کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەیاننامە: بڕیارى داخستنى(DTP) بیر كردنەوەیەكى نالۆژیكییەو رێگاكانى دیموكراسی بەرتەسك دەكاتەوە.

Wednesday, 16/12/2009, 12:00


لاوان و دیموكراسیخوازانى كوردستان
چەند ساڵى رابردوو هەل ومەرجى سیاسى دەوڵەتى توركیا لە هەمبەر دۆزى كورد قۆناغى جیاوازى بەخۆوەبینى، بزوتنەوەى رزگاریخوازى كورد لەو بەشەى كوردستان كە خاوەن مێژوویەكى دیارە لە تێكۆشان بۆ بەدیهێنانى خواستەكانى كورد، توانى بوونى خۆى بسەلمێنێ و ناسنامەیەك بداتە رەوایەتى خەبات و بەرخودانیان.
نییەتى كورد هەمیشە ئەوە بووە كە لە نێوان خەباتى چەكداریی ناچارى و خەباتى سیاسى و مەدەنى، ئەوەى دووەمیان هەڵبژێرێ. هیوایەك هەبوو كە سەرانى سەربازى و سیاسى توركیا لە هەمبەر ئەو دەست پێشخەریە دیبلۆماسیانە رەفتاربنوێنن و وەڵامێكى ئەرێنیانەى ئەو دەركەوتە ئاشتیى خوازانەى كورد بدەنەوە، بەڵام جێگاى داخ و نیگەرانییە كە لۆژیكى بیركردنەوە لەو وڵاتەدا هێز و سەپاندنە نەك كرانەوە و قبوڵكردنى بەرامبەر. ئەوەتا لە دواین هەنگاوى دەوڵەتدا بۆ دیسانەوە رەتكردنەوەى تێكۆشانى مەدەنى و دیبلۆماسیانەى كورد، دادگاى دەستورى توركیا بڕیارى داخستنى پارتى كۆمەڵگاى دیموكراتى (DTP)دا، كە تاكە پارتى سیاسى كوردە بە پرۆسەیەكى سیاسى و مەدەنى و دیموكراسیانە لە هەڵبژاردنى پەلەمانى ئەو وڵاتەدا 20 كورسى بەدەستهێناوە، تاكە لیستى كوردى و نوێنەرى كوردستانییەكانە كە توانیوێتى بەناو ئەو هەموو بەربەست و ئاستەنگە یاسایى و دەستوریانەى بەئەنقەست دانراوى توركیا تارادەیەك سەركەوتن بەدەست بێنێ بۆ خستنەر روى دۆزى كورد لە باكورى كوردستان.
داخستنى (DTP) لە لایەن دادگاى دەستورى توركیاوە لە ژێر هەژموونى عەقڵیەتى عەسكەرتاریەت و نەتەوەپەرستەكانى توركیا كە ئامانجێكى سیاسى لە پشتەوەیە، شڵەژان و ناڕەزاییەكى زۆرى ناوخۆیى و دەرەكى لێكەوتەوە، هەموو لایەك لەو بانگەشە و دروشمە راگەیاندنانەى ئەو وڵاتە بەگومان دەكات كە بەناوى كرانەوە و دیموكراسیەت و راى جیاواز و بەئەوروپاكردنى توركیا كاریان بۆدەكات. چونكە ناكرێ لە یەككاتدا دیموكراتخواز بیت و دژى بنەماكانى دیموكراسی مافى نەتەوەكانى تر بیت.
ئێمەش وەكو لاوانى كوردستان، بڕیارەكەى دادگاى دەستورى توركیا بۆ داخستنى (DTP) مەحكوم دەكەین و دەنگى خۆشمان دەخەینە پاڵ ئەو لایەن و دەزگاو نێوەند و كەسایەتى و پارتەسیاسییانەى كە بڕیارەكە مەحكوم دەكەن و داوا لە پەرلەمانى ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكاو نەتەوەیەكگرتوەكان و راى گشتى جیهان دەكەین فشار بخەنە سەر دەوڵەتى توركیا بۆ پێداچونەوەى بڕیارى دادگاو دەستبەركردنى ئازادى و مافە مەدەنى و سیاسیەكانى كورد لە توركیادا.




یەكێتى لاوانى دیموكراتى كوردستان
مەكتەبى سكرتاریەت
14/12/2009


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە