شەڕ بەپاساو خوێندنەوەیك بۆنووسینەكانى ئەم دواییە لەسەر ئاین
Wednesday, 05/05/2010, 12:00
ماوەیەكە شەڕێكى ناپێویست و ناكات و نادروست لەڕوپەڕى ڕۆژنامەو سایتەكاندا دەستى پێكردووە، ئەگەرچى ئەم شەڕە وانیشان ئەدرێت كەبۆبەرگریكردنە لەئازادى، بەڵام دیسان وشەى ئازادى بۆتەوە بەقوربانى و ئەوەى لەناوەڕۆكى ئەم مەسەلەیەدا دیارنییە ئازادییە!!!
لەم نوسینەدا ئەمەوێت ئەوە ڕاڤەبكەم ئاخۆ مەخزاى ئەم شەڕە چییە؟ شەڕ بۆئازادیە، یان بۆ هەریسە.
لەدواى بڵاوبونەوەى دواژمارەى گۆڤارى وێرانەوە بەیاننامەیەكى مەكتەبى راگەیاندنى یەكگرتوو دەرچوو كەسەرنجى لەسەر چەند مەسەلەیەكى بڵاوكراوەكە هەبوو تیایدا ئەوە ڕونكرابۆوە كەناوەڕۆكى چەند بابەتێك سوكایەتیكردنە بە پیرۆزیەوكان و بۆچارەسەرى گرفتەكەش داواى هاتنە ناوەوەى یاساو دادگاكرابوو.
هەڵبەتە چەند مامۆستایەكى ئاینیش كەلەژمارەى پەنجەكانى دەستێك كەمتربوون ئەم بابەتەیان باسكردبوو
دواتر لایەنى یەكەم بازاڕیان گەرمكردەوەو مەسەلەكەیان كرد بەمەسەلەى تیرۆرو ئازادى لەكاتێكدا شتێكى وا لەهاوكێشەكەدا بونى نەبووە.
نازانم لەبەختى دەسەڵاتدارانى كوردستان بوو، یان بەنەخشەو تەوقیتى خۆیان بوو كەقەڵەمى نووسران و چاوى خوێنەران بۆئەم بابەتە ئاڕاستە بوو! چونكە لەكاتێكدا ئاودیوكردنى نەوتى كوردستان بەنایاسایى و مەسەلەى بوجەو یەمنەگرتنەوەى تەواوى حكومەت و كەمى خزمەتگوزارى و هاوكێشە سیاسیە هەستیارەكان لەئارادان، بازاڕ گەرمكردن بەم مەسەلانەوە خڵەفاندنى دنیاى نووسەران و رۆشنبیرانە
ئەوەى جێگەى سەرسوڕمانبوو ئەو كەمپینەبوو كەكۆمەڵێك نووسەرو كەسایەتى رایان گەیاند، بەڵام مەخابن هەم تەوقیت و كاتى راگەیاندنەكەیان خراپبوو هەو تایتڵى كەمپینەكە
چونكە هەموومان ئەو هەموو سوكایەتیەمان بینى كەچەند هەفتە پێش ئێستا بەڕۆژنامەنووسان كراو كەمپینێكى ئاوا جدیش رانەگەیەنرا، تۆبڵێى بەیاننامەیەكى یەكگرتوو كە پەنا بۆیاسا ئەبات خەتەرترو دژوار تربێت لە شەق تێهەڵدانى رۆژنامەنووسان و ئازاردان و شكاندنى كامێراو بەندكردنیان! لەكاتێكدا یەكگرتوى ئیسلامى حیزبێكى مەدەنى بێ چەكەو تائێستاش هێندەى مەرەكەبى پێنوسێك خوێ، لەسەر دەستیان نەڕژاوە!
خاڵێكى ترى نەگونجاوى كەمپینەكە تایتڵەكەیبوو كەبەداخەوە نەدەبوو مەسەلەى بەیاننامەى راگەیاندنى حیزبێكى مەدەنى بەوشێوەیە گەورە بكرایە، من دەپرسم ئەگەر بەیاننامەكە لەباتى ئەوەى بنوسرێت (كەمپینى ئیدانەكردنى یەكگرتووى ئیسلامى و مەلاكانى ئەوقاف) بنوسرایە (كەمپینى داكۆكیكردن لەماف و ئازادى رادەربڕین باشتر نەبوو)
چونكە كەسێك ئەو تایتڵە بخوێنێتەوە وائەزانێت یەكگرتوو مەلاكانى ئەوقاف سۆرانى مامە حەمەو دكتۆر تاهیر شەریفیان تیرۆر كردووە، نازانێت مەلاكانى ئەوقاف لەسەر رادەربڕین و نانبڕاو دەكرێن و ئەندامانى یەكگرتووش ماف و ئازادیەكانیان پێشێل دەكرێت
هیچ شتێك بەهێندەى ئەوە نیگەرانى نەكردم كەچەند نووسەرێكى جدى و بەهەڵوێست لەژێر ئەو تایتڵە سەقەتەدا ناویان هاتبوو، كەئیستاش هیواخوازم ناویان نوسرابێت، چونكە مومكین نییە ئەوانیش داخڵى شەڕى بەدران حبیب و هاوڕێكانى و چەند نووسرێكى یەكگرتوو بوبن بەو ئاسانییە
بڕوام وایە ئەم شەڕە براوەى یەكەم تیایدا دەسەڵاتى دوحیزبە كەى كوردستانە كەبینیمان چییان بەڕۆژنامەنووسان كردو دەشبینین چى لەداهاتى میللەت دەكەن، لەم رۆژانەدا یەكێك لەدۆستەكانمم بینى كەئەندامى هەرەباڵاى یەكێك لەحیزبە گەورەكانە، لەدواى چاك و چۆنى وتم ئەخبارتان لەچیایە؟ بەپێ:ەنینێكى شاهانەوە وەڵامى دامەوە(وەزع لەوە باشتر نابێ ئێستە وازیان لەئێمە هێناوە شەڕى ئەوان و ئیسلامیەكان دەستى پێكردووە)
ئیدى پێموایە ئەوەى بەردەوامى بەوشەڕە بدات بەردەوامى بەچەواشەكردنى راى شەقامى كوردى ئەدات و لەبرى ئەوەى ىبەشداربێت لەبیناكردنەوەى روحى یەكتر قبوڵكردن بەشدارئەبێت لەدروستكردنى ناكۆكیكى و یەكتر رەفزكردن
باشترین رێگەش پەنابردنە بۆیاسا هەڵبەت ئەو یاسایەى كەسەندیكاى رۆژنامەنووسان(بەوپێەى مەرجەعى رەسمییە) دایڕشتووە،
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست