‌ ئاشكرا له‌ دژی كورد هاوكاری چه‌ته‌كانی داعشی ده‌كرد، ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ڕوو له‌ هه‌ڵكشانبوو.
یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌ خانه‌نشینكراوه‌كانی ناتۆ جه‌نه‌راڵ وێزلی كلارك ده‌رباره‌ی توركیا ده‌ڵێت "با لای هه‌موان ڕوونبێت، داعش ته‌نها ڕێكخراوێكی تیرۆریستینیه‌، به‌ڵكو ڕێكخراوێكی سوونه‌ی تیرۆریستیه. به‌واتا‌ شیعه‌ ده‌كاته‌ ئامانج‌ و به‌ره‌نگاریان ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامدا خزمه‌ت به‌ توركیا و عه‌ره‌بستانی سعودی ده‌كات و ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌و باوه‌ڕدابووین كه‌ توركیا یارمه‌تیانده‌دات. ئه‌و نه‌وته‌ی داعش به‌رهه‌می ده‌هێنێت ده‌بێت كه‌سانێك هه‌بن كه‌ لێیان بكڕن و له‌ شوێنیكیشه‌وه‌ هه‌نارده‌ی ده‌روه‌بكرێت! به‌ باوه‌ڕی من ئه‌مه‌ له‌ ڕێگای توركیاوه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام توركه‌كان هه‌رگیز دان به‌م ڕاستیه‌دا نانێن."
كاتێك ڕووسیا‌ جموجۆڵی سه‌ربازی له‌ سووریا ده‌ستپێكرد، په‌ییوه‌ندیه‌كانی ئه‌نكه‌ره‌ و واشنتۆن به‌شێوه‌یه‌كی خێرا ڕوویان له‌ گرژیده‌كرد. له‌م دواییانه‌دا له‌‌ زوربه‌ی كۆبونه‌وه‌كانی ناتۆ باس له‌وه‌ ده‌كرا كه‌ ئه‌جێندای توركیا هیج په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ هه‌ڵوێست و ئامانجه‌كانی ڕۆژئاواوه‌ نیه. به‌تایبه‌ت كاتێك توركیا رێگای دا به‌ هێزی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكا بنكه‌ی ئینجرلیك‌ بۆ لێدانی داعش به‌كاربهێنێت، خۆی كه‌وته‌ په‌لاماردانی گه‌لی كورد له‌ باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، كه‌ ته‌نها هێزن چالاكانه‌ له‌ دژی چه‌ته‌كانی داعش‌ ده‌جه‌نگن. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ جه‌نه‌راڵی خانه‌نشینكراوی ئه‌مه‌ریكی پۆڵ ڤاڵه‌لی، ئه‌ردۆگانی به هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی ئه‌مپراتۆریه‌تێكی نوێی عو‌سمانی‌ تۆمه‌تباركرد و داوایكرد كه‌ توركیا له‌ ناتۆ ده‌ربكرێت.
ڕۆژنامه‌ی واشینتۆن تایمز باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ ئیدی كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌‌ توركیا له‌ په‌یمانی ناتۆ ده‌ربكرێت به‌تایبه‌تی كه‌ زۆر دڕندانه‌ په‌لاماری گه‌لی كورد كه‌ به‌هێزترین هاوپه‌مانی ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌ شه‌ڕی دژ چه‌ته‌كانی داعشدا ده‌دات. هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت،‌ ئه‌ردۆگان زۆر لووتبه‌رزانه‌ هاوكاری داعش ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی گوێ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ناتۆ و ڕۆژئاوابدات.
گۆڤاری ئه‌مه‌ریكان ثینكه‌ر كه‌ زمانحاڵی ڕاستڕه‌وه‌كانه باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ ئه‌ردۆگان توركیای بۆ ده‌وڵه‌تێكی ثیۆكراتیك گۆریوه‌ و مافی ئاخاوتن و ئازادی میدیای زه‌ودكردوه‌. تا ئه‌وڕاده‌یه‌ی ڕۆژنامه‌كه‌ پێشنیارده‌كات كه‌ ڕووسیا له‌ جێگای توركیا به‌ ئه‌ندامی ناتۆ په‌سه‌ندبكرێت، چونكه‌ ڕۆژئاوا به‌رژه‌وندی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ڕووسیادا زۆرتره‌ تا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی توركیدا. ئه‌گه‌رچی له‌ ساڵی ١٩٥٢دا كه‌ توركیا كرایه‌ ئه‌ندامی ناتۆ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی به‌كارهێنانی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی له‌ دژی سۆڤیه‌تبوو، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وه‌ "گرێبه‌ستێكه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵ شه‌یتان كراوه‌."
بۆ ده‌یان ساڵ توركیا ناتۆی به‌كارهێناوه‌ بۆ مه‌رامه‌كانی خۆی و زۆربه‌ی كات له‌گه‌ڵ ناتۆدا هاوئامانجنه‌بوون، به‌تایبه‌تی كه‌ باكووری قوبرسی له‌ ساڵی ١٩٧٤دا داگیركرد و بووه‌‌ هۆی یۆنان هێزه‌كانی خۆی له‌ ناتۆ بكێشێنێته‌وه‌. له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی ٢٠٠٠وه‌ توركیا به‌ شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك هاوكاری بزاڤه‌ ێسلامیه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات، به‌تایبه‌تی سه‌له‌فی و وه‌هابیه‌كان و له‌م دواییا‌نه‌‌شدا ته‌كفیریه‌كان، ئه‌مانه‌ش مه‌ترسیه‌كی زۆر گه‌وره‌ترن له‌سه‌ر ناتۆ تا ڕووسیا. ڕای گشتی له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا و به‌تایبه‌تی وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆ به‌ ئه‌ندامبوونی ڕووسیایان زۆر لا په‌سه‌ندتره‌ تا وه‌كو ده‌وڵه‌تی ئیسلامی توركیا. هه‌ڵبه‌ته‌ كاتی ئه‌وه‌هاتوه‌ سوڵتانه‌ لوو‌تبه‌رز و هه‌ڵه‌شه‌كه‌ی تورك باجی خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵه‌كانی له‌ ڕۆژهگه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بدات و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا گڕ له‌ ماڵی تورك به‌ربدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە