(زاخۆ 47 پرۆژە....هەڵەبجە 7 پرۆژە)-دژ بە پرۆژە بووجەىساڵى 2010ى حكومەت هەڵوێست وەرگرن
Tuesday, 09/02/2010, 12:00
-بۆ پەرلەمانى كوردستان
-ڕای گشتى وخەڵكى هەڵەبجە
-ڕاگەیاندنەكان
خەڵكى هەڵەبجەى بەدرێژایى مێژووى لەلایەن دەسەڵاتدارە یەك لەدوایەكەكانى حكومەتى عێراقەوە زوڵمى لێكراوە و حەق و مافى خەڵكى ئەم شارە مەزڵوومە خوراوە ,ئومێدى خەڵكى ئەم شارە ئەوە بوو كە لە سایەى ئیدارەو دەسەڵاتى كوردى بتوانرێت تەعویزى ئەو هەموو پشتگوێخستن و ئیهمالكردنەمان بۆ بكاتەوە بەڵام نەك ئەوەیان نەكرد بەڵكو لە دەسەڵاتدارانى ڕابردووى عێراق خراپترو دڵ ڕەقانەتر مامەڵەیان كردووە لەگەڵ خەڵكى ئەم شارەو دانیشتوانەكەى.پاش تێپەڕینى پێنج كابینە گۆڕینى دەیان بەرپرس بەڵام خزمەتكردن بە خەڵكى ئەم شارە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ كەمتر دەبێتەوە.
ئەوەى ئێمەى هەڵەبجەیەكانى نیگەران كردووە ئەوەیە كە سەرەڕاى كاولبوونى هەڵەبجە و كیمیاویبارنكردنى و وێران بوونى ئەو شارە بە بەراوورد لەگەڵ قەزایەكى زاخۆ كەچى قەزاى زاخۆ 47 پرۆژەى بۆ دەرچووە, بەڵام هەڵەبجە تەنها 7 پرۆژەى بۆ دەرچووە لە پرۆژە بووجەى 2010 , ناوهێنانى زاخۆ تەنها لەبەر ئەوەیە كە وەك نموونە خستوومانەتە بەرچاو ئەگەر نا ئەو پرۆژانە بە مافى خەڵكى زاخۆ و دانیشتوانە بەڕێزەكەى دەزانین و پێمان وایە خەڵكى زاخۆ شایستەى لەوە زیاترن كەخزمەت بكرێن.
ئەو ناعەدالەتییە لە دابەشكردنى بووجەى2010 تێمان دەگەیەنێت كە كابینەى شەشەم نایانەوێت داهاتى ئەم ووڵاتە بەیەكسانى دابەشى بكات بەسەر ناوچەكاندا.
بۆیە ئێمە وەك گروپى 88 بەتوندى ناڕەزایەتى دەردەبڕین دژ بەو ناحەقى و ناعەدالەتیەى كە لە پرۆژە بووجەى حكومەتى هەرێم بۆ ساڵى 2010 كراوە بەرامبەر بە خەڵكى هەڵەبجە ,هەروەها ئاگادارى هەموو نوێنەرانى هەڵەبجە دەكەینەوە لە پەرلەمانى كوردستان كە بەهیچ شێوەیەك دەنگ نەدەن بەو پرۆژە یاسایە هەتا حەق و ماف بۆ خەڵكى هەڵەبجە دەگەڕێتەوەو یەكسانى پەیڕەو دەكرێت لە نێوان ناوچەكاندا ..
تێبینى: ئێمە تەنها ناو مەركەزى قەزامان حساب كردووە ئەگەر حسابى ناحیكانیش بكەین ئەوا زاخۆ ژمارەى پرۆژەكانى دەبیتە 55 و هەڵەبجەش تەنها 9 پرۆژە
گرووپى 88 هەڵەبجە 4-2-2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست