کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قۆناخه‌کانی پاکتاوکردنی سیاسی ناو یه‌کێتی ده‌ستیپێکرد

Sunday, 02/02/2014, 12:00







پتر له‌ ساڵێک تێپه‌ڕبوو به‌سه‌ر وونبوونی جه‌لال تاله‌بانی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستاندا، به‌ڵام هیچ که‌سێک ناتوانێت به‌ڕه‌هایی مان یان نه‌مانی بسه‌لمێنێت. جگه‌ له‌ ئه‌لقه‌یه‌کی بچووکی ناو بنه‌ماڵه‌ی برایم ئه‌حمه‌د و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیان نه‌بێت، که‌سی تر نازانێت که‌ چاره‌نووسی تاله‌بانی وه‌ک مرۆڤێک به‌ کوێ گه‌یشتوه‌! به‌ڵام له‌و ساته‌وه‌خته‌وه‌ هێماکان ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ کۆتایی ژیانی تاله‌بانی وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارێک و سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی كوردساتان به‌ره‌جه‌سته‌ ده‌که‌ن. هه‌ڵبه‌ته‌ زۆری نه‌خایاند قۆناخه‌کانی دوای نه‌مانی تاله‌بانی به‌گه‌ڕبکه‌وێت و ناکۆکی له‌ نێو باڵه‌کانی یه‌کێتیدا به‌شێوه‌کی ئاشکرا سه‌رهه‌ڵبدات و باڵه‌کانی ململانێ هه‌موو توانسته‌کانیان له‌مه‌یداندا دابمه‌زرێنن. ڕاستیه‌کان ئه‌ویان سه‌لماند که‌ له‌دوای 31 ئابه‌وه‌ باڵی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ به‌ره‌و پووکانه‌وه‌ چوون و له‌ دوای شکستی هه‌ڵبژاردنه‌کانی 21 ئه‌یلووله‌وه‌ دوا بزمار له‌ تابووتی ئه‌و ‌باڵه درا. ئه‌مڕۆ ململانێکان ته‌نها له‌ نێوان باڵی هێرۆ به‌ پاڵپشتی مه‌لا به‌ختیار و چه‌ندین ئه‌ندامی تری مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی وه‌ک عومه‌ر فه‌تاح و فوئاد مه‌عسوم و هتد، و باڵی به‌رهه‌م سالحدایه‌. هێرۆ ته‌نها به‌رهه‌م به‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر دواڕۆژی ده‌سته‌ڵاتی نه‌ریتی بنه‌ماڵه‌ی برایم ئه‌حمه‌د و تاله‌بانی له‌ ناو یه‌کێتیدا ده‌زانێت. به‌تایبه‌تی پاش جیابوونه‌وی باڵی نه‌وشیروان موسته‌فا و قه‌واره‌گرتنی باڵه‌که‌ی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا. هه‌ر بۆیه‌ هێرۆ ئه‌مڕۆ لووله‌ی تفه‌نگی سیایسی کردۆته‌ به‌رهه‌م و پیلانی کۆتاییهێنانی داڕشتووه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای وونبوونی تاله‌بانیه‌وه به‌رهه‌م هه‌ستی به‌بوونی پلانی پاکتاوکردنی خۆی و باڵه‌که‌ی ده‌کرد و هه‌ر بۆیه‌ له‌ پاش شکستی یه‌کێتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کا‌نی 21 ئه‌لووله‌وه‌ که‌وته‌ جموجۆڵکردن. سه‌ره‌تا به‌ کۆبوونه‌وی له‌ گه‌ڵ ڕابه‌ری گۆڕان نه‌وشیروان موسته‌فا ده‌سپێکرد به‌هیوای خۆنزیکخستنه‌وه‌ و زیندووکردنه‌وه‌ی په‌یمانی ده‌باشان به‌ناوی خۆیه‌وه‌، و ده‌ستپێشخه‌ریکردن له‌ هه‌ڵبژاردنی چه‌قێکی قورسایی له‌ هاوکێشه‌ سیاسیه‌کانی دوای ونبوونی تاله‌بانی و هه‌ڵبژاردن و داڕشتنی پێناسه‌یه‌کی نوێ بۆ خۆی. بێگومان ڕه‌فتاره‌کانی به‌رهه‌م و باڵه‌که‌ی هێنده‌یتر هێرۆیان تووڕه‌کرد و په‌ره‌ی به‌ پلانی پاکتاوکردنیان هێنا. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ ج له‌ناو کادر و ئه‌ندامان و دۆست و نه‌یارانی یه‌کێتیدا وه‌ک که‌سێکی میانه‌ڕه‌و و ته‌کنۆکرات ده‌بینرێت. ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمییش، هه‌ریه‌ک له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کات. مانه‌وه‌ی به‌رهه‌م له‌ناو یه‌کێتیدا به‌ به‌رژه‌وه‌ندی زۆر لایه‌نه‌. بۆ نموونه‌، پارتی وه‌ک پاژنه‌ی ئه‌خیل و خاڵی بێهێزی یه‌کێتی ده‌یبینێت. له‌ کاتێکدا ئێران وه‌ک که‌سێکی نزیک له‌ ده‌ستگا هه‌واڵگییریه‌کانی ئه‌مریکا ده‌یبینن و که‌سێک له‌ کاتی پێویستدا ده‌توانن وه‌ک پردێک به‌کاری بهێنن. هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئێران و به‌تایبه‌تی سووپای پاسداران به‌ سه‌رکردایه‌تی قاسم سوله‌یمانی هه‌وڵی سارکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی نێوان هێرۆ و به‌رهه‌میان دا. به‌ڵام پێده‌چێت هێرۆ ئاماده‌ی هیچ جۆره‌ سازشیک نه‌بێت و هه‌رگیز ده‌سته‌ڵاتی یه‌کێتی به‌بێ ململانییه‌کی خوێناوی راده‌ستی به‌رهه‌م بکات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌که‌شی لاوازبوون و پووکانه‌وه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی بێت. هێرۆ ده‌زانێت له‌ده‌ستدانی ئه‌وسه‌رکردایه‌تیه‌ نه‌ریتیه‌ی که‌ له‌ باوکی و مێرده‌که‌یه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه‌ پێگه‌ی ئابووری بنه‌ماڵه‌کیان له‌پێش هه‌موو شتێکی تروه‌ تێکده‌دات.‌‌
بێگومان هێرۆ ناتوانێت به‌رهه‌م پاکتاوی جه‌سته‌یی بکات. چوونکه‌ خۆیی باڵه‌که‌ی ده‌زانن که‌ ئه‌وکاره‌ ده‌بێته خۆکوشتنی سیاسی. به‌ڵام ده‌توانن فشاره‌کان هێنده‌ له‌سه‌ری زۆرکه‌ن تا خۆی که‌ناربخات. ده‌رئه‌نجامه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ڕووداوه‌کانی چه‌ند ڕۆژی ڕابووردووش پێده‌چێت چاره‌نووسی به‌رهه‌م به‌و ئاکاره‌دا ببات!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە