وەزیرى پەروەردە چى ئەكات.؟
Thursday, 30/12/2010, 12:00
وەزارەتەكان لە هەر شوێن و ناوچەو وڵاتێكدا كارى سەرەكیان رێكخستنى ژیانى هاوڵاتیان و كاركردنە بۆ ئەو مەبەستە. لە كوردستان بەپێچەوانەى ئەمە وەزارەتەكان كاردەكەن، یان دەیانەوێت كارە راستەكە بكەن و بەڵام گوێیان لێناگیرێت، یان سنورى دەسەڵاتیان دیاریكراوەو وەزیرەكان تەنها دەتوانن لە ناوچەى جێ نفوسى پارتەكانیاندا كاربكەن، وەزارەتى پەروەردەى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە پاش راپەڕین و تێپەڕینى نزیكەى (20ساڵ) بەسەر حكومڕانى خۆبەخۆى كوردیدا تا ئێستا لەو قەیرانەدایە، دەست كورتە بەرامبەر بە بڕیارێكى وەزیرەكەى، یان رونتر بڵێین نە وەزارەت و نە وەزیر ناتوانن بەرگرى لە واژۆ یان بڕیارێكى خۆیان بكەن، كێشەى مامۆستایانى دامەزراوى ساڵى (2007) یەكێكە لەو گرفتانە كە ئەم وەزارەتە زۆر بێدەسەڵاتە بەرامبەرى بە جۆرێك كە تەنها بەرپرسى بەڕێوەبەرایەتیەكیش ئەتوانێت بڕیارەكانى وەزیرو وەزارەتەكەى پیشتگوێ بخات، بە پێى سستەمى موچەى فەرمانبەرانى حكومەتى هەرێمى كوردستان پاش دوو ساڵ جارێك موچەى بنەڕەتى (ئیسمى) دەبێت زیادبكات، بەڵام بەشێكى زۆر لە مامۆستایانى دامەزراوى ساڵى (2007) لە سنورى پارێزگاى سلێمانى تا ئێستا ئەو زیادبونەیان بۆ نەكراوەو موچەبە كەموكوڕى وەردەگرن، ئەمە لە كاتێكدا كە مامۆستایانى دامەزراوى ساڵى (2008 و 2009) لەوان زیاتر وەردەگرن، گرفتى ئەم مامۆسستایانە لەوەدایە كە چۆن دامەزراون تا ئێستاو پاش نزیكەى چوار ساڵ خزمەت وەك ئەوەى كە تازە دامەزرابن موچە وەردەگرن، بە واتایەكى تر دەبوو موچەى ئەم ژمارە مامۆستایانە كە بنەڕەتیەكەیان (ئیسمی) تا ئێستا (260000) هەزار دینارە لە كۆتایى ساڵى (2009)ە موچە بنەڕەتیەكەیان (ئیسمی) ببوایە بە (296000) هەزار دینارو ئێستا مانگانە (302000)هەزار دینار موچەى بنەڕەتیان (رەسمی) وەربگرتایە، بەڵام تا ئێستا ئەو گرفتە چارەسەر نەكراوەو تەنها (260000)هەزار دینار وەردەگرن، واتا هەر مامۆستایەك ئەگەر لە مانگى شەشى ساڵى (2007)دامەزرابێت قەرەبووى (18مانگ)موچەى لاى حكومەت و وەزارەتى پەروەردەیە، وەك ئەوەى ئاگادارین هەوڵى زۆر لەلایەن فەرمانبەرانى پەروەردەكانەوە دراوە بۆ چارەسەركردنى ئەم گرفتە كە مافێكى راستەقینەى هەر مامۆستایەكە، هەر ئەو هەوڵانەشە وایكردووە كە مامۆستایان تا ئێستا بێدەنگن، بەڵام خەزێنەى سلێمانى رەتى دەكاتەوە كە قەرەبووى ئەو مامۆستایانە بكاتەوەو هیچ بڕە پارەیەك بۆ ئەو مەبەستە خەرج بكات.
وەزارەتى پەروەردەو هەڵوێست و بڕیارەكانى....!
لەم نێوەندەدا وەزارەتى پەروەردە لە گرفتەكە ئاگادارەو چەند جارێك بۆ چارەسەركردنى ئەم گرفتە سەردانى وەزیرى پەروەردە كراوە، دیارە هۆكارو سەرەتاكانى ئەم كێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى كابینەى پێشوو كە (دڵشاد عەبدولڕەحمان) وەزیرى پەروەردەبوو، بۆ هەمان مەبەست دیوانى وەزارەتى پەروەردە لە بەروارى (18/7/2010) بە نوسراوى ژمارە (10799) بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى ئاگاداردەكاتەوە كە بابەتى نوسراوەكە (پەسەندكردنى میلاك)ە و تیایدا هاتوە كە لە وەزارەتەوە كارى پێویست ئەنجامدراوە بۆ گۆڕینى موچەى ئەو ژمارە مامۆستایە لەسەر میلاكى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى كە ناوى ئەو مامۆستایانەى گرفتی موچەیان هەیە هاوپێچ لەگەڵ نوسراوەكەى دیوانى وەزارەت بە واژۆى (لوتفى سدیق محەمەد) دا هاتووە. كە ئەم نوسراوە ماف بۆ مامۆستا غەدر لێكراوەكان دەگەڕێنێتەوەو داواى خەرجكردنى قەبوو وە چاككردنى موچە بنەڕەتیەكەیان (رەسمی) بۆ ئەكات.
بەڕێوە بەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى و چارەسەركردنى كێشەكە.!
پاش ئەم بڕیارەى وەزارەت بە ناچارى بەڕێوە بەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى گشتاندن بۆ فەرمانێك دەكات و ئاراستەى سەرجەم بەڕێوەبەرێتى پەروەردەكانى سنورەكەیى دەكات، دیارە نوسراوەكەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى (فەرمانى كارگێڕى)یەو بە واژۆى (حسێن مستەفا على) لە بەروارى (28/7/2010) واتا دە رۆژ دواى نوسراوەكەى وەزارەت، كە بابەتى نوسراوەكە (بەرزكردنەوەى موچە)یە و تیایدا رەزامەندى لەسەر بەرزكردنەوەى موچەى ئەو مامۆستایانە نیشانداوەو بەهەمان شێوەى نوسراوەكەى وەزارەتى پەروەردە ناوى مامۆستاكان هاوپێچە لەگەڵیدا، دیارە ئەم دوو نوسراوەى وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتى گشتى لە مانگى حەوتدا گشتێنراون و بەڵگەى سەلمێنراون كە ئەو مامۆستایانە مافى خۆیانە قەرەبوو بكرێنەوەو بە پێچەوانەشەوە زوڵمیان لێكراوە. بەدەر لەوەى كە ئێستا (حسێن مستەفا على) بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى نیەو مامۆستا جەبار بەڕێوەبەرى گشتییە، واتە ئەم كێشەیە وادەى دەسەڵاتى دوو وەزیر و دوو بەڕێوەبەرى گشتى تێپەڕاندووە.
بەڕێوەبەرێتى پەروەردەى سنورەكان و چارەسەرى كێشەكە.!
بێگومان ئەم فەرمانانەى وەزارەت و بەڕێوەبەرێتى گشتى لە دەرەنجامى فشارى مامۆستایان و بەدواداچونى بەرێوەبەرێتى پەروەردەى سنورەكان دەركراوە، دەنا لەم وڵاتە كێ لە خەمى مامۆستایاندایە، پەروەردەو وەزارەت لە بنەڕەتدا خۆیان كێشەكەیان دروستكردووەو یەكێتى مامۆستایانیش كە لە خەمى هەموو شتێكدایە مافى مامۆستایان نەبێت لەسەر سەرگوزشتەكانى رابردوو خەوى لێكەوتووەو هەر نەیشیان بیستووە، هەر بەو مەبەستەو زوو بەزوو بڕیارەكەى وەزارەت و فەرمانەكەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى لە لایەن بەرێوەبەرێتی پەروەردەى سنورەكانەوە بۆ سەرجەم قوتابخانەكان گشتێنراوەو تەنانەت مامۆستایانیش مژدەى چارەسەركردنى كێشەكەیان پێدراوە، وەك چۆن لە سنوورى پەروەردەى شارباژێڕ (بەنمونە) نوسراوى ژمارە (3540) لە بەروارى (29/7/2010) بە واژۆى (دلێر قادر عەباس) بەڕێوەبەرى پەروەردە بۆ سەرجەم قوتابخانەكانى سنورەكەى گشتێنراوەو تیایدا چارەسەركردنى كێشەكە راگەیەندراوە، لە هەمان كاتداو هەمان بەڕێوەبەرایەتى فەرمانێكى كارگێڕى بەناوى (پێدانى سەرەموچ) گشتاندوەو وەك بڕیارێك پەسەندى قەرەبووى ئەو مامۆستایانەى تیادایە كە كێشە لە موچەكەیاندایەو تیایدا هاتووە كە لە بەروارى شایستەبونیانەوە پارەكەیان بۆ خەرج دەكرێتەوە. سەرەڕاى ئەوەى كە (رۆژنامەى ئاسۆ)ش لە زارى بەرپرسانى پەروەردەیى و داراییەوە بڕیارى چارەسەركردنى كێشەكەى بڵاوكردەوە.
گرفتەكە دواجار چارەسەر نەكرا...!
پاش ئەو هەموو ماوەیەو ئەو بڕیارە جۆراوجۆرانە، مافى مامۆستاو بڕیارى وەزیرو فەرمانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى سلێمانى و گشتاندنەكانى بەرێوەبەرێتى پەروەردەكان لە بەرامبەر بەرێوەبەرى خەزێنەى سلێمانى زۆر بچوك دەرچوو، ئەوەى لەو ماوە زۆرەدا رویدا جگەلە یاریكردن بە مافى مامۆستایان و پێكەنین بە بڕیارەكانى وەزیرو بەڕێوەبەرى گشتى و بەرێوەبەرێتیەكانى پەروەردە هیچیتر نەبوو، ئەوەى بیستمان (بەڕێز كاك عەتاى خزێنەى سلێمانى ئەڵێت ناكرێت) چۆن ناكرێت؟ ناكرێت؟ بۆ ناكرێت؟ هەر ناكرێت؟ گرفتى ئەم كێشەیە لەوەدایە كە وەزارەت بە بڕیار فەرمانى چارەسەركردنى كێشەكەى دەركردووە و كاك عەتا تەنها بە تەلەفۆن یان بە قسە ئەڵێت ناكرێت، ئەمە بانێكەو سەد هەوا، لێرە تەنها ئەو برینەمان دەكولێتەوە كە دەردى دوو ئیدارەیى هەر ماوەو بگرە گرانتربووە، لێرەوە ئەو راستیەمان بۆ رونتر دەبێتەوە كە ئەوە هەر كەركوك نیە كە دوو ئیدارەى كوردى جیاوازو دوو پەروەردەى (سەوز وزەردى) جیاوازى هەیە، بەڵكو هەولێرو شارە حەیاتەكەش هەمان تاس و حەمامە، جەنابى وەزیر تەنها وەزیرى جێنفوسى پارتەكەیەتى بڕیارەكانى تەنها سنورى زەرد تەى ئەكاو لە سنورى ئیدارەى سلێمانى نە شەحن و نە باڵانسى تیانیە، بۆیە راستتر ئەوەیە جەنابى وەزیر یان بەجارێ دەست لەكار بكێشێتەوە چونكە بەم جۆرە چارەسەرى كێشەیەكى تاڕادەیەك بەو شێوەیە بچوكى مامۆستایانى پێناكرێت ئیدى چ كارێكى لەوە گەورەتر دەكات.؟ كە بڕیارەكانى تەنها مرەكەبى سەر كاغەزبێت خۆ هەموان دەتوانین رۆژانە چەندین بڕیارى لەو شێوەیە واژۆ بكەین، یان رایبگەیەنێت كە بەڕێزیان تەنها وەزیرى ناو ژورەكەى خۆیەتى و تەنها بڕیارى زەرد دەرەكات، دەنا ئەم گرفتانە بۆچى لە هەرێمى زەرد نیە.؟ لەهەمان كاتدا بۆچى لەسنورى ئیدارەى سلێمانى بەشێكى زۆر لەو مامۆستایانە كێشەكەیان بۆ چارەسەر كراوەو بەشێكى بێ بەها لێیدەڕوانرێ و هیچى بۆ ناكرێت.؟ وەك چۆن لە سنورى بەڕێوەبەرێتى پەروەردەى سلێمانى تەنها (60) مامۆستا پشتگوێ خراون و زیاتر لەو رێژەیەش كێشەكەیان بۆ چارەسەر كراوە.؟ بۆچى لە سنورى بەڕێوەبەرێتى پەروەردەى دوكان تەنها (58) مامۆستا بەو گرفتەوە ماونەتەوەو ئەویترى بۆى چارەسەر كراوە.؟ بۆچى لە سنورى بەڕێوەبەرێتى پەروەردەى پێنجوێن سەرجەم مامۆستاكان كە ژمارەیان (133)مامۆستایە قەرەبووەكەیان وەرگرتۆتەوەو كەچى لەسنورى بەڕێوەبەرێتى پەروەردەى شارباژێر كە (154) مامۆستا ئەم كێشەیەیان هەیە بۆیان چارەسەر ناكرێت.؟ بۆچى لە سنورى بەڕێوەبەرێتى پەروەردەى دەربەندیخان تەنها (50) مامۆستا ئەو گرفتەیان ماوەو ئەویترى بۆى چارەسەركراوە.؟ چ نهێنیەكە وادەكات كە سەرجەم مامۆستایانى سنورى پەروەردەى رانیە بەو گرفتەوە بمێننەوە.؟ ئەم هەموو جیاوازیە لەبەرچى و لە پاى چى.؟ تاكەى ئەم تۆوى جیاوازیە لە پەروەردەدا بمێنێت.؟ تاكەى سوكایەتى بە كەسایەتى مامۆستاو بە مافەكانى دەكەن.؟ تاكەى لە مافى مامۆستایان تێناگەن بەرامبەر بەو ئەركەى كە لەسەرشانیەتى.؟ جەنابى وەزیر كە واژۆكەت بە فەرامۆشكراوى دەبینیت هەست بە چى دەكەیت.؟ بۆچى بەرامبەر بە مێژووت هەڵوێست وەرناگرى و دەست لەكارناكێشیتەوە.؟ كامەیە چاككردن و رێكخستنى ژیانى مامۆستایان.؟ ئێوە موچەكەى خۆیى لێزەوتەكەن و نایدەنێ چۆن ژیانى دەگۆڕن.؟ یان بڕیارتان داوە بە (بەگ) بۆ دواوە گۆڕانكارى لە ژیان و گوزەرانى مامۆستایاندا بكەن و ئەوەشى كە هەیەتى پێى بفرۆشن.....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست