ڕاگەیاندنێك لە كۆمپانیای نالیاوە بۆ /سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان /گشت ناوەندەكانی راگەیاندن لە كورستان
Saturday, 24/04/2010, 12:00
سڵاو...
وەك هەموو لایەكتان دەزانن و ئاگادارن كە كاری ڕۆژنامەوانی كارێكی زۆر پیرۆزە,رۆژنامەنووسان لە زۆربەی كاتەكان و لە زۆربەی شوێنەكاندا رووبەرووی چەندەها فشار دەبنەوە لە پێناو كارێكدا كە پێویستە هەمومان پشتگیرییان لێَ بكەین .
ئێمە دڵنیاین كە هەر لایەنێك ئەم روونكردنەوەی ئێمە بخوێنێتەوە و بە ویژدانەوە بریار بدات ئەوا دڵنیاین كە هەرگیز قبوڵی ناكەن كاری رۆژنامەوانی بەم ئاقارە ترسناكەدا بڕوات, بۆیە پێویستە كە لە پێناو ئێمەدا نا بەڵكو لە پێناو ئەو كارە پیرۆزەی كە بەڕێزتان ئەنجامی دەدەن بە ووردی لەم بابەتە بكۆڵنەوە و هەڵوێستێكی درووست وەربگرن بەرامبەر بەو كێشەیەی كە بۆتان روون دەكەینەوە:
كۆمپانیای نالیا ماوەی سێ ساڵە دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی (2007)ەوە ریكلام لە زۆربەی كەناڵ و رۆژنامە ناوخۆییەكاندا بڵاو دەكاتەوە و لە نێویشیاندا "رۆژنامەی ئاوێنە",بەڵام لەبەر ئەوەی كۆمپانیای نالیا لەم كاتەدا پێویستی بەریكلام نییە و سەرقاڵی دانانی ستراتیژێكی نوێی بەبازاركردنە بۆ داهاتوو,بۆیە بڕیاری ڕاگرتنی هەموو ریكلامەكانی دا لە گشت ناوەندە ڕاگەیاندنەكاندا و لە نێویشیاندا "رۆژنامەی ئاوێنە",تەنانەت كۆمپانیای نالیا پارەی چەند مانگی داهاتووی لای هەندێك كەناڵی ئاسمانی و رۆژنامە ماوە بەڵام دەستبەرداری ئەو مافەی خۆی بووە و ریكلامی ڕاگرتووە.
كەچی ئێستا كۆمپانیای نالیا سەرسام بوو كە راستەوخۆ دوای ڕاگرتنی ریكلام لە ڕۆژنامەی ئاوێنە لە بەرواری (31/3/2010),رۆژنامەكە كەوتۆتە هێرشێكی بێمانا بۆ سەر كۆمپانیاكەمان لە رێی نوسینی بابەتەوە و تەنها لە ماوەی (14 رۆژ)دا و لە ژمارە (218,219,220)ی رۆژنامەكەدا چوار بابەت و هەواڵێك لەسەر كۆمپانیای نالیا بڵاو كراوەتەوە,لە كاتێكدا لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا كاتێك كۆمپانیاكەمان ریكلامی لە رۆژنامەكەدا دەكرد تەنها یەك بابەتیشیان بڵاو نەكردۆتەوە!!!
رۆژنامەنووسانی بەرێز,ئێمە دەزانین بەردەوام ناحەقی دەكرێت بەرامبەر رۆژنامەنوسان,وە تەنها ئێوە دەزانن كە چەندە ناخۆش و سەختە كاتێك ناحەقیت بەرامبەر دەكرێت,بۆیە دەبێت ئێوە قبوڵی نەكەن كە رۆژنامە و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بۆ ئیپتزاز و كاری شەخسی بەكار بێت,كاری رۆژنامەوانی زۆر لەوە پیرۆزترە كە ئێمە بچوكی بكەینەوە و بۆ لێدانی لایەنێكی دیاریكراو بەكاری بهێنین لەسە پارە و ریكلام.
ئەگەر ئەم بابەتانەی كە تەنها لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا نوسراوە ,لە ماوەی سێ ساڵی رابردوشدا هەبوایە ئەوا ئێمە هەرگیز گلەییمان نەدەكرد و دەمانووت ئەمە كارێكی ئاساییە,بەڵام كار بگاتە ئەو ئاستە نزمەی بە ئاشكرا لە رۆژنامەی ئاوێنەوە و زیاتر لە جارێك باسی ڕاگرتنی ریكلام بكرێت و رۆژنامەكە بەكاربهێنرێت بۆ ئپتیزاز و لەبەر ریكلام ڕاگرتن تەشهیرمان بەرامبەر بكرێت و پارەكانمان بە گوماناوی ناو ببەن و هێرشی شەخسی بكرێتە سەرمان,ئەمە لە راستیدا لە چوارچێوەی كاری رۆژنامەوانی دەردەچێت و هیچ بنەمایەكی ئەخلاقی نامێنێت.
هەروەها تەنانەت بەوكارەش ناوەستن,بەڵكو ئێمە وەك كۆمپانیای نالیا و دوابەدوای ئەو هەموو ناوزڕاندن و بابەتانە پەنامان بردۆتە بەر دادگا و لە ڕێی دادگاوە داوای یاساییمان تۆمار كردووە و دەمانەوێت مافی خۆمان بستێنینەوە,كەچی برادەرانی ئاوێنە بۆ ئەو مەسەلەیەش هێرشمان دەكەنە سەر و دەیانەوێت ئەو مافەشمان لێ بستێننەوە.
من رووی دەمم دەكەمە هەموو رۆژنامەنوسێك و دەڵێم باشە ئێمە پاش ئەو هەموو كارە شەخسییە ,دوای ئەو هەموو تەشهیرە, نە هاتوین خوانەخواستە هەڕەشەیان لێ بكەین , وە نە قسەی نارشرینمان پێ وتوون وە نە هێرشمان كردۆتە سەریان, تەنها لە دادگا داوای مافی خۆمان دەكەین , ئیتر ئەوان ئەو مافەشمان لێ دەسەننەوە و لەسەر ئەوەش لەسەرمان دەنوسن؟؟
بۆیە لە كۆتاییدا داواكارین لە هەموو رۆژنامەنوسێكی بە شەرەف كە بەرگری لەو كارە بكات كە ژیانی خۆی بۆ داناوە و نەهێڵن كاری رۆژنامەوانی بەو ئاقارە خراپەدا بروات, بە تایبەتی لە رۆژنامەیەكی وەك "ئاوێنە" كە ئێمە چاوەروانمان دەكرد ببێتە پێشەنگ بۆ رۆژنامەكانی تر,بۆیە داواكارم لە هەموو لایەكتان كە هەڵوێستی خۆتان بە ئاشكرا ڕابگەێنن ,و بێ هەڵوێستی مانای هاندانی ئەو كارەیە و رێزنەگرتنە لە كاری رۆژنامەوانی.
لەگەڵ رێزدا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست