کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، کە بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


پۆلیسى سلێمانى بەكلتوورى ئەشكەنجەدان كۆپى شەبیحەكانى بەشار ئەسەدن

Tuesday, 07/08/2012, 12:00






نوێترین قوربانى دەزگا داپلۆَسێنەرەكانى ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە لەهەرێمۆكەكەى ئێمەدا كوشتنى شاعیرى شەهید (عیرفان ئەحمەد) بوو ، هیچ گومانى تێدانیە كە گیان لەدەستدانى كاكە عیرفانى جوانەمەرگ بەهۆى ئەشكەنجەدانى هێزەكانى پۆلیسى سلێمانیەوە بووە لەدوو بۆنەى جیاوازدا ، یەكەم جار لەكاتى دەستگیركردنیدا بووە لەبەروارى 31/7/2012 لەبەردەم هۆتێل سلێمانى پاڵاسدا ، كەبەشاهیدى هەموو ئامادەبووان سووكایەتییەكى زۆرى پێكراوە و شەبیحە ئاسا بەشەق و قۆناغە تفەنگ بەزۆرە ملێ راپێچى بنكەى پۆلیس كراوە ،.
دووەم جاریش لەبەروارى 1/ 8/2012 دا لەبنكەى پۆلیسى گرتن و گواستنەوە بەهەمان شێوە لەلایەن چەند ئەفسەر و پۆلیسێكى ئەو بنكەیەوە و بەفەرمانى بەرێوبەرى ئەو بنكەیە چەند جارێك سووكایەتى پێدەكرێت و لێى دەدرێت ، هەر لەهەمان رۆژ و بەرواردا واتە رۆژى چوارشەممەى رێكەوتى 1/8 بەرێوبەرى پۆلیسى سلێمانى بەتەلەفون ئاگاداردەكرێتەوە كە كاكە عیرفان تەندروستى تێكچووە و بارودۆخى جەستەیى ناجێگیرە ، بەڵام دیارە بەقسەى چەند ئەفسەر و پۆلیسێكى بنكەى گرتن و گواستنەوە كە لەنزیكەوە دوانومانن بەرێوبەرى پۆلیس گاڵتەى بەم قسانە دێت و ئەڵێ ئەو سەگبابە تەمسیلى دەكات و هیچى نیە ، هەر بۆیە لەبەروارى 5/8/2012 دا كاكە عیرفانى جوانەمەرگ دڵى پڕ بەهرەى لەلێدان دەكەوێت و گیان لەدەست دەدات .
ئەوەى راستى و دروستى تەواوى كوشتنى كاكە عیرفان لەژێر ئەشكەنجەى پۆلیسدا بەبەڵگەوە دەسەلمێنێت ئەو پشتڕاستكردنەوە حاشاهەڵنەگرەیە كە پزیشكە پسپۆڕەكانى بنكەى پزیشكى دادوەرى سلێمانى لەراپۆرتەكەیاندا ئاماژەیان پێدا ، ئەویش بوونى چەندین شوێنەوارى تەواو روون و ئاشكراى لێدان و خوێن بەربوون و ئەشكەنجەیە بەجەستەى كاكە عیرفانى جوانەمەرگەوە ، ئەى ئایا مەرگێكى بەمجۆرە كتوپڕ و خوێناوى لەگەڵ شاهیدى راپۆڕتە پزیشكییەكان شایەنى ئەوەنیە وەزارەتى داد و وەزارەتى ناوخۆ بێ هیچ دواكەوتنێك لیژنەیەكى لێكۆڵینەوەى بێلایەن و دادپەروەر پێكبهێنن بۆ ئاشكراكردنى راستییەكان و سزادانى تاوانباران ؟؟!! .
شەهید عیرفانى جوانەمەرگ نە تیرۆریست بوو نە پیاوكوژ و نەجەردەى بوجەى گشتى ، ئەو بەتەنها شاعیرێكى هەست ناسكى بێ وەى بوو كە بەپێنووسەكەى هۆنراوەكانى كردبووە گۆرانى بۆ هەموو جوانییەكانى ئەم گەردوونە ، ئەو بە وێنەى شەهید سۆرانى مامە حەمە و شەهید زەردەشت عوسمان قوربانییەكى ترى ئەم حكومەتە تاوانبارەیە كە هەموو جوانییەكانى لێ شێواندووین ، ئەى گوایا هەر چەند رۆژێك بەر لەئیستا ئەندامى مەكتب سیاسیەكى یەكێتى بەتەلفون هەرەشەى كوشتنى ئاشكراى لە رۆژنامەنوسێك نەكرد ؟! ، ئەى لەپەڕەى گوڵ كاڵترى پێ وترا ؟! .
راستە ئەم تراژیدیا و كارەساتە دڵتەزێنانە ئاوێنەى واقیعى تاڵى بارودۆخى ناسەنگى ئەمڕۆى كوردستانە ، بەڵام هەموو ئەم تاوانبارانە لەناو دەزگاى پۆلیس و دەرەوەى دەزگاى پۆلیس ئەبێ هیچ گومانێكیان نەبێ لەوەى كە رۆژى لێپرسینەوە و حیسابى ئێسك شكێن هەرگیز لەمڕۆ نزیكتر نەبووە ، دیارە چارەنووسى شەبیحە پیاوكوژەكانى بەشار چۆن بێت هى ئەمانیش لەوە باشتر نابێ .. ئەمە حەتمیەتى ململانێى نێوان ستەمكار و ستەملێكراوە و كەس ناتوانێ بیگۆڕێ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە