کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مافیاى رەش و نەوتى سپى....

Wednesday, 29/09/2010, 12:00




خواپێداوان ئەوانەى وا پێكى سوورى شەو هەڵئەدەن
نیشتمان لایان كاڵایەو بازرگانى پێوە ئەكەن...!


سروشتى وڵاتى ئێمە وەهایە، هەر رۆژەى بازاڕەكە بەكاڵایەكەوە جمەى دێ، كار و سیاسەت بونەتە دووتاى تەرازوویەك، هەمیشە هاوكێشەى سیاسى سەركردەكانمان بە كارو كەسابەتەوە بەند و هاوسەنگە، لەدواى راپەڕینەوە كار و كەسابەت بوونە خاڵى وەرچەرخان و پارە بووە جێگرەوەى بیر و باوەڕ و نیشتمانیش مێشى رابردوو لێیداوە، كاربووە بەبەشێك لە سیاسەت و سیاسەت بووەتە جومگەیەكى بچوكى كەسابەت، ئەوەى جێى باس و مانشێتى میدیاى سەركردەكانە تەنها "رابردوو رابردوو" دواجار دەرەنجامى ئەو رابردووە و سەروەریەكانى بوو بە موڵكى بازرگانە رەشەكانى نەوتى سپى، بێگومان كارى بازرگانى مافى هەركەس و لایەنێكە بە مەرجێك لە چوارچێوە ئوسوڵیەكەى لانەدات، لە تەواوى دنیادا "ئیشى رەش" پیشەى كۆمەڵێك خەڵكە لە دەرەوەى یاسا، بە واتایەكى تر ئەوانەى ئیشى رەش دەكەن بەردەوام لە كەمینى یاسا و دەوڵەتدان، قوڕبەسەر ئێمە ئەوكاتەى دەوڵەت ئیشى رەشبكا و دادگاو داواكارى گشتیش لەسەر سەرگوزشتەكانى رابردوو مرخەى خەویان دێت، ئەوكاتەى كوڕە نازدارەكانى وڵات خوێنیان بەخشیە نیشتمان و نەوتیش لەو نێوەندەدا هەمیشە جێگاى بایەخپێدان و قوربانیدان بووە، ئەوە ناوچە نەوتیەكان بوون كە هەرگیز گفتوگۆ و مساوەیان لەسەر نەدەكرا لەلایەن كوڕەكانى گەلەوە، ئێستە ئەو نەوتە بەشێوەى رەش "ئیشى رەش" ئاودیو دەكرێت و چەند كەسێكى كەم دەبنە مافیا و داهاتەكەى دەچێتە قوڕگیانەوە و رۆڵەكانى گەلیش تەنانەت حەماڵى و كرێكارى باركردن و گواستنەوەییان پێ رەوانابینرێت، پێش ئێستە كار و كەسابەتى سەركردەكان گەیشتبووە ئاستێك تەنانەت پەنایان بۆ شەراكەت لە بەنزینخانە و كارگەكانى دروستكردنى ئاوى مەعدەنیش دەبرد، ئەوان پێش ئەوەى نەوت بكەنە سەرچاوەى داهاتیان بازرگانى رەشى فرۆشتنى زەوى و دامەزراندنى وەهمى بوون، ئەوان قۆناغى بازرگانیكردنیان بە دۆسیە هەستیارەكانى میللەتەكەمانەوە تێپەڕاند (ماددەى 140 و كێشەى ناوچە جێناكۆكەكان) یان كردە قوربانى چەند بەڵێننامەیەكى بازرگانى، بازاڕەكە وەهایە هەر رۆژەو كاڵایەكیتر دەبێتە میراتى سەركردەكان، نەگبەتیەكە لەوەدایە ئێستا نەوت كە كۆڵەكەیەكى سەرەكیە لە ئابوورى وڵات بووەتە جێى سەوداو ئەوان بە میراتى باوباپیران و بە موڵكى خۆیانى دەزانن، لەكاتێكدا نەوت و بەرهەمەكانى رۆژانە نرخیان روو لە هەڵكشانە بەجۆرێك كە خەڵكى ئاسایى تواناى ئەوەیان نیە وەك پێویست سودى لێوەرگرن و تواناى مادیان ئەوەندە نیە كە بێگرفت و بەئاسانى دەستیان پێى بگات، چ دەسەڵاتێك... لەماوەى سێ مانگى گفتوگۆ و كێشمەكێشمى ناو پەڕلەمانى كوردستاندا لەسەر بودجە دڵمان خۆشبوو كە ئەوە دەسەڵاتە بۆ یەكەمجار بودجەكەى رەوانەى پەڕلەمان دەكات و دەرفەتى گفتوگۆ دەڕەخسێنێت، شادمان بووین كە بودجەى هەرێمەكەمان چیتر لە تاریكیدا ناگوزەرێت، زۆر ئاسودەبووین كە ئیدى فرسەت نادرێت خۆڵى بودجەو داهاتى وڵاتەكەمان بكرێتە چاومان، نەماندەزانى كە چەند بەرامبەرى ئەو بودجەیە لەژێر پیلان و بەشێكى لەناوەڕستى ئاودیوكردندایە، ئەو بودجەیەى كە دواجار بە زۆرینەى دەنگى پەڕلەمانتاران پاش سێ مانگ لە گفتوگۆ پەسەندكرا مەبلەخەكەى تەنها یازدە ملیار دۆلار بوو، ئایا دەبێت تەنها لەو ماوەى سێ مانگەدا بایى چەند یازدە ملیارى نەوت بە قاچاغ ئاودیوكرابێت، پاش راپەڕین هەرچى كەرەستەیەكى حكومى و پێداوێستى فەرمانگەكانى ئەم هەرێمە هەیە لەسەر دەستى هەمان جۆر بازرگان بە ئێران تاڵان فرۆشكران، ئێستاش پاڵ بە دەریایەك نەوتەوە دەنێن كە كەس نازانێت داهاتەكەى بۆچى و بۆ كێیە؟ لە هەمووى سەیرتر لێدوانە عەنتیكەكانى وەزیرى سامانە سروشتیەكانە، نەوت بەبەرچاومانەوە بە سەدان تانكەر ئاودیودەكرێ و بەشێكمان بەبونەكەى نەخۆشكەوتووین، لە تى ڤییەكانەوە بەهەزاران تانكەر دەبینین و جەنابى وەزیر رۆژێك دەڵێت پارەكەى لە حساباتى وەزارەتى داراییدایە، خۆشبەختانە وەزیرى دارایى وەڵامى دەداتەوە و دەڵێت شتیوام نەبیستووە، رۆژێك دەڵێت (نەوتى رەشە، نەخێر سپی یان ملەوەنە) بەوپەڕى قەناعەتەوە چاوەڕوان بووم وەزیرى سامانەسروشتیەكان هێندە بە گێلمان بزانێت و بۆ ئەوەى قەناعەتمان پێبكات بڵێت نەخێر نەوت ناڕوات و وێنەى تانكەرەكانیش ناحەزانى میللەتەكەمان بە فۆتۆشۆپ دروستیان كردووە ودایانناوە، ئەوەى جێگەى باسە بە قاچاغ بردنى نەوت چوارچێوەى كارى بازرگانى دەبەزێنێت، دەكرێت بە بازرگانى رەش یان مافیا ناوببرێن، لە دونیادا تەنها بەو گروپانە دەڵێن "مافیا" كە مەبدە ْ و بنەماى كاركردنیان بە نایاساییەو لە پێناو داهاتێكى زەبەلاحدا كاردەكەن وەك (چەك و نەوت) سەربارەت بە ئاودیوكردنى نەوت بە قاچاغ و لەتاریكیدا، بێئەوەى كەس تەنانەت وەزیرى داراییش بزانێت كێ ئاودیوى دەكات و بۆ چ مەبەستێك ئاودیو دەكرێ و داهاتەكەى دەچێتە گیرفانى كام دەزگاى فەرمیەوە؟ بەكام رێكەوتن ئاودیودەكرێ و كێ رێكەوتنەكەى كردووە؟ پەڕلەمان تا چەند ئاگادارە و كێ هەیە وەڵامى دەریایەك لەپرسیارەكانى گەل بداتەوە؟ بۆیە ئەو كارە هیچ شتێك نیە جگە لەكارى مافیایى، ساڵى 1991 مافیا ساواكانى كوردستان كە ئەوكات نەگەیشتبوونە قۆناغى گلۆبالیزم لە پیشەكەیاندا و فیلمە بەناوبانگەكانى دونیایان لەبارەى كارى مافیاییەوە نەبینیبوو بە تەنها سەرگەرمى لێكردنەوەى تەلى كارەباو ئاویوكردنى بوون، ئەوكات مەسعود بارزانى سەرۆكى ئێستاى هەرێم لە یەكێك لە كۆبونەوە جەماوەریەكانیدا وتى"لێكردنەوەى تەلى كارەباو فرۆشتنى تاوانێكى گەورەیە و شتێك نیە جگە لە كارى مافیا" بەڵام مافیا كۆرپەكانى ئەوكات ئێستا قەڵەو بوون و گەشەیانكردووە و كاتى خۆیان بەلێكردنەوەى تەلى كارەباو مەترسیەكانى كارەبا گرتنەوە ناكوژن، ئێستا ئەوان تەنها ئەوەندە زەحمەت دەكێشن كە بەڵێننامە رەشەكانى نەوتى سپى واژۆبكەن....

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە