نامەیەك بۆ (محەمەدى مەلا قادر)
Thursday, 27/08/2009, 12:00
سروشتیە ئەگەر لەكات و سەردەمێكى دیاریكراودا وشەو دەستەواژەى نوێ تێكەڵ بە ئەدەبیات و فەرهەنگى سیاسى هەر گەلێك ببێت،بەڵام گرفت لەوەدایە وتەى بێتامى بازاڕى لە زارى سیاسى و تیۆریستە ئەدەبیەكانەوە ببیستین،لەماوەى هەژدە ساڵى رابردودا كەمنین ئەو ناوو ناتۆرە و وشە بێتامانەى كە لەزارى دەسەڵاتەوە ئەدرێن بەگوێى خەڵكدا وەك (گەنجەكانمان تەمبەڵ و بێجوڵەن،با سەگەكان بوەڕن،میللەت وەك سەگ وایە تا نانى بدەیتێ لێت ناوەڕێ،دەستور دەكەین بە چقڵى چاوتان) ئەمانە لە رابردوى دورو نزیكى ئەم وڵاتەدا هەر وشەو دەستەواژەیەكان لەكات و شوێنى دیاریكراودا وتراون،لێرەوەو لە ئێستادا وشەو دەستەواژەى نوێ بەڕێوەیە (شەكرى شكاند،ئەوانە نەفام و نەزانن) دوو میوانى نوێى ترى ناو فەرهەنگ و ئەدەبیاتى سیاسیمانن كە پێویستە مێژوو لە لاپەڕەكانیدا بینوسێتەوە،محەمەدى مەلا قادر ئەندامى مەكتەبى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستانەو یەكێكە لەو بەرپرسانەى كە لە لێدوانەكانیدا وشەى سەیرو سەمەرە بەكار دەهێنێنێت،ئەو وشەیەى كە بە تەمەنم نەمبیستبوو (شەكرى شكاند) بۆ یەكەمجار لە زارى ئەم ئەندام مەكتەب سیاسیە بەڕێزەوە بیستم،بۆیە دەتوانم بڵێم (شەكرى شكاند) وشەیەكى نوێى نێو فەرهەنگى سیاسى كوردیە و محەمەدى مەلا قادر خاوەنیەتى، دیارە كاك محەمەدى مەلا قادر ئەم وشەیەى بەرامبەر چەند كەسێَكى دیاریكراو بەكار هێناوەو وەڵامەكەى بۆ خۆیان جێدەهێڵم،ئەوەى كە من مەبەستمە ئەم بەڕێزە لە دوا پەیامیدا بۆ ماڵپەڕى چاودێر سەرجەم ئەو كەسانەى كە دەستورى پەڕلەمانە بەسەرچوەكەى هەرێم رەتدەكەنەوە بە نەفام و نەزان لەقەڵەم دەدات و بێئەوەى ئاگاى لە ئازارە بەردەوامەكانى ئەم گەلە خێر لە خۆ نەدیوەبێت بەدەست حوكمى تاكڕەوى و تاك لایەنى دەسەڵات و بیرى شێواوى سیاسیە هاوڕاكانى وەك خۆیەوە،ئەو دەڵێت كۆمەڵێك بەناو رۆژنامەنوس و نوسەرى نەفام و نەزان كە هیچ لە سیاسەت و یاساو ماددە دەستوریەكان نازانن،سەیرە تۆ بڵێى محەمەدى مەلا قادر سیاسیەكى ئەوەندە بێئاگابێت نەزانێت ئەوانەى كە هەرەمى سیاسەت و یاساو ئەدەبیاتى ئەم گەلە پێكدەهێنن زۆربەیان ئەم دەستورە شێواوە رەتئەكەنەوە،تۆ بڵێى (م.شێركۆ بێكەس و بەختیار عەلى و مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح و رێبین هەردى و حاكم شیخ لەتیف و شێرزاد حەسەن و سەدان مافناس و پارێزەرو نوسەر و رۆژنامەنوس و دكتۆرو مامۆستا)ى ئەم كوردستانە هەمویان نەفامبن.؟ئەگەر ئەم كەڵە نوسەرانە پیاوە نەفامەكانى ئێمە بن من لەم نامەیەدا لە كاك محەمەدى مەلا قادر دەپرسم ئەى پیاوە سیاسى و زاناو یاسایى و نوسەرە پڕۆفیشناڵەكانمان كامانەن.؟هەروەها لەو پەیامەیدا محەمەدى مەلا قادر ئەو نوسەرو رۆژنامەنوسە بە هەڵوێستانە بە هاو ئامانجى دوژمنان و بیركردنەوەى بەعسیانە ناو دەبات وەك ئەوەى ئەم پۆلە نوسەرە لە زەمەنى شەڕى ناوخۆدا بانگێشت و میواندارى رژێمیان كردبێت بۆیە لێرەدا ئەو پەرەگرافەى محەمەدى مەلا قادر وەك خۆى دەنوسمەوە تا هەموو میللەت بزانن ئەمەیە لێدوانى دەسەڵات بۆ رێزلێنانى نوسەرو روناكبیرەكانى محەمەدى مەلا قادر دەڵێت (ئەمانە ئاو ئەكەنە ئاشى دوژمنەوە،لەگەڵ ساڵح موتڵەق و ئوسامە نوجەیفى و لەگەڵ شۆڤێنیەكانى بەعس ئێستا بونەتە هاو ئامانج،بەداخەوە ئەو هەموو كوردایەتى و ئەو لافەى كوردایەتى ئێستا بۆتە ئەوە ببنە هاوپەیمانى بەعسیەكان،ئەو بەعسەى كە شكستى خواردوە) كاك محەمەد زویر مەبەو ناهەقت ناگرم ئەوە لێدوانى ناو ڤێلاو مۆنیكاو ژورە دۆلارەكانى ئەم میللەتەیە كە خاوەنە راستەقینەكەى نازانێت لە كام بانك و كام ژورى تاریكدا زیندانى كراوە،نەك لێدوانى سیاسیەك كە لەگەڵ كەمترین غەم و ئازارى میللەتەكەیدابێت،بەڕێز محەمەدى مەلا قادر ئێمە دەمانەوێت دەستور بۆ میللەت بێت نەك بۆ حیزب و گروپ و خێزانێكى دیاریكراو،ئێمە دەزانین كە ئەو بەناو دەستورە لە بەرژەوەندى خەڵكى وەك جەنابتە،ئێمە دەزانین كە بەڕێزیشت سودمەندیت لەدەسەڵاتى شێوە بنەماڵەیى،ئێمە دەزانین كە بەڕێزت ئەندامى مەكتەبى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستانیت،دەزانین كە كاك مەحمود محەمەدى زاواشت ئەندامى مەكتەبى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستانە،دەشزانین كە كاك نیاز لاجانى كوڕیشت بەڕێوەبەرى گشتى دەزگاكانى زاگرۆز تیڤیە،هەروەها دەشزانین كە خاتوو نازنازى كچیشت ئەندامى پەڕلەمانى كوردستانە،بەڕێز كاك محەمەد مەلا قادر ئێمەى خەڵكى ستەمدیدەى كوردستان دەمانەوێت بەوشێوەیەى خێزانەكەى ئێوە دەسەڵات قەتیس نەبێت لەناو چەند بنەماڵەو خێزانێكدا،دەمانەوێت خۆمان خۆمان بەڕێوەبەرین نەك دەستورێك ژیانمان والێبكات كە لە هەڵبژاردنەكانى داهاتودا تەنها دەنگ بە (بەڵێ یان نەخێر) بدەین بۆ سەرۆك وەك هەڵبژاردنەكانى سەردەمى رژێمى لەناوچو،من لە بەڕێزت دەپرسم ئایا لە كوردستاندا كەسێكى تر نیە وەكو كوڕەكەى بەڕێزت یان كچەكەى بەڕێزت بتوانێت یەكێك لەو كارانە ئەنجامبدات؟ئایا چ نهێنیەك وادەكات كە تەنها لە ناو خێزانەكەى بەڕێزتدا سێ بوارى گرنگ و كاریگەرى ئەم وڵاتە لە (سیاسەت و پەڕلەمان و میدیا) قۆرخ بكرێن من دەپرسم وەك سیاسیەكى سەردەمیانە وەڵامم بدەرەوە تا چەند رەوایە بەوشێوەیەى خانەوادەكەى بەڕێزتان دەسەڵات قۆرخ بكرێت كە ئەوە رەنگدانەوەى سیاسەتى هەردوو پارتى دەسەڵاتدارە نەك تەنها ئێوە وابن،من لە بەڕێزت دەپرسم ئایا بۆ ئازادكردنى دەسەڵات لە دیلێتى ئێوە بیرتان لەوەكردۆتەوە كە لانى كەم لەناو خانەوەدەكەى خۆتاندا هیچ نەبێت بەشێكى كەمى ئەو ئیمتیازاتانە رادەستى رۆڵەكانى ترى ئەم گەلە بكەنەوە،دڵنیام لەناو دەسەڵاتەكەى ئێوەدا وەها بیركردنەوەیەك بونى نیە،بۆیە ناهەقمان مەگرە كەدژى دەستورێك بوەستین كە وابكات هەمومان لە لایەن خانەوادەكانى ئێوەوە بەڕێوە ببرێین،ئێمە دەزانین و دیراسەمانكردوە كە لەو دەستورەدا چى هەیە،بەڕێزم ئێمە بێ ئاگانین لەوەى رۆژانە لەم وڵاتەدا دەگوزەرێت،لەهەمان پەیامیدا محەمەدى مەلا قادر دەڵێت ئەوانەى لە مەكتەب بە قۆپیە دەرچون چى لە دەستور دەزانن،من تەنها وەڵامێكى كورتى كاك محەمەد دەدەمەوەو پێى دەڵێم ئەوانە خەڵكانى خاوەن بڕوانامەى بەرزن و تیایاندایە یەكەمى هەموو هەرێمى كوردستان بوە و تیایاندایە سەركەوتوانە فەلسەفەو ئەدەبیاتى ئەم هەرێم ئاراستە دەكات و ناودارترین شاعیرو نوسەرانى تیادایە نەك خەڵكى بێ بڕوانامە،بەڕێزم ئەگەر خوێندن و بڕوانامەو دەرچون ئەوەندە گرنگە بەلاتەوە ئەى چى بە (سەرۆك بارزانى) دەڵێیت.؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست