کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


لە ڕانیە، دەستگیركردنى ڕۆژنامەوانانى باكورى كوردستان شەرمەزار كرا

Monday, 26/12/2011, 12:00



ئێوارەى ڕۆژى یەك شەممە، 25/12 لە باخى گشتى ڕانیە، ڕۆژنامەوانان و چالاكانى مەدەنى دەڤەرى بیتوێن و پشدەر گردبوونەوەیەكیان سازكرد و ئیدانەى دەستگیركردنى ڕۆژنامەوانە كوردەكانى باكورى كوردستانیان كرد، لە گردبوونەوەكەدا بەیاننامەیەك ئاراستەى ڕاى گشتى كرا و داواى ئازادكردنى گیراوەكان كرا.
ئەمەش دەقى بەیاننامەكەیە:
ڕاگەیاندنێك لە ڕۆژنامەوانان و چالاكانى مەدەنى بیتوێن و پشدەر...
لە دژى دەستگیركردنى مێدیاكارانى باكورى كورستان.

لەگەڵ گۆڕانكارییەكانى ناوچەكە و جیهان بەگشتى، باكورى كوردستان و توركیا بە قۆناغێكى تایبەت تێپەڕدەبێت و پانتاییەكانى ئازادى و كارى دیموكراسى بەرەو بەرتەسككردنەوە دەبرێن.
لەكاتێكدا گەلى كورد لە باكورى كوردستان سەرگەرمى خەباتى سیاسى و مەدەنى و تێكۆشانى ئازادیخوازانەیەتى، دەوڵەتى تورك هەوڵەكانى چڕكردۆتەوە بۆ نەهێشتنى ناسنامەى گەلەكەمان و سەركوتكردنى خەباتى گەلى كورد. حكومەتى پارتى داد و گەشەپێدان(ئاكەپە) لەكاتێكدا لە وەڵاتانى جیهان بانگەشەى دیموكراتیەت و كرانەوەى توركیا بەرەو ڕووى گەلى كورد دەكات، لە هەمانكاتدا بەشێوازى جیاواز لەدژى كوردانى باكورى كوردستان سیاسەتى پاكتاوكردن و قڕكردنى كەلتورى بەڕێوەدەبات. لەلایەك چالاكوانە سیاسى و مەدەنییەكان لەژێرناوى دۆزى (دژە كەجەكە) دەستگیردەكات، لەلایەك لەڕێگەى گروپى بەناو ئیسلامى (فەتحوللا گولەن) فەتواى دەستپێكردنى شەڕى نێوان گەلى كورد و تورك دەدات و لەهەمانكاتدا كۆمەڵكوژى كوردان بە ئەركێكى ئاینى ناودەبات.
نوێترین پیلانى دەوڵەتى توركیاش لە دژى گەلى كورد, بێ دەنگ كردنى دەنگە ئازادەكان و بەرتەسكردنەوەى مەوداكانى ئازادى ڕادەبڕین و كارى ڕۆژنامەوانییە، بۆ سەرخستنى ئەو پیلانەشیان حكومەتى ئاكەپە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا هەڵمەتێكى نوێى دەستگیركردنى ڕۆژنامەوانە كوردەكانى باكورى كوردستان و توركیاى دەستپێكردووە و نزیكەى 50 ڕۆژنامەوانى ئاژانسى هەواڵى دیجلە و ئاژانسى هەواڵى فوڕات و ڕۆژنامەى ئازادیا وەڵات و ئۆزگور گوندەمى دەستگیركردووە.
ئێمە وەك ڕۆژنامەوانان و چالاكوان و چین و توێژەكانى دەڤەرى بیتوێن و پشدەر، مامەڵەى حكومەتى توركیا لەبەرامبەر گەلى كورد شەرمەزار دەكەین و دەستگیركردنى مێدیاكاران بە هێرش بۆ سەر دەنگى گەلى كورد دەزانین. پێمانوایە دەوڵەتى تورك هەموو تواناكانى خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەى سەداى ئازادیخوازى و دەنگى خەباتكارانەى گەلى كورد نەگاتە جیهان و هەوڵدەدات كۆمەڵگەى كوردى لە جیهانى دەرەوە داببڕێت.
هەرچەندە بەپێى پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان ئازادى كارى ڕاگەیاندن بەپێوەرى دیموكراسى و بنەماكانى مافى مرۆڤ ناوى هاتووە، بەڵام دەوڵەتى توركیاى پێكهاتوو لە یەك نەتەوە، ئەو پەیماننامانە بن پێ دەكات و پەردەپۆشى تاوانەكانى دەكات.
ئێمە لەكاتێكدا پشتیوانى لە تێكۆشانى گەلى كورد دەكەین لە باكورى كوردستان، لەهەمانكاتدا داوا لە دەوڵەتى توركیا دەكەین دان بە ناسنامەى گەلى كورد بنێت و دەستبەردارى سیاسەتى نكۆڵى كردن و تواندنەوەى كورد بێت و بەزووترین كات ڕۆژنامەوانە كوردەكان بەتایبەتى و سەرجەم گیراوانى پرسى كورد ئازادبكات و ڕێز لە ئیرادەى گەلەكەمان بگرێت.
ڕۆژنامەوانان و چالاكانى مەدەنى دەڤەرى بیتوێن و پشدەر
25ى كانونى یەكەمى
 2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە